١١\١١\٢٠١٨
بونیادی دەلالی و
شیمانەیی دال
لە (شیعری نوێی
کوردی)دا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
پێشەکی:
بە شێوەیەکی گشتی دەستەواژەی بونیادی دەلالی (بە کۆی بیروڕا
جیاوازەکانەوە) بەرھەمھێنانی دەلالەتی -حەقیقی و شیمانەیی- دەگرێتەوە،
جا چ پەیوەندی بە سروشتی کۆمەڵایەتییەوە، یان بە سروشتی تاکی رۆشنبیر و
کەسەکانەوە ھەبێت... ھەڵبەتە لێرەدا لە رووی ئەدەبییەوە قسە لە
بەرھەمێنانەوەی دەلالەت دەکەم، بەڵام لە بیرمان نەچێ فیکری مرۆیی
لێکدانەبڕاوە، بۆیە دەشێ بەشێک لەو قسەکردنە، قسەکردنیش بێت لە رووی
بیرکارییەوە، دەمەوێ بڵێم شیکردنەوەی (حەقیقەت) وەک زاراوە لە رووی
بیرکارییەوە بە تەواوی ئەو راستییە دەگوترێت، کە وردبینیکراوە و
حەقیقەتە مەعریفییەکان دەگەیەنێت. لە بیرکارییدا دالی حەقیقی ھەموو
رێگایەک بۆ کۆمەڵەی بەشەکان و کۆمەڵەی ژمارە راستییەکان خۆش دەکات...
بەڵام (شیمانەیی) لە رووی بیرکارییەوە ھەموو ئەو ژمارانە دەگرێتەوە کە
دەکەونە نێوان (سفر و یەک)ەوە، تیۆری شیمانەیی ئەوە نییە، کە خۆی
بسەپێنێ، بەڵکو ئەوەیە، کە ھەڵبژاردن دەخاتە پێشەوە... یەکەمیان جەخت
لە یەقین و دیار (Certain) دەکات... دووەمیان پشت بە رێکەوت و نادیار
(Chance) دەبەستێت.
لە فەلسەفەدا چەمکی (راڤەکردن) و (حەقیقەت) دەچنە نێو یەکترەوە، لە
زمانی گریکیدا حەقیقەت "ئەلیسیا- alethia" وشەیەکە بە مانا حەرفییەکەی
واتای "پەردە لادان" دێت، بەڵام راڤەکردن واتە رێگادان بە حەقیقەت بۆ
ئەوەی بدوێت، یان لە رێگای پەردەپۆشین و پەردەنەپۆشین بە کردەی
کەشفکردن رابێتەوە.
ھەموو ئەوانەی قسەیان لە دەستەواژەی بونیادی دەلالی کردووە، رێکخستنی
مانا و کەشفکردنی مانایان خستۆتە پێشەوە، وەک چۆن رووە جیاوازەکانی
ماناشیان بە ھەند ھەڵگرتووە! بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت، ھەموو
قسەکردنێک لە دەستەواژەی بونیادی دەلالی، دەچێتە سەر قسەکردن لە
تەئویلی دەلالی ((تەئویلی دەلالی کردەیەکە رێگا بە خوێنەر دەدا ھێلی
دەلالی دەق بخاتە روو)) بەڵام مانا چییە؟ مانا ئەو (پەیوەندییە) دوو
سەرەیە، کە لە نێوان وێنەی ھۆشەکی و وشەدا دروست دەبێت. بەڵام رەنگە
پرسیار ئەوە بێ ئایا سنور و جۆری ئەو پەیوەندییە چەندە و چییە و چۆنە،
ئایا لە ھەموو رووەکانی دڵنیاین، دەلالەتی زانستی و راستی ئەو
پەیوەندییە چەندە، ئایا دەشێ ئەو پەیوەندییە گشتگیر بکرێت، ئایا ئەو
پەیوەندییە لە ھەموو زمانەکان وەک یەکە، ئەو پەیوەندییانە بە درێژایی
مێژوو قسەی لێدەکرێت، یان بەپێی گەشەکردنی زمان دەگۆڕێ....؟
بە دیوەکەی دیکە بەرھەمھێنانی بونیادی دەلالی جۆرێکە لە (دانان) و (بەیادھێنانەوە)
و (رێکخستن)! کەواتە بۆ تێگەیشتن لەو دەستەواژەیە پێویستە بۆ دیدی (سوسێر)
و ئاستی گوزارشتکردن و ئاستی ناوەڕۆک و مانای بەرھەمھاتوو بگەڕێینەوە،
ئەو دیدە سوسێرییەش پەیوەندی بە ھاوسەنگی نێوان گوزارشتکردن و ناوەڕۆک
و بەرھەمھێنانی دەلالەت و جمگەکانی بە یەکەوەبەستنەوەی دەلالەتەکانەوە
ھەیە، وەک چۆن لە لایەکی دیکەش پەیوەندی بە جیاوازییەکانی ئاستی
گوزارشتکردن و مانای وشە بەیەکەوە بەستراوەکان و چۆنێتی بەیەکەوە
بەستنەوەوە دەکات. ھەموو ئەوانەش لە رووی سیمیاییەوە ئەوە ئاشکرا دەکەن،
کە دانان و بەیادھێنانەوە و رێکخستن پەیوەندی بە ئاستی (گوزارشتکردن) و
(ناوەڕۆک) و (کەشفکردنی مانا)وە دەکات.
مەرج نییە بیرکردنەوەی نوێ وەک پێویست پرسیاری نوێ دابھێنێ، بەڵام دەشێ
بە رێبازی نوێ، پرسیارە کۆنەکان لێکبدەینەوە، لێرەدا پرسی مانا وەک
پرسێکی کۆن ھەر تەنھا بە وشەوە گرێ نەدراوە، ھەر تەنھا بە قسەکەرەوە
بەند نییە، ھەر تەنھا بە مانای ئامادەوە بەند نییە، ھەر تەنھا بە
گوێگرەوە نالکێ، دروست بوونی پەیوەندی مانای ئامادە ھەر تەنھا بە ئاستی
گوزارشتکردن و ئاستی زمانی گوزارشتکردنەوە نالکێ... بە دیوێکی دیکەدا
پرسی مانا پرسی ھاوژیانی و کەشفکردنی دەلالەتە؟!
لە نێوان وشە و دەلالەتەکانی وشەدا پەیوەندییەکی سروشتی بوونی نییە،
وشە و رستە رەمزن! چ مانای ئامادە، چ مانای خەیاڵکراو و شیمانەیی شتێک
لە دەرەوەی خۆیان دیاری دەکەن، دەلالەت لە شتێک دەکەن: بۆ نموونە (دوکەڵ)
دەلالەت لە ئاگر دەکات... (دڵی پێکراو بە تیر) دەلالەت لە ئەڤین دەکات
و زێتریش... وەک دەبینین دەلالەت کارێکە دەکەوێتە نێوان دال و مەدلول،
دەلالەت بایەخ بە دراسەکردنی نیشانەکان و شتەکان و ھەبوونەکان دەدات،
بایەخ بە کۆی ئەو شتانە دەدات، کە لەگەڵیاندا ژیاوە، بایەخ بە کۆی ئەو
شتانە دەدات، کە لەگەڵیاندا دەژی، بایەخ بە کۆی ئەو شتانە دەدات، کە
ئەویدیکەی جیاواز دەیبینێ؟! رەنگە وشە شتێک بگەیەنێت، لە ژێر سێبەری
پەیوەندییەکانی ئێمە، کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، رەنگە وشە شتێک بڵێ،
نەکەوێتە ژێر سێبەری پەیوەندییەکانی وەرگرەوە، ئەوەی دوای ئێمە بیری
لێدەکەنەوە، یان بیری لێناکەینەوە، دەمەوێ بڵێم مانای ئامادە ئەو
پەیوەندیەیە کە لە نێوان من و ئەو و لە نێوان شتەکانەوە ھەیە، بەو
مانایەش بونیادی دەلالی (دنیای حەقیقی مانا) دنیای چەسپاو... نیشان
دەدات، لە پشت ھەموو ئەوانەش رۆشنبیرییەک ئامادەیە، کە بەرەو پرنسیب و
یاسا و رێساکان ھەنگاو دەنێت! بەڵام شیمانەیی دال (ھاوژیانی مانا) وێنا
دەکات، دنیای جولاو... لە پشت ھەموو ئەوانەش رۆشنبیرییەک ئامادەیە، کە
بەرەو دەق و دەقی کراوە دەبێتەوە، کە بەرەو ئەویدیکەی جیاواز دەبێتەوە!
دنیای حەقیقی مانا لە سەر رێکخستنی مانای ئامادە وەستاوە، شیمانەیی دال
و دەقی کراوە لە سەر خەیاڵی کەشفکردن، بەڵام رووە جیاوازەکانی مانای
ئامادە وەستاو و مانای کەشفکراو پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەویدیکەی
خوێنەرەوە ھەیە....
ئیشکالیەتی مانا
لە نێوان رێکخستنی مانای ئامادە و خەیاڵی کەشفکردندا.
(سوکرات) پێناسەی بیرکردنەوە دەکات، بەڵام (ئەفلاتوون) بیرکردنەوە لە
واقیعی ھەستپێکراو جیا دەکاتەوە. ئەو قسەیە پێماندەڵێت فیکری مرۆیی لە
ئەفلاتوونەوە ئیشکالیەتی مانای بۆ بەجێماوە... ئەفلاتوون، سوکرات،
سۆفستاییەکان پێیانوابوو پەیوەندی نێوان گوتن و ماناکانی گوتن
پەیوەندییەکی خودی و سروشتییە! واتە گوتن راستەوخۆ لە مێشکدا تێگەیشتنی
تایبەتی خۆی دەخاتەوە... بەڵام ئەرستۆ بیرکردنەوەی ئەفلاتوون
رەتدەکاتەوە و پێیوایە پەیوەندی نێوان گوتن و ماناکانی گوتن پیشەیی و
تێرمئامێزە، ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا لەسەر ماناکانی رێککەوتوون،
وەک چۆن سوکرات دەڵێ راستە ھەندێ گوتن پەیوەندیەکی سروشتی بە ماناوە
ھەیە، بەڵام ھەندێکیان وا نیین، بەڵکو خەڵکانێک مانای تایبەتی
پێدەبەخشن و ئەو مانا تایبەتییانە دەچەسپێن و دووبارە دەبنەوە... لە
کۆی ئەو قسەکردنانەوە دەتوانم بڵێم مانا فیکرەیەکە یان چییەتییەکە یان
پرنسیبی تێگەیشتنێکە، کە وەک یەک لە واقیع یان فیکرێکەوە سەرچاوە
دەگرێت. بیریاری ئەڵمانی (شلیرماخەر) ھەڵوێستێکی کلاسیکیانەی بەرانبەر
ھیرمینۆتیکا ھەیە، پێیوایە دەق لە ناوەندێکی زمانەوانی پێکھاتووە و
فیکری دانەر بۆ خوێنەر دەگوازێتەوە، لە رووی زمانەوە دەلالەت لە تەواوی
زمان دەکات، لە رووی سایکۆلۆجییەوە دەلالەت لە فیکری خودی داھێنەر
دەکات! پەیوەندی ئەو دووانە پەیوەندییەکی جەدەلییە. وەک دیارە
ھەوڵدەدات قسە لە دوو روو بکات، یەکەمیان بابەتی، کە سەر بە زمانە و
تێگەیشتنی ھاوبەش دەسازێنێ، دووەمیان خودی، کە تایبەتمەندی دانەر
دەخاتە روو. بەڵام تێڕوانینی نوێ بۆ دەق ئەو شێوە بیرکردنەوە کلاسیکییە
تێدەپەڕێنێ و بونیادگەراکانیش دەخاتە لاوە و پێیوایە ماناکانی دەق نە
پەیوەندی بە دانەرەوە ھەیە و نە بە خوێنەرەوە، بەڵکو لە نێوان دانەر و
خوێنەردا دەجولێتەوە، لە نێوان دانەر و خوێنەردا زمان پەیوەندییەکان
رێکدەخات، وەک ئەوەی پرۆژەیەک بێ بۆ ژیان لە خوێندنەوەدا بێتە بەرھەم و
لە خوێنەردا خۆی واڵا بکات.
(فریگە و ھۆسرل و راسل ) لە سەر ھەمان بیرکردنەوەی ئەفلاتوون، یان
بەلای کەمی لە وێناکردنی بوونی بابەتخوازیانە نزیک بوونەوە و
پێیانوابوو مانا بابەتخوازی و ئایدیالییە، مانا ھەیە و پەیوەندی بە
ناوەڕۆکی عەقڵییەوە نییە! واتە پەیوەندی بە لێکدانەوە و راڤەکردن و
بەجێھێنانەوە نییە، وەک چۆن پەیوەندی بە نیشانە زمانەوانییەکانەوە نییە.
بۆ نموونە (نیازخوازی) ھۆسرل پەیوەندی بە بابەتگەرایی ماناوە ھەیە نەک
عەقڵ، ھۆسرل ھەرگیز قبوڵی فیکرەی (فرە مانایی) نەکردووە... بە کورتی
ھەموو ئەوانە پێماندەڵێن مانا ھەیە و ئامادەیە و پەیوەندی بە
رێکخستنەوە ھەیە، لە رێگای ئەو تێگەیشتنەوە ھۆسرل دەڵێ: ھەموو
ئاگامەندییەک دەرککردنی تایبەت بەخۆی ھەیە...
سیستمی زمانەوانی سیستمێکی داخراوە! زمان ھەموو پەیوەندییەکانی
دەکەوێتە ناوەوەی خۆیەوە، وەک بونیادگەراکان نازیان بەو تێزەوە دەکرد،
بێگومان ھەموو ئەوانە مانای ئامادە و رێکخستنی مانای ئامادە ئاسان
نیشان دەدەن، من لە بەر حەقیقەتی ئەو داخرانە نییە، دنیای رێکخستن وەک
دنیایەکی داخراو دەبینم، راستە ھەموو رێکخستنێک گرنگیەکی زۆری بە نسبەت
ریتم و ناوکۆیی و تێگەیشتنەوە ھەیە. من لە بەر ئەوە نییە، دنیای
رێکخستن وەک دنیایەکی داخراو دەبینم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە زمان دەژی
و گەشە دەکات و بەرەو پێشەوە دەچێت و بەردەوام لە ناوکۆیی و خەیاڵی
رێکخستنی نوێ خۆی دەبینێتەوە...
بڕوایەک ھەیە، پێیوایە (تێگەیشتن) و (مانا) ھەردووکیان عەقڵ بەرھەمیان
دەھێنێ. ھەردووکیان وێنەی عەقڵیین، بەڵام لە نێوانیاندا دەلالەت دەگۆڕێ،
یان دەکەوێتە سەر لایەنی بەرپرس... قسەیەک ھەیە، مانا بە گوتراوەوە
دەلکێنێ و تێگەیشتن لە عەقڵەوە بەرھەم دەھێنێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە
نییە، کە تێگەیشتن لە مانا دابڕاوە، ئەوە بەو مانایە نییە، کە بڕوامان
بە یەک جۆر لە تێگەیشتن ھەبێت، بە ھیچ جۆرێک بەو مانایە نییە، کە مانا
لە عەقڵ دوورە. ئەگەر قسە لە مانای وشەیەک یان رستەیەک یان دەقێک بکەین،
ئەوە ھەر دەبێ لە چوارچێوەی مەدلولی پەیوەست بە دالەوە بخولێینەوە،
کەواتە وەک (پۆل ریکۆر) دەڵێ، مانا پەیوەندییەکی ناوەکی لە نێو دەقدا
دروست دەکات. بەڵام (نیشانە) و (مانا) دوو بەشی بەیەکەوە پەیوەست نین،
وەک دال و مەدلول، بەڵکو سەر بە دوو کایەی تیۆری جیاوازن، بە پرنسیبی
جیاواز ھەڵدەسن و وەسفی جیاوازییان ھەیە، دیارە تێگەیشتنی وەستاو زمان
زێتر وەک رێسا و یاسا تەماشا دەکات، نەک وەک بوونێکی زیندوو، وەک جولە
و کردە... بە گشتی کۆی قسەکان لە بارەی رێسا و یاسای زمان و مانای
چەسپاوەوە پێماندەڵێت مانا (بە مێژوو) ئابڵوقە دراوە، بەڵام دەبێ
بزانین مانا بەردەوام نوێ دەبێتەوە، داھێنان ئابڵوقە نادرێت، داھێنان
زەمەنەکان تێکدەشکێنێ!
بەھای وشە لە رێگای پەیوەندی وشەکە بە کۆمەڵێ وشەی دیکەوە دەردەکەوێت
... مانا ناکەوێتە دەرەوەی شتەکانەوە، داھێنان ناکەوێتە دەرەوەی
شتەکانەوە! تەئویلگەرەکان دەڵێن ھیچ مانایەک لە دەرەوەی تەئویلەوە
بوونی نییە، چ لە رێگای ناوکۆییەکی زانستییەوە بێ، یان کەسییەوە، واتە
مانا یان لە رێی تەئویلی ناوکۆییەوەیە، یان بیروڕای فەردی و خودییەوە
ھەیە. بەڵام داھێنان گەڕانەوە نییە بۆ مەبەستی شاراوەی دانەر، گەڕانەوە
نییە بۆ بونیادی دەلالی و دنیای مانای حەقیقی میسالی، بەڵکو بە
دواداچوونی بزاڤە لەبننەھاتووەکانی مانایە و گەڕانە بە دوای ژیان و
خوێنەر و مانای جیاواز... تەئویلکردن واتە بەخشکردنی ئامرازی نوێ لە
نێوان مرۆڤ و دنیا، خوێنەر و دەق، ئەو ئامرازە نوێیەی کە گوتار دەیخاتە
روو.... مانا خۆی لە نێوان کۆمەڵێک سیفەتدا دەبینێتەوە، وەک مانای
شاراوە، ناوەکی، دیار، نادیار، حەرفی، دەروونی... بۆیە مەسەلەی
پێناسەکردن زۆرتر و زۆرتر دەبێت.
لێرەدا پرسیار من ئەوەیە، دەشێ لە کۆی ئەو ئیشکالیەتانەوە مانا لە
پێناسەیەکی جێگیردا ئابڵوقە بدەین؟ ئایا ئەوەندە بەسە مامەڵەیەکی
کلتوری، مێژوویی، حدسی، زمانەوانی، سایکۆلۆجی... لەگەڵ مانادا بکەین،
یان بیر لەوە بکەینەوە، کە زمان دەژی و نوێ دەبێتەوە... راستە ھەتا
ئێستا زانستی زمانەوانی لە رووی سیمیۆلۆجیا و تەئویلەوە ئەرکی زۆری
کێشاوە، بەڵام ھیچ قسەیەکی بۆ راستەکردنەوەی ئیشکالییەتەکانی مانا و
بەرجەستەکردنی داھێنان نەکردووە؟
ستراتیژی دانەر/ شاعیر
لە نێوان رێکخستن و کەشفکردندا.
لێرەدا دوو تێگەیشتن بۆ مانا لای (دانەر/ شاعیر) دەخەمە بەر چاو:
تێگەیشتنی یەکەم، پەیوەندی بە ئاستی زمانی- فەرھەنگی (مُعجمی-
lexicon) -واتە مانای چەسپاو (ئامادە) و رێکخستنەوە ھەیە و مێژووی
مانامان پێدەناسێنێ، ھەڵبەتە بە گشتی پەیوەندییەکانی ئاستی زمانی
فەرھەنگی لەوێوە بەرەو گوتار دەبێتەوە، کە پێیوایە مانای ئامادە جگە لە
یارییەکی پاشکۆئامێزی ناوەکی شتێکی دیکە نییە، یەکەی فەرھەنگی بە
درێژایی مێژوو مانای جۆراوجۆر لەخۆ کۆ دەکاتەوە، ھەر زەمەنەی دەکەوێتە
سەر حەقیقەتی مانایەک، وەک چۆن بە درێژایی مێژوو دەکەوێتە سەر جیاوازی
ماناکانیشەوە. لێرەوە جیاوازی رێکخستنی مانا و رێکخستنی جیاوازی
زۆرترین مانای ئامادە دەستەبەر دەکات، جیاوازی رێکخستن و رێکخستنی
جیاوازی مانای ئامادە (دانەر/ شاعیر)ی جیاواز دەدۆزێتەوە، وەک چۆن (خوێنەر/وەرگر)ی
جیاواز بەدوای جیاوازی رێکخستن و رێکخستنی جیاوازی مانای ئامادەدا
دەگەڕێت، واتە وەک چۆن لە ھەر قۆناغێکدا (دانەر/ شاعیر)ی جیاواز بەدوای
رێکخستن و رێکخستنی جیاوازی بوونیاندا دەگەڕێن، تا بەھایەک بۆ (بوونی
رێکخراو)ی خۆیان بەجێ بھێنن. یان ئامادەیی رێکخراو بەجێ بھێنن، بە
ھەمان شێوە لە ھەر قۆناغێکدا (خوێنەر/وەرگر)ی جیاوازیش... بەو مانایە
مانای ئامادەی رێکخراو، (خوێنەر/وەرگر- دانەر/ شاعیر)ی رێکخراومان بۆ
کەشف دەکات، (خوێنەر/وەرگر- دانەر/ شاعیر)ی رێکخراو رێگا بە مانای
ئامادەی رێکخراو دەدات، بۆ ئەوەی بدوێت.
بەڵام تێگەیشتنی دووەم، بۆ مانا بە گشتی لە شیکردنەوەی کەشفکردن و
دەلالەتی مانای خەیاڵکراوەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک ئەوەی نزیکترین و
نوێترین یەکەی گوتار پێکبھێنێت، کەشفکردن و مانای خەیاڵکراو بۆ قۆناغ و
سەرچاوەی یاسا و رێسای رێکخستنی مانا ناگەڕێتەوە، بەڵکو ھەمیشە رووە
جیاوازەکانی مانا واڵا دەکات، رووی جیاوازی مانا زۆرترین سەربەخۆیی
ھەیە، ئەوە سەربەخۆیی مانای خەیاڵکراوە (دانەر/ شاعیر)ی سەربەخۆ
دەدۆزێتەوە، بە دیوەکەی دیکەش (خوێنەر/وەرگر)ی سەربەخۆ ھەمیشە بەدوای
رووە جیاوازەکانی مانای کەشفکراودا دەگەڕێت، رووە جیاوازەکانی مانا،
کەشفکردنی مانایە، کەواتە دانەر/ شاعیری سەربەخۆ بەدوای مانای
کەشفکراوی بوونیدا دەگەڕێت، تا بەھایەک بۆ (بوونی گریمانەکراو)ی بەجێ
بھێنێت. یان ئامادەیی گریمانەکراو بەجێ بھێنێت، بە ھەمان شێوە (خوێنەر/وەرگر)ی
جیاوازیش... ئەو تێگەیشتنەی کەشفکردنی مانا رەفتاری تەئویلی لە نێو
دەقدا رێکدەخات. بەو مانایەش دەق کۆمەڵێک (دال)ە و دەبێ لە دەرەوەی
قۆناغ و سەرچاوەی یاسا و رێسای رێکخستنی ماناوە لەلایەن خوێنەر/وەرگر
کەشف بکرێت، (دانەر/ شاعیر)ی سەربەخۆ لە حاڵەتی نوسیندا بە ھەمان
پرۆسەدا تێدەپەڕێت... ئەو کاتەش دەق بوونی ھەیە، کە دەخوێنرێتەوە و
خوێنەر بە شەھوەتی خوێندنەوە و نوسەر بە شەھوەتی نوسین دەگات! ھیچ
دەقێک بێ بوونی خوێنەر بوونی نییە، بەو مانایەش دەلالەت لەسەر
زنجیرەیەکی بێ کۆتایی لە رێکخستنی دال و لە خەیاڵکردنی شەھوەتدا دەژیت.
لە کۆی ئەو قسانەدا ھەوڵدەدەم ئەو دوو تێگەیشتنە لە سێ جۆر خوێندنەوە
بۆ (مانا) کورت بکەمەوە: خوێندنەوەی یەکەم پەیوەندی بە زمانی فەرھەنگی
و مانای چەسپاو و ئامادەوە ھەیە. خوێندنەوەی دووەم پەیوەندی بە
شیمانەیی مانای نوسەرەوە ھەیە. خوێندنەوەی سێیەم دەکەوێتە سەر خوێنەری
جیاوازەوە.
ئەگەر دەق فەزایەک بێ بۆ ئاوێتەبوون، ئەگەر دەق تانۆپۆی نێوان
تێگەیشتنی فەرھەنگی و تێگەیشتنی شیمانیی و خوێنەر بێت، ئەوە لە ئاسۆی
خوێندنەوەی (ریکۆر)دا خوێندنەوە و تەئویلەکان لە دنیای مانای داخراوی
ئایدیالیدا گیر ناخۆن، بەڵکو بە سەر ژیانێکی واڵا و نوێدا دەکرێنەوە!
ئەو قسەیەی کە من لە رێگای ریکۆرەوە رێکمخستووە لەوێوە دێت، کە ریکۆر
پێیوایە زمان رەنگدانەوەی ھەموو ئەوانەشە کە پێش دەق و دوای دەق دەکەون!
کەواتە زمان ھەر تەنھا رەنگدانەوەی ھەبوون نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی
گشتگیرە و پەیوەندی خەیاڵکردنی من و ئەویدیکەیە بە ھەموو دنیا، زمان
یارییەکە ھەمووان تێیدا ھاوبەشین، جگە لە زمان شتێکی دیکە بۆ
گوزارشتکردن لە خۆماندا نادۆزینەوە، جگە لە زمان شتێکی دیکە بۆ
ھەناسەدان نادۆزینەوە، جگە لە زمان شتێکی دیکە بۆ پەیوەندی و ھاوژیانی
نادۆزینەوە، بۆیە کردەی تەئویلکردن لە رێگای زمانەوە دووبارە ئەفراندن
دەگەیەنێت. ھەر لە رێگای دووبارە ئەفراندنەوە درک بە ئەزموونەکانی ژیان
و خوێنەرە جیاوازەکان دەکەین.
شیعری کوردی
ماناکانی (رێکخستن) و دەلالەتەکانی (کەشفکردن) و (خوێنەری جیاواز).
لەو لێکۆڵینەوەیەدا ھەوڵدەدەم قسە لە شێوەی رێکخستنی (مانای ئامادە و
چەسپاو) و شێوەی کەشفکردنی (مانای نائامادە و خەیاڵی نوسەر) و (مانای
ئامادە و نائامادە و خوێنەری جیاواز) لە شیعری نوێی کوردی و دوای
راپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی باشور و بەشێک لەو شیعرەی کوردستانی رۆژھەڵات،
کە دەکەونە بەر (شەپۆلی حجم) و (شەپۆلی زمان) بکەم...
پرسیاری سەرەکی ئەو لێکۆڵینەوە لە ھەموو ئەوانە ئەوەیە، ئایا شیعر
تەنھا رێکخستنی مانای چەسپاو و ئامادەیە لە دووتوێی یاسا و رێساکانی
زماندا، بە دیوەکەی دیکە ئایا شیعر رەتکردنەوەی یاسا و رێساکانی زمان و
شێواندنی مانای ئامادەیە، مانای ئامادە و نائامادە و خوێنەری جیاواز
دەکەوێتە کوێی شیعری کوردییەوە، بە دیوەکەی دیکە ئایا شاعیری کوردی
بەشێک لە کێشەکانی ژیانی کوردی لە شیعرەکانیدا ھەڵگرتووە، ئایا شیعری
کوردی لە پێشبینی و خەیاڵی تاکی کوردی و خەیاڵی ئەویدیکەی جیاواز دەدوێ؟
قسەکردن لە چەمکی (رێکخستن) لە رووی زمانەوە چەسپان و دڵنیایی
دەگەیەنێت، بە دیوێکی دیکە دەشێ چەمکی رێکخستن بەو مانایە بێت، کە ھەر
یەک لە ئێمە بە عەقڵ و ئاگامەندییەوە بە دوای رێسا و یاساکانی زمانەوە
بین، ھەر یەک لە ئێمە لە سەر مێژوو و شێوەی تایبەتی (خۆی) قسان دەکات...
ئەگەر چەمکی رێکخستن قسەکردن بێ لە سەر شتی تایبەتی و شێوەی تایبەتی
ئەو شیعرەی کە دوایی ھاتووە! ئەوە چەمکی خەیاڵ و کەشفکردن لەگەڵ ھەموو
ئەو پرۆسانە دژ دەکەوێتەوە، کە تێیدا مانای چەسپاو ئامادە خۆی بەسەر
شیمانەیی ئێستا و ئێستای زیندوودا دەسەپێنێت، وەک چۆن دژ بە ھەموو ئەو
قسەکردنانەشە، کە پێشتر سەرەتا و کۆتاییان زانراوە، کەواتە بەشێک لە
خەیاڵ و کەشفکردن لە سەرەتا و کۆتایی نەزانراوەوە سەرچاوە دەگرێت! وەک
چۆن بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە رووە جیاوازەکانی مانا و رووە
جیاوازەکانی رێکخستن و خوێنەری جیاوازەوە ھەیە... ھەر چۆنێ بێت ھەمیشە
کار و (دەقی ئەدەبی) تەجاوزی دەست بۆ بردنە تیۆرییەکان دەکات، بەڵام
ئایا تیۆرە ئەدەبییەکان ئەو حەقیقەتە دەرک دەکەن؟ ھەڵبەتە ئەو پرسیارە
وەرامی ناوەکی خۆی ھەیە، کە پەیوەندی راستەوخۆی بە داھێنانەوە ھەیە،
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا رێبازە ئەدەبییەکان بەرھەمھێنەرن و پانتاییەکی
مەعریفی بەرفرەوانیان ھەیە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ کار و دەقی ئەدەبی
و خوێنەری جیاوازدا دەکەن...
بە گشتی زمان وەک بابەتی حەقیقی و کردەیی ھەمووان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە،
لە کۆی ئەو ھاوگونجانەدا دەتوانم ئاماژە بە (سێ ھێل) لە شاعیرانی شیعری
نوێی کوردی باشور و دوای راپەڕین و بەشێک لە شیعری کوردستانی رۆژھەڵات
بدەم، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەو پۆلینکردنە جگە لە گریمانەکردن شتێکی دیکە
بێت، بەبێ ئەوەی پشت بە تیۆرێکی دیاریکراوی ئەدەبی ببەستێت، بەبێ ئەوەی
چەمکی (داھێنان) وەک بنەمای قسەکانم بۆ بەراوردکردنی ئەو پۆلینکردن و
بەدواداچوونە بە کار بھێنم؟!
ھێلی یەکەم:
بە گشتی (ھێلی یەکەم) کۆی ئەو شاعیرانە دەگرێتەوە، کە بڕوایان بە دەست
بۆ بردنی مانای ئامادە ھەیە، لە میانی مانا نوێیەکان و لە دەرەوەی
مانای رووت و رەھادا! وەک چۆن ھەوڵدەدەن لە رێکخستنی ماناوە ھاوسەنگی
نێوان (ئاستی گوزارشتکردن و ریتمی رستە) لە لایەک و (ریتمی وشە و مانای
چەسپاو) لە لایەکی دیکە بپارێزن، یان زمان شێوەی ئاسۆیی بپارێزن، واتە
ھاوسەنگی نێوان خود و گوتراو لە توێی زمان و مێژووی مانادا بپارێزن، بۆ
ئەوەی جوانی شیعر و جوانی ئامادە بە یەکەوە بگونجێنن! ھەموو ئەوانە
پارێزگاری لە رەسەنایەتی و یاسا و رێساکانی زمان و جوانی ئامادە دەکەن،
ھەموو ئەوانە پێیانوایە بە پلەی یەکەم شیعری جوان پەیوەندی بە ئاکاری
جوان و وشەی جوان و گوتراوی جوان و خەیاڵی جوان و مانای رەوان و ریتمی
رەوانەوە ھەیە... ھەموو ئەوانە دەکەونە نێوان مشتومڕی گوتن و ماناوە!
بۆ ئەوەی لە رێگای خودەوە بە گوتراو بگەن، بۆ ئەوەی لە رێگای عەقڵەوە
بە مانا بگەن، واتە لە رێگای مێژووی گوتراوەوە بە مانای ئامادە بگەن،
لە رێگای کۆی مانا و گوتراوەوە بە جوانی و خەیاڵی شیعری بگەن، لە رێگای
تێگەیشتنەوە بە دەلالەتە نوێیەکانی مانا بگەن، بە دیوەکەی دیکە لای
ھەموو ئەوانە حەقیقەتی مانا ھەمیشە لە ئامادەیی ئێستای مانادایە، بەو
مانایەش رۆشنایی مانا لە رۆشنایی ئێستای مانا دانەبڕاوە، لەوێشەوە رێگا
بۆ حەقیقەتی ئامادە خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی بدوێ...
وەک دەردەکەوێت ھێزی خۆیان لە مانای ئامادە و رێکخستنی خوددا دەبیننەوە،
پرسیار لەوە ناکەن عەقڵ، گوتراو بونیاد دەنێت، یان گوتراو، عەقڵ دروست
دەکات؟! پرسیار لە تێگەیشتن و مانا ناکەن، پرسیار لە جیاوازی و
دنیابینی جیاواز ناکەن، پرسیار ناکەن وشەی شیعریی چۆن دروست دەبێت،
جیاوازی لە نێوان رەوانی و راھاتن و شیمانەیی چییە؟!
ھێلی دووەم:
(ھێلی دووەم) زۆربەیان لەسەر بڕوابوون بە نائاگامەندی (نەست) و
پێشخستنی ناوکۆیی و فەرامۆشکردنی خود لە یەکەوە نزیکن، بەڵام نەک بەو
مانایە کە گەڕانەوە بۆ نائاگامەندی و نەست گەڕانەوە بێ بۆ (فرۆید)
بەڵکو بەو مانایە کە نائاگامەندی و نەست پێش زمان دەکەوێت، وەک چۆن لای
(لاکان) جێگای گفتوگۆیە... لەوێوە شاعیرانی ھێلی دووەم ھەوڵی کەشفکردنی
مانا و ھەوڵی (دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان وشە و وشە، وشە و
مرۆڤ، وشە و دنیا) دەدەن، ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی بۆ خوێنەران واڵا
دەکەن، شێوەی ستوونی بە زمان دەبەخشن، ئەوەش جێکەوتەی وشە و
پەیوەندییەکانی و ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی دەخاتە نێو گەشەکردنی وشە و
گەشەکردنی ناوکۆییەوە، وەک چۆن بەشێکی زۆر لە شاعیرانی ھێلی دووەم
خۆیان بە (کۆتایی نەزانراو) دەسپێرن، خۆیان بە (دنیابینی جیاوازی
مرۆیی)ەوە دەسپێرن، بە پلەی یەکەم میکانیزمی خەیاڵ بە بزوێنەری شیعری
دادەنێن، لە رێگای یاخی بوونی مەعریفییەوە ھەوڵی بەرجەستەکردنی
شیمانەیی شیعری و کەشفکردنی جوانی و پەیوەندییە کراوەکانی ژیان دەدەن،
ھیچ سنورێک بۆ مانا و جوانی و چێژ قبوڵ ناکەن، ھەموو سنوردانانێک بۆ
توانای لە بننەھاتووی مرۆڤ رەتدەکەنەوە، ھەموو ئەگەرەکان بۆ جیاوازی
مانا دەڕەخسێنن، ھەموو ئەگەرەکان بۆ تەماشاکردنی دنیا بە کراوەیی
جێدەھێڵن، بە دیوەکەی دیکە ھەموو ئەوانە رێگا بۆ شیمانەیی خۆش دەکەن،
بۆ ئەوەی خۆی دابمەزرێنێ...
وەک دەردەکەوێت ھێزی خۆیان لە نائاگامەندی و پێشخستنی ناوکۆیی و
فەرامۆشکردنی خوددا ھەڵدەگرنەوە، بەڵام پرسیار لە بارەی بنەما
جیاوازەکانی مەعریفە و ئاستی کلتور و پێشکەوتنەکانی ئەویدیکەی
مرۆڤایەتی... وەڵام نادەنەوە، قسەکردنی جیاوازی ئەویدیکە لە بارەی عەقڵ
و تێگەیشتن و درککردن فەرامۆش دەکەن!
ھێلی سێیەم:
(ھێلی سێیەم) تەواو پێچەوانەی ھێلی یەکەم بیر دەکەنەوە، (ھەموو
ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژووی مانا و رێکخستنی خود رەتدەکەنەوە)، (ھەموو
یاسا و رێساکانی زمان و رەسەنایەتی رەشدەکەنەوە) بەو مانایەش تەواوی
رابردووی مرۆڤایەتی بە ئاوڕدانەوە بۆ میتافیزیکا دادەنێن! ھەموو بایەخی
نائاگامەندی و نەست لە لایەک و پێشخستنی ناوکۆیی لە لایەکی دیکە بە
خەمی خۆیان نازانن، (ھەموو سەرچاوەکانی فیکر و مەعریفە وەلا دەنێن) بۆ
ئەوەی لە رێگای نیشانەی ھەڕەمەکییەوە، تێکدانی پەیوەندی نێوان وشەکان
مانای باو تێکبشکێنن و بگەنە کورتبڕی، شیمانەیی سەربەخۆ فەراھەم بکەن،
بۆ ئەوەی لە رێگای پەیوەندی رێکنەخراوەوە گوزارشتکردنێکی یاخی و
ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی گەشە پێبدەن، وەک ریزۆم لە نێو زماندا بیر لە
زمان دەکەنەوە، لە رێگای خەیاڵ و وڕێنەوە بە جوانی لەناکاو و لە رێگای
شیمانەیی نکۆڵکەرەوە بە مانای نائامادە و ئەویدیکەی خوێنەر دەگەن، بە
گشتی ھەمووان بە پلەی یەکەم رێگا بۆ شیمانەیی خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی وەک
شیمانەیی بدوێت...
واتە ھێزی خۆیان لە تێکشکاندنی مانا و کورتبڕی و بەرھەمھێنانەوەی
نیشانە و شیمانەیی سەربەخۆدا دەبیننەوە، لای ئەوان شیعر دەنگە، بەڵام
ئەسڵ و دەق لە ناوچووە! بیر لەوە ناکەنەوە نەگونجان و بێ مانایی ھیچ
پەیوەندییەکی مرۆیی ناخولقێنێ، ئەگەرچی ھەڵگری جۆرێک لە یاخی بوونیش
بێت، مەرج نییە ھەمیشە یاخی بوون جوانی کەشف بکات، ئەگەرچی یاخی بوون
بێت بە رووی باودا، بیر لەوە ناکەنەوە کۆی فیکری مرۆڤایەتی راستەوخۆ
پەیوەندی بەیەکەوە ھەیە، بیر لە بەھای پەیوەندی و خۆشەویستی و ھاڕمۆنی
و سۆزی مرۆییانە ناکەنەوە، چارەنووسی بێ یادەوەریین.
ھێلی یەکەم :
لە نێوان (گوتن / مانا)دا.
وشە یان ھەر یەکەیەکی زمانەوانی لە دوو بنەما پێکھاتووە و لە یەک جیا
نابنەوە، ئەویش گوتن و مانایە! مانا و گوتراویش لە مشتومڕی جیاوازی
خۆیان ناکەون. گوتن رووە مەتریالەکەی مانایە، ماناش رووە ھەستییەکەی
گوتن پێکدەھێنێ.
مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، مانا و گوتن پەیوەندی بە ھەڵنانی بەھای
ھونەری دەربڕینەوە ھەیە، بەشێکی گەورەی بەھای ھونەری دەربڕینیش
تێگەیشتن دەینەخشێنێ؟! چەمکی تێگەیشتن ھەمیشە پشت بە فاکتە حەقیقییە
مرۆییەکان دەبەستێت. بەھای تێگەیشتن لە شێوازی دەربڕینی
دەلالەتخوازانەوە نزیکمان دەکاتەوە!
لە بارەی ئەو مشتومڕەوە ھەندێک پێیانوایە پێشخستنی گوتن بەسەر مانادا
جوانی و پوختی و پتەوی لێدەکەوێتەوە، بەھای ئەدەبی بەرزتر نیشان دەدات،
شێوازی ھونەری جوانتر دەستەبەر دەکات، ھەمیشە داڕشتنی ئەدەبی و
حەقیقەتی دەربڕین بە پوختی و پتەوی و گوتنی جوانەوە پەیوەست دەکەن، ھەر
لەوێشەوە بە مانا دەگەن، ھەر لەوێشەوە بە مانای جوان و پتەو و روون و
حەقیقی دەگەن، ھەر لەوێشەوە بە ریتمی جوانی دەربڕین دەگەن، ھەموو
ئەوانەش پشت بە کۆمەڵێک پاڵنەر دەبەستن، پاڵنەری دەروونی، سیاسی،
نەتەوەیی...
ھەندێکی دیکە لە رەخنەگران لە مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، پێیانوایە
جوانی گوتن و جوانی مانا لە بەیەکەوە بوونیاندایە، پێکەوە ئاستە
بەرزەکانی رەوانبێژی دەنوسنەوە و تەرازووییەک بۆ بەھای ھونەری دەسازێنن،
پێیانوایە شیعر لە رێگای ئەو بەیەکەوەبوونەیان باڵا دەکات و لە
لێکترازانیشیان نزمی دەنوێنێ، گوتنی جوان، جوانی مانای لێدەکەوێتەوە،
وەک چۆن گوتنی ناشیرین مانای دزێو بەرھەم دەھێنێ! رەوانی مانا ریتمی
رەوانی لێدەکەوێتەوە و ناڕەوانی تەمومژ...
ئەو پێکەوە بوونە ئەگەرچی لە یەکێتی و ئاوێتەبوونی گوتن و مانا نزیکە،
بەڵام جیاوازی خۆیان ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە یەکێتی گوتن و مانادا،
گوتن جەستەیە و مانا رۆح، جەستە و رۆح لێکجیابوونەوەیان مەحاڵە...
لایەنگرانی یەکێتی و ئاوێتەبوونی گوتن و مانا، پێیانوایە ھەموو گوتنێکی
جوان، مانای جوانی لەخۆدا ھەڵگرتووە، گوتنی پتەو، راستی مانا دەنوێنێ...
ھەڵبەتە پێچەوانەش راستە! دەتوانم بڵێم ھەموو ئەو قسانەی لە بارەی
یەکێتی گوتن و ماناوە دەکرێت، بەھای یەکبوونی شێوە و ناوەڕۆکمان بیر
دەخاتەوە، وەک ئەوەی گوتن فۆڕم بێ و مانا فیکر...
بەشێکی دیکە لە رەخنەگران لە مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، بەرگری لە
چەسپاندنی پەیوەندی نێوان گوتن و مانا دەکەن و پێیانوایە نھێنی
پەیوەندییەکانیان بۆ رابردوو دەگەڕێتەوە، ھەرگیز پەیوەندی بە وڕووژانی
یەکێک بە سەر ئەویدیکەوە نییە، بەڵکو رێسا و یاسای زمانەوانی بەڕێوەی
دەبات و دەکەوێتە نێوان پرنسیب و رێبازی تایبەت بە زانستی زمان و دانان
و رێکخستنەوەوە... دواجار ھەمیشە پرۆسەی رێکخستن پەیوەندی نێوان گوتن و
مانا دەگەیەنێت...
بەمجۆرە دەتوانم بڵێم ھەندێک لەو شاعیرانەی شیعری نوێی کوردی (کە من
ناویان بە ھێلی یەکەم دەبەم) ھەوڵدەدەن لە رێکخستندا پەیوەندی نوێ و
بەرفرەوان لە نێوان مانا و مانا، جوانی و مانا، ریتم و ناوکۆیی دروست
بکەن، زۆربەیان دوای وشەی شیعریی و رستەی شیعریی و ریتمی ناوکۆیی
دەکەون! ھەندێکیان لادانی مانا بە وڕوژانی ھەستییەوە دەبەستنەوە، بەڵام
بە گشتی لە پێناو مانەوە لە سەر رێکخستنی (مانا/ جوانی)ی چەسپاو و
ئامادە، لە سەر (شیعری دنیایی) کار دەکەن. بۆ نموونە دەتوانم وێڕای
کۆمەڵێک جیاوازی و وێڕای مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، دەشێ بۆ
دیاریکردنی (ھێلی یەکەم) چوار نموونەتان پێبناسێنم:
نموونەی یەکەم:
نموونەی یەکەم لە شاعیران، ئەوانەن کە (جوانی گوتن و ریتمی ناوکۆیی
بەیەکەوە کۆ دەکەنەوە) جوانی گوتن و ریتمی ناوکۆیی بە ھەستی نەتەوایەتی
و دەروونی و سیاسی موتوربە دەکەن، پەردە لەسەر گوتنی حەقیقەتێکی
دیاریکراو ھەڵدەدەنەوە، لەوانە: شێرکۆ بێکەس، لەتیف ھەڵمەت، رەفیق
سابیر، جەلال مەلەکشا، ژیلە حوسێنی...
نموونەی دووەم:
بەڵام نموونەی دووەم، لە (ھێلی یەکەم)دا لە نێوان تێگەیشتن و مانادا،
شیعرگەرایی لە خودگەرایی و ناوەڕۆکگەراییدا دەبیننەوە، بۆ چەسپاندنی
بیرۆکەی تێگەیشتن لەسەر خودی تێگەیشتن، بۆ (چەسپاندنی پەیوەندی نێوان
گوتن و مانا) بۆ گواستنەوە لە حیکایەتێکەوە بۆ گەیشتن بە ریتمی
حیکایەتێکی دیکە، بە مانایەکی دیکە رێگاکانی گوتراو تاقی دەکەنەوە بۆ
ئەوەی بە دەروونی خۆیان بگەن، یان ھەموو ئەو تێگەیشتنانە لە فەزایەکی
شیعری دووبارە دەکەنەوە، فەزایەک کە لەگەڵ ھۆشیاری شیعری و ریتمی شیعری
دێتەوە، فەزایەک کە دەکەوێتە نێوان پرنسیب و زمانی شیعری و دانان و
رێکخستنەوەوە... نموونەی دووەم لە چەسپاندنی پەیوەندی نێوان گوتن و
مانا، وێڕای جیاوازییان: کەریم دەشتی، جەمال غەمبار، نەزەند بەگیخانی،
چۆمان ھەردی، رۆژ ھەڵەبجەیی، فەرەیدوونی ئەرشەدی...
نموونەی سێیەم:
نموونەی سێیەمی (ھێلی یەکەم)ی شاعیران، ئەوانەن کە ھێزی گوزارشتکردن و
ھەستی لیریکی و وڕووژانی سۆز بە کەرەسەی باڵایی جوانی و رەوانی و ناسکی
دادەنێن، ھەوڵدەدەن ریتمێکی دەروونی و مرۆڤدۆستی لە بیرکردنەوە و
بیرکردنەوەی خوێنەردا بچێنن، ھەوڵدەدەن فەزای چێژ و ژیاندۆستی فرەوانتر
نیشان بدەن، ھەوڵدەدەن دەرگای خەیاڵێکی نزیک لە سیحر بۆ مرۆڤایەتی واڵا
بکەن، شاعیرانی (یەکێتی گوتن و مانای گوتن) شاعیرانی نموونەی سێیەم،
جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێتەی ریتمی بیرکردنەوە دەکەن، حەقیقەتی
گوتن تێکەڵ حەقیقەتی نەگوتن دەکەن... لە نموونەی ئەو شاعیرانە: دلشاد
عەبدوڵڵا، جەلال بەرزنجی، بەختیار عەلی، دلاوەر قەرەداغی، ئیسماعیل
بەرزنجی، ھیوا قادر...
نموونەی چوارەم:
نموونەی چوارەم، لە (ھێلی یەکەم)، شاعیرانی چێژی (گوتن بەسەر مانادا)،
جەستە بە سەر ناوەڕۆکدا زاڵ دەکەن، لە رێگای چێژی گوتنەوە خۆیان لە
مانا دەخشێنن، ئەو شاعیرانەی جەستەگەرایی و چێژی ئیرۆتیکی و ئاگامەندی
سۆزداری پێشدەخەن، بەڵام مەبەستم ئەوانە نییە، کە ئیرۆتیکا و وڕووژانی
سێکسی تێکەڵ بە یەک دەکەن؟! بەڵکو مەبەستم ئەوانەیە، کە دنیا لە دوو
دیدی جیاوازی نێر و مێدا تەماشا دەکەن، بەڵام خۆیان لە بە بازاڕکردنی
ھەست و بێنرخکردنی جەستە و حەزی رووت دەپارێزن، ھەمیشە حەقیقەتی
چەپێنراو پێش حەقیقەتی گوتراو دەخەن، ھەمیشە چێژی گوتنی نەگوتراو پێش
دەخەن و پێیانوایە ئەوە چێژی گوتنی نەگوتراوە چێژی مانای لێدەکەوێتەوە،
ھەمیشە جوانی جەستە و ریتمی جەستە لە مانای کرچ و کاڵ دەپارێن، ھەمیشە
پێیانوایە ئەوە گوتنی جوانە، شێوازی ھونەری جوانتر دەستەبەر دەکات،
ئەوە گوتنی جوانە، ریتمی جوان و چێژ دەنەخشێنێ... نموونەی شاعیرانی
گوتن بەسەر مانادا، قوبادی جەلی زادە، کەژاڵ ئەحمەد، دڵسۆز حەمە، ژوان
ئاوارە...
شاعیرانی جوانی گوتن و ریتمی ناوکۆیی.
دەتوانم بڵێم نموونەی یەکەم، ئەو شاعیرانەی (جوانی گوتن و ریتمی
ناوکۆیی بەیەکەوە کۆ دەکەنەوە)، ئەو شاعیرانەی جوانی گوتن و ھەستی
نەتەوایەتی و سیاسی کۆیان دەکاتەوە و گوتن و ریتمی تێگەیشتن بەیەکەوە
کۆ دەکەنەوە! ھەمیشە ھێزی شیعری لە گوتن و پەیامی شیعریدا ھەڵدەگرنەوە،
لە رێگای جوانگوتنەوە لە مێژووی مانا نزیک دەبنەوە، پارێزگاری لە جوانی
گوتن و مانای ئامادە دەکەن، بەھای ئەدەبی لە گوتنی جوان و ریتمی مانادا
دەبیننەوە...
دەتوانم بڵێم دالی حەقیقی لای (لەتیف ھەڵمەت) تێکەڵکردنی ھەستی
تاکگەرایی و ھەستی نەتەوایەتییە! بەڵام ھێزی شیعری لای (عەبدوڵڵا پەشێو)
لە رەوانی ریتمی گوتن و بەرزکردنەوەی دروشمی شیعری رەخنەکاریدا خۆی
دەبینێتەوە! جیاوازی نێوان (شێرکۆ بێکەس) و (رەفیق سابیر) لە
تەماشاکردنی ژیان و تەماشاکردنی نەتەوە وەک بابەتی سەرەکی شیعریدا خۆی
دەبینێتەوە، شێرکۆ بێکەس کۆی مێژووی نەتەوە و حیکایەتەکانی نەتەوە و
ژانوژواری نەتەوە وەک بنەمای شیعری بەکار دەھێنێت... بەڵام رەفیق سابیر
گۆشەیەک لە زامە قووڵەکانی نەتەوە و خەمە بچوکەکانی نەتەوە وەک بنەمای
شیعر چاو لێدەکات، لە گۆشەنیگایەکەوە حیکایەتەکانی تاکی کوردی
دەگێڕێتەوە... جیاوازی نێوان (مەلەکشا) و (ژیلا حوسێنی) جیاوازی
پەیامگەرایی و سۆزگەراییە، جیاوازی نێوان ماناگەری و ئاوازگەراییە،
جیاوازی نێوان شۆڕشگەرایی و دەروونگەراییە... بە گشتی ھەموو ئەوانەی
لەسەر ئەو ھێلە رێچکەیان گرتووە، کە (مێژووی وشە بە پتەوی مانا)وە
دەلکێنن، گوتن و ریتم موتوربەی رووداوی مێژوویی، دەروونی، کۆمەڵایەتی،
نەتەوەیی، سیاسی دەکەن، بیر لە بەدوایەکداھاتن و کۆتاییەکانی دالە
گشتییەکان دەکەنەوە... بەڵام ئەوەی لەتیف ھەڵمەت لەو ھێلە جیا دەکاتەوە
ھێزی تاکگەراییە... ئەوەی عەبدوڵڵا پەشێو لەو ھێلە جیا دەکاتەوە
شیعرییەتی دروشمگەراییە....
(رەفیق سابیر) لە لاوکی ھەڵەبجەدا دەڵێت:
با کەژاوەی لە گوڵ بێت
یان لە پەلکە زێڕینە
زەماوەندی خوێن دەگرێت
ئەمشەو پاشای ئەڤینە.
شاعیرانی جێگیرکردنی پەیوەندی نێوان گوتن و مانا.
نموونەی دووەم، ئەو شاعیرانە ھەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە، کە وشەیەک
بەرجەستە بکەن، گوتنێک بخەنەوە، کە تەواو تەعبیر لە ناخی ئەوان بکات،
شاعیرانی (چەسپاندنی پەیوەندی نێوان گوتن و مانا) گوزارشتکردنی وشە و
خود، ریتم و تێگەیشتن... پێیانوایە ھەموو گوتنێکی خودگەرایی جگە لەوەی
ھەڵگری حەقیقەتە، ھەڵگری بەھای چەسپاندنی پەیوەندی نێوان گوتن و مانا،
ریتم و تێگەیشتنە، ئەوە ھێزی سەپاوی خودگەراییە، ھۆشیاری و پتەوی مانا
و ساغڵەمی مانای لەخۆدا ھەڵگرتووە، جوانی بیرکردنەوە تەعبیر لەگوتنی
جوان دەکات... بەڵام جیاوازی (حەمە عومەر عوسمان) جگە لە گەڕانەوە بۆ
ناخ، لە ھێزی لیریکییەوە دەردەکەوێت! ھەوێنی شیعری حەمە عومەر عوسمان
خەمە تایبەتییەکانە، بێ ئەوەی تێکەڵی خەمە نەتەوەییەکانیان بکات!
بەو مانایەش نموونەی دووەم، ئەو شاعیرانەن، کە گوتن و مانا بە
جێگیربوونی شیعرگەرایی و خودگەرایی و ناوەڕۆکگەراییەوە دەلکێنن، فۆڕم و
ناوەڕۆک بە یەک چاو تەماشا دەکەن، دالی حەقیقی لای ئەوان بە ھەموو
جیاوازییەکانیانەوە بەیەکەوە بەستنەوەی خەمە تایبەت و گشتییەکانە...
بڕوانە: رۆژ ھەڵەبجەیی لە شیعری، تا کۆتایی ھەڵبێ... کوژانەوەی ژنێک بە
تەنھایی..!! دەڵێت:
من خەونەکانم شلوێ بووە لەسەرەتاوە تا کۆتایی...
وا چاکە پەپوولە، کە دەروێشی نوورە، چرا بکوژێ،
چونکە تەریقەتی چرا،
مەرگی پەپوولەیە لە کۆتایی...
وا چاکە شەمشەمەکوێرە لە تونێلی نوتەکا،
تاریکی ڕاو بنێ...
چونکە لەنوونی نوتەکا دەزوولەیەک مۆمی نووستوو،
مەرگی شەمشەمەیە لە کۆتایی...!!
سلێمانی ٢٩/٩/٢٠٠٩
شاعیرانی یەکێتی گوتن و یەکێتی مانا.
نموونەی سێیەم، ئەو کۆمەڵە شاعیرەی لە ئاگامەندی دەروونییەوە ھەستی
لیریکی و سۆزی شیعری بە ویستی یەکێتی گوتن و دەروونەوە گرێ دەدەن و
ویستی گوتن بە خۆشەویستی مانا و چێژەوە دەلکێنن، شاعیرانی (یەکێتی گوتن
و یەکێتی مانا) پێماندەڵێن جەوھەری ئاگامەندی بە گوتنی جوان و ماناکانی
خۆشەویستییەوە بەندە، تایبەتمەندی جوانی مرۆڤ لە ژیاندۆستییەوە سەرچاوە
دەگرێ، مرۆڤ دەژی بۆ ئەوەی ھەنگاو بەرەو یەکێتی گوتن و ماناوە بنێت...
شاعیرانی جوانی گوتن و جوانی مانا، پێیانوایە ئەوە وشەی شیعرییە ھەستی
شیعری دەبەخشێت، بایەخ بە وشەی شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری
دەدەن، بەھای ھونەری شیعر لە ئاوێتەبوونی ھەستی وشە و ویستی مانا و
ریتمی تێگەشتندا ھەڵدەگرنەوە، ھەڵبژاردنی دالی حەقیقی لای ئەوان لە سۆز
و جوانی و تەماشاکردنی خەمە کەسییەکانی ژیاندایە... بونیادی شیعری (بەختیار
عەلی) و (دلشاد عەبدوڵڵا) لە ھێزی گوزارشتکردن و قووڵی دنیابینیدا
دەردەکەوێت... بەڵام دەتوانم بڵێم (جەلال بەرزنجی) و (ھیوا قادر) ھەر
یەک بە رەنگ و دنیابینی و ھەستی شیعری و مەعریفەی شیعری تایبەتی خۆیەوە،
ھەوڵی گرتنی حیکایەتە بچوکەکانی ژیان دەدەن! ھێزی جەلال بەرزنجی لە
ھەستی شیعریدایە، ھێزی ھیوا قادر لە ھەڵبژاردنی گۆشەنیگای شیعریدا
دەردەکەوێت... کەچی جیاوازی نێوان (ئیسماعیل بەرزنجی) و (دلاوەر
قەرەداغی) لە چەسپاندنی پەیوەندی نێوان ریتم و مانادا خۆی دەبینێتەوە،
ئیسماعیل بەرزنجی خەمی مانا پێش دەخات و لە پشت ھەموو شیعرێکی
بونیادێکی حیکایی دەنەخشێنێ! دلاوەر قەرەداغی لە خەمی ریتمدایە و شیعر
لە سەما نزیک دەکاتەوە...
بڕوانە ئیسماعیل بەرزنجی دەڵێت:
ژن و پیاوێکی چاخی بەردین بووین
بە گژ و گیا عەورەتی خۆمان دادەپۆشی
لە بنیادەمی ئەشکەوتەکەی تەنیشتمان دەترساین
لە شەڕێک سەردەکەوتین و
لە چواران دەماندۆڕاند
حەسرەتمان دەکرۆشت و
بێزاریمان ھەڵدەمژی
لە ناکاو بەکۆڵێ یەئسی وجودییانەوە
تێکدەئاڵاین
(پەست، وەک ئێوارە نارنجییەکانی نیشتمان- کۆمەڵە شیعر، ئیسماعیل
بەرزنجی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ٢٠٠٧، ل٣٠-٣١)
شاعیرانی چێژی گوتن بەسەر چێژی مانادا.
ھەندێک لە شاعیرانی چێژی گوتن (زاڵکردنی گوتن بەسەر مانادا)، نموونەی
چوارەم، شاعیرانی جەستەناسی و جوتبوونی رۆحی و جەستەیی، ھەندێک لە
شاعیرانی چۆنێتی ئەزموونکردنی ژیان و ئازادی و چێژی ژیان، شاعیرانی
ھەڵگیرسانی گوتن و ئیرۆتیکا و گوتن و خۆشبەختی، ئەو شاعیرانەی کە
جوانگوتن و ئیرۆتیکا و ژیاندۆستی پێش دەخەن... پێیانوایە ئەوە پێشخستنی
جوانی گوتن و ریتمی گوتنە رەھەندێکی جوان بە مانا و رەھەندێکی مەعریفی
قووڵتر و جوانتر بە ژیان و دەلالەتی جیاواز دەدات، ئەوە پێشخستنی
باڵایی گوتنە ماناکانی نێوان نێر و مێ، جەستە و رۆح جوانتر نیشان دەدات...
پێیانوایە بەھای شیعرگەرایی بە پێشخستنی ئاستە بەرزەکانی جوانی گوتن و
ئاگامەندی تێگەیشتن و چێژی ژیانەوە دەلکێ، بەھای مرۆڤ، بەھای ژیان لە
بەیەکگەیشتنی جوانی نێر و مێدا دەبوژێتەوە، جوانی مرۆڤایەتی لە
بەھاکانی مرۆڤدا خۆی دەبینێتەوە، چێژی ژیان لە ھاوگونجانی
جیاوازییەکاندایە، ھەمیشە ھەوڵی تەواو یەکبوونی تێگەیشتن و ئاگامەندی،
جوانی و چێژ، جەستە و رۆح... دەدەن! دڵسۆز حەمە لە بەشێک لە قەسیدە (وێنەکانی
ژنێتی)دا دەڵێت:
لە ماڵێکدا
ستیان لەبەر ناکەم
بەپێی پەتی دەسوڕێمەوە
بۆیە ھەر دەرگای ماڵم ترازا
دوو کەروێشکی سپی بچووک
لە پێڵاوەکانمەوە رادەکەن
دوو کۆتری سپیش لە ملی بلوزەکەم
دەدەن لە شەقەی باڵ و
لە ماڵەکەمدا دێن دەچن.
سایتی دەنگەکان، دڵسۆز حەمە، فێبریوەری ٢٠١٢.
ھێلی دووەم:
کەشفکردن/ دامەزراندن.
شاعیرانی (ھێلی دووەم) لە شیعری نوێی کوردی و دوای راپەڕینی ١٩٩١ی
کوردستانی باشور و بەشێک لەو شیعرەی کوردستانی رۆژھەڵات، کە دەکەونە
بەر (شەپۆلی حجم) و (شەپۆلی زمان)... بە گشتی ئەو شاعیرانە نایانەوێ
خۆیان بسەپێنن، ھەوڵدەدەن شیمانەیی شیعری بنوێنن، لە نێوان کەشفکردن و
دامەزراندن، ھەوڵی بەدەستھێنانی چێژی شیعری دەدەن، لە نێوان راڤەکردن و
بەجێھێنان، جوانی بەرز دەکەنەوە، لە نێوان رێکەوت و یەقین، ھەوڵی
بونیادنانی شیعرییەت دەدەن و رێگا بۆ بیروڕای جیاواز و خوێندنەوەی
جیاواز و مەعریفەی جیاواز خۆش دەکەن!
شاعیرانی ھێلی دووەم ھەوڵی کەشفکردنی مانا و ھەوڵی دامەزراندنی
پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان وشە و وشە، وشە و مرۆڤ، وشە و دنیا، ھەوڵی
بە دەستھێنانی ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی دەدەن، بەو مانایەش
پەیوەندییەکی ناوکۆیی دەخەنە نێو گەشەکردنی زمان و ئاستی شیعرییەتی
زمان و پەیوەندییە دەلالییەکانەوە، وەک چۆن پرۆسەی نوسینی شیعری بە
داڕژان وکۆتایی نەزانراوەوە دەسپێرن، بونیادی شیعری بە دنیابینی جیاواز
و چێژی جیاواز و ریتمی جیاوازی ژیانەوە دەبەستنەوە، ھێزی خەیاڵ بە
بزوێنەری شیعری دادەنێن...
ھەندێکیان لە رێگای لادانی مانای وشە و گۆڕینی ئاسۆی چاوەڕوانی باوی
شیعری ھەوڵی بەرجەستەکردنی مانا و رووە جیاوازەکانی جوانی و ئەگەرەکانی
دەق دەدەن، نموونە: بەرۆژ ئاکرەیی، ئیبراھیم ئەحمەد نیا، ھێرۆ کوردە...
ھەندێکیان لە رێگای راڤەکردن و روانینی مەعریفییەوە چێژ بەرھەم دەھێنن،
نموونە: ھاشم سەراج، رەزا عەلی پوور... بەڵام ھەندێکیان لە رێگای
لادانی چێژەوە ھەوڵی وڕوژانی ھەست و خرۆشانی چەپێنراوەکان دەدەن، بە
مانایەکی دیکە تێگەیشتنی چێژ وەک بنەمای راڤەکردنی ھەست و خرۆشانی
چەپێنراوەکان دەنوسنەوە، بۆ نموونە: زانا خەلیل، لازۆ... ھەندێکیان لە
رێگای گۆڕینی ئاسۆی چاوەڕوانی حیکایەتەوە ھەوڵی وڕوژانی تێگەیشتن و
راڤەکردنێکی دیکە بۆ تێگەیشتن دەسازێنن، بۆ نموونە: ئەحمەدی مەلا،
کامبیزی کەریمی... (ھەڵبەتە ھەر ھەموویان بە کۆمەڵێ جیاوازییەوە).
شاعیرانی (ھێلی دووەم) کۆمەڵێ ئەگەر بۆ تێگەیشتن و راڤەکردن دەڕەخسێنن،
کۆمەڵێ ئەگەر بۆ چێژ بە کراوەیی دەھێڵنەوە، کۆمەڵێ ئەگەر بۆ گۆڕینی
ئاسۆی چاوەڕوانی دەخەنە روو... کەمێکیان قسەکردنی جیاواز لە بارەی مانا
و تێگەیشتن، راڤەکردن و چێژ فەرامۆش دەکەن! وەک چۆن ھەندێکیان ئاستی
گوزارشتکردن لە ئاڕاستەکردنی ئیرۆتیکادا کورت دەکەنەوە... نموونەی
شاعیرانی ھێلی دووەم بە کۆمەڵێ جیاوازییەوە پێکھاتووە لە: ھاشم سەراج،
ئەحمەدی مەلا، کامبیزی کەریمی، ئیبراھیم ئەحمەد نیا، بەرۆژ ئاکرەیی،
رەزا عەلی پوور، زانا خەلیل، لازۆ، ھێرۆ کوردە...
وەک گوتمان خەیاڵ و کەشفکردن سەرەتا و کۆتایی زانراوی نییە، بە دیوەکەی
دیکەش خەیاڵ و کەشفکردن رووە جیاوازەکانی مانا و رووە جیاوازەکانی
ئاسۆی چاوەڕوانی دەکاتەوە... وەک چۆن پەیوەندی نێوان وشە و وشە، وشە و
مرۆڤ، وشە و دنیا لە بەدواداچوون و گەڕان و خوێندنەوەی بەردەوامی
سەردەمەوە بە دەست دێت، مەعریفە و خەیاڵ و چێژ لە بەرزکردنەوەی ئاستی
زمان و تێگەیشتنی ژیانەوە ھەڵدەقوڵێ، بەڵام شیمانەیی شیعری،
شیمانەییەکی مەرجدارە بە شیعرییەتەوە، شیمانەیی شیعری نە نکۆڵیکردنە،
نە جەختکردن، وەک چۆن خۆی لە شیمانەیی سەربەخۆی ھێلی سێیەمیش جیا
دەکاتەوە، چونکە شیمانەیی سەربەخۆ مەرج نییە بەرەو شیعرییەت بچێت، دەشێ
بەرەو ھیچ شتێ نەبێ و نەھلیستییەت بەرھەم بھێنێ، وەک بە دیوەکەی دیکە
دەشێ بەرەو جەختکردنی شیعرییەت بێتەوە! ھەڵبەتە دەستنیشانکردنی نێوان
شیمانەیی مەرجدار و شیمانەیی سەربەخۆ خاڵی جیابوونەوەی ھێلی دووەمە لە
سێیەم.
زانا خەلیل لە بەشێک لە شیعری (ژیان لە ناو کۆتاییەکاندا) دەڵێت:
کۆتایی بە خۆت بھێنە
وەک ئەوەی لە مێژە کۆتاییت پێھاتبێ
لە ناو کۆتاییەکان ژیانێ بژی
وەک ئەوەی کۆتاییت پێ نایە
برادەرە ئەسمەرەکانم دەڵێن
ئاوا کۆتاییت بە خۆت ھێناوە
وەک ئەوەی لە مێژە دنیا کۆتایی پێھاتبێ
برادەرە کۆتایی پێھاتووەکانم دەڵێن
بۆ ھێندە لە ناو کۆتاییەکاندا دەژی
وەک ئەوەی کە ھەرگیز کۆتاییت پێنێ
لە کۆمەڵە شیعری "چوونە دەرەوەیەک نەماوە، بۆ ھاتنە ژوورەوە" لە
بڵاوکراوەکانی گروپی کلتوری و ھونەری ھاڤی، ٢٠١٢، ھەولێر، ل١٠.
ھێلی سێیەم:
یاخیبوون و جیاوازی.
(ھێلی سێیەم) لە رێگای شیمانەیی نکۆڵکەر و تێکشکاندنی پەیوەندییە
باوەکان و لە سەر بنەمای ھاوشێوەیی دەنگی و دووبارەکردنەوەوە بە
شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە نیشانە (sign- یان ئاماژە) سەربەخۆکانی شیعریی
دەگەن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە شتێک بگەیەنێت، بەڵکو بەو مانایەی بە
ھیچ شتێک نەگات، نەک بە مانای سڕبوونی فیکر و دەلالەت، بەڵکو دەشێ ھەر
سڕبوونی دەلالەتیش نەبێ، بەڵکو دەلالەت تێیدا گاڵتەجارانە و درۆزنانە
بکەوێتەوە...
لە نێو (فۆرمالیستەکانی رووس- شکلۆفسکی) پێیوایە زمانی شیعری زمانێکە
مانا رەتدەکاتەوە. شاعیرانی ھێلی سێیەم لە رێگای وڕێنەوە، شیمانەیی
سەربەخۆ، بۆ ئەویدیکەی خوێنەر فەراھەم دەکەن، لە رێگای شیمانەییەوە
شیمانەیی بەرھەم دەھێننەوە... ئاوڕ لەوەش دەدەنەوە کە لە
بەرھەمھێنانەوەی شیمانەییدا لۆجیکی مانای تەقلیدی بۆ دەرککردن دادمان
نادات، چونکە جیھان بەو جۆرەی (ئەمڕۆ) ھەیە، ملکەچی رێکخستن و
پۆلینکردن نابێت، شیعر بەو جۆرەی ئەوان وێنای دەکەن بۆ (گوتن و مانا،
دۆزینەوە و دامەزراندن) سەر شۆڕ ناکات، ھیچ رێگایەکی دیکەمان نییە، جگە
لەوەی دەستبەرداری ھەموو ئەوانە بین، کە بە گوێرەی "گوتن" و "مانا"، "دۆزینەوە"
و "دامەزراندن" لە شیعر دەڕوانێت، مەسەلە بنەڕەتییەکەش لای (ھێلی سێیەم)
رزگارکردنی شیعر نییە، بەڵکو ئاڕاستەکردنی فیکرە بەرەو چەمکێکی تازە،
کە بە گوێرەی دەربڕینی خۆی نە "شیعرە" و نە "پەخشان"... بەڵکو نیشانەیە،
بەڵکو ریزۆمە، بەڵکو دەنگێکی فرە رەھەندە، کە ھەزاران دەنگی لەخۆ
گرتووە...
لای بەشێکی زۆر لە شاعیرانی ھێلی سێیەم دەقی شیعری بە پلەی یەکەم
بونیادێکی دەنگی ھەیە! ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ (جاکۆبسون) و
فۆرمالیستەکانی رووس، کە پێیانوابوو شیعر لە سەر بنەمای ھاوشێوەیی و
دووبارەکردنەوە کار دەکات... شیعر بونیادێکی دەنگی ھەیە، بۆ نموونە لای
بەشێک لە شاعیرانی کوردستانی رۆژھەڵات، کە دەکەونە بەر (شەپۆلی حجم) و
(شەپۆلی زمان) و زۆر جوانیش لە دەقەکانی (شوعەیب میرزایی)دا دەبینرێت...
بەڵام لای ھەندێ لە شاعیرانی ھێلی سێیەم، بە شێوەیەکی بەرفرەوانتر شیعر
بە دەنگێکی فرە رەھەند دادەنێن، نە رابردووی ھەیە، نە بڕوای بە داھاتوو
ھەیە، چارەنووسی بێ یادەوەرییە...
شیعر دەنگێکی فرە رەھەندە لە ھێلکاری دەچێت، نەک نەخشەی لەبەر گیراو،
جوگرافیایە، نەک مێژوو، گەشت و کۆچە، نەک مانەوە و نیشتەجێبوون...
ھەموو ئەو قسانە بۆ (دۆلۆز) و مانا دۆلۆزییەکەی دەمانگەڕێنێتەوە، کە
ھەموو ئەوانە بە ریزۆم دادەنێت، ریزۆم ئەوەیە لە نێو شتەکاندا بیر لە
شتەکان بکاتەوە، شیعریش لای ھەندێ لە شاعیرانی ھێلی سێیەم ئەوەیە لە
نێو زماندا بیر لە زمان بکاتەوە... بەشێک لە شاعیرانی ھێلی سێیەم
بڕوایان بە رەگ نییە، بەڵکو بڕوایان بە رەگە تۆڕە، بڕوایان بە پنت نییە،
بەڵکو بڕوایان بە ھێلە... لەو شاعیرانەش نموونەی (ساڵح سوزەنی) و بەشێک
لە شاعیرانی کوردستانی رۆژھەڵات و بەشێک لە ئەزموونی (یوونسی رەزایی)...
ھەندێکیان ھەوڵدەدەن لە رێگای خەیاڵ و وڕێنەوە بە جوانی و لە رێگای
شیمانەیی نکۆڵکەرەوە بە مانای نائامادە بگەن... بۆ نموونە سەباح
رەنجدەر، سەڵاح جەلال... ھەندێکیان ھەوڵدەدەن وێناکردنی باو بۆ مانا
سەرەوژێر بکەن و بگەنە کورتبڕی و لەوێوە شیمانەیی سەربەخۆ بۆ شیعر
فەراھەم بکەن... بۆ نموونە: عەباس عەبدوڵڵا یوسف و ...
من وەک خوێنەرێک لەو خوێندنەوەیەدا ھەوڵدەدەم لە راڤەکردنی نیشانە و
سەرچاوەکانی نیشانەوە بە بابەتی نیشانە و ئاماژەکانی نیشانە و
جیاوازییەکانی بگەم... چونکە نیشانەکان رێگایان بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ
خۆش کردووە و مرۆڤ بە ئەویدیکەی جیاواز دەگەیەنن، ئەوە نیشانەکانن لە
ژیانی رۆژانەماندا کۆی ئەو مانایانەمان پێدەبەخشن، وەک ئەوەی گەردوون
پێشنیاری کردوون، وەک ئەوەی سیستم ئاماژەی بۆ دەکات، ئێمەش بە
جیاوازییەکانی خۆمانەوە دەنازین و خۆمان بە خاوەنی نیشانە شیمانییەکان
دادەنێین، ئەگەرچی لەو بارەوە نیشانە زمانییەکان تەنیا نیین، بەڵام
بایەخی خۆیان ھەیە، بۆ نموونە لای محەمەد باوەکر...
کەواتە زمان بە پلەی یەکەم بە سیستمی سیمیاییەوە (semiotics) بەندە، کە
توانای لەخۆگرتنی ھەموو سیستمە جۆراوجۆرەکانی نیشانەی ھەیە، لێرەدا
گوزارشتکردن لە زمان، گوزارشتکردنە لە بەیەکەوەگەیاندن... (پێرس)
پێیوایە بونیادنانی تیۆری سیمیۆلۆجی بە گشتی کار بۆ نیشانەکان دەکات،
نیشانە شوێنی تایبەتی خۆی ھەیە، بەڵام ئەوە بۆ نیشانە زمانەوانییەکان
یەکەم شوێن نییە.
شیعر ھیچ لەوانە بە ھەند ھەڵناگرێ، بەڵکو مەسەلەیەکی ئیبداعییە و
ئیبداعیش سەربەخۆیی دەگەیەنێت و شتگەرایی قبوڵ نییە! دەمەوێ بڵێم زمان
لە سیمیاییدا توانای ئەوەی ھەیە کە ھەموو ئەو سیستمانەش لەخۆ بگرێ کە
بە شێوەیەکی راستەوخۆ گوزارشت لە خۆیان ناکەن و نیشانەی ئەبستراکتین و
ھەر تەنھا ئاماژە بە دەلالەتەکانیان دەکەن و لە زمانێکدا دەتوێنەوە کە
گوزارشت لەوان دەکات و ئەوان لەخۆ دەگرێت! بە مانایەکی دیکە زمان لای
ھەندێکیان ریشەیان دەچێتەوە سەر بێمانایی، ریشەیان دەچێتەوە سەر
پووچەڵکردنەوەی دال، بەو مانایەش ئەوەی شیعرەکە پێشکەشی دەکات،
پەسەندکردنی ئەو پەیامەیە کە لە لایەن خوێنەر/ وەرگرەوە دروست دەبێ،
ئەو پەیامە لە نێوان وەرگر و شاعیرەوە رووبەری بڕێک لەو گومان و
گریمانەیە کە بەرانبەر ئەو واقیعە دروست دەبێت، کە شیعرەکە دەچێتە
ناوییەوە، کە وەرگر و شاعیر دەچنە ناوییەوە، ھەموو ئەوەش روو
لەخۆبوونێکە کە کورت ناکرێتەوە بۆ ھیچ شتێک، ئەو رازە بنەڕەتییە نوستوە
ھەمیشە بە شێوەیەکی روولەخۆ ئەو پەیوەندییە بنچینەییەی نێوان کەسەکانی
نێو واقیعێکی دیاریکراو رادەگەیەنێت... (ئەنوەر مەسیفی ١٩٥٢- ٢٠٠٥) لە
بەشێک لە قەسیدەی (جلوبەرگ و جمکەکان) دەڵێت:
سە قەبری لێدەدا
ئەفسانەش غار دەداتە درەختی
پەلک بە کرێ
بزنی ناو ژوورەکەم لە سەرمایە
باڵندە گۆشتی بەردا
ئەفسانە غار دەدا
زەوی لای راستی شکا
لکە ھەنجیری پاش کۆران
تای ردێنی من
سە بەلەمی ھێسکی برد
ئاو شکا
بەلەم رۆیی
ردێن لە ناو کاولان
لا سییەکم کەونە دیوار
خۆڵی پشتان بەرد
قڕێژی نەخۆشان گیا
ژنی زگ پڕ باران
لەشکر
لە
مووی
بن
کەوشان
لە کۆمەڵە شیعری (جلوبەرگ و جمکەکان) ساڵی ١٩٩٠.
دۆخی شاعیرانی شەپۆلی سێیەم پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دۆخێک ھەیە، کە
وەک (بۆدریار) دەڵێ لە جیاتی کاڵا نیشانە بەرھەم دەھێنێ! دۆخێک کە چیتر
کاڵا بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان نییە، بەڵکو زنجیرەیەکی ناکۆتایی بێ
ئامانجە! ھەر کالایەک نیشانەیە بۆ کالایەکی دیکە، بەدیلێکی بەتاڵە بۆ
کاڵایەکی دیکە، دالێکە بۆ دالێکی دیکە و مەدلول لەناوچووە... ئەسڵ و
دەق لە ناوچووە، نیشانە شوێنی گرتۆتەوە، ئێمە لە جیھانی نیشانەدا دەژین،
لە جیھانێکدا دەژین زانیاری زۆرە، بەڵام مانا کەمترین ئامادەیی ھەیە،
ئێمە لە جیھانێکدا دەژین وەک بۆدریار دەڵێت ئیتر نیشانەکان بۆ
سەرچاوەیەکی دیاریکراو، بۆ سەرچاوەی مانا ناگەڕێنەوە، پۆشاک و ریکلام و
چیتر سەرچاوەی ماناییان نییە... بەشێک لە نموونەی شاعیرانی ھێلی سێیەم،
وێڕای جیاوازییان: عەباس عەبدوڵڵا یوسف، ئەنوەر مەسیفی، محەمەد باوەکر،
سەباح رەنجدەر، سەڵاح جەلال، ساڵح سوزەنی، شوعەیب میرزایی...
بە کورتی:
لە شیعری نوێی کوردی و دوای راپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی باشور و بەشێک
لەو شیعرەی کوردستانی رۆژھەڵات، کە دەکەونە بەر شەپۆلی حجم و شەپۆلی
زمان... بونیادی دەلالی دەلالەت لە بەرھەمھێنانی دەلالەتی -حەقیقی و
شیمانەیی- دەکات، حەقیقەت تەواوی ئەو راستییەیە، کە وردبینیکراوە.
بەڵام شیمانەیی ئەوە نییە کە خۆی دەسەپێنێ، بەڵکو ئەوەیە، کە ھەڵبژاردن
دەخاتە پێشەوە، شیمانەیش بە دوو جۆر قسەی لێکراوە، یەکەمیان شیمانەیی
نوسەر، دووەمیان شیمانەیی ئەویدیکەی خوێنەر... ھەموو ئەوەش رێکخستنی
مانای چەسپاو و کەشفکردنی مانای نائامادە و خەیاڵی نوسەر و مانای
نائامادە و خەیاڵی ئەویدیکەی جیاواز دێنێتە بەرھەم...
رێکخستنی مانای چەسپاو و ئامادە پەیوەندی بە زمانی فەرھەنگیدایە و
لەوێوە بەرەو گوتار دەبێتەوە، کە پێیوایە مانای ئامادە و چەسپاو جگە لە
یارییەکی پاشکۆئامێزی ناوەکی شتێکی دیکە نییە. بەڵام مانای نائامادە لە
دەلالەتی مانای خەیاڵکراوەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک ئەوەی نزیکترین و
نوێترین یەکەی گوتار پێکبھێنێت. بۆ بە دەستھێنانی مانای ئامادە و
کەشفکردنی مانای نائامادە و خەیاڵی پێویستمان بە پرۆسەی دانان و
بەیادھێنانەوە و رێکخستن ھەیە.
چەمکی رێکخستن لە رووی زمانەوە چەسپان و دڵنیایی دەگەیەنێت. چەمکی
خەیاڵ و کەشفکردن لەگەڵ پرۆسەی رێکخستن و بەیادھێنانەوە دژ دەکەوێتەوە،
چونکە لە چەمکی رێکخستندا مانای چەسپاو و ئامادە خۆی بەسەر شیمانەیی
ئێستا و ئێستای زیندوودا دەسەپێت. بەڵام خەیاڵ و کەشفکردن لە سەرەتا و
کۆتایی نەزانراوەوە سەرچاوە دەگرێت. بەشێکی دیکەی خەیاڵ و کەشفکردن
پەیوەندی بە رووە جیاوازەکانی مانا و ئەویدیکەی جیاوازەوە ھەیە... لە
سەر ئەو بنەمایە سێ ھێل لە شاعیرانی دوای راپەڕین و شیعری نوێی کوردی
باشور و بەشێک لە شیعری کوردستانی رۆژھەڵات دەستنیشان دەکەم: ھێلی
یەکەم ئەو شاعیرانە دەگرێتەوە، کە ھەوڵدەدەن لە رێکخستنی ماناوە
ھاوسەنگی نێوان ئاستی گوزارشتکردن و ریتمی رستە لە لایەک و ریتمی وشە و
مانای ئامادە لە لایەکی دیکە بپارێزن، ھەوڵدەدەن شێوەی ئاسۆیی زمان
بپارێزن، بۆ ئەوەی جوانی شیعر و جوانی ئامادە بە یەکەوە بگونجێنن!
ھەموو ئەوانە رێگا بۆ حەقیقەت خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی بدوێ... بە کورتی
ھەموو ھێزی خۆیان لە مانای ئامادە و رێکخستنی خوددا دەبیننەوە.
چوار نموونەتان لە ھێلی یەکەم پێدەناسێنم: نموونەی یەکەم ئەو شاعیرانەن
کە جوانی گوتن و ریتمی ناوکۆیی بە ھەستی نەتەوایەتی و دەروونی و سیاسی
موتوربە دەکەن، پەردە لەسەر گوتنی حەقیقەتێکی دیاریکراو ھەڵدەدەنەوە،
لەوانە: شێرکۆ بێکەس، لەتیف ھەڵمەت، رەفیق سابیر، جەلال مەلەکشا، ژیلە
حوسێنی...
نموونەی دووەم، لە نێوان تێگەیشتن و مانادا، شیعرگەرایی لە خودگەرایی و
ناوەڕۆکگەراییدا دەبیننەوە، بیر لە چەسپاندنی پەیوەندی نێوان گوتن و
مانا دەکەنەوە، بۆ گواستنەوە لە حیکایەتێکەوە بۆ گەیشتن بە ریتمی
حیکایەتێکی دیکە ... نموونەکان وێڕای جیاوازییان: کەریم دەشتی، جەمال
غەمبار، نەزەند بەگیخانی، چۆمان ھەردی، رۆژ ھەڵەبجەیی، فەرەیدوونی
ئەرشەدی...
نموونەی سێیەمی شاعیران، ئەوانەن کە ھێزی گوزارشتکردن و ھەستی لیریکی و
وڕووژانی سۆز بە کەرەسەی بەرزی جوانی و رەوانی و ناسکی دادەنێن.
شاعیرانی یەکێتی گوتن و مانای گوتن جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێتەی
ریتمی بیرکردنەوە دەکەن، حەقیقەتی گوتن تێکەڵ حەقیقەتی نەگوتن دەکەن...
لە نموونەی ئەو شاعیرانە: دلشاد عەبدوڵڵا، جەلال بەرزنجی، بەختیار عەلی،
دلاوەر قەرەداغی، ئیسماعیل بەرزنجی، ھیوا قادر...
نموونەی چوارەم، نموونەی گوتن بەسەر مانادا، ئەو شاعیرانەی جەستەگەرایی
و چێژی ئیرۆتیکی و ئاگامەندی سۆزداری پێشدەخەن. نموونە: قوبادی جەلی
زادە، کەژاڵ ئەحمەد، دڵسۆز حەمە، ژوان ئاوارە...
ھێلی دووەم ھەوڵی کەشفکردنی مانا و ھەوڵی دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێ
لە نێوان وشە و وشە، وشە و مرۆڤ، وشە و دنیا دەدەن، ئاسۆیەکی دیکەی
چاوەڕوانی بۆ خوێنەران واڵا دەکەن، شێوەی ستوونی بە زمان دەبەخشن،
خۆیان بە کۆتایی نەزانراو دەسپێرن، خۆیان بە دنیابینی جیاوازی نوسینەوە
دەسپێرن، میکانیزمی خەیاڵ بە بزوێنەری شیعری دادەنێن. ھەموو ئەوانە
رێگا بۆ شیمانەیی خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی گەشە بکات... بە کورتی ھەموو
ھێزی خۆیان لە نائاگامەندی و پێشخستنی ناوکۆیی و فەرامۆشکردنی خوددا
ھەڵدەگرنەوە: نموونەی شاعیرانی ھێلی دووەم بە کۆمەڵێ جیاوازییەوە
پێکھاتووە لە: ھاشم سەراج، ئەحمەدی مەلا، کامبیزی کەریمی، ئیبراھیم
ئەحمەد نیا، بەرۆژ ئاکرەیی، رەزا عەلی پوور، زانا خەلیل، لازۆ، ھێرۆ
کوردە...
ھێلی سێیەم تەواو پێچەوانەی ھێلی یەکەم بیر دەکەنەوە، ھەموو
ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژووی مانا و رێکخستن رەتدەکەنەوە، ھەموو یاسا و
رێساکانی زمان و رەسەنایەتی رەشدەکەنەوە! ھەموو سەرچاوەکانی فیکر و
مەعریفە وەلا دەنێن، وەک ریزۆم لە نێوان زماندا بیر لە زمان دەکەنەوە،
بۆ ئەوەی لە رێگای نیشانەی ھەڕەمەکییەوە، تێکدانی پەیوەندی نێوان
وشەکان مانای باو تێکبشکێنن و شیمانەیی سەربەخۆ فەراھەم بکەن،
گوزارشتکردنێکی یاخی و ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی بۆ ئەویدیکەی خوێنەر و
ئەویدیکەی جیاواز دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی لە رێگای خەیاڵ و وڕێنەوە بە
جوانی لەناکاو و لە رێگای شیمانەیی نکۆڵکەرەوە بە مانای نائامادە و
ئەویدیکەی جیاواز بگەن، رێگا بۆ شیمانەیی خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی وەک
شیمانەیی بدوێت، چارەنووسی بێ یادەوەریین... لای شاعیرانی ھێلی سێیەم
ئەسڵ و دەق لە ناوچووە، نیشانە شوێنی گرتۆتەوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ
گوزارشت لە خۆیان ناکەن و نیشانەی ئەبستراکتین... بە کورتی ھەموو ھێزی
خۆیان لە تێکشکاندنی مانا و شیمانەیی سەربەخۆ و بێ سەرچاوەیی و
بەرھەمھێنانی نیشانە و کورتبڕیدا دەبیننەوە... نموونەی شاعیران: عەباس
عەبدوڵڵا یوسف، ئەنوەر مەسیفی، محەمەد باوەکر، سەباح رەنجدەر، سەڵاح
جەلال، ساڵح سوزەنی، شوعەیب میرزایی...
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|