په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠٢٠

چاکسازییتان باش: ٦ ملیۆن بە ٤٠ ساڵ تەمەنەوە. 


عەلی مەحمود محەمەد  


جاران بەعس بە نەیارەکانی خۆی دەوت تابووری پێنج, دەترسم ئێستا ئەوەی دژایەتی موچەو خانەنشینی ئەم پەرلەمانتارە سوێند خواردووانەش بکات, یان رەخنە لە پڕۆژەکەیان بگرێت بیکەنەجاشی خانەنشین بە لیوا, یان ببێتە تابووری پێنج و لایەنگری کۆماری خوازەکانی ئیسپانیاو لە گەڵ ئانارشیستەکنی کەتەلۆنیا گۆڕ ون کرێت.

کەس دژ بەوە نییە چاکسازییەکی دادپەروەرانە بکرێت وەک شەو رۆژ بانگەشەی بۆ دەکەن, دڵشاد ١٠٠ مەتر زەوی نەبێت خۆی بسوتێنێت, ئێوەش ٨,٥ ملیۆن دینار وەربگرن, سەرۆکەکەشمان تەنھا یەکێک لە ماڵەکانی ملیۆنێک مەتر دوجار بێت, ئێمە لە گەڵ رێکخستن و چەند موچەیی ئێرەو بەغداو چی و چی نین, وەک لە گەڵ بن دیوار نین, ئاوھاش لە گەڵ بان دیوارو حەوت تەبەقەی ئاسمانیش نین, پێمان باشەو پێشتر بۆ یەکەمجار ھەر ئێمە داوامان کردووە تەمەنی خانەنشینی بکرێتە ٦٠ ساڵ لە کوردستان, بەھۆی بێکاری بەرفراوان و نەبوونی ژێرخانێکی پێشکەوتوو تا گەنجان تیایدا کار بکەن, ئەوەی ھەمانە ھەندێک نەوتە دەردەھێنرێت بە سەدەقەو ناوی حیزبەوە کەمێکیمان دەدرێتێ, ئەوی دیکەش بۆ خۆیان تەخشان و پەخشانی دەکەن, ئێستاش ئێوە قچۆکەکەمان لۆ چاکسازی دەکەن بە عەمبەو بھاراتەوە, لێ لە لایەکی دیکەوە بە پێی ھەمان پڕۆژەی چاکسازی ئێستا لەبەر خاتری خاترانی پەرلەمانتاران و موچە باڵاکان لانی کەمی ساڵی خانەنشینی لە کوردستان لە ٥٠ ساڵەوە کراوە بە ٤٥ ساڵ و ١٥ ساڵی خزمەت, کە ھێنانەوەی سانایە بەناوی رۆژنامەنوسی, پارێزەری, پێشمەرگایەتی, چوزانم ھەزارو یەک ئاین و ئۆین و فرت و فێڵیان ھەیە, سجل و دەفتەر و کونیە لای خۆیانە چۆنیان دەوێت وای رێکە خەن, بەو حاڵەشەوە ھێشتا زیاتر لە ٥٦,٧٥%ی پەرلەمانتارانی زۆر خۆشەویستی عەدالەتخوازی خولی ئێستا نایانگرێتەوە, لە نیعمەتی خانەنشینی پلە باڵا کە خەونیان بوو بێبەش دەکرێن, ھەشە لە خولەکانی پێشوتر چەندین ساڵە ٦ ملیۆنی خۆی موفت وەردەگریت و لە قسەی زلیش نەکەوتووە, بەوەشەوە ھەنوکە ھێشتا نایانگرێتەوە, ئێستا نوێنەرانی گەل بە ٤٥ ساڵەکەش رازی نین ھەوڵ ھەیە کەمتری بکەنەوە بۆ ٤٠ ساڵ, بۆ ئەوەی بەسزمانانە ئەمانیش لەو چەوراییە بێبەش نەکرێن, ھەنگوین بۆ ئەوان و عەسەلیاتیش بۆ ئێمە

لێ ئەم برادەرە عەبقەریانەی پەرلەمان لە خۆیان ناپرسن ئایا شتی وا لەم جیھانە پان و بەرینە ١٤٩ ملیۆن کیلۆمەتر دوجارییە ھەیە؟؟, یان درێژە بە داھێنانە عاجباتیەکان خۆیان دەدەن لە شتە سەیرو سەمەرەکانی دەسەڵاتداریتی کوردی, پەرتووکی گینزیش ئاگای لەمانە نییە, دەنا نوێنەرایەتی دائیمی بۆ تەسجیلکردنی عاجباتییەکانتان دەکردەوە لە پاڵ پەرلەمان و حکومەتەکەتان, چونکە ھەر رۆژەی داھێنانێکتان ھەیە, ئەگەر داھێنانەکانتان زانستی بوایە جوڕی گۆگڵ و ئەمازۆن و تێنست و عەلی باباتان دەدا, ئازیزانم لە ئاستی جیھانیدا ناوەندی تەمەنی خانەنشینی ٦٤,٣ساڵە, وە بەھۆی ترس لە ھەڵکشانی تەمەن و کەمبونەوەی ھێزی کار, کە رێژەی خانەنشینان ساڵ لە دوای ساڵ زۆرترە بێت لە ئاستی جیھانیدا, بۆیە شەڕ لەسەر بەرزکردنەوەی تەمەن لە شەقامەکانی جیھان گەرمە, راست بەرزی دەکاتەوە, چەپیش داکۆکی لەوەی ھەیە دەکات, نموونە ئوسترالیا ئێستا ٦٥,٥ ساڵە تەمەنی خانەنشینی لە ساڵی ٢٠٢٣ ەوە دەبێتە ٦٧ ساڵ, وەلێ عاجباتیەکەی کوردستان ھەموو پێکەوە داوای کەمردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەکەن, چەپ و راست و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات نییە, بیر لە ھاتنی رۆبۆت, بەرز بونەوەی ناوەندی تەمەن, کەبونەوەی گەنجان, شۆڕشی پیشەسازی چوار و زیرەکی دەستکردو شتی وا ناکەنەوە, گرنگ خانەنشینیەکەی خۆی بگاتە ٦ ملیۆن بە ئەندازەی ٨٠ جاری کەمئەندامێکی بەسزمان, ئیتر دنیا دەڕما بەسەر خەڵکدا لای ئەم نوێنەرە عەدالەتخوازو دڵسۆزانەی گەل مشکل نیست.

لە تورکیای دراوسێمان تەمەنی خانەنشینی لە کەرتی گشتی بۆ پیاو ٦٠ ساڵ و بۆ ژنیش ٥٨ ساڵە, لێ ئەوانەی ٢٥ ساڵ خزمەتی سەربازی دەکەن , کە تورکیا ھەموو کات پێیەکی لەناو ئاژاوەو شەڕدایە بۆیان ھەیە لە ٤٥ ساڵی خانەنشین بن, ئەویش دوای ٢٥ ساڵ مانەوە لە سوپا, لەوە دەرچێت کەمترین تەمەنی خانەنشینی لە ئەندەنوسیایە کە ٥٨ ساڵە, کوەیتیش دەیەوێت ئەوەی ٣٠ ساڵ زیاتر خزمەتی کردووە خانەنشینی بکات پێش تەمەنی ٥٥ ساڵی, رەنگ بێت پەرلەمانەکەی ئێمەش بەرەی شەڕ بێت, یان وا حیساب کرابێت, بۆیە بەسزمانانە لەبەر ختورەو ماندو بوون و تیشکی لیزەرو دوکەڵی فسفۆر بیکەنە ٤٠ ساڵ, لەوەتەی ھەیە کە تەنھا بوتڵە ئاوێک و تاکە پێڵاوێکی لێ وەشێنراوە, نەک سکود و ئاڕ پی جی و کیمیاوی و بایەلۆجی, رۆبۆتی جەنگاوەریش پێشیانی نەگرتووە, فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش گیزەی نایات بەبان سەریانا, ئەوا مێگەلە کۆپتەریش باوی نەماوە.

با ئەزموونەکانمان لە سۆماڵەوە نەبێت, کە سەرۆکەکەی لەو وڵاتە قات و قڕەدا مانگانە دەفتەرێک دۆلار دەخاتە تەنگەی باخەڵی, وەک دکتۆراکانمان زۆرینەی لە دارفۆرەوەیە, نموونە لە وڵاتێکی وەک کەنەدا وەرگرن, ئەو پەرلەمانتارەی خۆی کاندید ناکاتەوەو بڕە ھاوکارییەک دەکرێت تا کارێک دەدۆزێتەوە, نموونەی لە خولی رابردوو ١٨ کەسیان خۆیان کاندید نەکردەوە بۆ پەرلەمان, بە ھەموویانەوە ١٦١٨٨٥٠ دۆلاریان وەرگرت بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بژێنن تا کارێک دەدۆزنەوە, ئەوەشی کاندیدەو دەرناچێتەوە ھەمان بڕ وەردە گرێت, ئەوەی تەمەنی لە ٥٥ ساڵ کەمتر بێت و ٦ ساڵ کەمتر خزمەتی کردبێت لە پەرلەمان خانەنشین ناکرێت, خانەنشینیەکەشی لەسەر سندوقی خانەنشینییە, کە خۆی لە تەواوی تەمەنیدا بەخشیویەتی, نەوەک پارەی نەوت کە سامانی گشتی ھاووڵاتیانە نەک حیزب و سەرۆکۆکە و باجی خەڵک, کە ساڵانە لەماوەی پەرلەمانتاریدا ٧٨٩٠٠ دۆلاری خستۆتە ناو سندوقەکەوە, موچەکەشی ٧٨٠٠ دۆلارە مانگانە لەماوەی دەستبەکار بوونی لە پەرلەماندا, لە کوردستانیش موچەی پەرلەمانتار ٧٥٠٠ دۆلارە, داھاتی تاک لە کەنەدا ١٧ەمین وڵاتە لە جیھان و ٤٦٢١٢ دۆلارە لە ساڵێکدا, عێراقیش ٩٣ یەمینەو داھاتی تاک لە ساڵێک تیایدا ٥٧٣٨ دۆلارە, واتا یەک بە ٨ بۆ ٩ یە, بۆیە ھێزی کڕینی موچەی پەرلەمانتاری کوردستان چەندین جاری کەنەدایە ئەگەر ٨ بۆ ٩ جارەکە نەبێت, بۆیە ئێوە لە گەڵ وان ژیانتان ئەرزو ئاسمانە ھای لایڤ, بۆ ئاگاداریشتان ھەموو ھاووڵاتیەک پێش ئەوەی بگات بە پەرلەمان لە کەنەدا پێشتر بە درێژایی تەمەنی دوای خوێندن یان ھاوکات لە گەڵیدا کاری کردووەو باجی داوەو پارەی رشاندۆتە ناوو سندوقی خانەنشینیەوە, وەک منداڵی سەرکردەکانی ئێمە لە دایک بوونەوە لە ناوچەوانی پۆستیشی وەک تەمەن و قەزاو قەدەرەکانی بۆی نەنووسراوە, یان زۆری ئێوە لە جادەی قیریش لاتان نەدابوو, یان ئەوکات مەمە شوشە بە دەمتانەوە بوو, خانەنشینی ژەنەراڵانەی پێشمەرگە بوون, ھەرچی لە وڵاتی سویسرایە پەرلەمانتار لە کاری پێشوتری دانابڕێت, ئەمەش لایەنی نێگەتیف و پۆزەتیفی خۆی ھەیە, لە بابەتی تردا دێینە سەری لە داھاتوودا, لەبەر عەیبەش باسی ئیفادو پرادۆو حیمایەی زاواو خەزوەکانتان دەشارمەوە.

ھەرچی جیاوازی موچەی ئاسایی و پەرلەمانتاریشە, وەک بینیمان لە کوردستان ٨٠ جارە, لەگەڵ کەمەندامێک, بنەماڵەی شەھید و زیندانی سیاسی و قوربانی جینۆساید و پێشمەرگەی دێرین, کە دەتانەوێت زۆرینەی بڕن, لەبەردەم ناپاڵم و چەکی کیمیاوی بوونە, یان لە ناو زیندانەکانی بەعس بوونە, لە فیلیمیشدا نەتان بینیووە ١٧ جارەو وێڕای ئەوەی قوربانیشیان بەخشیووە, کە ئێٍستا لەبەردەم بەرھەمەکەی ئەوان خۆتان با دەدەن, کەچی لە بەرازیل کە نادادپەروەرترینە لە جیھان, جیاوازی موچەی پەرلەمانتار لە گەڵ ناوەندی موچە جیاوازییەکە ١٠,٦ جارە, روسیا ٥,٨جار, ئیتاڵیا ٥,٥ جار, تونس ٤,٥ جار, ژاپۆن ٣,٩ جار, ئامەریکای قەڵای سەرمایەداری و نایەکسانی ٣,١ جار, نەمسا ٣ جار, ئەڵمانیا ٢,٨ جار, بەریتانیا ٢,٦ جار, فەرەنسا ٢,٢ جار, پورتوگال ٢,١ جار, سویسرا ١,٢ جار, ئیسپانیا ١,١ جار, چاکسازی ئەگەر کلکی ئەم نا دادپەروەرییە نەکات , لە فێڵبازی زیاتر نییە.

ئایا دەزانن ئەوەی ئێوە داوای دەکەن ٣ جاری موچەی سەرۆکی چینە کە ساڵانە ٢٢ ھەزار دۆلار موچەیەتی, بە ئەندازەی ٥ مانگی جێگیرەکەیەتی کە موچەکەی ١٣٢٦٩ دۆلارە لە ساڵێکدا, بە ئەندازەی موچەی ساڵێکی سەرۆکی ئیریتریا و غینیا بیساوە, دوجار زیاترە لە موچەی سەرۆکی ئەندەنوسیا کە ٢٣٠ ملیۆن دانیشتوانێتی کە ٢٧٤٠٠ دۆلار موچەی ساڵانەیەتی, دوجاری سەرۆکی مەکسیکە کە ھەموو دەسەڵاتێکی ھەیە, تەنھا پایتەختەکەی ٤ جار زیاتری ھەموو ھەرێمەکەی ئێوەیە, ٦ جاری سەرۆکی مۆڵدۆڤیایە کە ساڵانە ٩٢٦٤ دۆلار وەردە گرێت, ٦ جاری سەرۆکی مەنگۆلیایە کە ساڵانە ١١٦٢٠ دۆلار موچەیەتی, دوجاری سەرۆکی مۆنتنیگرۆیە کە ساڵانە ٣٣٤٤٠دۆلار موچەیەتی, چوار جاری سەرۆکی نیپاڵە کە خاوەندی ئیڤەرێستە تەنھا ١٧٥٤٨ دۆلار ساڵانەیەتی و تونس ١٦٧٠٠ و ئۆزبەکستان ١٥٦٠٠, بەھەمان شێوە باکوری مەکەدۆنیا کە موچەی ١٧٢٥٠ دۆلار و سینیگال ١٥٢١٠ دۆلارو و سربیا ١٤٩٥٠و سیرالیۆن کە موچەی ١٢٢٢٠دۆلارە لە ساڵێکدا ٩ جاری سەرۆکی سریلانکا ٧٣٨٠ دۆلار و ڤێتنام ٨٣٢٠ دۆلارە و ٥ جاری موچەی سەرۆکی تاجیکستان ١٣٢٠٠ و ٦ جاری تورکمانستان ١٠٨٠٠و ئۆکرانیا ١١٦٠٠, دوجاری سودان ٢٩٣٢٠ دۆلارە, ناوی وڵاتی دی زۆرە, جارێ بۆ قەناعەت ھێنانی ئێوە ھێندەم لە بەردەست و لە بیرە, دەشزانم وەک ئەوە وایە گوێزی ھەورامانتان بۆ بژمێرم, ئەوەی خەونی پێوە دەبینن ھەر دەتانەوێت, فێڵ و تەڵەکەکان چەندە حەیابەریش بن .

لە کۆتادا وا مەزانن لە دورگەیەکین تەنھا چاوپێکەوتنەکانی شەوانی ئَوە دەبینین و دەبیستین, با ئەو دروشمە راست دەرنەچێت کە دەڵێت باوەڕ بە دوو کەس مەکەن, زاوا لە کاتی داخوازی , حیزبیش لە کاتی ھەڵبژاردن.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک