٦\٩\٢٠٢٣
چاڵە رەشەکەی چاند
"کلتوور".

جەمال کۆشش
(هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆیی ئەبێت پاساو بۆ نایەکسانیەکانی بهێنێتەوە،
پێویستە بەهانەی گرنگی بۆ پەیدا بکات دەنا تەواوی سیستەمی سیاسی و
کۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەی داڕماندا دەبێت. تۆماس بیکتی١).
یەک: داهێنانی تەلەسکۆبی جەیمس وێب و دۆزینەوەی (چاڵە ڕەشەکان)، فیزیای
نوێ ،خۆیی و فەلسەفە و ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی. گەردوناسی و
گالاکسیـیەکان، سەنگێکی بێوێنەی لە ژیانماندا پەیداکردەوە. دۆڵێکی
گەورە کوژانەوەی ملیاردەها ئەستێرەی تیا ڕاکشاوە، بەداخەوە هێزی
کێشکردنی موگناتیسی ئەم چاڵە هێندبەهێزە،دەرفەتی تیشکیشی بۆ خۆنواندن
داخستووە.
کلتوور، فەرهەنگی ناسینی نۆرم و جوانیـیەکان، دۆزینەوەیەکی وەها
قەرزدارە. ئافراندنی ئەو جوانیـیەی کە منداڵێک بە هەستەوەری ژیریانەی
خۆی لەگەڵ داستانە خەیاڵیەکاندا پەی پێدەباو و ڕەخنەگریشیەتی.( منداڵ
باشترین ڕەخنەگری ئەفسانەکانە- جۆرج لۆکاش٢).
دوو: کار (بەکاری هونەریشەوە)، لەنێو پرۆسەیەکی مێژویی ئاڵۆز و چڕدا،
هەمەڕەنگ و پڕ ئەزموون و تژی لە تێهەڵچونی کۆمەڵایەتی و سیحراوی و
قەدەر و کۆششدا، ڕەنجی تاک وکۆ، شارستانیەتی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوە.
بەرهەمهێناوەی خۆیی و کۆمەڵگا و پەیکەرە و ئامرازەکانی، پابەندیی
پەیوەندیـیەکی نێوخۆیی و دینامیکیەتی ماددی و فکریـیە و دەبێتە هۆی
دروستکردنی سیستەمێک بە پرۆسە و میکانیزمی تایبەتی خۆیەوە.
سێ: کار لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، کۆیلەداری،
دەرەبەگایەتی،سەرمایەداری، مانا و شیوەی بە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان
داوە. شێوازەکانی چەوسانەوەی کار،" کۆیلە، بێگاری، زێدەبایی" ماک و
هەوێنی ناکۆکیەکانی نێوان مرۆڤەکان بووە. کۆیلەکان ڕێژەی چەندی
دانشتوانیان پێکهێناوە، هێندە گرنگ نەبووە، بەوەی سەرچاوەی چەوسانەوەی
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و کۆکردنەوەو کەڵەکەی سامان و خاوەندارەتی تایبەتی
بووە. مرۆڤی ئازاد و پیشەوەرەکان هەبوون،ڕاووشکارو ڕشتەی جۆراوجۆری تر
هەبوون، دواترو لەقۆناخی دەرەبەگایەتیشدا، ئەوەی تەوەرەی کۆمەڵگای
دیاریکردووە، بەیارو ئاقارەکان وباران، (سروشت) نەبووە، بەڵکە شێوازی
چەوسانەوەی کار بووە لە نێو ئەو هەلومەرجە سیاسی وکۆمەڵایەتی
وکلتوورییەدا. ماف وپشکی خاوەندارەتی بەرهەمەکان، جا بەهۆی باج و
سەرانە و بێگارییەوە بێت، یان وەک لەشێوەی کاڵاو بەرهەمهێنانی زێدەبایی
و بەگەڕخستنەوەی لە پرۆسەی بەرهەم هێنان و گەشەسەندنی ئامێرەکانی
بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی کاردا، سەرچاوەی چەوسانەوەی
مرۆڤەکانە.
چوار: کار و بەرهەمهێنان لە سیستەمی کاپیتالیزمدا، لە نێو دژبەریی
دایە، کار و هێزەکانی بەرهەمهێنان لە لایەک و هەژموونی سەرمایە و
مۆنۆپۆلی مافی خاوەندارەتی بەرهەم لە لایەکی ترەوە، لە کێشمەکێشی
بەردەوام و لە پرسیار و وەڵام و ڕێگا و بیرکردنەوە، لەخەون و خولیا و
دونیابینی کۆمەڵگاکاندایە. ئەم پرۆسەیە وەک مارکس لە ئایدیۆلۆژی
ئەڵمانیدا بەدرێژی لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا دیالەکتیک بەمەتریالیستی
مێژووەوە گرێ دەدات، (بە هەمەلایەنە) هەروەها کاریگەری هۆشیاری و
فۆرمەکانی بەسەر ژیانی واقعی مرۆڤەوە لێکدەداتەوە.
پێنچ: "پرۆپریتاریزم" کە لە لایەن تۆماس بیکیتیەوە بەکارهێنرا بۆ ئەو
سیستەمە سیاسی و ئابوریـیەی کە جیاوازی سامان لە نیوان کۆمەڵگادا
گەورەتر دەکات و ئەو ئایدیۆلۆژیـیەی کەلەسەر مافی خاوەندارەتی سامان
ڕەوایەتی پێدەبەخشیت. پیرۆزی دەکات و دەیکاتە مافێکی سروشتی و
کۆمەڵایەتی و بەرگری لێدەکات. ئایدیۆلۆژی نایەکسانی کە بەدرێژایی مێژوو
لێکۆڵینەوەی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمی کاپیتالیزمدا و لەو ئایدیا
وبۆچوونانەی کە شۆرشی فەرەنسی لەگەڵ خۆیدا هێنایە نێو کۆمەڵگاکانەوە لە
کۆی خاوەندارەتیدا. لە پەیوەند بە هەڵوەشانەوەی مافی چەوسانەوەی
مرۆڤەکانەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە، چۆنیەتی چارەسەری نایەکسانیەکانی نێو
مرۆڤەکان ،ناتوانم هاوڕای بم.
شەش: لە نێو ئەم ڕەهەند و کێشمەکێشەدا، سیاسەت و کلتوور و فەلسەفە
پەیدا دەبن و هەڵدەقوڵێن. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەم دژبەرییە، بنچینەی
جوڵانەوە کرێکارییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەیە. لەدەرەوەی ئەم ڕەوت و
پرۆسەیەدا بیت، کێشەی نەتەوایەتی، کێشەی ژنان، مافە دیموکراتی و
ئازادییەکان، هتد ناتکاتە کاراکتەر و ئەندامی ئۆرگانی شۆڕش.
حەوت: شێوازەکانی خەبات وپەرەپێدان وفراوانکردنەوەی، تایبەتمەندی
نێوخۆیی وئاگایی نەنوسراوی خۆی هەیە.دونیابینی وئاسۆ وشێوازی تایبەتی
خۆی هەیە، گرنگترین دوو خاڵ بەشداریکردنی فراوانی خەڵک لە بەڕێوەبردنی
چارەنوسی خۆیدا، سوشیالیزەکردنی کلتووری خەبات و تێکۆشانەکانی.
دەستکۆتاکردنی خەڵک لە داڕشتنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی
خۆیدا، کوشندەترین خاڵی لاوازی جوڵانەوەکان بووە لەلایەک و تێکشکانی
شۆڕشە سۆشیالیستیەکانی سەدەی بیست بەهۆی قەتیسبوونی بۆچوونی سۆشیالیستی
لە نێو دەستەیەکی کەمی کرێکاران وهەلسوڕاوانی کرێکاریدا بووە.
هەشت: ترۆتسکی وتارێکی یەکجار گرنگی لە مانگی (٧)ی (١٩٢٣) دا نوسی،
بەناوی (مرۆڤ هەر بە سیاسەت ناژیت٣)، کە ڕەخنە بوو لەو وتارانەی کە
بەسەر شۆڕشدا دەوتران و ئیدی خەڵکەکەش لێی تێرببوون. دەنوسێت( ئێمە
پیویستمان بە کلتوورە لە کارماندا، کلتوورە لە ژیانماندا، کلتوورە لە
ژیانی ڕۆژانەماندا). وەک وتراوە، مرۆڤ تەنها بە کەوچک و چەنگاڵ ناژی.
نۆ: کار و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی، زمان و نەریت و بەها و خۆشەویستی،
ئاکار و ڕەوشت، لە پرۆسەیەکی مێژویدا، کلتوورەکان بەرهەمدەهێنن. لەنێو
ئەم کلتووردایە، لەنێو دینامیەتی یاسا و دۆزینەوەی ناوەوەی ئەم
یەکانگیرییەدایە، لەنێو بەرز و نزمی و ئاگایی کۆمەڵایەتی نەوەکاندایە
کە دەتوانین، بەمانای وشە کلتوورێکی پاک و مرۆیی و تەندروست و جوان و
ئارامبەخش و چێژبەخش بئافرێنین.
دە: خوڵقاندنی کلتوورێکی هاوبەشی مرۆیی، وزەیەکی نێوخۆیی و پۆتانسیالی
ئەوەی هەبێت، کە شەرعیەت لە مافی خاوەندارەتی و بەتایبەت چەوسانەوەی
مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە وەربگرێتەوە، داهێنانێکی وەک تەلەسکۆبی جەمیس
وێب دەخوازێت. پلاتفۆرمی کلتووری هێندەی ڕێگرە، چارەسەر نیە، چاو و
ژیری ئەو منداڵەیە کە هێشتا پەیوەندییەکانی سەرمایەی تیا ڕەنگی
نەداوەتەوە، یان بە مانایەک ئازادبووە و لەبەرهەمهێنانەوەی ئیستاتیکی
خۆیدا، تینی ئەو غەریزەیەی تیایە بۆ ژیان و فێربوون کە دەست بەرێ بۆ
ئاگر.
_____________________________________________
سەرچاوەکان:
١- کتێبی کاپیتال و ئایدیۆلۆژی. تۆماس بیکیتی، بەزمانی ئەڵمانی،چاپی
٢٠١٩.
٢- جۆرج لۆکاش، مارکسیزم، جوانیناسی، ئۆنتۆلۆگی، ئامادەکردنی
هەڵبژاردەیەک لەلایەن رودیگەر دانمان و ئەکسیل هۆنیت، چاپی (٢٠٢١)، بە
زمانی ئەڵمانی. جۆرج لۆکاش وتارێکی کورتی بەناوی (پەروەردەی هونەر لە
قوتابخانەکاندا) بۆ گۆڤارێکی تایبەتی بەپەروەردە نوسیوە.
٣.
www.wsws.org/de/articles/2005/12
ناوەڕستی ئابی ٢٠٢٣
ماڵپهڕی جهمال
کۆشش
|