٦\١٠\٢٠١٣
جارێکیتر دەنگی
شاخ.

جهمال حهلاق
وهرگێڕانی: جیهاد موحهمهد حهمهکهریم
ئایا پێویستمان بە هەڵچوون هەیە بۆ ئەوەی بنووسین، یان بۆ ئەوەی
قسەبکەین؟ یاخود وازبێنین تا هۆشیاریی بە پێیی ئەزموونی خۆی
ڕابەرایەتیی قسەکردن و وشەکان بکات؟
لە کاتێکدا، دەربارەی شێرکۆ دەمەوێت بدوێم، دەوەستم لە نێوان، نەخێر بۆ
هەڵچوون و، نەخێر بۆ ئەزموونی هۆش، قسەیەکم ناوێت بێئازارتر لە ونبوون،
ناشمەوێت لە ڕووداوەکەش باڵاتر بێت، شێرکۆ، باڵاترین گەشەی خۆییم پیشان
دەدات.
قسەکردن لەسەر شێرکۆ، قسەکردنە لەسەر شاخ، شاخی واقیعیی و شاخی سیمبوڵ،
شاخ وەک باوک و، شاخ وەک دەلاقەیەک بۆ ئازادی، ئەم دوو ئاستە لە
خوێندنەوە هەمیشە ئامادەبووە، چ لە هزری شێرکۆدا و چ لە دەقەکانیدا،
بەڵکو خودی خۆی پێبەرز راگرتوە بە گوزارشتێک وەک دەنگی شاخ. کەواتە بۆ
ئەوەی لە شێرکۆ نزیکبینەوە، پێویستە ماناکانی شاخ بزانین و بە ئاگابین
بۆی. بە دڵنیاییەوە، ڕێژەیی خوێندنەوەش ئەو مانا و نیشانانەی شاخ
دیاریدەکات، یان دەیسڕێتەوە.
شوناسی کورد بە شاخەوە گرێدراوە، ئەم شوناسە لە ١٩٢٤ەوە کە شانشینی
کوردستان رووخا وەک دامەزراوە بەرجەستەبوو.
زیاتر لە دوو نەوە یاخییبوون گرێدراوی کورد بوون، و شاخیش لە هزری
عەرەبدا وێنای خۆی دەچەسپاند، شاخ لە هزری کورد خۆیدا، ئەو دەلاقەیە
بوو کە خودی کوردی ڕزگاردەکرد لە دەست دەسەڵاتی دەوڵەت، شێرکۆ زۆر نزیک
و پەیوەستبوو بە مانای دووەمی شاخەوە (ڕزگاریی)و، مانا و نیشانەی
ئازادیی. ئێستاش دوای ئەوە کە دەوڵەت رووخا بە هێزی بەرەی
ئۆپۆزسوێنەکەی، دەڵێم، ئێستا شوناسی کورد ڕوون و ئاشکرایە لە ناو هزری
شەقامی عەرەبیدا. عەرەب، تەنیا ئێستا، لە مانا و نیشانەکانی ئەو
ئازادییە تێدەگات کە شاخ لە خۆیگرتبوو. کەواتە، شێرکۆ، شاخی
بەهادارکردبوو، بەڵام بەو مانا و نیشانانەی کە دەسەڵات لە خەڵکی
شاردبووەوە، لەبەر ئەوەی مانا و نیشانەکانی ئازادی بەهاداربوو لە لای
شێرکۆ، بۆیە شاخی وەک باوک سەیردەکرد، ئەمەی بە بوێرانە دەوت": باوکم
شاخە و دایکم تەمومژ" لەبەر ئەوەی شێرکۆ دەنگی شاخ بوو، لەبەرئەوەش کە
کورد لە نێو ئەو مانا و نیشانانەدا دەژیا کە دژ بە بڕوا و بیرکردنەوەی
عەرەب بوو بۆی، ئەمە ئەو دەلاقە گرنگە بوو کە ئەو جیاوازییە
کولتوورییانەی کە هەر یەک لە کورد و عەرەب تیایدا دەژیا دیاریی دەکرد،
دواجاریش تایبەتمەندێتی و جیاوازیی هەر یەکەیان لەویتردا دیاریی دەکرد.
خوێندنەوەی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس وایلێدەکردم کە هەستبەکەم من عەقڵێکی
تر دەخوێنمەوە، عەقڵێک کە بە تەواویی جیاوازبوو لە عەقڵی من، مەبەستم
ئەوەیە کە شیعرەکانی شێرکۆ مێژوو و سیمبۆڵە تایبەتەکانی کورد بوون،
بۆیە هەندێک جار پێویستم بە شرۆڤە و ڕاڤەکردنییان دەبوو، ڕەنگە ناوی
شوێنەکان و شارەکان، یان قوڵایی بیری شێرکۆ لە مێژوودا و هۆکاری
ئامادەیی ئەو قوڵییە لە دەقەکاندا، هەروەها ناوی خەڵکەکە بۆ من پێویستی
بە شرۆڤەکردن بوو. بەڵام کوردەکان لە خوێندنەوەی شیعری شێرکۆدا کێشەی
تێگەیشتنیان نەبوو، چونکە مێژووی شوێنەکان ئەو عەقڵە بوو کە لای
خەڵکەکەی نامۆ نەبوو، منیش وەک عەرەبێک، لە دەرەوەی ئەوە عەقڵە
کوردییەدا بووم، بۆیە هەستم بە نامۆیی دەکرد لە خوێندنەوەی دەقەکانی
شێرکۆدا، هەروەک چۆن کوردێک هەست بە نامۆیی دەکات لە خوێندنەوەی دەقێکی
عەرەبیدا. ئەمە ئەو سەردێرانەیە کە ڕەنگە قەڵەم ماوەیەکی بۆ تەرخان
کردبێت.
دەمەوێت بە شێرکۆ بڵێم: من داوای لێبووردن
دەکەم لە جیاتی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت داوای لێبووردن بکەن، کە
ئێمەیان بە لارێدا بردبوو، وایان تێگەیاندبووین کە ئێوە یاخیی بوون لە
ئێمە و لە یاسا، ئێوە یاخیی نەبوون، ئێوە ئازادبوون، دەیانویست
کۆتوبەندتان بکەن، ئێمە کۆتوبەند کراوبووین و خۆمان بە ئازاد دادەنا.
هاورێی خۆشەویست لێمان ببوورە.
______________________________
http://panoramanews.com.au/oldsite/index.php?option=com_content&view=article&id=3156:2013-09-18-21-24-26&catid=51:2010-12-22-09-03-16&Itemid=80
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|