٥\١٠\٢٠٢١
جارێکی تریش
دەوڵەتی دیموکراتیی،
لانکەی ئازادیی،
زەمینەی دادوەری کۆمەڵایەتیی، کەوتە لەرزە.

زاھیر باھیر
'کەیت وڵسن' ئەو کچەیە کە
ماوەیەکی زۆرە بۆ مافی مرۆبوون و ئازادیی سیاسیی، خۆی لەگەڵ چەند
ھاوڕێیەکیا لەم ڕۆژانەدا توانییان کەیسێک کە زیاتر لە دەیەیەکە پێوەی
خەریکە و دەستی دەستی پێدەکرێت و حسابی بۆ ناکرێت و دوادەخرێت لە
دیمەنێکی پڕ لەشەرمایەزاریی، لە دامەزراوەیەک کە پێیدەوترێت دادگا و
دادوەریی ، لە نێو کۆمەڵێکدا کە مەشوورە بە مەدەنی و ڕێکردنی ئازادیی ،
توانی کەیسەکەی بباتەوە، پۆلیسی بریتانیش پۆزشی تەواوی بۆ بھێنێتەوە و
قەرەبووی ئەم ھەموو ماوەیە و ئەم ئازار و سەریەشەشی بۆ بکرێتەوە.
'کەیت وڵسن' کچێکی چالاکی بواری ژینگە پارێزی و ژینگە دۆستی، کە لەگەڵ
ھەزاران کوڕان و کچانی گەنجی دیکەدا بووە کە چەندەھا گروپی بەرگری و
کەمپەینی گەورەیان بۆ پارێزگاری لە ژینگە، ھەر لە ھەشتاکانەوە و
دواتریش نەوەدەکان و ئێستاش، دروست کردوە و ئەم نەوە داوییەتە دەست ئەو
نەوە، بەردەوامبوون.
پۆلیس ھەر لە ساڵی ١٩٦٨ وە تاکو ئەم دواییەش نەک ھەر چاودێری گروپەکانی
وەکو بەرگری لە لە ژینگە و چەپ و نقابە و پارتی سۆشیالیست وەرکەر و
ئەنارکیستەکان و کەسانی سۆشیالیستی ئەکتیڤ، کردووە بەڵکو زیاتر لە ١٣٩
کەسیان لە ژن و لە پیاویان، بە ناو و شوناسنامەی ساختەوە چوونەتە یاخود
لە نزیکەوە چاودێری زیاد ١٢٠٠ گروپیان لەو گروپانەی سەرەوە کردووە .
ئەم پۆلیسە سیخوڕانە نەک ھەر بەشدارییان لەو گروپانەدا کردووە بەڵکو بۆ
باشتر چاودێرییان و نزیکبوونەوە لێیان چەندەھا پەیوەندی سێکسیشیان
لەگەڵ کچان و کوڕانی ئەو گروپانەدا پەیداکردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دا 'کەیت' کە لە یەکێک لەو گروپانەدا چالاک بووە، یەکێک
لەو پۆلیسانە بۆ نزیکەی دوو ساڵ پەیوەندی سێکسی لەگەڵیدا ھەبووە و
دواتر سیخوڕەکە لەبەرجاو ونبووە 'کەیت'-یش نەیزانیوە کە ئەوە سیخوڕ
بووە بەسەریانەوە تاکو ٢٠٠٨ کە کەشف بووە ، ئیتر لەو کاتەوە 'کەیت' لە
ھەوڵی بەدادگا گەیاندنی ئەم سیخوڕەدا بووە بە ھۆی بێ پارەیی و
نادارایییەوە نەیتوانیوە پارێزەری بۆ بگرێت ئیدی خۆی و برادەرەکانی
کەیسەکەیان سەروبەر گرتوەو گەیاندویانەتە دادگا.
ھەر 'کەیت' بە تەنھا نەبووە بەڵکو چەندەھا کچی دیکەش ئەم پەیوەندییەیان
ھەبووە ٣ کچیشیان منداڵیشیان لێیان ھەبووە و دواتر سیخورەکان بە
بیانویەک لە بیانوەکان خۆیان ونکردووە، یەکێک لەو منداڵانە کوڕێکە و
تەمەنی ٢٦ ساڵە.
ساڵی پار چەند دانیشتنێکی داداگا بۆ گەلێک لەو کەیسانە کرا کە
کەیسەکانیش بە گوێرەی ساڵەکانە و لە کۆتایی ھەفتانکانەوە دەستیپێکردووە،
کە لە لایەن دادگاوە لە وەختێکەوە بۆ وەختێکی دیکە بینراوە و دەبێنرێت
کە ھەندێکایان ماونەتەوە بۆ ئەمساڵ.
'کەیت' و ھاوڕێکانی نەک ھەر لە ڕوی سێکسییەوە بەکارھێنراون، بەڵکو
نھێنی شەخسی و ئازدیی خۆڕێکخستن و مافی مرۆڤیشیان لێزەوتکراوە بۆیە
دوای ھەوڵ کۆششێکی زۆر کە کەیسەکە چووە دادگا و ' کەیت' کەیسەکەی
بردەوە.
بردنەوەی کەیسەکە سەرکەوتنێکی دیکەی مرۆڤە بەرز و تێکۆشەرەکانە ،
کەشفبوونی تاوان و تاوانبارێتی پۆلیس و دامەزراوەکەیانە ، دەرکەوتنی
ئەرک و وەزیفەی راستەقینەی پۆلیسە لە کۆمەڵێکدا کە بەرگرییکردنە لە
دەوڵەت و ئەم سیستەمە و بەردەوامیپێدانی، کە ھیچ جۆرە ئازادییەکی سیاسی
تێدا نیە ئەوەندەی کە مەترسی لەسەر دەوڵەت و سیستەمەکە دروستبکات.
٢\١٠\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|