په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١١

چارەنووسی دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق بەرەو کوێ؟

    

نه‌جمه‌دین حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌ئه‌مین


دادگاى باڵاى تاوانەکان لەبەر رۆشنایی ده‌ستووری هەمیشەیی عێراق دامەزراوە بە مەبەستی لێپێچینەوە لەو تاوانانەى کە رژێمی بەعسی لەناوچوو لەسەردەمی دەسەڵاتیدا ئەنجامی داون بەرامبەر گەلانی عێراق، و بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراق لەساڵى 2005 یاساى ژمارە (10)ى دەرکرد کە تایبەتە بە دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق و ماددەکانی ئەو یاسایەش تێکڕا یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ناوەڕۆکی رێکەوتننامەى نێودەوڵەتی (رێگەگرتن لە تاوانی کۆکوژیی - الابادة الجماعیة - جینۆساید - و سزادانی ئەنجامدەرانی) کە لە ساڵى 1946 دارێژراوە و ساڵى 1951 چووەتە بواری جێبه‌جێکردنەوە.


لە راستیدا یاساى ژمارە (10) ودادگاى باڵاى تاوانەکان بەشێکی گرنگن لە باشترین یاسا و دەزگاکانی عێراقی نوێ وە بەدەستکەوتی مێژوویی گەلی عێراق ئەژمار دەکرێن کە بە هۆیانەوە متمانەى پێکەوە ژیان و بەردەوام بوون ودووبارە نەبوونەوەى تاوان بەرامبەر هیچ نەتەوە و کۆمەڵ و ئاین و مەزهەبێک زامن دەکات، و ئاشکراشە کە رژێمی سه‌دام لە سەرانسەری عێراق تاوانی دژە مرۆیی ئەنجام داوە ولەئاستی کوردستان ئەو تاوانانە چڕتر وکاریگەرتر دەرکەوتون لە رووی ماوە درێژی وفراوانی رووبەری تاوانەکان وزۆری قوربانیان وسەختی زەرەر وزیانە گیانی ومادیەکانیان، بەوهۆیەوە کەیسەکانی خەڵکی کوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەکان زۆرینەن وبەکەیسە سەرەکیەکان ئەژمار دەکرێن وەک کەیسەکانی (تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و دەوروبەری و تاوانی قەتل وعام کردنی کوردە فەیلیەکان و ئەنفالی بارزانیان و سەرکوتکردنی راپەڕین وکەیسی پاکتاوی نەژادی وبۆردومانی زێوە و رووخاندنی شارەکانی قەڵادزە و سه‌یدسادق و...هتد) وچەندین تاوانی کۆکوژیی و دژە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی تری جەنگ کە رژێمی بەعس بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی بە بەرنامە ئەنجامی داون... کەواتە بەردەوام بوونی ئەو دادگایە زامنە بۆ دیارکردن و ئەژمارکردنی هەموو ئەو تاوانە نێو دەوڵەتیانەى کە رژێمی عێراق ئەنجامی داون بەتایبەتی لە سنووری خاکی کوردستان و بڕیارەکانی دادگاش هۆکاری راستەوخۆ دەبن بۆ جارێکیتر دووبارە نەبوونەوەى ئەو تاوانانە لە سنووری عێراق و هۆشداریش دەداتە داگیرکەرانى کوردستان لە هەر جێیەک بن، ولەئەنجامی ئەو بڕیارانەشدا زیانلێکەوتوان لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە ئەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەوى پێویست بکرێنەوە.


نورى مالکى سەرەک وەزیرانى عێراقى فیدراڵ لە ژێر ناوی ئاشتبونەوەى نیشتیمانیدا فشاری گەورەى دروست کردووە بەرەو کۆتایی هێنان بە کارەکانی ئەو دادگایە کە هێشتا ئەو ئەرکانەى جێبه‌جێ نەکردوە کە لە پێناویدا دامەزراوە، بۆ نموونه‌ تەنها لە کوردستان زیاتر لە (4500) گوند بە کرداری رژێمی بەعسی لەناوچوو کاولکراوە وچەندین تاوانی کۆکوژی ودژە مرۆیی وەک تاوانی بەکۆمەڵ کوشتنی دانیشتوانی گوندی (صوریا)ى مەسیحی نشینی ئەنجام داوە کە گوندێکی سەربە قەزاى زاخۆیە و هەموو دانیشتوانەکەى ڕاونراونەتە ئەشکەوتێکی پشتی گوند و لەوێ هەموویان بەگەورە و بچوکەوە سوتێنراون و تاوانەکەش هێشتا نەخراوەتە قۆناغی دادگایی کردنەوە... کەواتە هەوڵى کۆتایی هێنان بە دادگاى باڵاى تاوانەکان هەوڵێکی سیاسیانەیە وهیچ پەیوەندی بە لایەنی یاساییەوە نییه‌ کە ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵ ئاماژەى بەوە کردوە، ئەو دادگایە کۆتایی پێ دێت دواى کۆتایی هاتنی هەموو ئەرکەکانی و ئەوکاتەش ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە یاسایەک کۆتایی پێ دێنێت.


لە باری ئێستادا مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق فشارەکانی بەرەو کۆتایی پێ هینانی ئەو دادگایە چڕ کردۆەتەوە و لە مانگی نیساندا داواى لەدەستەى باڵاى دادگا کردبوو کە خۆیان داواى کۆتایی هێنان بە کارەکانی دادگاکەیان بکەن، بەڵام سەرۆکی ئەو دادگایە لەو کاتەدا بەرێز دادوەر (ناظم فرمان العبودى) بوو کە بە ئاشکرا نارەزایی خۆى نیشان داو ئەو ناڕەزاییەشی لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن دەربڕى کە بە هۆیەوە بۆ رۆژی دواتر بە بڕیارێکی بەرێز مالکی لە سەرۆکایەتی دادگا لادرا وهەوڵى روشاندنى ناودەنگیشى درا ودواتر بەبڕیارێکى بەڕێز مالکى دادوەرێکی تری خرایە جێگەکەى کە بەپێى یاساکە دەبێت دەستەى تەمییزی لەو دادگایە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا سەرۆک هەڵبژێرن بۆ دادگا نەک بە دامەزراندن.


لە ئاستی کوردستانیش بە مەبەستی کار ئاسانی بۆ شکایەتکاران و شاهید حاڵەکان کە نەچنە بەغدا ولەسەر داواى وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوەکان دادگاى لێکۆڵینەوەى سەر بە دادگاى باڵاى تاوانەکان لە هەولێر کرایەوە، ئەویش بە بڕیارێکی ناکاوی سەرۆکی نوێى دادگاى ڕۆژی 352011 داخرا.


لە راستیدا ئێمەش لە لیژنەى بەدواداچوونی کەیسەکانی کوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەکانی عێراق لە ئەنجامی سەردانی بەردەواممان بۆ ئەو دادگایە وئاوێتە بونمان لەگەڵ بڕیار وبۆچون ولایەنەکانی فشار، واى بۆ دەچین کە هەوڵەکانی داخستنی یەکجارەکی دادگاکە چڕ وپڕ تر بووە وپێ دەچێت بەڕێز مالکی لەلایەک لایەنى سوننەى پێ رازی بکات کە ئەوان زۆر دژی مانەوەى ئەو دادگایەن وپێ یان وایە بە هۆیەوە کەسایەتیەکانی ئەوان دادگایی دەکرێن ولایەکی ترەوە رەنگە حکومەتەکەى بەڕێز مالکی مەترسی ئەو هەموو قەرەبووە مادییەیان هەبێت کە لە ئەنجامی بڕیارەکانی دادگاوە بەهۆى سەختی ئاسەواری ماددی تاوانەکانی رژێمى بەعسەوە ئەکەوێتە سەر بودجەى ساڵانی داهاتووی حکومەت وئەیانەوێت چی تر ئەو دادپەروەریە بەردەوام نەبێت.


هەرچەندە لە سەرەتای مانگی ئایار سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەندی لەسەر داواى بەڕێز مالکی بڕیاری داوە کە کۆتایی بە کارەکانی دادگاى باڵاى تاوانەکان بێنێت، بەڵام بەپێى ئەو بڕیارە ئەبێت ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە یاسایەک ئامادە بکات بۆ بەردەم پەرلەمانی عێراق ودواتر لە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوەى لەسەر بدرێت، کە پێ دەچێت بە پێى بێ دەنگی زۆربەى لایەنەکان لە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراقیش ئەو کۆتایی هێنانە بە دادگا ببێتە بڕیار بەڵام یاسای ژمارە (10)ى ساڵى 2005 ئەو ماددانەى کە تایبەتن بە دیاری کردنی تاوانەکانی کۆکوژی و دژە مرۆڤایەتی وتاوانەکانی جەنگ بهێڵرێنەوە ودادگاکانی تری عێراق بە پێى تایبەتمەندی شوێنی روودانی تاوانەکان راسپێردرێن کە لەکاتی هەبوونی داواى یاسایی دا دادبینیان تیادا ئەنجام بدەن.


من پێم وایە داخستنی ئەو دادگایە لەم کاتەدا زیانی گەورە بە جێبه‌جێکردنی یاسا و بەرژەوەندیە یاساییەکانی گەلانی عێراق بەگشتی و گەلانى کوردستان بەتایبەتی دەگەیەنێت، هەوڵەکانی داخستنی دادگا ورێز نەگرتن لە وەسیەتە ده‌ستووریەکە وەک خۆى جارێکی تر مەترسی دروست بوونەوە دەبێت بۆ ئەگەری هەرەشەى تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتودا، بەتایببەتی دواى نواندنی خەمساردیەکی زۆر لە کارەکانی دادگادا بۆ ئەوەى فریاى هەموو ئەرکەکانی نەکەوێت، بۆ نموونه‌ کەیسی ئەنفالکردنی کوردە بارزنییه‌کان زیاتر لە (5) ساڵى خایاند و هێشتا بە تەواوی لە دادگا یەکلا نەکراوەتەوە، هەرچەندە ئەو خەمساردییه‌ هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە و بە ئاشکرا لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر تاوانباران نزار خەزرەجی و وەفیق سامه‌رائی و فرۆکەوان تاریق رەمەزان و دەستگیرنەکردنی تاوانبارانی ئەنفال لە جاش و موستەشارەکاندا رەنگی داوەتەوە لە کاتێکدا کە دادگاى باڵاى تاوانەکان بڕیاری دەستگیر کردنی (258) تاوانباری ناردۆتە لاى سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم بە شێوەى فەرمی و زۆرینەشیان لە کوردستان نیشتەجێن و چەندینیشیان پلە و پایەى بەرزیان لە ناو حکومەت و حیزبەکاندا پێ دراوە.


پێ دەچێت چالاکی وسودەکانی دادگاى باڵاى تاوانەکان بۆ گەلی کورد و کۆتایی هێنان بە نەهامەتیەکانی ده‌رفه‌تێکی مێژوویی دەگمەن بێت کە زۆر ئاسان نییه‌ دووبارە کردنەوەى، واتە پاراساتن وداکۆکی لێ کردن وهەوڵى مانەوەى دادگا لەپێش هەموان ئەرکی مێژوویی ونەتەوەیی ومرۆڤایەتی ورەوشتی سەرۆکایەتی هەرێم وحکومەت وپەرلەمان و حیزب و رێکخراو و هەموو تاکەکانی گەلی کوردستانە و جێی خۆیەتی هەرچی دەکرێت لە ناوەوە ودەرەوە لەو پێناوەدا بیکەین، و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە لە کاتی بونی ئەو دادگایە وئامادەیی سوپاى ئەمریکا لە عێراقدا دەسەڵاتی ناوەندی چەندی پێ دەکرێت لە سنووری ناوچە دابڕاوەکان ئاژاوە وگێچەڵى هەمەجۆرمان بۆ دروست دەکات و بەهەمان هەناسەى بەعسیەکان مامەڵە لەگەڵ مادەى (140)ى ده‌ستوور دەکات کە ئەوەش نیشانەى ئەوەیە بە بڕواى ئەو دەسەڵاتەى لە ناوەندە تەنها سه‌دام و رژێمەکەى رووخاوە بەڵام سیاسەتی دیکتاتۆری و تاکڕەوی و بڕوانەبوون بە دیموکراتیەت و مل نەدان بۆ ده‌ستوور و یاسا هێشتا مەترسی گەورەن و ناکرێ بە خەمساردیی و پەیمان وەرگرتن لە خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، دادگاى باڵاى تاوانەکان پشتیوانە بۆ دووبارە نەبوونەوەى تاوانەکان لەسەر گەلانى کوردستان، زامنە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیان لێکەوتوانی دەست تاوانەکانی رژێمی بەعسی رووخاو.

 


یاسایی/ نه‌جمه‌دین حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌ئه‌مین
بڕیاردەری کەیسەکانی کوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق
 9\5\2011 - هەولێر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک