٢٢\١\٢٠١٢
چارەنووسی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی نادیاردا؟!

ستار محەمەد قادر
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و داگیرکردنی بە فەرمی لەلایەن وڵاتە
یەکگرتووەکانەوە، بەرپرسە ئەمریکیەکان زیاد لە بۆنەیەک ئەوەیان دووپات
دەکردەوە، ئەوان پا پەند دەبن بە عێراقێک بە قسەی ئەوان: دیمۆکرات و
فیدراڵ بێت، ئێمەی کوردیش هیچ رەخنەو سەرنجێکمان نەبووە لەسەر ئەو
داواو داواکاریەی ئەوان، بەڵام وەکو دەبینین لە گەڵ کشانەوەی هێزەکانی
ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە کێشەکان سەریانهەڵدایەوەو ئەمجارەیان مەترسی
شەڕێکی خوێناوی مەزهەبی لێدەکرێت، ئەوەی بۆ ئێمە وەکو کورد گرنگە لەم
ساتە وەختەدا تیشک بخەینە سەری، ئەویش ئەوەیە ئەگەر پێویست بکات، نابێت
بهێڵین ئەمریکا هەمان هەڵەی وینستن چێرچڵی وەزیری ئەنجومەنی وەزیران و
بەرپرسی فایلی رۆژهەڵاتی ناوینی ئەوسای حکومەتی بەریتانیا دووبارە
بکاتەوە، لەبەر ئەوە وەکو دەبینین دوای ئەو دابەشکردنەی خاکی کوردستان
ئەم ناوچەیە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی کەوتە ناو گێژاوێکەوە، دەرچوون
لێی پێویستی بەوە بوو راوێژ بە کورد بکرێت، چونکە ناکرێت دوای ئەوەندە
ساڵ لە یاخی بوون و بەرخۆدان و قووربانیدان، جارێکی دیکە عێراقیبوون
ببێت بەو جامە ژەهرەی ماف و خواستی کوردی پێتیرۆر بکرێت؟!
پڕ ئاشکرایە ئەمڕۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەر گۆڕەپانی سیاسی
عێراق بووە بە رۆژەڤ و راو سەرنجی جۆراو جۆر لەبارەیەوە دەگووترێت،
هێندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەمریکا لە پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردنی
عێراقدا سەرکەوت و نەبووەو لە نیوەی رێگادا عێراقیەکانی لە نێو بۆتەی
قەیرانێکی ئاڵۆزو تەمو مژاویدا بەجێهێشت، هەر وەکو دەشبینین بەر لە
وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ناکۆکیە سیاسیەکان چۆن بە شێوەیەکی
زەق دەردەکەون و ئەوە بۆ هەموو جیهان دەسەلمێنن، عێراقێکی یەکگرتوو بەم
حەزە شێتەی باڵا دەستی هێزەوە، جگە لە قەیران و کارەسات، ناکرێت
چاوەڕوانی هیچ شتێکی دیکەی لێبکرێت!
ئەگەر بمانەوێت لە ئێستادا دوور لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ئەو ململانێ
نا تەندرووستەی نێوان کتلەی سونەو شیعە کە هەریەکەیان هەڵگری زیاد لە
ئەجێندایەکن بۆ ئایندەی عێراق، قسە لەسەر ئێش و ئازارو خەونەکانی خۆمان
وەکو کورد بکەین، دەبینین پرسی کورد، پرسی نیشتیمانێکی داگیر کراو و
دابەشکراو و ئاڵۆزو فرە رەهەندە، چونکە لە رابردوودا پرۆسەی داگیرکردن
و دابەشکردنی خاکی کوردستان لە بەهێز بوونی وڵاتێکەوە سەرچاوەی
نەگرتووە، بەڵکو ئەوە هاوکێشە سیاسیەکان و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز
بووە لەو سەردەمەدا وای خواستووە، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ ئێمەی کورد باش ئەو
راستیە بزانین، مانەوەمان لە چوار چێوەی عێراقێکدا کە ئەمە حاڵی بێت،
بە مانای مانەوەمان دێت لە بۆتەی هاوکێشە کۆنەکاندا، کەواتا ئەوە ئێمەی
کوردین ناتوانین تەکەیوف لە گەڵ ئەو رەوشە نوێیەی جیهاندا بکەین و سوود
لەو گۆڕانکاریە ریشەییانە ببینین کە بەسەر هاوکێشە سیاسیەکاندا هاتووەو
بە دووریشی نەزانین ببێت بە هۆکاری گۆڕینی نەخشەی جوگرافی لەم
ناوچەیەدا!
پرسی دەوڵەتی کوردی، پرسێکە کاتی هاتووە نەک تەنها قسەی لەسەر بکەین،
بەڵکو وەکو بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و مێژوویی پێویستە سەرکردایەتی
سیاسی کوردستان و هەموو هێزە سیاسیەکان و رۆشنبیران کاری بۆ بکەن،
چونکە ئەگەر ئەو پرسە مافێکی شەرعی کورد بێت، دەبێت سڵکردنەوە لە
ئیعلانکردنی چی شتێک نا شەرعی تێدا بێت؟!
بە داوای لێبووردنەوە کاتێک زۆرینەی چاودێران تیشک دەخەنە سەر ئەو
ناکۆکی و تەنگژەیەی وا ئاسمانی ئەم وڵاتەی داپۆشیوە، من پێم باشە بێین
بیر لە ئەڵتەڕناتیڤی عێراق بکەینەوە، بیر لەوە بکەینەوە چۆن و بە کام
میکانیزم دەتوانین خۆمان لە دەست ئەو ناوە رزگار بکەین کە جگە لە
ئەزموونێکی فاشیل، ناتوانین یەک ئاماژەی باش بۆ مانەوەمان لە چوار
چێوەیدا دەستنیشان بکەین، راستە عێراقی ئەمڕۆ جیاوازی بەرچاوی هەیە لە
گەڵ عێراقی بەعسدا، بەڵام ناشکرێت شەڕی هەزارو ئەوەندە ساڵەی سوونەو
شیعەیش نا دیدە بگرین، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خۆمان بەم وڵاتەوە ماندوو
نەکەین پێویستە رۆژێک زووتر چاو لە باشووری سودان بکەین، چونکە لە جیا
بوونەوەی باشووری سودان و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا رزگار بوونی
گەلێک دەبینین لە زوڵم و ستەمی سەددەیەکی وەستاو و ئەوەشی
لێدەخوێنینەوە کە هەلێکی زێڕین بۆ ئەو گەلانەش رەخساوە وا لەسەر نەخشەی
جیهانی سیاسی لە رابردوودا پەراوێز خرا بوون. بەهاری عەرەبی، بەهاری
کۆتایی رژێمە دیکتاتۆرەکانەو دەبێت کۆتایی هاوکێشەی سیاسی و نەخشەی
جوگرافییش بێت لەم ناوچەیەدا، بۆیە لە سۆنگەی ئەو گۆڕانکارییە
ریشەییەوە بۆمان هەیە ئێمەیش وەکو گەلێکی ستەملێکراو لە ویژدانی
مرۆڤایەتی بدەین و لە دەلاقەی مێژووی نوێی جیهان و هاوکێشە نێو
دەوڵەتیەکانەوە بە مافە شەرعی و سرووشتیەکانمان بگەین، چونکە ناکرێت
لەم بەهارەدا تاکە گوڵێک نەدەین لە یەخەی 193 وڵاتەکەی گۆی ئەم
هەسارەیەو بۆ جارێکی تر بە دەستی خۆمان چارەنووسمان رادەستی ئایندەیەکی
نا دیار بکەین!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|