١٧\٥\٢٠١٥
چارەسەری قەیران و
قەیرانی چارەسەر.

سەباح تاھیر
بە تەنیا ھەرێمی کوردستان نا بەڵکو عێراق بەگشتی و ناوچەکەش بگرە
تەواوی وڵاتانی جیھان، ئەم قەیرانی ئابوورییە بەرۆکی گرتوون دەناڵێنێت
بەھۆی ناجێگیری بازاڕ و دابەزینی نرخی نەوت؛ کەم و زۆر کاریگەری لەسەر
وڵاتان جێھێشتوە.
ھەروەک چۆن شەڕی تیرۆر و داعش بۆتە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی،
بەڵام بەھۆی بوونی ھەرێمی کوردستان لە ھێلی یەکەمی روبەڕووبوونەوەی ئەم
جەنگە کاریگەری راستەوخۆی ھەبووە لەسەر سەرجەم کایەکانی ھەرێم.
راستیەکەی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی ھەرئەوانە نین، بەڵکو چەندین
قەیرانیتر بەرەو رووی بۆتەوەو، کێشەکەش لەوەدایە چارەسەری قەیرانەکە
یان ھیچ نەبێت ھێشتا زۆر دوورین لە رێڕەوی چارەسەری قەیرانەکان، کە
دەتوانین ئەو دۆخەی ھەرێم تێیکەوتوە نێوی ببەین بە قەیرانی چارەسەر.
ئەگەر ئەو گریمانە راست بێت بەشێکی قەیرانەکان، ھەرێمی و نێودەوڵەتی
بن و چارەسەرەکانیش پێویست بە کاری نێودەوڵەتی و ھەرێمیی بن. ئەوا
بەشێکی گرنگ و کاریگەری ئەو قەیرانانەی بەرۆکی گرتووین، نێوخۆیین و
پێویستی بەچارەسەرە و کە لە کۆتایی دا کاریگەری لەسەر کۆی چارەسەر بۆ
تەواوی قەیرانەکان دەبێت.
قەیرانە نێوخۆییەکان یان راستر کاریگەرترینیان پرسی گەندەڵی، دەستور،
سەرۆکایەتی ھەرێم، و کێشەی نێوخودی حیزبەکان کە باڵی کێشاوەتە سەرکۆی
قەیرانەکان.
گومانی تێدا نییە ئەم قەیرانە نێوخۆییانە بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە
ئیرادەیەکی یەکگرتوو نەبێت، بۆ وەستانەوە بەڕووی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی
ھەرێمی گرتوە و یاخود بەرەو رووی دەبنەوە. و بە هۆی نەبوونی
دامەزراوەیی ھێندەی تر ئەرکەکە قوڕستر بووە؛
بۆیە دەکرێت بڵێین ئەوەی ئێستا باشووری کوردستان، لە ھەمبەری
دەستەوەستان وەستاوە، دیاردەی قەیرانی چارەسەرە، نەک رێڕەوی چارەسەری
قەیران.
ماڵپهڕی
سەباح تاهیر
|