چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له روانگه‌ی رژێمی تورکیاوه!
سیروان کاوسی
پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریی عوسمانی و، دامه‌زرانی رژێمی نوێی تورکیا له‌سالی 1923 و لکاندنی به‌شێکی گه‌وره‌ی نیشتمانه‌که‌مان له‌لایه‌ن زلهێزه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه به‌نه‌خشه‌ی جۆگرافیای تورکیاوه، رژێمی که‌مال ئه‌تاتورک به‌مه‌به‌ستی به‌هێزکردن و پته‌وکردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کوردستاندا، پلانی تواندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زیی کورد و سڕینه‌وه‌ی نێوی کوردستانی داڕشت. ئه‌تاتورک و داروده‌سته ره‌گه‌زپه‌رسته‌که‌ی، وه‌رامی داخوازی و دۆستێنی و هاوپه‌یمانێتیی کوردیان به گولله و بارووت دایه‌وه. له ئه‌نجامی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و راپه‌ڕینه‌کانی کورد به‌سه‌رۆکایه‌تیی شێخ سه‌عیدی پیران و ئیحسان نووری پاشا و سه‌ید ره‌زای ده‌رسیم دا، که له‌ساڵی 1925 هه‌تاکو ساڵی 1938 درێژه‌یان کێشا، پتر له ملیۆن ونیوێک کورد قه‌ڵاچۆکران و، به سه‌تان هه‌زاری کورد دیکه‌ش بۆ شار و مه‌ڵبه‌نده تورکنشینه‌کان راگوێزران.
ئایدۆلۆژیی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ''یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک خاک و یه‌ک نیشتمان و یه‌ک ئاڵا'' بوو به سیاسه‌تی فه‌رمی و، له هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌دا پێڕه‌وکرا. زمان و فه‌رهه‌نگ و داوونه‌رێتی کوردان رێبه‌ندکرا. له‌ساڵانی شه‌سته‌کان وهه‌فتا‌کانی سه‌ده‌ی رابوردوو، له‌ئه‌نجامی خه‌باتی دژوار و نهێنیی رۆناکبیران و نیشتمانپه‌روه‌رانی کورده‌وه، به هه‌زاران کورد گیران و، به‌ره‌وڕووی زیندان و شکه‌نجه و تێرۆر و سێداره هاتن.
ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداریی پێ کێ کێ له‌ساڵی 1984ی زاینیی، شکاندنی ترس وشه‌وه‌زه‌نگی گورگه‌بۆره‌کان بوو. وه‌رامێکی به‌جێبوو بۆ سیاسه‌تی نکولیکردنی کورد. چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک له شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانێی چه‌کداری و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له‌دژی رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی تورکیا تێپه‌ڕ بووه. له‌و ماوه‌یه‌دا، کاربه‌ده‌ستانی تورکیا و له‌سه‌روویانه‌وه ژنه‌ڕاڵه‌کانی سوپای تورک، پاش به‌کارهێنانی هه‌موو فرتوفێڵ و پیلانێکی سیاسی و ده‌یان هێرشی گه‌وره و بچووکی سه‌بازی و سووتاندنی مه‌زرا و کێڵگه و وێرانکردنی هه‌زاران گوندی کوردستان، نه‌ته‌نێ نه‌یانتوانی بزاڤی رزگاریخوازیی باکووری نیشتمانه‌که‌مان وه‌ک رابوردوو سه‌رکوت بکه‌ن، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی مانگ و ساڵه‌کان، به‌ربه‌ره‌کانێی به‌رینی جه‌ماوه‌ریی سنووره‌کانی کوردستانی تێپه‌ڕاندووه و، ئۆروپا و وڵاتانی دیکه‌ی جیهانیشی گرتووه‌ته‌وه و، نێوه‌رۆکی گه‌نده‌ڵ و نامرۆڤانه‌ی سیسته‌می سیاسیی تورکیای بۆ جیهان ئاشکرا کردووه.
ئه‌وڕۆکه، رژێمی تورک به‌ره‌وڕووی چه‌ندین کێشه‌ی گه‌وره بووه‌ته‌وه و، کۆی ئه‌م کێشانه، بارودۆخی سیاسیی تورکیای تووشی ئاڵۆزی و قه‌یرانی گه‌وره کردووه. تورکیا پاش هه‌ره‌سهێنانی یه‌کێتیی سۆڤێت، بۆ رۆژاڤا گرنگیی خۆی له‌ده‌ستداوه، چه‌ندین وڵاتی نوێ له قه‌فقاز و باڵکان بوونه‌ته هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و ئه‌ندام له ناتۆ که له‌پێشدا له‌نێو بلۆکی رۆژهه‌ڵاتدا بوون، له‌به‌ر ئه‌وه له‌لایه‌ن رۆژاڤا – به‌تایبه‌تیی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه وه‌ک رابوردوو پشتیوانیی دارایی ناکرێ لێی. گوشاری یه‌کێتیی ئۆروپا سه‌باره‌ت رێزگرتن له مافی مرۆڤ و چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد، سه‌رئێشه‌ی به‌رده‌وامی کاربه‌ده‌ستانی تورکیایه. شه‌ڕی 25 ساڵه‌ی بێئه‌نجامی سوپای تورک له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی پێ کێ کێ و، سه‌رنه‌که‌وتنی سوپای تورک له به‌رامبه‌ر شه‌ڕڤانانی پێ کێ کێ، له‌لایه‌ک زیانی گه‌وره‌ی به ئابووری وبووجه‌ی لاوازی تورکیا گه‌یاندووه، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ و به‌رخۆدانی گریلای پێ کێ کێ له‌ره‌وتی خۆیدا بووه‌ته هۆی گه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌رزبوونه‌وه‌ی وره‌ی جه‌ماوه‌ری کورد و، شکاندنی ترس و سام و هه‌یبه‌تی سوپای تورک که به ئازایه‌تی و دلێریی نێوی رۆیبوو. جۆشدانی خه‌باتی شاخ و شار له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد له باکوور و، خستنه‌ڕێی چالاکیی رۆشنبیری و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی به‌ڕێگه‌ی سازکردنی حیزبێکی وه‌ک DTP (پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتی)، که لێهاتووی و شاره‌زاییه‌کی باشی له بواری رامیاری و دیپلۆماسی و رێکخستندا له‌خۆی پێشانداوه، به‌شێکن له‌و کێشه گرنگانه‌ی تورکیای تووشی قه‌یران کردووه. ئه‌م بارودۆخه ئاڵۆزه، کاربه‌ده‌ستانی تورکیای هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و بیره‌وه که به‌ڕێگه‌ی سیاسی و، به کردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی به‌نێو وتووێژ، تێ‌بکۆشن بۆ تێکدانی یه‌کێتیی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد و، تێکشکاندنی خه‌ون و ئاواتی له‌مێژینه‌ی بۆ گه‌یشتن به ئازادیی واته، ئه‌گه‌ر پتر له هه‌شتاساڵ به جێنۆسایدکردن نه‌یتوانی کورد له‌نێو ببا، ئێستا ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی سیاسییه‌وه درێژه به ئامانج وسیاسه‌تی داگیرکاریی بدات.
نه‌ته‌وه‌ی کورد، گه‌لێک بیره‌وه‌ریی له وتووێژ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا هه‌یه. وتووێژی نێوان رژێمی به‌عسی عێراق له‌ساڵی 1970 له گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌تیی شۆرشی ئه‌یلوول، هه‌روه‌ها وتووێژی نێوان کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی نوێنه‌رێتیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ساڵی 1979، دوو نموونه‌ی زه‌ق و دیارن که ئه‌و دوو رژێمه داگیرکه‌ره پێشانیاندا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییان له‌خستنه‌ڕێی شانۆگه‌ریی وتووێژ له‌گه‌ڵ کورد، ده‌ستخستنی کات و ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی سیاسی و له‌شکریی له‌بارتر بوو بۆ لاوازکردنی یه‌کێتیی کورد و، شکاندنی هێزوتوانای پێشمه‌رگه. له‌هه‌ر دوو ئه‌و دانووستانانه‌شدا کاربه‌ده‌ستانی رژێمی تورکیا، سه‌ردانی تاران و به‌غدایان کردبوو، بێزاری و ترس و دڵه‌ڕاوکه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به وتووێژ له‌گه‌ڵ کورد به‌ئاگاداریی کاربه‌ده‌ستانی عێراق و ئێران گه‌یاندبوو. به‌دڵنیاییه‌وه ئێستاش له‌بیروباوه‌ڕی دژ به کوردی ئه‌م رژێمه هیچ نه‌گۆڕاوه و، مه‌به‌ست و ئامانجی تورکیا ته‌نیا و ته‌نیا پیلانگێڕی و تێکدانی یه‌کێتیی نێوان کوردانه.
پێوسیته سه‌رۆکایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی باکووری کوردستان، به هۆشیارییه‌وه ئه‌م قۆناخه گرنگ و مێژووییه‌ی خه‌بات و پشتیوانیی بێوێنه‌ی جه‌ماوه‌ریی گه‌له‌که‌مان هه‌ڵسه‌نگێنێت. له‌پێش هه‌ر شتێکدا، پێویسته به پلان و داخوازیی دیاریکراوه‌وه له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تورکیا کۆببێته‌وه. داوا له رژێمی تورکیا بکرێت، پاش ئه‌و هه‌مووه کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کوردی‌دا هێناوه، بۆ پێشاندانی نیازپاکیی خۆی، داوای لێبوردن له‌گه‌لی کورد بکا و، وه‌ک یه‌که‌م هه‌نگاوی کرده‌ییش، په‌رله‌مانی تورکیا گۆڕانکاری له ئاسای بنچینه‌یی وڵات (زاگۆن) دا په‌سندبکات. له زاگۆنی وڵات، به‌ڕه‌سمیی بنووسرێت، تورکیا له دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک پێکهاتووه و، ده‌بێت له‌هه‌موو بواره‌کاندا خاوه‌نی مافی یه‌کسان بن. رێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و هه‌موو گیراوانی سیاسیی ئازاد بکرێن. پاشان هه‌ر دیدار و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تورکیادا ئه‌نجامده‌درێت، پێویسته بۆ رێگرتن له پیلانگێڕیی تورکیا، نوێنه‌ری کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و، شاندێکی هه‌ڵبژارده‌ی په‌رله‌مانی ئۆروپا وه‌ک چاو‌دێر به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کان بن. کۆبوونه‌وه‌کان ده‌بێ به ئاشکرا بن و، نه‌ته‌وه‌ی کورد له نێوه‌رۆک و ئه‌نجامی هه‌موو لێدوانه‌کان ئاگادار بکرێنه‌وه.
له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا، هه‌ڵگرتنی هه‌ر هه‌نگاوێکی به‌جێ و ژیرانه، سه‌رکه‌وتنی هه‌نگاوه‌کانی دواتر ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. چاره‌نووسی تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانیدا، به سه‌رکه‌وتنی گه‌لی کورد له باکووره‌وه گرێدراوه. باکووری کوردستان گه‌وره‌ترین به‌شی نیشتمانه له‌ڕووی خاک و حه‌شیمه‌ته‌وه. رژێمی تورکیاش سه‌رقافڵه و پێشڕه‌وی دڕنده‌یه‌تی و دژایه‌تیکردنی کورد و، کێشه ره‌واکه‌یه‌تی. سه‌رکه‌وتن به سه‌ر تورکیادا، ده‌بێته رێخۆشکه‌ر بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داگیرکه‌رانی دیکتاتۆر و کۆنه‌پارێزی وه‌ک عێراق و ئێران و سووریادا.
بێگومان، رژێمی تورکیا و گه‌لی تورک که سه‌دان ساڵه به‌بیری ره‌گه‌زپه‌رستی و قڕکردنی گه‌لانی دیکه په‌روه‌رده‌کراون، هیچ کاتێک ئاماده‌نابێت دان به مافه‌کانی کورددا بنێت. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رۆکایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی باکووری کوردستان به‌گشتی و، پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتی (DTP) به‌تایبه‌تیی، پێویسته پشتیگیریکردنی یه‌کێتیی ئۆروپا و وڵاتانی دێمۆکرات، بخه‌نه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه. ملنه‌دان به مافه‌کانی کورد و پێداگرتنی رژێمی تورکیا له‌سه‌ر پاراستنی پرنسیپه‌کانی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی، بکرێته هه‌وێن و زه‌وینه‌خۆشکه‌ری راکێشانی پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی له کورد و، داوای ئه‌نجامدانی راپرسییه‌کی گشتی و ئازاد بکرێت له باکووری کوردستان به چاودێریی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتیی ئۆروپا و وڵاتانی دێمۆکرات. چۆنکه هه‌تاکو کێشه‌ی کورد، نه‌کرێت به کێشه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی، کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی، کێشه‌ی کورد به کێشه‌ی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتانه ته‌ماشا ده‌کات که کوردستان له‌نێویاندا دابه‌شکراوه. هه‌ر ئه‌وه‌شه که رژێمه‌کانی داگیرکه‌ری کوردستان له‌کاتی په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌کانی کوردستاندا هه‌وڵده‌ده‌ن وتووێژ و دیداره‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد، به‌نهێنی بێ و، جگه له خۆیان چ که‌س و لایه‌نێکی ده‌ره‌کیی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کان نه‌بێت، ئاکامی ئه‌م چه‌شنه کۆبوونه‌وانه‌ش هه‌میشه به‌زیانی کورد ته‌واو بووه.
6/9/2009
|