په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠٢٥

چارەی خۆنووسینی کورد
لە دووڕێیانی مان، یان نەمانی یەکجارەکیی!


سیروان کاوسی      


هەڵوێستی ئەمدواییانەی کاربەدەستانی ترک بەرامبەر کورد لە باکوور و داوای چەکدانانی هێزی گریلای پێ کێ کێ، لە هەڵوێستی کاربەدەستانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەچێ بەرامبەر خەڵکی غەزە و هێزی چەکداری بەکرێگیراوی حەماس دەریدەبڕن، ئەمە لە کاتێکدا کورد و ناکورد ئەم راستینەیە دەزانن، نە کوردستان غەزەیە و نە ععپێ کێ کێععش هێزێکی توندئاژۆی بەکرێگیراوە!


بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی کورد، لە چارەکی یەکەمی سەدەی (٢١) دوو هەلی مێژوویی بۆ کورد روویاندا، یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی هەموو داوودەزگەی دەسەلاتی سیاسی و سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسیی رژێمی بەعسی عێراق بوو کە لە ئەنجامی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی هاتە ئاراوە، باشووری کوردستان کەوتەوە دەستی کورد خۆی. ئا لەو رۆژە تاکهەڵکەوتە مێژووییەدا بەڕێزان کاک مەسعوود بارزانی و مامجەلال تاڵەبانی شانبەشانی یەک هەوڵێکی بێوچانیاندا بۆ زیندووکردنەوەی رژێمی تازەی داگیرکەر لە عێراق و، ساڵی ٢٠٠٣ی زاینیی یەکێتی و پارتی رەوایەتییاندایەوە بە عێراقی نوێ و بەوەش هانگاوێکی مێژووییان هەڵگرت بۆ گێرانەوەی سەرەوەریی بۆ گەلی داگیرکەری عێراق و ئەنجامدانی هەڵەیەکی مێژوویی بەرامبەر ئامانج و ستراتیژی نەتەوەیی کورد و نیشتمانەکەی کوردستان. لەوکاتەوە تاکوو ئیمڕۆ کورد لە باشووری نیشتمانەکەی چەندجارێکیتر بەرەوڕووی ئەنفالی خاک و رەگەز و کان و کانزای بووەتەوە و، دۆخی کورد گەیوەتە ئەم رۆژە رەشەی کە گەلی دەسەڵاتداری عەرەب گاڵتە و گەپ بە قووتی خەڵکی کوردستانەوە بکەن، گەمارۆی ئابووریی بخەنەسەر، ئەو دەسکەوتانەی هەیبوون یەک لە دواییەک لێی وەرگرنەوە. ئەمە ئاوا و هەموو تاکێکی کورد ئەم راستینەیە دەزانێت.


٢٢ ساڵ دوای ئەو هەڵەمێژووییەی پارتی و یەکێتیی بەرامبەر نەتەوەکەیان کردیان، جارێکیدیکە لە دواساڵی چارەکی یەکەمی سەدەی (٢١)، لە ئەنجامی شەڕی غەزە و لۆبنان و رووخانی رژێمی ئەسەد کە بە هۆی هێرشی کاریگەری سوپای ئیسرائیلەوە رێگە بۆ رووخانی خۆشکرا، هاوکات دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرکۆماریی ئەمریکا و ئاشکراکردنی پلانی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی نێوچەکە، ئەوا هەلێکی زێرینی دیکە بۆ کورد هەڵکەوتووە کە ئەمجارەیان بتوانێ سوودی لێوەربگرێ و لە کۆیلەتیی رزگاری بێت.


ئەم دۆخە هەستیارەی بەرەوڕووی خۆرهەڵاتی ناڤین و کوردستان بووەتەوە، رژێمی ترکی ناچار کردووە روو لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بنێن کە ساڵانیکی زۆرە رێگەی دیتنی تەنانەت بنەماڵەکەشی لێگیراوە، بەڵکوو ئەو بتوانێ کار بکات بۆ هێشتنەوەی سیستەمی سیاسیی ترک بەو شێوازەی ئێستای و ئاڵوگۆڕی بەسەر نەیەت. ئەمەش واتای ئەوەیە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێ کێ کێ کەوتوونەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مەزنی مێژووییەوە. روانگە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد لە سەرکردەیەتیی پێ کێ کێ دەخوازێ، پرسی کورد لە چوارچێوەی ترکیای داگیرکەر و رژێمی فێڵباز و دڕندەی ترکیا بهێننەوە دەرەوە و بیکەن بە پرسێکی نێوچەیی و نێونەتەوەیی، داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە نێوچەکە و لە دنیای ئازاد بکرێ پشتگیریی نەتەوەی کورد بکەن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و دارشتنی بەردی بناخەی دەوڵەتێکی دێمۆکرات و سێکۆلار لە سەر نیشتمانەکەی. ئەمەش وەک تاکە رێگەیەک بخرێتە بەردەمیان کە دەبێتە هۆی نەهێشتنی رژێمەکانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ، گەشەپێدانی فەرهەنگی ئازادی و دێمۆکراسیی لە خۆرهەڵاتی ناڤین مسۆگەر دەکات.


ئەو دەنگۆیانەی لە زاری بەڕێز ئۆجەلانەوە بە ناوی دوورخستنەوەی مەترسیی لەسەر دابەشبوونی ترکیا بڵاو دەکرێنەوە، گەر راستبن و وتەی ئەو بن، ئاماژەی مەترسیدارن بۆ لەبارچوونی ئەم دوا هەلە مێژووییەی کورد. رژێمی ترک کە زانیاریی تەواوی لەبارەی پرسی گۆڕانکاریی خۆرهەلاتی ناڤین هەیە، لە هەموو بەشەکانی کوردستان شێتانەتر لە رابردوو پەلاماری کورد دەدا، لە باکووری کوردستانیش کەوتووەتە هەوڵێکی بەرفرە وەک سەردەمی گورگەبۆری یەکەم (ئاتاترک) بەدەستی کورد بزاڤی ئازادیخوازانەی کوردستان لەنێو بەرێ و نەهێڵی ئەو پلانەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانە، لە ترکیا و لە کوردستان روو بدات.

 
سیاسەتکاران و نیشتمانپەروەرانی کورد لە باکوور بە تایبەتی و لە کوردستان بە گشتیی، پێویستە لەڕێگەی بڵاوکراوە و وتار و سەمینار و لە هەر رێگەیەکەوە گونجاوە بۆیان سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ ئاگادار بکەنەوە تاکلایەنە و بێگەڕانەوە بۆ رای گشتیی نەتەوەکەیان و بێپرس و راکردن بە نیشتمانپەروەرانی گەلەکەیان، نەکەونە داوی رژێمی خوێنڕێژی ترکەوە. هەر بڕیارێکی پێ کێ کێ بۆ باکووری کوردستان کارکردی گەورەی هەیە بۆ سەر هەست و باوەڕی نەتەوەیی و یەکبوونی کورد لە سەرتاسەری کوردستان.


تەنێ یەکگرتن لە سەر بنچینەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە هەبوونی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی دەپارێزێت!


٧\٢\٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک