په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١١

زنجیرە چیڕۆکى قۆناغى منداڵیی:

مام سمایل. 


ناڵە عەبدولڕەحمان 

- به‌شی یه‌که‌م -
 

ئەوەندەى نەمابوو راپەڕینى میللەتێکى مەزن و خێرلەخۆنەدیوى سەدەکان و فێڵ لێکراوى دیرۆک و لێکترازاو لە(١٥١٤ز)ى و قوربانى پەیماننامەى داگیرکەرانى زلهێز، هەرلە سیڤەرەوە هەتا جەزائیر و بەڵێننامەکانى ئێستەیشى لەگەڵدابێ، عەرشى دیکتاتۆرێکى شۆڤێنى سەدەى بیست بخاتە لەرزى مەترسییه‌کى گەورەوە، لەناو باخچەى خانووە ٢٥٠مەترییه‌کەى گەڕەکە نیمچە میللیەکەیدا، باوکم دوکانێکى گچکه‌ی ٥٠ مەتریی دروستکردبوو، بە هۆى ئەوەى لە ژنى دووەمى خێزانەکەماندا منداڵى گەورە خۆم بووم، بۆیە ماوەیەک هەڵیبژاردم لە بەڕێوەبردنى کاروبارى مارکێتە گچکه‌که‌یدا هاوکاریی بکەم، منیش لەبەر ئەوەى هەندێ شیرینیی و ساردەمەنیی تازە، دواى لەناوچوونى (چلوورە) و (یازدەى ئازار)، وەک: ئەزبەرى و کرێمستى سه‌ریهه‌ڵدابوو، هەرچەند تا ئەوکاتە تەنیا چەند جارێکی کەم تامم لێکردبوون، لێ زۆرم حەز پێکردبوون، بۆیە حەزمدەکرد باوکم زوو زوو پشوو وەرگرێ و بچێتە ماڵەوە، تا منیش پشوویەکى خۆشتر وەرگرم و بەناو ئەو شتانە بکەوم کە خۆم زۆرم حەز پێیان بوو.

 

سەرتان نەیەشێنم.. مانگ هاتن و چوون، باوکم لەبەر کارى زۆرى ئۆفیسەکەى زۆر بە کەمیی دەهاتە دوکانەوە، دایکیشم لە هەژمارکردنى دەستهاتی مارکێتە گچکه‌که‌ لەبرى باوکم، حیسابى وردى لەگەڵ دەکردم، ئەوەندە باش بوو هەرگیز رۆژێ لە رۆژان تەنانەت چاره‌گه‌ دینار یان نیو درهەمى ئەوکاتە کەمى نەدەکرد، لێ شیرینیەکان لەو جۆرانەى حەزم لێیانبوو کە بە شوکوڵاى جوێزى هیندى دروستکرابوون له‌گه‌ڵ بەستەنییه‌کان کەمیان دەکرد، هەرچەند دایکیشم باش دەیزانى ئارەزووم لەو جۆرە شتانەیە، بۆیە دواى ژمێرکاریی پرسیارى دەکرد: ئەدى چەندت لێ خواردوون با لە قازانجەکەى دەرکه‌ین؟ ناچار دانم پێدادەنا و خۆم ئاشکرادەکرد: ئێ لە کاتى بێتاقەتیی و که‌مفرۆشیی دەستدەکەم بە خوادنیان.


ئەوەى هەرگیز لێى کەم نەدەبۆوە مەگەر بە فرۆشتنى ڕێژەیەکى کەم نەبێ، سەوزە و میوەکان بوون، من ئەگەرچى رۆژانەکەم هەر بۆ ئەو جۆرە شتانەى باسمکردن.. خەرجدەکرد، لێ رۆژانەکەى خۆمم بەلامەوە کەم بوو، چەندین جاریش پێشنیارى زیادکردنى رۆژانەکەمم لە ماڵەوە کردبوو، بەڵام گوێیان پێ نەدەدام، سەربارى ئەوەش کە بارى ئابوورییمان خراپ نەبوو، بەڵام دایک و باوکم منداڵى دیکەیان هەبوون جگە لە من، ئاخر منیش بە حیکمەتى ئەم نەخشەڕێژییه‌م درک نەکردبوو، ئێستاش کە منداڵەکان لە ماڵه‌وە داواى رۆژانەى پتر دەکەن منداڵیی خۆمم بیردەکەوێتەوە، بەڵام بە مەوداداریەک رۆژانەیان بۆ بە رێژەیەکى کەم پتر دەکەم.


مام سمایل دواى ئەوەى بوو بە دووەمین* کرێچى دوکانە گچکه‌کەمان لە گەڕەک، من بەردەوام لاى ئەو پیاوە پیرە زۆرگۆ و جگەرە‌کێش و بە کۆخه‌کۆخه‌یه‌، دواى گەڕانەوەم لە قوتابخانە دادەنیشتم، بە شێوەیەک ببووینە دوو برادەرى زۆر نزیک، ئەو باسى رۆژانى منداڵیى و گەنجى و رۆژانى (فیرار)یی و خۆدزینەوەى لە ئەرکى سوپا و پێشمەرگایەتى سەردەمى هەرزەکاریی و لێبووردنى گشتیی رژێمى بەعس و سەردەمى ئەوینداریی لەگەڵ (نەنە خەجێ) و ناردنى قاسیدى گچکەى گەڕەک بۆ هاتنە بەردەکێ و ژنخواستنەکەى خۆى بۆ دەکردم، منیش چێژێکى زۆرم لە گەنجینەى ئەزموونە زۆرەکەى ئەو پیاوە نەگبەتە وەردەگرت، بە برادەرانى کۆڵانێم دەگوت: هەقایەتەکانى مام سمایل زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشن، ئەوەى زێدەتر جێگه‌ى خۆشحاڵى بوو راستەوخۆ کارەکتەرەکەیشم دەناسى، بە پێچەوانەى کارەکتەرە ئه‌ندێشه‌ییه‌کانی ناو چیڕۆکى منداڵانەى ئەو کاتە کە دەمخوێندنەوە...، بۆیە هەموو دەم دەمویست زیندوه‌یان راِگرم، جارناجارێ لاى هاوڕێکانم هەبوو نەبوویەکم زیاد دەکرد و بەسەرهاتە سەیرەکانى ئەو پیرە پیاوە قەلەندەرە کە کتومت روخسارى لە سیماى خێرنەدیوى ولاتەکەم دەچوو.. دەگێڕایەوە...، لێ کە ئێستاکێ زۆر بە ئاستەم بیرم ماون.


ئەوەى کە ئەو کاتە بە رادەیەکى زۆر بیرى جەنجاڵ کردبووم، جگەرەکێشانە زۆر و یەک‌ لەدوا یەکەکانى ئەو پیرە پیاوە بە ئەزموونە بوون، کە هەرگیز لەو جۆرە جگەرانەشى لە دوکانەکەى بۆ فرۆشتن دانەدەنا، بەڵکو تەنیا بەشى خۆى بە چەند پاکەتێک یان تەکه‌یه‌کی لە بازاڕ یان لە کاتى پێویست لە دوکانەکانى دەوروبەر دەکڕین و یەک لەدواى یەک دەیکێشان، من ئەوەندە پرسیارم لەم وەزعەى مام سمایل دەکرد بە تایبەت جارەکیان بینیم (چەند کاتێکى کەم) دابڕانى لە دونیاى جگەرەکان، (قوونکه‌ جغاره‌**)ى جگەرە کێشراوەکانى ناو سەبەتەى زبڵه‌که‌ی داگیرساند و کێشایەوە، دواى نەمانى هەناسەى ژەهرینى ئەو قوونکه‌ جغارانه‌ش، رێ لە چەند رێبوارەکى گەڕەکەمان گرت و بەوپەڕى میهرەبانییه‌وە داواى جگەرەیەکى لەو جۆرەى خۆى دەیکێشان لێ ده‌کردن، کەچى خۆزگەکەى وەدینەهات، ناچار ماوەیەک لە دوکانەکە بەجێیهێشتم، هەر دواى رۆیشتنى مام سمایل، (بەستەر***)ەکەم کردەوە و بەستەنیەکم دەرهێنا و ویستم کاغەزەکەى بکەمەوە و بەپەلە دەست بە خواردنى بکەم، کەچى بیرمکەوتەوە ئەمە دوکانى باوکم نییه‌ و دواجار دایکم وردبینى ژمێرکارییه‌کانى دوکانەکە نییه‌ تا بمبوورێ، بە دەمى پڕ لیکەوە بەستەنیەکەم خستەوە شوێن خۆى، بەر لەوەى دانیشم مام سمایل جگەرەیەکى سۆتەک شۆڕبۆوه‌ى بە دەمەوە بوو و بە تەکه‌یه‌ک پاکەتى جگەرە گەڕایەوە، بێ ئه‌وه‌ی پرسیارى لێبکەم دەستیکرد بە قسەکردن: لەو دوکانەى کۆڵانى پشتەوەمان عەنوا و عەشکال جگەرە هەیە لۆ جارەکیدی مه‌حتەر نابم.


لەبیرمە کە شقارتە بەرگ قوپاوە به‌ دارخورما نه‌خشیێندراوه‌که‌ی لە گیرفانە ماندووەکانى دەردەکرد، ده‌نکه‌ شقارته‌یه‌کی ده‌رده‌هێنا و جگەرەکەى داده‌گیرساند و چه‌ند قمێکی لێده‌دا ئه‌نجا نیوەى خواره‌وه‌ی ده‌نکه‌ شقارتەکه‌ی به‌ بەردەوامیی لە ددانە ورد و شکاو و خوار و زەردهەڵگەڕاوەکانى وەردەدا و جارجارە تفه‌ته‌فه‌کی ده‌کرد، نەمدەزانى نە پاشماوەى خواردنى دواى ژەمەکانى فڕێدەداتە دەرەوە نە پارچەى ددانە کلۆر و ڕزیووەکانیه‌تی، لە کاتى مژیل بوونى بەم کارەوە کە وەک خوویه‌ک دواى کێشانى چەند جگەرەیەک بە دواى یەکەوە وەک خۆ دزینەوەیەکى کەم لە دونیاى نا ئومێدی جگەرەکان.. دەستى بۆ دەبرد، من کورسیەکەمم هووردە هووردە دەکێشایە دواوە، ئەو بێ ئەوەى چاوى یان رووى وه‌ربسووڕێنێ بە میهرەبانییه‌کەوە پێیده‌گوتم مەترسە بەر تۆ ناکەون، منیش لە شەرمان دووبارە کورسییه‌ شکاوەکەمم رادەکێشایەوە نزیکترى، ئەو جارجار پرسیارى لە بارەى خوێندن و مەکتەبەکەمەوە لێدەکردم، منیش بە کورتیی وەڵامم دەدایەوە و سۆرهەڵدەگەڕام، گەیشتەوەى بڵێم، مام سمایل لە مانگە پیرۆزەکانى ناو دابى مسوڵمانانیش جگەرەى دەکێشا کە خۆشی هه‌ر مسوڵمان بوو، رەمەزانێکیان من پرسیارم لێکرد، ئەوە مام سمایل بەڕۆژیی نى؟ وەڵامى دەدامەوە: با ئەدى کوو بەڕۆژیی نیم، ئەمن ئیمانم بەقوەتە بە جغارەى رۆژییم ناشکێ، روخسەتیشم لە وەستا کەریمى وەرگرتیە، ئەو بە شەرتەکى روخسەتى دایمێ کەس جغارە کێشانەکانم نەبینێ، دەمگوت ئەدى ئەمن نایبینم.. یەعنى شکایە؟ ئەویش دەیگۆ نانا کچم ئیلا ئەگەر لە توو گەورەتربن.. یەعنى بارق**** بووبن، گوتم مام سمایل بارق یەعنى چى؟ ئەگەر بزانى ئەمن بارق بوویمە؟
_____________________________________
* بەر لەمام سمایل هەر لە ریزى خانووەکەى خۆمان کوڕێکى قوتابى دراوسێمان کرێگرتەى دوکانە گچکەکەمان بوو، خۆى و دایکى بەڕێوەیان دەبرد، مام سمایل دواى ئەوان بووه‌ کرێچیمان...

** قوونکه‌ جغاره‌: قنچکه‌ جگه‌ره‌، (فلته‌ر).

*** به‌سته‌ر: سارنجۆک، (ثلاجة).

**** بارق: ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاریی، ئه‌و کاته‌ی که‌ منداڵ ئه‌ندامی جووتبوونی پێده‌گا، (بالغ).
 

٢٣\١٢\٢٠١٠

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان