١٦\٣\٢٠١١
لە بیرەوەریمدا ئەوانەش
هەن:
(گەمە و پهرتووک و جاش و پێشمەرگە و هەڵەبجە).

ناڵه عهبدولڕهحمان
گڕ(1)م داى ! نانا کارەبایە، ئەدى نابینى
خۆم بەدەستى گوڵزارەوە گرتوە...؟
کە لەو ستوون(2)ى کارەبایە هەتا ئەویتر رامدەکرد،
نە سەرگوڵ نە بەناز نە هیوا، هیچیان
نەیاندەتوانى بە ئاسانیی
گڕم بدەن، زۆربەى کاتەکان، هەتا لە کاتى
گەمەکانیشدا، پهرتووکێکى چیرۆکم بە دەستەوە
بوو، بە تاسەوە دێر
بە دێریم
دەمخوێندەوە، منداڵانى هاوگەڕەک وەها
تێگەیشتبوون، وانهم ماوەتەوە
و سەعیێ(3) دەکەم، من وازم لەوەڵامدانەوەى زۆرى پرسیارەکانیان لهو
بارەیەوە هێنابوو، وەک ئەوەى ئێستا حەوسەڵەى وەڵامم بۆ پرسیارى
پڕ گومانى کەسێک نەماوە، ئەوەندەى پرسیار لە
بارەى خودى خۆت و ژیانى تایبەتیتەوە دەکەن، ئەگەر پرسیاریان لە
خۆیان و هۆکارى هاتنەگۆڕێى کەموکوڕییهکان
و نابوودیی
نەخشەڕێژیی داهاتووى
خۆیان کردایە، ئێستا بە جۆرێکیتر
دەبوو، خۆ هەر نا دەیانتوانى لە سەروکارى
ژیانکردنێکى ئاساییدا بە ئاراستەیەکى دروستتردا رێ
بکەن و مل نەدەنە گومانکردن لە خەڵکى...
هیوا بەیانییهک لێى پرسیم:
-
لە چ
وانهیهک کەوتووى؟
ئەدى ئەوە چ دەخوێنیهوە؟
- بۆ
خۆم چیرۆکێکى منداڵانە دەخوێنمەوە
و و نەکەوتووم...
-
ئێ بۆ؟ کێ تاقەتى خوێندنەوەى هەیە؟
خواخوامانە قوتابخانه تەواو بى، ئەتووش
بە بیرمانى دێنیهوە...
لە دەورى ستوونى کارەباکە دەسوڕامەوە:
- ئەمن
ئەوها نیم، کە قوتابخانه تەواو دەبى، یان
بە وێنە کێشانەوە خەریک دەبم یان بە خوێندنەوەى پهرتووک...
هەر ئەو ساتەوەختە کەمۆکەیەى لە ستوونى کارەباکە دەستم بۆوە، لە پڕ
سەرگوڵ هات و گڕى دام:
-
لە توو
مایتەوە، گەمە لە دەستى تووە...
بۆ گڕدانەوەیان رامدەکرد
و زیگزاگ(4) وەکى ئەسپ غاریاندەدا...، هەناسەبڕکێمان بوو لێ
قاقا پێدەکەنین و هەموو دونیامان پڕدەکرد لە
گوڵى شادمانیی و شکۆڤەى خەنین...
بەیانییهک دوور لە
کۆڕى گەمە و گڕدانێ، باوکم دەستى گرتم و لەسەر پێشنیارى خۆم
بردمى بۆ بردنەوەى مەنجەڵى ماستى سپیاتى فرۆشەکەى لاى دوکانى عومەر
چاوشین(5)، لە کاتى گەڕانەوەماندا،
کۆمەڵیک کەسى روخسار نامۆم بینین، بە
یەکەوە دەستیان بەرزدەکردنەوە و بە
یەک دەنگ هوتافیان دەکێشا:
- بژى کورد و
کوردستان بمرى هەموو ناحەزان...
- بژى کورد و
کوردستان، سەرشۆڕیی بۆ زاڵمەکان...
- هەتا یەک کورد مابێ، نابێ
رژێمى داپڵۆسێنەرى بەعس لەم خاکە سەوزە مابێ...
یەک یەک ناوى سەرکردەکانیان دەهێنا و لە
هوتاف کێشان نەدەوەستان، من ئەو ناوانەى دەهاتن یەک یەک لە
باوکمم دەپرسین، ئەویش بە پێچەوانەى
بێتاقەتى زۆرى من لە بەرامبەر دووبارەکردنەوەى بێشومارى وەڵامە یەک
جۆرەکان، نەجیبانە وەڵامى دەدامەوە و دەستى بە
سەرمدا دادێنا
و لەسەرەخۆ دەیگوت: خۆت مەخەرە ناو کارى رامیاریەوە
کچم، تۆ بەس وێنەکانت بکێشە، پهرتووکە گچکەڵەکانت تەواوکە بەسە...
من بەو دیمەنە تازەیە زۆر حەپەسابووم، پرسیارگەلى وەکى ئەمانە هروژمیان
بۆ دێنام: بابە ئەوە چى
روویداوە؟ هەڵەبجە چیە، ئەوانە کێن؟ بۆ وا هاواردەکەن؟ من
دەترسێم خۆ ئەوان هەموو چەکدارن، وەرە با لێیان دوورکەوینەوە، نەوەک
تەقە بکەن...، باوکم دەیگوت: کچم مەترسە ئەوانە خۆمانەن، پێشمەرگەن
پێشمەرگە، داکۆکیی لە
مافى قوربانیانى هەڵەبجەى شەهید و تێکڕاى گەلى کوردى ستەمدیدە
دەکەن، بەم شێوەیە دەیانەوێ کەیسى هەڵەبجە و
کورد بەگشتیی بە جیهان بناسێنن ...
دواى چەندین جار بە نهێنى بیستى ناوى
پێشمەرگە لە کۆڕی شەوانەى خزم و دراوسێ و
هاوەڵانى باوکم، بۆ یەکەمجارم بینیمن...، و
دواى ماوەیەکى زۆریش شەهیدانى کیمیابارانکراوى هەڵەبجەشم لە وێنەى سەر
بەرگى پهرتووکانێکى بیانی و شیعرى کوردى و
پاشان دواى پێدانەوەى تەزووى کارەباى سەر بە وێستگەى تێکدراوى بەنداوى
دۆکان لە لایەن بەعسەوە، کە ڕۆژانە بۆ
چەند سەعاتێکى کەم دەدرایە هاووڵاتیان لە ڕێگەى شاشەى تیڤى
بەرەى کوردستانى و تیڤى یە ناوخۆییەکانیترهوه
بینى...، مەگەر هەر زوومى کامێراکەى سەر وێنەى
عومهری خاوەر و دیمەنى ڤیدیۆ بێدەنگەکانى خنکان بە
گازى خەردەل، کە رێک لە
شانۆییەکى پانتۆمایم دەچێ، بتوانێ گوزارە لەم کارەساتە دڵتەزێنە
بکا...
ئا...، پێشمەرگە، دەستە جلێکى کوردى خاکى و
ساقۆ(6)ى رەنگ سەوزى سەربازیی
یان قاوەیی لەبەردابوو، کاڵە یان کڵاشى دەستکردى ناوچە بەناوبانگەکانى
کارى کڵاش چنینى لە پێدابوو، تفەنگى جۆرى کلاشینکۆفى لە
شاندا بوو، ژنان، پیاوان منداڵان
پێکڕا هوتافیان دەکێشا: بژى کاکى پێشمەرگە، کوردستان بە
تۆ سەربەرزە...
باوکم پیاوێکى چوارشانەى باڵابەرزى رەنگ
سۆر و سپى بوو، فەرمانبەرى فەرمانگەیەکى نەوت
بوو (مستودع نفط)، جگە لە
راپەڕندنى ئەرکە زۆرەکانى فەرمانگەکەى، هەقى
بە خۆى نەدەدا، خۆى لە کارى هیچ کەسانێَک
هەڵبقورتێنێ، دواى ئەوەى ماوەیەکى باش لە ئەستەمترین سەروەختى شۆڕشدا
لە ریزى
دێرینترین حیزبى کوردستان لە کۆبونەوەى نهێنى دا بە
رێکخستنى ناوشار سەرقاڵ بوو، لەپڕ
یەکێک لە مەفرەزەى پیاوى جاشێک لە جاشە
بەناوبانگە دەستڕۆیشتووەکانى هەردوو سەردەم(مخضرم(7))،
خۆى کرد بە حەوشەماندا و بە
باوکمی گوت : پێشمانکەوە...، ئێمە تا
ئەو کاتە لە ناو خانەوادەکەماندا چەند
منداڵێکى ووردى ساواشمان
تێدابوو، هەموو پێکڕا خۆنەویستانە وەکى کۆڕس دەستمانکرد بە
گریان...، باوکم دەیگوت: مەگرین ئێستا دێمەوە...
ئا مەفرەزەى فڵانە جاشى بەناوباگى دەستڕۆیشتووى پولدار، کە باوکمیان
راپێچەک کرد، بە
شانازییهوە، وەک ئەوەى ئەوان
کوردایەتیان کردبێ، و لە شاخ یان لە
ڕێکخستنى شاردا، هاوکاریی سەرکەوتنى
کۆششى حیزبە کوردیەکانى ئەوکاتە بووبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ باوکمدا
کردبوو، ئا هەر زۆر بە شانازییهوە
ئەو کارانەى خۆیان بە بەرچاوى خەڵکەوە بۆ
بەرژەوەندیی رژێمى
بەعس پێى هەڵسا بوون، کە باوکم باش ئاگاداریان بوو، وەکى پرسیارێکى
منداڵانە لێیان دەکرد، باوکیشم لە سەرەتاى
هەموو وەڵامەکانیدا (هەروەک ئاگادارن)ى دەخستە پاڵ، ئەوانیش بەوه
دڵگران دەبوون و وەکى ئەوەى دەڵێن : خۆیان لەوسەرى دەهێنایەوە و
دەیانگوت: ئاگادارنین، تۆ ئاگادارى، تۆ دەزانى، ئیتر بەو
شێوەیە هەر بەرپرسێکى حیزبى بۆ سودوەرگرتن لەو
جاشە خۆفرۆشانە لە ریزى خۆیان وەریاندەگرتن
و بەکاریاندەخستن...، ئەوانیش لە پێناوى ئەوەى شەرمەزار و بێکار نەمێنن،
ناوى خەڵکى بێدەرەتانیان بۆ بەرپرسەکانیان دەبرد و بەو
چەشنە رووى خۆیان پى
سپی دەکردنەوە و
لگامیی و نۆکەرییش
جارێکیتر روویانى
بریقەدارتر دەکردەوە...
____________________________________________________
(1) گڕدانێ، گەمەیەکى منداڵانە بوو، بە شوێن
یەکدا رایاندەکرد(غاریاندەدا)، و ئەوەى
دووەم هى یەکەمى بگرتایە ئەگەر بە ئاستمەیش بووایە
گڕ دەبوو، دەبووایە
ئەویتر یانى گڕدراوەکە یەکێک لەوانى دى گڕ بداتەوە، بەمە دەیانگوت :
گەمەکە لە تو یان لە دەستى تو مایتەوە...
(2) ستوونى کارەبا، عامودى کارەبا، ئەو
ستوونەى وایەرەکانى تەزووى کارەباى پێ راگیر
دەکەن.
(3) سەعیێ دەکەم،
کۆشش دەکەم، خوێندنێک بۆ دەرچوون لە هەندێ
ناوچە پێدەڵێن سەعییکردن.
(4) زیگزاگ، مەبەستم لە
راکردنى نیمچە پێچاوپێچە.
(5) عومەر چاوشین، پیاوێکى باڵا مام ناوەندى
و سپى و دووچاوى سەوزى بریسکەدارى سیحراویی
هەبوون، دوکانێکى نزیکەى ٧٠ مەترێکى بە
درێژوکانیی کەوتووى هەبوو، زۆربەى
پێداویستییهکانى رۆژانەى
لێ چنگ دەکەوتن، تا ئەو وەختى گەورەترین دوکانى گەڕەکەکەمان و
گرانجاترینیان بوو.
(6) ساقۆ، کۆت، قەمسەڵە.
(8) (مخضرم)، ئەو
کەسانەى لەدوو سەردەمدا ژیابن یان پشکدارى کار
و چالاکی هەردوو سەردەمیان کردبێ، زەقترین نموونە:
ژیان و شیعرەکانى شاعیرەکانى سەردەمى ئیسلام و دواى سەردەمى ئیسلام،
(المخضرمون: هم الذین
قضوا شطرا من
حیاتهم فى عصر صدر
الاسلام و شطرا اخر من حیاتهم فى
عصر بعد الاسلام.).
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|