په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١١

خەتەنەکردنى مێینە.


ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی دووه‌م -

 

 

 

دیارە زۆرجار لەبەر نەتوانین بە کۆنتڕۆڵکردنى هەندێک پەتاو نەخۆشى ترسناک (بە پێى پێوەرى کۆمەڵگا و تواناى ئامرازى بەرەنگاربوونەوە لەو کاتەدا) ئاساییى دەبێ کلتوورێکى نالۆژیکیی لە سەردەمێکى زۆر بەرایی و ناشارستانیی و نازانستییدا ببێتە رێبەریى چارەسەرێکى کاتەکیى بۆ بنبڕکردنى یان کەمکردنەوەى کێشەکان (conflecs) و دواتر پاش وەرگرتنى رەوتى خۆى دەبێتە دیاردەیەک و خەڵکى ئه‌و شوێنه‌ جوگرافییه‌ لەسەرى رادێن و نەوە دواى نەوە بۆیان دەگوێزرێتەوە وەک نەریتێکى بۆماوەیى پیرۆزى باووباپیران (سلف للخلف) دەمێنێتەوە و بە ئاسانیی ناتوانرێ دەسبەردارى ببن، کە زۆرجار رەنگبێ ئەوانى ناو بازنەى دیاردەکەش سەرچاوە و هۆکارى دروستبوونى دیاردە ترسناکەکەش نەزانن...


لێ هەندێ دیاردەیش لەگەڵ هاتنى رەوتى زانستى و کرانەوەى عەقڵى کۆمەڵگه‌کان بە رووى تەکنەلۆژیا و شارستانیەتى یەکتریدا، کلتوورەکە (یان لێرەدا مەبەستمان دیاردە سواوەکە) لەخۆوە (تلقائیا) ئەگەر لە ناویش نەچێ لە رووى رێژە و چەندێتیەوە بەرەو دابەزین دەبێتەوە...، تاواى لێدێ بەرە بەرە نامێنێ...


سەیر لەوەشدایە هەندێک قسەى ئەفسانەیى و خورافاتى نالۆژیکى وەک بیانووگه‌لێک دەخرێتە پاڵ پشتگیرییکردنى ئەم دیاردە قێزەونەوە، وەک ''ژن بە خەتەنەکردن جوان دەبێ، بە هۆى ئەوەى بەشێکى پیس لە جەستەى لێدەکرێتەوە''* یان ''ژن دواى خەتەنەکردن بۆ ماڵ و مێرد دەستدەدا و دەبێتە سەرەژن''** یان ''ژنى خەتەنەنەکراو ئەوەندە زەوق و شەوقى زۆرە پیاو دەرەقەتى نایێ''***. گوایە بۆیە ژن خەتەنە دەکرێ تا لەم بارى زەوق و ئاڵووشییه‌ى دەرچێ و لە کاتى نەخۆشیی و گه‌شتی پیاوەکەى نەتوانێ چاو بگێڕێ و بۆ دامرکاندنەوەى ئارەزووەکەى و پەنا بۆ ئەملا و ئەولا نەبا...


بەم چەشنەش شەرەفى پیاوەکەى بە بڕینى ئەندامێکى گرنگى زاوزێى کە لە ئەزەلەوە وەک هەر بەشێکى دیکەى جەستەى ئۆرگانێکى فسیۆلۆژى گرنگ بەڕێوەدەبەن دەپارێزێ. کە هەر ئەو بەشەى دەبێتە ماتریاڵى سەرەکى بۆ خەتەنەکردن، رێک هاوتایە بە ئەندامى زاوێى نێرینەوە هیچ جیاوازییه‌کى نییه****. کەواتە وەک ئەوە وایە ئەندامى زاوزێى نێرینە ببڕدرێ...


دیارە وەک ئاماژەم بۆ کرد سەرچاوەکان ناوچەکانى سەرهەڵدانى ئەم کلتوورە دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتانى ئەفریقیا بە تایبەت میسر بە شێوەیەکى بەربڵاو و دواتر بە هۆى پەیوەندیی زۆرى وڵاتانى ئەفریقیا بە یەکترەوە بە شێوەیەکى سەرەکیی لە سەردەمى حوکمڕانیی فیرعەونییه‌کان کاتێ دەسەڵاتیان هەموو وڵاتانى ئەفریقیاى گرتەوە... بگرە ئێستاشى لەگەڵدابێ بەشێکى زۆرى وڵاتانى ئەفریقیاى باشوور بە شانازییەوە په‌یڕه‌وی ئەم دیاردە ناشارستانییه‌ دەکەن...، بەڵام خۆشبەختانە هەندێ لە ناوچەکانى باکوور وازیان لەم نەرێتە کۆن و سواوە هێناوە و تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا حوکمى شەرعى و یاسایى بە قەدەغەکردنى دەرچووە و جێبەجێیش دەکرێ وەک لە: مەغریب، تونس، جەزائر. بەم دواییانەیش میسر*****. ئەمەش لە دەرەنجامى گیان لەدەستدانى (بدور)ى تەمەن دوازده‌ ساڵە لەژێر دەستى پزیشکێکى تایبەتمەند لەم بوارەدا. (موشیرة خەتاب)ى وەزیرى خانەوادە و دانیشوانى حکومەتى رووخاوى پێشووى میسر، دواى گیان لەدەستدانى قوربانیى ناوبراوى ئەم دیاردەیە ئاشکرایکرد (کە ئەنجامەکانى ئامارى تەندروستیی دانیشتوان بۆ ساڵى 2008 کەمبوونەوەى رێژەى ئەم دیاردەیە بە گوێرەى ئامارەکانى ساڵى 1996 بۆ تەمەنانى نێوان 15-17 ساڵى لە رێژەى %96 بۆ ڕیژەى 74% ******) جێگه‌ی خۆشحاڵیە. پارێزەرى راوێژکارى گشتى (هشام الدرندلى) ئاماژەى بەوە داوە کە مەبەست لە دەرکردنى یاساى قەدەغەکردنى خەتەنەکردنى مێینە: بەرگرتنە لەم تاوانە بەر لە کەوتنەوەى*******.

جۆرەکانى خەتەنەکردن:


سەرچاوەکان هەریەکەو بۆچوونێکى جیاوازیان هەیە، هەوڵدەدەین زۆربەیان بە کورتیی بخەینەڕوو:


- به‌پێی راپۆرته‌کانی ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی چوار رێگه‌ بۆ خه‌ته‌نه‌کردن یان بڕینی به‌شه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کۆئه‌ندامی زاوزێی مێینه به‌کارده‌هێنرێ:


1. بڕینی پێستی قیتکه (prepuce) له‌گه‌ڵ بڕینی به‌شێک یان هه‌موو قیتکه (clitoris)؟********.
2. بڕینی قیتکه له‌گه‌ڵ بڕینی به‌شێک یان هه‌ردوو لچه بچووکه‌که‌ی قوز (labia minora).
3. بڕینی هه‌موو به‌شه‌ سێکسییه‌کانی ئافره‌ت، که ئه‌ویش هه‌‌ردوو لچه‌ گه‌وره‌ی قوز (labia majora) ده‌گرێته‌وه، هاوکاتیش بچووکردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌ی زێ (vaginal opening) به‌ هۆی دوورینه‌وه‌*********.
4. شێواندن و تێکدانی قیتکه و هه‌ردوو لێوی بچووک، ئه‌وانه‌ش به‌ هۆی سووتاندنیان یان پانکردنه‌وه‌یان به هۆی شتێکی گه‌رمه‌وه وه‌کو ئوتووکردن.
ئه‌م کرداره دڕندانه‌یه زۆربه‌ی جار به‌‌بێ به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبەر ئه‌نجام ده‌درێ و که‌ره‌سه‌ی ناتەندروستى سه‌ره‌تایی وه‌ک شوشە و گوێزان و چه‌قۆی کولى ناوماڵ یان چه‌قۆی ئاسایى دیکه به‌کارده‌هێنرێ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شێوازی ته‌ندروستی تێدا په‌یڕه‌‌و بکرێ. ئه‌م چەشنە کردارە بێ بەزییانە ده‌بنه مایەى پەیدابوونى ئێش و ئازارێکی زۆر به‌ سۆ بۆ کچان. که زۆرجار دووچاری رشانه‌وه و له‌هۆشچوون د‌ێن و هه‌ندێک له‌و کچانه به‌ هۆی به‌ربوونی خوێن و له‌ده‌ستدانی خوێنێکی یه‌کجار زۆر گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن**********.


بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین هەموو حوکمە شەرعى و یاساییەکانیش ئەگەر هەبن بخەینەڕوو و کاریگەریی ئەم دیاردە ترسناکە لە رووى زانستى سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیی و زانستى پزیشکیی فسیۆلۆژییەوە روون بکەینەوە چ لە رێگەى کارى مەیدانیی و وەرگرتنى راى راستەوخۆى پسپۆران و شارەزایانى بوارى شەرع و یاسا و زانستى پزیشکییه‌وە یان لە رێگەى سەرچاوە دیرۆکییه‌کان و کارى رێکخراوە مەدەنییه‌ نێودەوڵەتییه‌کان و داتاکانیانەوە...

دەروازەى دووەم: کاریگەرییه‌کانى:


- لە رووى زانستى پزێشکییه‌وە:

لە سوودەکانیمان پرسیار کرد، دیارە پزیشکى تایبەتمەند*********** بە دوورى خستەوە کە هیچ سوودێکى هەبێ جگە لە خستنەڕووى زیانەکانى لە رووى زانستی پزیشکییه‌وە کە ئەمانەن:


1- هەوکردنى ئەندامى زاوزێ.
2- خوێنبەربوونى زۆر، کە هەندێک جار دەبێتە هۆى گیان لەدەستدانى تاوانلێکراو (المجنى علیها).
3- زیادبوونى ئەگەرى زۆرى نەزۆکیی، بگرە دروستبوونى کێشە لە کاتى منداڵبووندا.
4- دروستنه‌بوونى حەزى جووتبوونى خەتەنەکراو لە کاتى چوونەناو پرۆسەى هاوسەرگیریی و سستیی لە کردارى جووتبوون (البرودة الجنسیة)************.
6- لە کاتى دەرهاویشتن (میزکردن) میز بە ئەملا و ئەولاى خەتەنەکراودا دێتەخوار و بۆنى میز دەگرێ بە شێوەیەک بۆنى بەشى خوارەوەى جەستەى ناخۆش دەبێ.


- لە رووى دەروونیی و کۆمەڵایەتییه‌وە:


- هەستکردن بە کەمیى و لاوازیی خودى خەتەنەکراوەکە بەوەى پارچەیەک لە جەستەى بێویستى خۆى لەدەستدەدا.
- هەمیشە پرسیارێک لە ناخى دەروونیدا هەیە و بەردەوام لە خۆى ده‌کا ''ئایا دەبێ ئەو ژنانەى خەتەنەنەکراون باریان چۆن بێ و ئەو چێژە سێکسییه‌ى دەیبینن رادەکەى چەند بێ؟ ئاخۆ ئاسوودەتر بژین لەگەڵ هاوسەرەکانیان؟ 'هیچ چارەیەک و وەڵامێک بۆ پرسیارەکەیان نادۆزێتەوە، ئەم جۆرە پرسیارە گرێیەکى دەروونیی بۆ دروست دەکا.
- تووشبوون بە شۆک بە تایبەت لە تەمەنى نزیک بەم پرۆسەیە*************. کاتێک گوێبیستى ئەم باسە دەبێ لە هاوتەمەنانى یان خوشکانى یان لە دانیشتنى ژناندا. تا لەم قۆناغەى ژیانیدا هەڵەشەى بەردەوام و کابووس لە خەونى شەوانەیدا. خەون بەو جێبەجێکردنى ئەم نەشتەرە دەبینێ، سەربارى ترسى زۆر و هاوارکردن لە خەو و خەوزڕانى زۆر.
- دڵەڕاوکێى بەردەوام بە شێوەیەک کە هەمیشە ئەشکەنجە و ئازارى ئەو رۆژەى لە بیر و دەروونیدا دەمێنێتەوە.
- نەمانى متمانە بە دەوروبەر (بە هۆى ئەوەى لە لایەن کەسانى خۆشەویست و نزیکیەوە) ئازار دەدرێ، تەنانەت ناتوانێ لە مەسەلە گرنگ و زۆر کەسییه‌کانى خۆیشى بڕیاربدا بۆیە هەمیشە ژنێکى گوێڕایەڵ و بێ را و سەرلێشێواو دەردەکەوێ. کە مەبەستى سەرەکى و بنچینەیى ئەم پرۆسەیەش هەر ئەمەیە.

___________________________________
* (خالد المنتصر) - خەتەنەکردنى کچان - وەرگێڕانى: هیوا ساڵح ئەحمەد - چاپى یەکەم - کوردستان - سلێمانى 2010.

** www.alowheet.comhome.html

*** بڕوانە هەمان سەرچاوە.

**** رۆژنامەى (الشروق)ى میسرى.

***** بڕوانە سەرچاوەى پێشوو.

****** بە شێوەیەک زۆر جار پیاوەکەى دڵپیسیی لە ژنەکەى کردووە بەوەى کە پەیوەندیی لەگەڵ کەسێک هەبێ بە هۆى ساردیی، لەو بارەوە بەسەرهاتى جۆربەجۆرم هەڵبژادووە لە داهاتووودا تیشکى دەخەینەسەر.

*******  (د. عادل حسین) - پسپۆڕى تەندروستى سێکسى 2010.

******** (خالد المنتصر) - خەتەنەکردنى کچان، سەرچاوەى پێشوو.

********* سەرچاوە: ویکبیدیا (الموسوعة الحرة) - ئینتەرنێت -، جۆرەکانى خەتەنەکردن.

********** رێکخراوى وادى.

*********** لە بەشەکانى داهاتوودا لەو بارەوە هەندێک چیڕۆک دەخەینەڕوو...
تێبینى: رەنگبێ لێرە کەموکوڕییه‌ک هەبێ لە رێکخستنى جۆر و شێوازى سەرچاوەکان، ئەمەش لەبەر پەلەکردن لە تایپکردنیان بۆ ئەم گۆشەیە، لە داهاتوودا هەوڵى چاککردنەوەیان دەدەم، هەروەها بڵاوکردنەوەى دەروازەکانى لێکۆڵینەوەکەش وەک شێوازى ئەسڵى لێکۆڵینەوەکە نییه‌، بەڵکو بە پێى پێڕاگەیشتنە بە تاپیکردنیەوە...بە داواى لێبووردنەوە.

 

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک