٢٧\٤\٢٠١١
خەتەنەکردنى
مێینە.
ناڵه عهبدولڕهحمان
- بهشی
چارهم -
رێژەى خەتەنەکردن لە جیهان
بە گشتى و کوردستان*
بە تایبەتى.
بە داخەوە زۆر هەوڵمدا ڕێژەیەکى دروست نەک بە نزیککراوەیى لەم بارەیەوە
بە دەست بهێنم، تا بە هۆیەوە بتوانم بە تەواویی ئاستى دابەزین و
زیادبوونى ئەم جۆرە ئەتککردنە دەرهەق بە ڕەگەزى مێینە روون بکەمەوە،
لەگەڵ چەند ناوەندێکى ناحکومیی رێککهوتم، لێ تا رادەیەک کارەکان سەخت
دەهاتنە بەرچاو و هەر زوو لە لایەن خەڵکەوە کێشەمان بۆ دروست بوو، بۆیە
نەمویست لێکۆڵینەوەکە بێ داتا و ئامار تێپەڕببێ، پشتم بەست بە
هەوڵەکانى چەند ڕێکخراوێکى**
پێوەندیدار بەم مەسەلەیەوە...
دیارە کۆنگرەى چوارەمى (بڕینەوەى ئەندامى زاوزێى مێینە) ساڵى 1994 لە
سویسرا ژمارە جیهانییهکەى دەرخست کە:
ساڵانە نزیکەى دوو ملیۆن مێینە خەتەنەدەکرێن، تێکڕا 166666.66 کچ لە
مانگێکدا و 5480 مێینە لە رۆژێکدا 228 مێینە لە یەک کاتژمێردا و 3.8
مێینە لە هەر خولەکێکدا خەتەنەدەکرێن***.
رێکخراوى تەندروستى جیهانى لەو ئامارانەى کە لە هەر سێ ساڵەکانى 1994و
1996و 1998دەریخستوە کە میسر سەرقافڵەى دەوڵەتانە و پلەى یەکەمى لە
ژمارەى مێینەى خەتەنەکراودا بەدەستهێناوە****.
تا ئێستاشى لەگەڵدابێ لە هەندێ وڵاتانى نیمچە دوورگەى عەرەبیش کچان
خەتەنەدەکرێن وەک لە یەمەن کە رێژەکەى نزیکەى %20 ى ژنانیان
خەتەنەکراون*****. هەروەها
ماڵپەڕى رۆژنامەى ژیانەوە لە دەقى وەرگێرشدراوى راپۆرتێکى ماڵپەڕى
(کانون زنان) دەریخستووە لە ناوچەکانى خۆزستان و لوڕستان و لە
هەمووشیان زێدەتر لە کوردستان بەر بڵاوترە و بەتایبەتى لە رۆژاواى
ئێران لە هەورامان و پاوە و بانە و نەوسود و پیرانشار و تەنانەت
دەوروبەرى ورمێیش******.
ههروا لە ئامارى ساڵى 2005 تا 2007ى رێکخراوى (wadi)ی ئەڵمانى رێژەى
ژنانى خەتەنەکراو لە کوردستان بە گشتى لە %62 دەبێ. واتە لە کۆى (5628)
مێینە (3502)یان خەتەنەکراون*******.
لە دوایین ئاماریدا رێکخراوى ناوبراو ئەمجارەیان کارى لەسەر (1408)
چاوپێکەوتن کرد، کە ئەمەش رێژەییەکى پێویست نییه بۆ پیشاندانى
ئەنجامێکى دروست، بۆیە دهکرێ بڵێین ئەم ئەنجامە ئەنجامێکى نزیککراوەیە
لەوەى ئەنجام و رێژەیهکی تەواو رێک و دروست بدا بەدەستەوە. ناشکرێ
هەوڵى بەردەوامى ئەمان لەم بارەیەوە بە ئاسانیی پشتگوێ بخەین، چونکە
کارکردن لەسەر وەرگرتنى رێژە و وەڵامى دروست، (نەخێر و بەڵێ)یەک، لە
ژینگەیەگى وەکو کوردستان کارێکى ئاسان نییه...، بە تایبەت لە هەندێ
ناوچە بارەکە زۆر سەختتریشە، وەک ئەوەى لە دهۆکدا دەبینرێ...
چاوپێکەوتنەکان:
- (565) چاوپێکەوتن لە هەولێر.
- (534) سلێمانى.
- (309) گەرمیان و کەرکوک.
- لە دهۆکیش 7% ى ڕێژەى بەشداربوو لە کۆى(284) ژن، گوایە ئەم کردارەیان
بەسەر جێبەجێ کرابوو.
بەپێى راپۆرتى رێکخراوى ناوبراو، رێژەى بەدەستهاتوو (10) جار کەمترە لە
ناوچەکانى دیکەى کوردستان، ئەمەش بێگومان ئەنجامێکى دروست نییه، وەک
ئەوەى کە ئامارەکانى پێشووترى بابەتەکانى تریشدا دهۆک بە ناوچەیەکى
دژوارى بەدەستهێنانى ئەنجامى دروستى راپرسیەکان ئەژمار دەکرێ...، بە
بۆچوونى من لەوانەیە رێژەکەى زیاتر بێ لە رێژەى بەدەستهاتوو، کە بە
هەمان شێوە لە ئامارى پێشووى رێکخراوى ناوبراودا %10ى رێژەکەى
بەدەستهێنابوو، بە بەراوردى ناوچەکانى دیکەى وەک هەولێر و سلێمانى،
ناتوانم بڵێم گەرمیانیش...لەبەر هەندێ کارى ژمێرکارەیى تایبەت بە شارى
دهۆک، بە هۆى ئەو کرانەوە سەرمایەدارییهى ئەم دواییەى ئەو شارە و ئەو
هاتنه زۆرەى گەشتیاران بە بەردەوامیی و هاتنی تەکنەلۆژیا و پرۆژە و
سەرمایەى بیانى کاریگەریی گەورەى هەیە لە سەر دابەزاندنى رێژەکە بە
بەراوردى ساڵانى پێشوو (بە تایبەت ناو جەرگەى شوێنە گەشتیارییهکان).
هەولێر 63%
سلێمانى 77،9%
گەرمیان 81،2%
دهۆک 7% ********.
دەبینین بە بەراوردى شارەکانى دیکەى کوردستان لە دهۆک رێژەیەکى زۆر کەم
لەم ئەنجامە بەدەستهاتووە، بێگومان ئەمەش رێژەیەکى زۆر دوورە لە
گریمانەکردنى راستى، بۆیە ئەستەمە بگەینە ئەنجامێک بە هۆى دروستبوونى
ئەم جیاوازییه زۆرەى رێژەییە، بۆیە هەمان ڕێکخراو، رێژەى گشتى
خەتەنەکردنى مێینە لە کوردستان بێجگە لە پارێزگاى دهۆک بە (72،7%)
دەخەملێمنێت*********. ئەم
رێژەیەش رێژەیەکى تەواو زۆرترە لەوەى پێشتر پێشبینى بۆ کراوە کە (60%)
بوو.
دەبینین ئەم رێژەیە لە هەولێر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ سلێمانى و
ناوچەکانى دیکەى کوردستان، ئەمەش پێوەندیی بە ژینگەى هەولێرەوە نییه
بەڵکو پەیوەندیی بە رێژە و رووبەرى دانیشتوانەکانیانەوە هەیە، شارى
سلێمانى بە بەراوردى شارى هەولێر گەورەترە و دانیشتوانیشى زیاترە،
بۆیەش رێژەى بەدەستهاتووش زیاترە.
رێکخراوى وادى ئەگەرى رزگاربوونى کچان لە کردارى ئەتککردنى خەتەنەکردن،
بە بەراوردى (دەیە)یەک پێش ئێستا بەم شێوەیە دەردەبڕێ:
- کچانى خوار تەمەنى 20 ساڵى 57%.
- لەنێوان تەمەنى 30-39 ساڵى 73،8%.
- ژنانى سەروو تەمەن 80 ساڵى 95،7 %
**********.
من پێم وایە دیسانەوە ئەم رێژەیەش بە رێژەیەکى نزیککراوەییش بخەملێنرێ،
هەر هەڵەیە، بە تایبەت بۆ بەشى سێیەمى ژنان کە لە سەروو تەمەنى 80
ساڵین، بە دروستى دەکاتە تەمەنى بەر لە مردن یان تەمەنى مردن***********.
بۆیە دەکرا ئەم رێژەیە بەرزتر بخەمڵێنرابووایه، وەک: 98 یان 97،7% یان
بگرە 99% دانرا بووایە************. چونکە وەک ئاماژەمان بۆکرد ناکرێ
ژنانى سەروو ئەم تەمەنە لەبەر هیچ هۆکارێک خەتەنە بکرێن، مەگەر لەبەر
هەندێ هۆکارى پەیوەست بە خودى ژنەکەوە خۆى نەبێ بۆ نموونە: بە هۆى
ئایدۆلۆژیاکەیەوە کە لەوانەیە پێى وابێ ئەرکێکى ئاینیی جێبەجێ نەکردووە،
حاڵەتێکى زۆر دەگەمەنە کە ناکرێ ڕێژەی بۆ دانرێ. یان لەم تەمەنە شوو
بکا بە کوڕى خانەوادەیەکى زۆر دواکەوتوو و وابەستە بەم نەرێتەوە ئیتر
بەم شێوەیە....
هەر بە پێى ئامارى هەمان ڕێکخراو هەموو ژنانى ئەم تەمەنە دەربازیان
نەبووە لە جێبەجێکردنى ئەم کردارە بەسەریاندا، بەڵگەشمان بۆ ئەم
مەبەستە لە گەرمیان و کەرکوک، ژنانى سەروو تەمەنى 60 ساڵى لە 100%
خەتەنە کراون بەڵام بە بەراوردى ئەمە رێژەیەکى زۆر زۆر دابەزیووە بە
بهراورد به تەمەنى 20 ساڵى ئەم رێژەیە 20% دابەزیوە، ئەگەر ئەم
ئامارە راست بێ ئەمە جێگهى خۆشحاڵییهکى گەورەیە، بەڵام لەوە ناچێ سەد
له سهد ئەم رێژەیەش دروست بێ و پشتى پێ ببەسترێ.
ئەم رێژەیە بەراورد لەگەڵ شارى هەولێر زۆر کەمترە کە 50% بە ئەنجام
گەیشتووە. لە دەرئەنجامى رێژەى شار بۆ لادێ رێژەیەکى دروست بە دەستەوە
نەهاتووە*************. بە هۆى
ئەوەى زۆربەى شار و شارۆچکەکان مێژوویەکى دێرینیان نییه و زۆربەیان لە
کۆتایى ساڵانى(80)کانەوە دروست بوون، واتا دواى پرۆسەى ئەنفال و
دەرکردنى لادێ نشینەکان و کۆچکردنى خەڵکى گوند و لادێکان بەرەو شارەکان
دایە زیاد بوون. بەم شێوەیە بۆمان دەرکەوت کە رێژەى خەتەنەکردنى مێینە
لە کوردستان رێژەیەکى زۆرە و بەردەوامیش لە هەندێ ناوچە پەیڕەو دەکرێ،
وەک لە ناوچەى گەرمیاندا رێژەکە بە بەراوردى ناوچەکانى دیکەى کوردستان
زۆر زیاترە و کەمتریش رووە و دابەزینە، ئەمەش بێگومان جێگهى
نیگەرانییه، نەریتێک کە لە بنەماوە هى کورد نەبووە، بگرە کورد ئێستا
لە ولاتانى داهێنەرى ئەم نەریتە بەوپەڕى شانازیی بە پەرۆشیەوە پێڕەوى
دەکا و بە نەریتێکى پیرۆزى دەزانێ، ئەگەرچى لە هەندێ ناوچەدا بینیمان
رێژەکە رووە و کەم بوونە لێ هیواى ئەوە دەخوازین لایەنە
پێوەندییدارەکان کار لەسەر نەهێشتن و قەدەغەکردنیشى بکەن...
______________________________________
*
دیارە مەبەست لە کوردستان، ئەم بەشەى باشوورە.
**
مەبەست لە چەند رێکخراوێکى پێوەندییدارە بەم
پرسە گرنگەى ژنان، بە تایبەتى رێکخراوى (wadi)
ئەڵمانیى، کە گرنگى دەدا بە کارکردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، تا ئێستا
چەندین ئامارى بۆ دەرخستنى رێژەى کەمى و زیادبوونى خەتەنەکردنى مێینە
ئەنجامداوە، لە گرنگترین ئامارەکانى: ئامارەکانى ساڵى
1994و 1996و
1998 و 2005
تا 2007و 2008
ە.
***
خالید ئەلمونتەسیر، خەتەنەکردنى کچان، و: هیوا
ساڵح ئەحمەد، سلێمانى 2010.
****
هەمان سەرچاوە....
*****
www.elaph.com/ElaphWeb/helth/2007/6/241690.htm
ئیلاف.
******
ماڵپەڕى رۆژنامەى ژیانەوە،
20ى تەممووزى ساڵى 2007.
*******
www.stopfgmkurdistan.org
********
بڕوانە دوایین ئامارى ڕێکخراوى
(wadi).
*********
هەمان سەرچاوە.
**********
هەمان سەرچاوە.
***********
دیارە بە گشتى بە پێى پێوەرە
زانستییهکە، دواى تەمەنى گەنجى و بە هۆى بارودۆخى ژینگەییەوە رێژەى
مردن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە لە هەڵبەز و دابەزدا دەبێ.
************ بەڵکو دەکرا ئەم رێژەیەى
سەرەوە 95،7 بۆ ژنانى ژێر تەمەنى
80 ساڵى دانرابووایە،
************* (بڕوانە ئامارى رێکخراوى
وادى رێژەى شار بۆ لادێ کە: 69،2% لادێ و
60،4% شار و 74،8%
شارۆچکە) بەدەستهاتووە.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|