په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٥\٢٠١١

خەتەنەکردنى مێینە.


ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی پێنجه‌م -

 

سەرەنجام:
 

لە ئەنجامى لێکۆلینەوەکەم دەتوانم ئەوە بڵێم: لەم جۆرە ئەتککردنەى ژناندا جگە لە سەندنەوەى مافێکى سەرەتایی ژن وەک هەر مرۆڤێک کە: (مافى خۆیەتى چێژ لە بەکاربردنى ئەندامەکانى جەستەى وەربگرێ). لە هەمانکاتدا زەرەر و زیانێکى گەورەى مانەوەى لضرر المعنویة) چ بۆ خودى خەتەنەکراوەکە چ بۆ خێزانەکەى و دەوروبەرى لێدەکەوێتەوە، ئەمە ئەگەر لە رووى تەندروستى و دەروونیەوە وەرمانگرتبێ، ئەى باشە ئایین وەک دەبیستیتن بۆ خۆشگوزەرانى مرۆڤەکان هاتووە چۆن بڕیار لەسەر ئەتککردنى خودى مرۆڤەکان دەدا لەهەمانکاتدا؟


بۆیە لە رووى ئاینیەوە بە راى من ئەگەر خەتەنەکردن ئەرک (واجب) یان سونەت (مندوب - مستحب) بووایە، ئەوا هەرنا لە(سورە النساء) یان یەکێک لە ئایتەکانى ئەم سورەتە، یان لە ئاینەکانى دیکە (جولەکە، کریستیان) ئاماژەى بۆ دەکرا، چونکە بەو پێیەى پیاوانى ئایینى لە ئاینى ئیسلامدا (قورئان) بە رێبەرى ژیان و بۆ هەموو سەردەمێک و بە پێى دەمەکان تەفسیر دەکرێ، دادەنێن، ئەوا بە پێچەوانەوە نەک هەر تەنیا دەقێکى راستەوخۆى کتێبى قورئانمان لەم بارەوە نەبینى، بەڵکو ئەگەر حوکمەکانى کتێبى ناوبراو لە هەندێک شوێندا وەربگرین، دەبینین رێک دژە لەگەڵ ئەم ئەتککردنەى مەخلوقەکان. وەک لە سورەتى (البقرة) ئایەتى (195) دا هاتووە: {ولاتلقوا بایدیکم الى التهلکة*}. واتە : بە دەستى خۆتان خۆتان مەخەنە پشێوییه‌وە، کەواتە رێک بەرامبەر بە خەتەنەکردن دەوەستێتەوە، ئێمە دەپرسین ئەى بۆچى یەکێتى زانایان کە ئێستا نوێنەرى دەنگى سەرجەم پیاوانى ئایینی ئیسلامە لە کوردستان، نەیویست خەتەنەکردن بە شێوەیەکى راستەوخۆ و بەیەکجاریی قەدەغە بکا؟


یان {لقد خلقنا الانسان فى احسن تقویم} واتە: بە جوانترین شێوە و شێواز مرۆڤەکانمان دروست کردووە. یان {واراد له ان یبقى محافظا على هذه الفطرة اڵذى فطره‌ علیها ونهاه عن اى تبدیل الخلق الله وبین له ان تغییر خلق الله رجس من عمل الشیطان، لعنیان**. (لەسەر زوبانى پەیامبەرى ئیسلامەوە، یان (لا ضرر ولا ضرار). بۆیە بەم پێیە لە ئایینى ئیسلامدا، نابێ دەستکارى دروستکراوەکانى خاڵق بکرێ و پەیامبەری ئیسلامیش نەهى لە هەموو جۆرە دەستکاریکردنێک کردووە، ئەى بۆچى پیاوانى ئایینى و بگرە زۆربەیان فەرموودەیەکى پەیامبەرى ئیسلام بۆ رەواییدان بە خەتەنەکردنى مێینە، وەک بەهێزترین بەڵگە دەگێڕنەوە لەسەر زارى چەند کەسانێک، کە گوایە بە (ئوم عطیةراگەیاندووە: (اشمى ولاتنهکى، فانه اسرى للوجه، واحظی عند الزوج ***). واتە بۆ خەتەنکردنى ژنان لە سەرەوە بیقرتێنەو لە بنڕا لێیمەکەرەوە، ئەمەش لەبەر چاو جوانتر و بۆ مێرد باشترە...


لەم بارەیەوە (العراقى) لە (المغنى عن الاسفار) دا ئەم فەرموودەیە بە فەرموودەیەکى لاواز دادەنێ****. ناوبراو ئاماژە بە سەرچاوەى هاتنى فەرموودەکەش دەکا، گوایە لە لایەن حاکم و بەیهەقى و ئەبو داوودەوە بۆمان هاتووە ئەوانیش لە سەرچاوەیەکى لاوازەوە وەریانگرتووە*****. دیسانەوە (شمس الحق ئابادى) لە زارى ئەبو داوودەوە دەگێرێتەوە، وتەیەکى لاوازە، راویەکەشى : (محه‌مه‌د کوڕى حەسسانى کوفەیى)یە، کەپیاوێکى نەناسراوبووە و لە راستگۆییدا لاواز و درۆزن بووە******. (حافظ عبدالغنى) و زۆربەى فوقەهاى ئایینى ئیسلام گوتویانە، ناوبراو (4000) فەرموودەى بە ناوى پەیامبەرەوە دروستکردووە*******.


یان لە هەندێک شوێندا ئاماژە بە هەندێ فەرموودەى زۆر لاواز دەکەن وەک پێوانە و کێشانەکردنێک (قیاس) لە بابەتێکى دیکەوە بۆ ئەم بابەتە، کە ئەم جۆرە پێوانەکردنەش شتێکى نادروستە، وەک: (اذا التقى الختانان وجب الغسل********). ئەمە ماناى ئەوە نییه‌ کە پێویست بکا هەردوولا (ژن و پیاو) خەتەنە کرابن، لێرە مەبەست (مثنی - دووانە)کردنى شتەکانە هەروەک چۆن دەڵێن: (العمران) مەبەست لە دوو کەسە کەناویان (عومه‌ر)ه‌، یان (الزوجان) مەبەست لە ژن و مێردە، و بەم شێوەیە مەبەستەکە تەنها گەیاندنى چەندێتى شتەکانە لە رووى رێزمانییه‌وەیە نەک دەلالەتەکە.


من پێم وایە ئەگەر مەبەست چەسپاندنى نەریتێکى ئاوا ترسناک بووایە لە رووى ئایینیەوە، ئەوا لە سەنەدێکى یان ئایەتێکى راستەوخۆدا ئاماژەى بۆ دەکرا، یان خودى پەیامبەرى ئیسلام کچ و ژنەکانى خۆى خەتەنە دەکرد، کە دیارە بە پێى زۆرینەى بەڵگەکان، هیچ یەک لە ژنەکانى و کچەکانى خەتەنە نەکراون *********.


بۆیە بە پێى هەندێک لە سەرچاوە ئاینیەکان، گوایە ئەم جۆرە نەریتانە لە کاروبارى (دونیەوی)ن و پەیوەندییان بە بیر و باوەڕەوە (العبادات و العقیدة)وە نیە، بۆیە پەیامبەرى ئیسلام دواى ئەنجامدانى هەڵەیەک لە بوارى کشتوکاڵ و بەروبومى خورماوە، لەکاروبارى دونیاییدا ئینسانەکانى سەرپشک کردووە: {انتم اعلم بشون دنیاکم}**********.
ەڕاى من لە برى چەمکى خەتەنەکردن چەمکى (شێواندنى ئەندامى زاوزێى مێینە***********).دروستتر و هاوڕێکترە لەگەڵ ئەم جۆرە ئەتککردنەى ڕەگەزى مێینە، پەیوەندییمان بەوە نییه‌ کە هاوهەڵوێستە لەگەڵ ئەو دەقە قورئانیانەى پێشتر باسکرا، بەلام ئایا بە راستى رێکخراوى ناوبراو هەر بە رێکه‌وت بووە یان ئاگادارە لەم دەقە ئەم چەمکەى بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژاردووە؟ نازانم...

بۆیە لێرەدا بەلامەوە گرنگە چەند گریمانەیەک بخەمەڕوو:

1- هەموو (رأى جمعاء فقهاء الاسلام) پیاوانى ئایینى ئیسلام رایان وایە: کە ڕێگه‌ دراوە بە لابردنى هەندێک مووى زیادە یان پێستى بێکەڵک، کە مانەوەیان زیان دەگەیەنێ و مرۆڤەکان پیس و ناشیرین دەکا وەک بڕینى پارچەیەک پێستى سەرى ئەندامى زاوزێى نێرینە کە (القلفة)ى پێدەلێن (قلفة البظر)، کە لەوانەیە مانەوەى ئەم جۆرە زیادانە پێگەى پیسى و میکرۆب بێ، وەک میز و هەوکردن و بۆگەنبوونى پاشماوەى میز و ئارەقکردنەوە...، یان کورتکردنەوە و بڕینى سمێڵ، لەوانەیە بکەوێتە ناو خواردن و خواردنەوەوە و پیسیان بکا و دەوروبەر و خێزانەکەى لەسەر خوان بێزیان ببێتەوە.. جگە لە تراشینى مووى بەر و ژێر هەنگڵ کە بۆنى ناخۆش دروست دەکەن، بە هۆى زیاد بوون و ئارەقکردنەوەى زۆرەوە، یان نینۆک کردن، کە وەک دیارە هەمیشە ژێریان پێگەى میکرۆب و ڤایرۆسە زیان بە تەندروستى ئینسان دەگەیەنێ، بەڵام هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ پیاو چونکە ئەگەر مەبەست لە ژنانیش بووایە راستەوخۆ ئاماژەى پێدەکرا وەک: (وجوب الاختتان لکلا الجنسین*************) ئیتر بەم شیوەیە...


2- لەو سەردەمانەى سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیەدا بارى کۆمەڵایەتى تاکەکانى کۆمەڵگه‌کان و ناوچەکانى سەرهەڵدان نالەبار بوو، بە شێوەیەک ئاستى مەعریفى و تێگەیشتنى تاکەکان وەکو پێویست نەبوو، لە بارەى مەسەلە هەرە گرنگەکانى پەیوەست بە ژیانى ئەوساى مرۆڤەکان، نەخوێندەواریی بە شێوەیەکى بەربڵاو باڵى بەسەر کۆمەڵگه‌کاندا کێشابوو، بە تایبەت نیمچە دوورگەى عەرەب و ئەفەریقا، لەو سەردەمى نەزانینەدا رایان وابووە ژن لە پیاو ئاڵووشیترە و ناتوانێ ئارەزووى سێکسى خۆى کۆنترۆڵ بکا، بۆیە لەوانەیە بۆ دامرکاندنەوەى ئەم حەزە ئاڵووشیەى خۆى پەنا بۆ هەرپیاوێک بەرێ و رێى پێبگرێ. بەمەش سەرشۆڕیی بۆ خاوەنەکەى**************. یان خانەوادەکەى جێدەهێڵێ. بۆیە بۆجئەم مەبەستە پەنا بردرایە بەر بڕینى ئەندامە هەستیارە دەرەکییه‌کانى مێینە بێ ویستى خودى ژن خۆى، بگرە تا بە زۆرەملێش. هۆکارەکانى نیشتەجێبوون لە پارچە زەویەکى جوگرافى دیاریکراودا، بە ئاسانیی فەراهەم نەدەبوو، بۆیە بەردەوام خێڵان لە کۆچ و رەو دابوون و کەشى گەرما و خواردنى زۆر وزەبەخشى وەک خورما، خۆراکى سەرەکى ئەو خێڵانە بوو لە بیابانە گەرمەکاندا، حەتمەن لە ژینگەیەکى وشک و بێ ئاوى گەرمى زۆر سەرەتاییدا، مرۆڤەکانیش وەک ئاژەڵ بە شوێن بەدیلدا گەڕاون، ئەمەش راستیەکى مێژوویى و زانستیە، بە لێکدانەوەى ئەوان پێڕەوکردنى ئەم نەرێتە بەشێکى گەورەیە لە چارەسەر و بگرە چارەسەرێکى گونجاویشە، هەتا بەم شێوەیەش ساردیی لە سێکسدا (البرودة الجنسیة) لە ژناندا هەبووایە، پیاو بە خاوەندارێتى کردنى رێژەیەکى زۆرى ژنان (کە هەندێک لە پیاوان دەگەیشتە چەندین ژن و چەند سەد کەنیزەکێکیش) چارەسەرى ئەکرد، چونکە دەیتوانى بەم شێوەیە لە سێکس تێرببێ و چێژ لە زۆرترین ژن وەربگرێ...، بێ ترس سەفەر بکا یان بۆ قووتى ژیانى بچێتە دەرەوە و سەرى ئاسوودەتر بێ... (ئەمە بیرکردنەوە نامرۆڤانەکەى ئەوان بوو) کە بە داخەوە بیرکردنەوەیەکى ناتەندروستە، چونکە بەپێى پێوەرە نێو دەوڵەتییه‌کان دەرکەوتووە زۆربەى ئەوانەى کارى سێکسى و لەشفرۆشى دەکەن خەتەنەکراون بۆ مەسەلەى جوانتر خۆپیشاندان بە کڕیارانى سێکس لە جیهاندا، چونکە کۆمپانیاکانى بازرگانیکردن بە مێینە، لایانوایە جوانى ئەندامى دەرەکى زاوزێى مێینە لە خەتەنەکردندایە.

3- زانایان دەڵێن حەزرەتى ئیبراهیم یەکەم کەس بووە خەتەنەکراوە بۆیە سەرجەم پەیامبەرانیش لەسەرى رۆیشتوون دەکرێ ئەمە پەیڕەوەى پەیامبەران بێ یەک لەوانە (ابن عبدالبر) بەڵام ئینکارى لە خەتەنەکردنى مێینە دەکا و تەنها بە نەرێتى دادەنێ، بۆیە بە راى هەندێک لە پیاوانى ئایینى ئیسلام، لەو شوێنەى جه‌خت لە خەتەنەکردنى پیاوان و پەیامبەران کراوه‌ته‌وه‌، هەر لەو جێیەدا ئینکارى لە خەتەنەکردنى ژنان کراوە (دیارە مەبەست لە ئیمام ''عبدالبر''ە).


________________________________
* (محمد لطفی الصباغ)، (الحکم الشرعى فى ختان الذکور والاناث، جامعە ریاض).

** هەمان سەرچاوە.

*** (رواه ابو داود، 4/497 رقم 5271 بالاسناد الاتى: سلیمان بن عبدالرحمن الدمشقى، و عبدالوهاب بن عبدالرحیم الاشجعى،کلاهمان عن مروان بن معاویە، عن محمد بن حسان الکوفى عن عبدالملک بن عمیر، عن ام عطیة الانصاریة).

**** (العراقى، المغنى عن الاسفار، 1/148).

***** هەمان سەرچاوە.

****** (سنن ابى داود:4/497برقم 5271).

******* (خالید ئەلمونتەسیر)، خەتەنەکردنى کچان، و: هیوا ساڵح ئەحمەد، چاپى یەکەم، کوردستان، سلێمانى 2010.

******** هەمان سەرچاوە.

********* هەمان سەرچاوە.

********** لە مەسەلەى (تلقیح)و موتوربەکردنى دارخومادا قسەى کردبوو، کە گوایە نابێ دارخورما موتوربە بکرێ (حەرامە)، دواتر بۆ ئەوساڵ خورما وشکى کردبوو، بۆیە گوتى ئێوە زاناترن بە کاروبارى ژیانتانەوە چۆنتان پێ باشە وا بکەن، ئیدى خەڵکە دارى خورمایان موتوربەکرد.

************ (محمد لطفی)، سەرچاوەى پێشوو.

************* بڕوانە: رێکخراوى ئامنیستى جیهانى، ویکبیدیا (الموسوعە الحرة)، ئینتەرنێت www.wikpedya.ne    *************** راى تایبەتى خۆمە.

**************** ئەوکات ژنیش هەروەک ماڵات و کاڵا خاوەنى خۆى هەبوو و خاوەندارى دەکرا، بۆیە لێرەدا ئەم چەمکەم بەکاربردووە.

****** گوایە جوان دەبێ یان پاک دەبێ بۆ مەسەلەى پاکیی، لێکۆڵینەوەکانى زانستى پزیشکى دەریانخستووە کە بەهۆى مانەوەى میتکە، بە تەواویی ژن لەو میزەى بە لەشیدا دواى دەرهاویشتن دووردەکەوێتەوە لە جەستەى گەر میتکە نەما ئەوا ئەو چۆڕە میزەى دواى دەرهاویشتن بە لەشیدا دێتە خوارەوە بەملاو بەولایدا بڵاودەبێتەوەو بەم شێوەیە ژن بۆنى پاشماوەى دەرهاویشتن(میز)ى لێدێ...، تا زۆربەى ئاینەکانیش جه‌خت لەوە دەکەنەوە.

 

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک