١١\٥\٢٠١١
خەتەنەکردنى
مێینە.

ناڵه عهبدولڕهحمان
-
بەشى شەشەم و کۆتایى -
سەرەنجام:
لە رووى یاساییەوە:
بە داخەوە خاوەن یاسایەکى ئەوتۆ نین، کە ئەگەر راستەوخۆش نەبێ
ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە قەدەغەکردنى دیاردهی خەتەنەکردنى مێینە بکا...،
بە داخەوە ئەوەندەى لە ناو ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان بهدواداگهڕانم
کرد، کەچى هیچ پرۆژەیەک یان شتێکى لەو بارەیەوەم بۆ داهاتووش نەبینی،
لەمەوە دەردەکەوێ، دەسەڵات بە شێوەیەکى راستەوخۆ کاریگەرە بە گوتاری
ئایدۆلۆژیی و بەوپەڕى تێنەگەیشتنەوە کار لەسەر زەقکردنەوەى
پیرۆزییهکان دەکا و یاسا و رێنماییەکان بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە لە
رووى هێزى بڕیارەوە بوونێکى سەربەخۆیان هەبێ، کە لەبەر کۆمەلێک
بەرژەوەندیی قێزەون، یەک لەمانە (دەستگرتن بە کورسى دەسەڵاتەوە)
کاریگەربێ بە گوتاری دووفاقییهکی کارەسات ئامێزەوە، ئەوهش کارەساتێکى
گەورەیە بۆهەر ولاتێک کە وادەکا بە چەند ئاراستەیەکى جیاوازدا
پەرشوبڵاو بێتەوە و فریاى بنیاتنانى ژێرخان و سەرخان نەکەوێ.. یان
سیستەمى حوکم نەتوانێ سەربەخۆیی خۆى لە دهستتێوهردانی دامودەزگا
حیزبییهکان بپارێزێ، یاوخود ئەوەى لە دەستوورەکەوە دووفاقییهکى زەق
بە تەواویی بە شێوەیەکى زۆر روون و ئاشکرا هەستى پێدەکرێ، وەک ئەوەى لە
بڕگەیەکدا: ئاماژە بە سیستەمى فەرمانڕەوایى دەکا: کە سیستەمێکى تەواو
دیموکراسى دەبێت، لە شوێنێکى تردا ئاماژە بەوە دەکا: هەر حوکم و
یاسایەک لەگەل َ ئایینى ئیسلامدا نەگونجێت یان پێچەوانەى بێت، کارى پێ
ناکرێت(باطل) دەبێ...
بە داخەوە دواى ئەوەى وڵاتى مەڵبەندى سەرهەڵدانى ئەم دیاردە قێزەونە،
بەوپەڕى راشکاوییەوە، پاش لەدەستدانى کیژۆڵەیەکى تەمەن یازده ساڵە لە
میسر، ئیدى پراکتیزەکردنى ئەم دیاردەیەى قەدەغەکرد، شێخى ئەزهەر و
یاساى تەجریمى ئەم دیاردەیەش راستەوخۆ لە لایەن وەزارەتى پەروەردە و
خێزانى میسرەوە دەرچوو، بە هەمان شێوە لە تونس و زۆربەى وڵاتانى
رۆژهەلاتى ناوەڕاست...، کەچى لاى ئێمە رۆژانە چەندین کچ و ژن دەبنە
قوربانى، بگرە هەندێکیان لە ناوچە و گوندە دوورە دەستەکان تەنانەت
ناخرێنە لیستى ئامارەکانیشەوە و لایەنى پهیوەندیداریش پێى نازانێ، یان
بگرە تا ئێستا لایەنى بەرپرس لەم بارەیەوە نازانرێ کێیە، یان
لەداهاتوودا کێ دەبی؟ لێ داخە گرانەکە ئەوەیە، نەتەوەیەک کە هیچ
پێوەندیەکى راستەوخۆى بە کلتوورى ئەفریقاوە نەبووە و نییه مەگەر لە
ڕێگەى وەرگرتن (استنباط)ێکى ناڕاستەوخۆوە نەبێ، لە کلتوورى بیانییهوە
ئەویش رێک دواى هاتنى ئاینى عەرەب بۆ نێو کۆمەڵگهى کوردى، لە رێگەى
تێگەیشنێکى هەڵە و نادروستەوە، هەم خودى نەتەوەى عەرەب لەوەى کە
خەتەنەکردن رێوڕەسمێکى پیرۆزى ئاینى عەرەب بێت، کە بە داخەوە کاتێک
کورد ئاینى عەرەبى قهبوڵکرد، هەرتەنیا ئاینەکەى وەرنەگرت بەڵکو بگرە
هەموو کلتوورە خێڵەکییە عەرەبییەکەشى وەک خۆى وەرگرت و بە شێوەیەک کە
بینراوە لە ساڵانى رابردوودا بە هۆى نزمیی ئاستى تێگەیشتنى گشتى لە
کوردستان، زۆر بە چڕوپڕتر لەوەى لە کۆمەڵگاى عەرەبیدا هەیە،
پەیڕەوکراوە و و بە بەشێک لە پیرۆزیی ئاینەکە تێیگەیشتوون و بگرە بە
کارێک و رێوڕەسمێکى رەوشتى و رەواپێدراو و پیرۆز دایانناوە.
بە هەرحاڵ، لە وارى مەسەلەکانى ژنانەوە پەرلەمانى کوردستان و بە تایبەت
لیژنەى تایبەت بە مافەکانى ژن، هیچ هەنگاوێکى پۆزەتیڤانەى لەم بارەیەوە
نەهاویشتوە، کە ئەمەش جێگهى داخێکى گەورەیە، دیارە پەرلەمان کە
ناوەندى بڕیارەکانە کەچى خۆى لە ئاستى ئەوەدا نابینێ دەست بۆ هەندێک بە
حیساب موقەدەساتى کۆمەڵگه ببا، (کە لە بنەماوە وا نییه)، ئێستا بە
تەواویی لە رێگەى ئەم لێکۆڵینەوەیەوە بە پشتبهستن بە سەرچاوە مێژوویى
و ئایدۆلۆژییهکانەوە، بە تەواویی روون بۆوه کە هەرگیز نەتەوەى کورد
خاوەنى ئەم چەشنە کلتوورە دواکەوتووە نەبووە و لە هەمان کاتیشدا بگرە
راستەوخۆش لە کتێبە پیرۆزەکاندا رەوایى نەدراوە بەم جۆرە ئەتککردنەى
مێینە، ئەگەرچى لە زۆر جێگه و لە زۆر کۆمەڵگهدا پیاوانى ئایینى ئەم
مەسەلەیان بۆ خزمەتى مەرامەکانى گوتاری نێرسالاریی وهەندێک بەرژەوەندیی
پاشکەوتووانەى قێزەون لەژێر هەندێک بیانووی نابهجێی دوور لە عەقڵ و
لۆژیک قۆستۆتەوە، لە کتێبى ئایدۆلۆژیاکاندا ماف و ئازادییهکاندا بە
گشتى جیاوازییهکى زۆریان بەرامبەر بە ڕەگەزەکان تێدایە، بە رادەیەک
ڕەگەزى نێرینە ماف و ئازادییهکانى دوو هێندەى مێینەیە...
دەبینین پێشتریش بە پشتبهستن بە هەندێک سەرچاوەى ئایینى و زاڵبوونى
دەنگى پیاوسالاریی و بگرە دەنگى ژنانى پاشکۆى گوتارى پیاوسالاریی،
پەرلەمانى کوردستان نەیتوانى دواى چەندین دانیشتن و گفتوگۆ، وەک پێویست
مەسەلەى تایبەت بە فرەژنیی، لە یاساى بارى کەسیى (قانون الاحوال
الشخصیة) بە شێوەیەکى پۆزەتیڤ هەمواربکا، لەو هەموارکردنەشدا راستەوخۆ
قەدەغەى بکا...
گوتمان لەوێدا دەقێکى ئاینیی هەبوو، بەڵام خۆ هەر لەوێشدا لە هەمان
جێدا دواجار ئەوە بەرچاو دەکەوێ: (ان تعدلوا...).
لەمەشەوە پرسیارى ئەوە سەرهەڵدەدا: کە ئایا پیاو دەتوانێ بە تەواویی بە
پێى پێوەرى عەدالەت دادپەروەریی پەیڕەو بکا؟ ئەمە تهنیا لە کاتێکا
ئەگەر خاوەن توانستى ماددى بەرزبوو، ئەوە تهنیا لە رووى مادییه
رووتەکەوە لەوانەیە بتوانێ تا رادەیەک دادپەروەربێ، بەڵام لە رووى سۆز
و خۆشەویستییهوە (معنوى)، مەحاڵە بتوانێ دادپەروەریی تەواو رەها
پەیڕەو بکا.. کە ئەمەش پێوەرێکى ناوەکیى (باطنی بحت)ە، و پەیوەندى هەیە
بە خودى دەروونى پیاوەکەوە، بێگومان ئەمەش بە ئاسانیی ئاشکرا ناکرێ...
لە کاتێکدا تهنیا ئەگەر خودى ژنەکە خۆى، لە رێگەى هەڵسوکەوتى
مێردەکەیەوە بتوانێ هەست بە جیاوازیی یان لاسەنگى دادپەروەرییهکە
بکا...ئەمەش کەى؟ بێگومان دواى ئەوەى وەک دەڵێن کارلە کار ترازا و
کۆمەلێک پهیوەندى(ربط) دروست بوون، وەک هاتنە دنیاى منداڵ و
دروستبوونی هەستى دایکایەتى...، دواتریش لەبەر گوتارانێکى خێڵەکیی وەک
: عەیبە و شەرمە و تازە ئەوە قەدەرە و ئەبى لەگەلى رێبکەین
و...ناتوانرێ کێشەکان چارەسەر بکرێ و بگەڕێنرێتەوە دۆخى جارانى خۆى، کە
لە هەموو حاڵەتەکانیشدا هەر ژن دەبێتە قوربانى راستەوخۆى پلە یەک.
بۆیە دواجار هیوادارم پەرلەمانى کوردستان و لیژنەى پهیوەندیدار بەم
مەسەلەیەوە، هەوڵى جیددى بدا لەپێناو بنبڕکردنى ئەم دیاردەیە و تەنانەت
پێڕەوکارانى ئەم دیاردەیە ناشارستانییهش، لەم سەردەمى جیهانگیریی و
شارستانییه بە سزاى توند بگەیەنێ، بەڵکو ئەم دیاردەیە بە روونیی بە
تاوان (تجریم) بکا...، چونکە ئەم جۆرە ئەتککردنەش هیچ جیاوازییهکى
نییه لە کارى تاوانیى لێکردنەوە و بڕینى ئەندامێکى زۆر سەرەکى و گرنگى
مرۆڤ، هەروەک لە لێکۆلینەوەکەماندا لە رووى زانستى تەندروستى مرۆییەوە،
دەرکەوت لێکردنەوە بڕینى (clirotice) رێک
بەرامبەر ئەندامى دەرەکى زاوزێى نێرینەیە، یان ریک وەک ئەوە وایە
دەستێک یان چاو یان قاچێکى مرۆڤێک بێ ویستى خۆى و بێ هیچ هۆیەک و
ببڕدرێ... تەنانەت پێویستە پەرلەمانى کوردستان هەوڵى ئەوە بدا یەکێتى
زانایانی ئاینیش بە روونى و راشکاویەوە پێڕەوکردنى ئەم دیاردەیە لە
فەتوایەکى نوێدا قەدەغە بکەن، کە خۆى لە بنچینهدا لە رووى یاساییەوە
پێویست بەمە ناکا، بەڵام دەبینین بەشى زۆرینەى خەڵک دەتوانم بڵێم
رێژەیەکى زۆر کەم نەبێ، کاریگەرن بە گوتارى ئایدۆلۆژیی و دینییهوە.
گومانى تێدا نییه ئهو جۆرە ئەتککردنە، بە پێى هەموو پێوەرەکان چ
پێوەرى شڕۆڤەکردن و لێکدانەوەى تاوانکاریى(تاوانناسى) و چ بە پێى
پێوەرى کۆمەڵگهى مرۆڤدۆستیی، تاوانێکى سەربەخۆ و سەلمێنراوى
بەڵگەنەویستە...بۆیە دەبێ دامودەزگاى سیاسى و جڤاکى کۆمەڵگهى کوردیش
هەوڵى خێرا و جیددى بدات بۆ بە تاوان ناساندنى ئهو جۆرە ئەتککردنەى
دەرهەق بە مافێکى رەواى مێینە(ژنان و کچان) دهکرێ.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|