١٨\٥\٢٠١١
زگورتى.*

ناڵه عهبدولڕهحمان
- بهشی یهکهم -
لە گقتوگۆى نێوان دایک و باوکمەوە دەمێک بوو زۆر گوێم لە وشەى زگورتى
دەبوو، تەنانەت ماوەیەک بە بێ بڕانەوە...باس باسى هاتنى زگورتى بوو،
نەمدەزانى زگورتى چین و چ جۆرە سیمایەکیان هەیە و خەڵکى چ ناوچەیەکن
لەسەر گۆى زەوی، دڕندەن یان میهرەبان؟ جوانن یان دزێو؟
بەیانیان لەسەر خوانى بەرچایی، نیوەڕۆیان لەسەرفراڤین، ئێوارانیش لەسەر
خوانى ئێوارە و تێشت:
لەمەولا ئەو ئازادییەى ئێستاتان چیتر نامێنێ، کە ئەم نهۆمە بەس بۆ ئێوە
بێ، بەڵکو دەبێ باشتر وریاى خۆتان بن، زگورتى دێن بۆ ئێرە و دەبنە
دراوسێمان، هەرچەندە ئێمە وەکى هاوسێ بە گشتى رازى نەبووین لەسەر
هاتنیان بۆ ئێرە، بەڵام خاوەنى ئەپارتمانەکە دوکتۆر عەبدول: موڵک موڵکى
خۆمە دەیدەم بەکێ ئارەزووى خۆمە و کەس بۆى نییە تانە لە بڕیارم بگرێ،
حەزدەکەى دەیدەم بە کەر...
باوکم بە داخێکی زۆرهوه ئەم قسانەى خاوەن موڵکى ئاپارتمانە سێ
نهۆمییە جەنجاڵەکەى گەڕەکە میللییەکەى شارى دەگێرایەوە... ئەوکات تازە
خانویەکمان فرۆشتبوو، باوکم چاوەڕێیدەکرد بە پارەکەى خانوێکى شیاو
بدۆزێتەوە بۆ خۆمان و یەکێکیشیان بۆ مامەڵەپێکردن، ماوەیەک لەوێ لەو
ئەپارتمانە سەیر و پڕ یادگارە خۆمان مەڵاس دا، نهۆمى خوارەوەى
ئاپارتمانەکە سێنتەرى جوداکردنەوە و دابەشکردنى رۆژنامەیەکى حیزبى بوو
بەسەر پۆستەچیانى پایسکل سوار، کە تا ئەوکات هەر 1- 2 ڕۆژنامەیێک
هەبوون مرۆڤ هەواڵى تا رادەیەک تازەیان لێ ببیستێ و بزانێ ئەو دوو
حیزبە دەسەڵاتدارە بە نیازى چین؟
جارێ ماوەیەک مابوو بۆ هەڵگیرسانى شەڕى خوێناوىی براکوژیی و
ڕاوەدوونانى یەکترى لە شارەکە و بە پێچەوانەوەش لە شارانى دیکە، تا ئەو
کات ئێمە و دراوسێکان سەروکارمان لەگەڵ مەسەلەکانى پێوەست بە
حیزبایەتییەوە نەبوو، کێشەى سەرەکیى دراوسێیانى ئەو ئاپارتمانە ئەوەبوو،
زگورتى بۆ دێنە هاوسێیەتیمانەوە؟ لەوانەشە بۆ ماوەى چوار ساڵانیش
بمێننەوە!
لە نهۆمى دووەم ماڵى ژن و مێردێکى فەرمانبەرى حکومى لێ بوو، زۆر کەم لە
بەردەرگه و لە سەر ڕێگهش دەبینران، هەر لە هەمان نهۆم و رێک بە
تەنیشتیانەوە، ماڵى پیاوێکى تەنیا و پەژموردەى لێ بوو، خەڵکى حیکایەتى
سەیر سەیریان لە بارەیەوە دەگێڕایەوە.
مام قاسم تەمەنی نزیکى 60 بۆ 65ساڵانێک دەبوو، زۆر لەمێژبوو بە هۆى
ئاللودهبوونیەوە بە خواردنەوە کحولییەکان لە ژنە مامۆستاکەى قۆناغى
سەرەتایى جیابووبوویەوە، بە تەنیا لەو ماڵە پڕ مێژووە بێ سەلواکەى خۆى
دوور لە دەیدەنى کوڕ و کچەکانى کەوتبوو...، شەوانە جار جار گوێمان لە
دەنگى گۆرانى و شادییەکى بێ وێنەى مام قاسم و پیرەمێردانى هاوەڵى دەبوو،
من بە تاسەوە لە کونجێکى ژوورى دانیشتنەکەمانەوە، گوێم بۆ ئازارەکانیان
هەڵدەخست، وەکى ئەوەى خەڵکى باسیاندەکردن هەر هەموویان پیاوى سەرگەردان
و پڕ زانیارىی و بە ئەزموون بوون، کە مەست دەبوون بێ پشو گۆرانیان
دەگوت و دەگریان، گۆرانیان دەگوت و دەیاندایە قاقاى پێکەنین، گۆرانیان
دەگوت و ماوەیەکى باش بێدەنگ دەبوون...، لە کاتى ئاساییدا زۆر بە
نەرمیى و لەسەرەخۆ مام قاسم سڵاو و حاڵپرسینەکانى خەڵکى بە قەد پێویست
زیاترنا، وەڵام دەدایەوە، بۆ هەموو کەسێک سەرى رێزى دادەنەواند، بە
رادەیەک ئەوەتە مابوو خەجاڵەتى بکات و کابراش بیرى بچێ ئەمە هەمان ئەو
مام قاسمەیە شەوانە مەست دەبێ و بە دەنگێگى بەرزەوە کە لە هەموو
نهۆمەکانى ئەپارتمانەکە سەدا دەداتەوە گۆرانى دەچڕێ...
منى منداڵ، زۆرم حەز دەکرد بزانم، چ نهێنیێک لە پشتى دەرگهکەى ماڵى
مام قاسمى بێباکەوە خۆى حەشارداوە، لێ لە هەمان کاتیشدا نەدەوێرام
دەرگه هەمیشە کەمێک کراوەکەى، بە پلێکى نەرم، بخەمە سەر گازى پشت و
تۆزێک لە ناوەڕۆکى ئەو ماڵە چۆڵ و تەنیایە تێبگەم، کە لە روخساریەوە
زۆر ئەستەم بوو هەموو شتێک بە ئاسانیى بخوێندرێتەوە، لێ هەمیشە ئەز ئەو
ترسەى گفتوگۆ گەرمەکانى نێوان دایک و باوکمم بیرنەدەچۆوه...
دواى ئەو ئێوارەیەى بە ترس و هەڵەشەیەکەوە وێرام لە پەنایەکى پەردەى
پەنجەرەى سەر ڕێگهى پێپلیکانەکاندا بزانم زگورتى کێن؟ کە هەمیشە ببووه
بابەتى ئەو ماوە دوورو درێژەى گفتوگۆى نێوان دایک و باوکم و ناڕەزایی
دراوسێکان؟؟؟؟ وێراشم بۆ یەکەمین جار سەیرى ژوورەوەى ماڵى مام قاسمیش
بکەم، ئاى چ هەرا و تێکچڕژانێکى ناو کەلوپەلەکانى و جل و جگەرە و بوتڵى
شووشەى شەڕابى هەرزانبەها و شکانى شووشەکان و بهرداخى بەڵغگرتووى
زەردهەڵگەڕاو و میوەى بۆگهنی و کەرەوێتەى شکاو و ساردکەرەوەیەکى بچووک
و تەلەفزیۆنێکى رەش و سپى قەبارە بچووک و جگەرەى زۆرى کێشراوم لە
تەپڵەکى جگەرە کۆنەکاندا بینى، پیاوێکى وەهام هاتە بەرچاو، هەرگیز بۆ
رۆژێک لە ژیانى وابەستە نەبووە بە جوانییەکانى ئەم دونیایەوە و بێباک
ملى داوەتە سەفەرە دوور و درێژەکەى ئەگەر لە هەر چرکهیەک دەستپێبکا،
بە شانازییەوە بێ خهم هاوشانى دەڕوا...، نانا کێ ناڵێ خەمى جوانییەکان
چارەنووسى ئەو و هاوەڵەکانیشى بەو ڕۆژە نەگەیاندووە؟ کێ دەزانێ...؟
ئێوارەیەک زگورتییەکان هاتن بۆ سەیرکردنى خانووە کرێگرتەکەیان...، منیش
هەمیشە ئەوکاتانەى دایک و باوکم لە ماڵ نەدەبوون، دەبووا زۆر بە باشى
بۆ هەر خشپەیەک گوێم قوڵاغ بکردایە، تا ئاگادارى ماڵ و خوشک و برا
بچووکەکانم بم، کە تا ئەوکات دواى بارکردنى ماڵى ماردینى هاوڕێم، تۆزە
ناسیاریەکیان لەگەڵ ئێمەدا هەبوو، تەنیشمان هەر بە چۆڵیى مابۆوه...،
ماوەیەکیش بوو لە رووى (ئاسایش)هوه شار هێنده ئارام نەبوو، بەڵکو
هەروەکى نیمچە پێڕۆى یاساى دارستانى لێهاتبوو، حیزبییەکانى ناو حیزبە
دەسەڵاتدارەکان باش فەرمانیان دەڕۆیى و جێى خۆشى بە پتەویی دەگرت...
کەسیش نەیدەوێرا پێیان بێژێ: لەسەر چاوت دوو برۆ هەیە**.
کە بەسەر پێپلیکانەکانەوە سەرکەوتن، زگورتییەکان چوار کوڕى قۆز و رێک و
بە ئەدەب بوون، بە پێچەوانەى ئەو وێنە دزێو و ناشایستەیەى لە خەیاڵى
خۆمدا لەسەر ریتمى قسە دووبارە ترسێنەرەکانى دایک و باوکم وێنەم بۆ
کێشابوون... بە جۆرێک کە هەر لەگەڵ دەنگى پێى ئەواندا دەرگه و
پەنجەرەکانى ماڵەوەم کلۆمدان و بە شێوەیەک قایممکرد، تەنانەت لە کاتى
گەڕانەوەى دایک و باوکیشمدا بە ئەستەم بۆم کرانەوە...
ماوەیەک دواى هاتنى زگورتییەکان لە شارى ترەوە کە هەموو لە زانکۆ
دەیانخوێند، لە بەشەکانى: زمانى ئینگلیزى، یاسا، کوردى، مێژوو.
مام قاسم دەنگى نەما...، وەک ئەوەبوو ئەم ئەپارتمانە بە هاتنی کەسانى
نوێ بۆی، ئیدى کەسانى پڕ بیرەوەرییتر وەدەربنێ، یان هەر توانای هەبێ
ئەوەندە ئازار و تراژیدیایە هەڵگرێ کە لە توانایدا هەیە، ئیدى زێدەتر
جێى شوێنێکى دیکەیە... نەک ئەوێ.
بەڵێ لە کاتى بە ئاستەم پاڵنانم بە دەرگهى مام قاسم، و لە پەناى
پەردەوە روانینم بۆ روخسارى زگورتییەکان، و لەژێر چاوانەوە خێرایی
جووڵەى دەستى رۆژنامەفرۆشەکانى ژێرەوەى ئەپارتمانە جەنجاڵکەوە،
تێگەیشتم ئەوەى گەورەکان لە بارەى شتەکانەوە دەدوێن، بیر و بۆچوونى
سەردەمێکە پێوەستە بە خۆیانەوە، ئەوەى منیش دەبێ تەنیا بە خۆمەوە
پێوەست بێ...
__________________________________
*
رەبەن، کوڕى بێ هاوسەر، زگورتى زیاتر بۆ کوڕ بەکار دەبردرێ.
**
پەندێکى کوردییە.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|