١٩\١\٢٠١١
زنجیرە چیڕۆکى قۆناغى
منداڵیی:
مام سمایل.

ناڵە عەبدولڕەحمان
- بهشی
دووهم -
گوتم: مام سمایل
بارق یەعنى چى؟ ئەگەر بزانى ئەمن بارق بوویمە؟
هەرچەندە زۆریی ئەملا
و ئەولا
پێکردنى، جگەرەکەى بە لێوەکانى تەڕکردبوو،
لێ هێشتا نەکوژابۆوە و سۆتەکى لێدەتکا، بە
بۆڵەبۆڵێکەوە، جگەرەکەى نێو دەمى
دەرهێنا، کە تا ئەو
کاتى بە ئاستەم لێیتێدەگەیشتم شتێک
لە گازاندە دەردەبڕێ، دووکەڵێکى
زۆری لە دەم و لووتیەوە دەرکرد، ئەوەندەى
لێوە نزیک بووم هەر هەموویم هەڵمژی، وەک نیوە گێژێکم لێ هات، گوتى:
هەستە بڕۆ لەپێش چاوم بزربە، ئەو پرسیارە لە
خۆت گەورەترى بکە. ئەمنیش بەدەم
حەپەساویی و راکردنەوە
هاوارم دەکرد ئەدى ئەتوو لە من گەورەترنى؟
هاوارى دەکرد، نەێیتەوە ئێرە جارەکى دى ها دەنا دەتکوژم، منیش لە
پەناى دەرگهوە لە
پێش خۆم دەمگوت: دیارە مام سمایلیش بارق بووە، بە
ئاوازێکى نزمەوە لە پێش خۆمم
دەگوتەوە: بارق، بارق هەى بارق، هەى بارق، بارق بارق،
گوتى: کچێ وسبە
عەیامان چوو، ئاورێکم دایەوە، دایکم بوو.
لەگەڵ مام سمایل زیاتر لە شەشەمین جارمان بوو، دەبوو بە دەمەقاڵێ
و شەڕمان، دەریدەکردم و ماوەیەک لە دوورى
دوکانە بچووک و سارد
و سڕەکەى ئەو بە غەریبییهکهوە
دادەنیشتم، وەک ئەوەى شتێکیان بە خورتى لێ
وەرگرتبم وابوو، ماوەیەکى زۆرى پێ نەدەچوو، ئەو خۆى بانگى دەکردمەوە
و دەستى بە سەرمدا
دێناو چەند شەکرۆکەیەکى رەنگاوڕەنگى پێدەدام،
بەخۆ گرانکردنێکەوە لێیم وەردەگرت، دیسانەوە دەچوومەوە
لاى دادەنیشتم...،
ئەو پیرە بەدبەختە دەیگوت: دەزانم ئەتوش هیچ لە خەمەکانم تێناگەى، بەس
مهیم ئەوەیە گوێم لێ دەگرى، عینسان ئەوەندەشى هەبى هەر
باشە، پاش کەمێکى دى: قەینا دەى گوێ مەدێ هەروادەبى، ئەدى ئەرێ
پرسیارت لە مارێ کرد بارق مەحناى چیە؟
گوتم: نا دەتخوا مام سمایل مەعناى چیە ئەتوو
پێم بلێ؟ گوتى ها... ئە... ئێستا پێت
دەرێم مەحناى چیە؟ دیارە ئەتوو
قەت فێرنابى ئاقربى؟
جگەرە داگیرساوەکەى دەستى کردە دەمیەوە و بە
بۆڵە بۆڵەوە، قژە سیس و خاوەکەى گرتمەوە و فڕێى دامەوە دەرێ...
هەرچەندە نەدەبا هەمان ئەو پرسیارەى لێ
بکەمەوە، کە پێشتریش بە
هۆیەوە مام سمایل و هەقایەتە بە
چێژەکانیم بۆ چەند کاتێکى کەم
(کە بۆ من یەکجار زۆر بوو) لە
دەست دابوو، بەڵام هەر کردم، بێ
ئەوەى هیچ مەبەستێکم لێى هەبووبێ یان شتێکى کەمیشى لێوە بزانم، تا
زێدەتر فێربم...!!
ماوەیەکى زۆرى پێ نەچوو، مام سمایلیش بە
دەردى ئێمە و کرێچى پێش خۆى، زەرەرى کرد
و ئیدى بۆ تاتایە دوکانەکەمان داخست، دەرگهیەکمان
لە دیوى ژوورەوە، لە ناو باغچەى ماڵەوە
بۆیکردەوە و دایکم کردى بە
مەنزڵگاى نانکردنى خۆى بە(سێل)*ى
غاز و پەلەمێزیش، چونکى ئەوکاتە غاز بەرەو کەمبوونەوە بوو، خەڵکى
پەلەمێزى نەوتییان بەکاردەبرد، لەوێ فەرشەیێکى گچکەى بۆدانابوم کە
لەپیاوە عەرەبانەگێڕەکەى شتومەکى نانکردن، دواى گریانێکى زۆر
بۆى کڕیم، هەموو کچانى هاوتەمەنى
کۆڵانەکەمان هەیانبوو، باسى نیوە نانى جوانى خۆیان و شانازیی
دایکەکانیان بە نانى جوانى کچەکانیان، بۆ
کردبووم...، منیش لەوێوە حەزم چووبووە ناندروستکردن و یاریکردن
بە ئاردى گەنمى قەندەهارى و فەرشەى لە گەچ
دروستکراوى بچووکى پێچکە دار لە قاڵبى (لەگەن)**،
هەر لەوێ فێرى نیمچە نان وەرگێڕانێک
و نیوە ئەنگوتک و نیوە نمەک دروستکردنێک بووم، کە
هەرگیز بە دڵى دایکم نەبوون ئەمە
جگە لەوەى بە هۆى ئەوەى نانى خۆمم
پێش داکم هەڵدەدایە سەر (سێر)ێ***
و روون و
شەکرم پێوەدەکرد و دەمگوت، بەخوا ئەمجارەیان
هەر بە گەرمیی
دەیخۆم، لە ناکاوێک بەرکەوتنى تیرۆگیکی
هەویراویی دایکم لە
جیهانی خەونەکانى دەکردم، ئەوم
بیردەکەوتەوە ئەو، کە ڕۆژانێک لێرە لە هەمان
جێ و مەنزڵگاى ناندروستکردنى دایکمدا، پیرێک هەقایەتى نەهامەتییهکانى
کوردبوونى خۆى و دواتر ئازارى بەتەمەنداچوون
و خەونە بەدینەهاتووەکانى گەنجێتیی خۆى و
پیرە نەتەوەکەى بۆ دەگێڕامەوە و دایکیشم ئەشکەنجەى ژنبوونى
خۆى.
ساڵان تێپەڕین... تەنها جارێک لە دوورەوە
مام سمایلم لەگەڵ ژنە هاوتەمەنەکەى، لە پێش
دەرگاى ماڵەکەیان بینى، بە جووتە وەک دوو
کۆترى دڵناسکى پیر، لەناو جیهانی دووکەڵى
جگەرەکانیان لێى دانیشتبوون، هەمان پرسیار بە
مەژیمدا خولایەوە، لێ هەر زوو، بەر
لەوەى شەقێکیدی مام سمایلم بەرکەوێ، یان
عەیەڕۆى ژنەکەى و لەڕوومەتدانی خۆى دەروونم
تێکبشکێنێ، خۆم لێى لادا و لە مێشکممدا
سڕیەوە، بەڵام وەڵامى ئەو پرسیارە یەقەى بەرنەدام و خۆى دەخزاندە
دەروونمەوە و دواى تێپەڕینى چەندین ساڵ ئەو وەسوەسە کوژراوەى جارانى
نێو مێشکم، رۆژێک
لە سەرەتاى خزانمە نێو
تەمەنى چارده
ساڵیی، شتێکى بۆ
رۆنکردمەوە کە هەرگیز پێشتر پێى ئاشنا نەببووم،
ئەوسا تا راددەیەک
تێگەیشتم باڵق بوون واتاى چیە؟ لێ بە تەواوى
نا...
ئەوسا ماڵى ئێمەش لەو گەڕەکەى مام سمایل و
دوکانى پێشووترى لێ بوو، بارى کردبوو.
ساڵێک لەبەر خوشکە لەخۆم بچووکترەکەم لە
خوێندن دوایانخستبووم و ئەویشیان بە
پێچەوانەوە چەند مانگێک گەورەتر کردبوو، تا
بە یەکەوە لە
هاتوچۆى رێگهى قوتابخانە، کە تا
راددەیەک لە
ماڵمانەوە دوور بوو، ئاگادارى یەکترى
بین، لە پۆلى یەکى ناوەندیدا بووم،
تەنها رۆژێک نەچوومە قوتابخانە، نامەى غەریبیی
و سڵاو و قسە و گاڵتهی
زۆرم لە لایەن هاوڕێیانى پۆلەکەمەوە، بە
راسپاردەى ئەو خوشکەمەوە بۆهات،
خوشکەکەم تەنیا بە لەیلاى گوتبوو بارى دەروونیی
من لە کونجى ماڵەوەدا چۆنە، لەیلاش پێى راگەیاندبوو
کە ئاسایی دەبێ ئەگەر بەیانى بچمە مەکتەب****
، هیچ پێویست بە ترس و
نیگەرانبوون ناکا.
من ئەگەرچى پێشتر گوێم لە ناوى باڵقبوون
ببوو، لێ هیچم لە
بارەیەوە نەدەزانى و تێنەدەگەیشتم کچ لەو
کاتەدا هەست بەچى دەکا و دەبێ چى بکا؟!
باڵق یان بارق لە وشەى (باڵخ*****)ى
تورکییهوە نزیک بوو بە
حوکمى ئەوەى لەسەر کێشى ئەو وشەیە بوو، هەر وامدەزانى شتێکە
نزیکە لەوى یان هەر ئەوە، بە
هۆى ئەوەیش خەڵکى ئەم شارە دێرینە خاوەن دیرۆکەش بووم، تورکمانییهکى
باشم دەزانى و کوردییهکەشم باش نەبوو،
باشیى مام سمایل بوو هەندێک وشەى زۆر
رەسەنى کوردەواریی
لێوە فێردەبووم، لە ماڵى ئێمەش کەس، نە
دایکم نە باوکم نەیاندەتوانى بە
زمانى کوردى قسەبکەن، تەنانەت باوکم******
(یادى بەخێر) هەتا ماڵاواییشى
لێکردین زمانى کوردى بە باشى فێرنەببوو،
داپیرەیشم******* هەرواتر.
سەرتان نەیەشێنم، سبهینهکی زوو بە
ژانێکى زۆر کە لە سکمەوە سەرچاوەى
گرتبوو تا پشت و رانەکانیشم لە
خەو رابووم، تەنانەت ئەو
سبهینهش نەمتوانى بەرچاییەکیش بخۆم یان
دەم و چاویش بشۆم...، دایکم دەستەکانى گرتم و تا بەردەم ئازووقەکانى
ناو چێشتخانەى بردم و داواى لێکردم بە بیسمیللاوە دەستەکانم لە هەموو
ئازووقەکانى ماڵێ وەردەم و تاوێ بە باوەڕەوە
دەستیان بە نێودا بگێڕم، بەشکو بەرەکەتیان
تێکەوێ...، من بەوپەڕى هەڵەشە و شەرم و
گومانەوە، هەرچى گوت وامکرد...، تا بۆماڵەوە،
بۆ برا و خوشکە بچووکەکانم باسى نەکا،
نەوەکا گاڵتەم پێ بکەن یان لاى دراوسێ و هاوڕێکانیان باس بکەن.
کە ئیدى لەمەودوا پێویست بوو مانگانە، (٢٠
- ٢٥)
رۆژ جارێک لە نێو
جلە کۆن و بچووکبووەکاندا، بە
دواى پەڕۆى کۆنى خاوێندا بگەڕێم و پاشان بە
دزییەوە لە گەرماوە تاریکەکە بیانشۆم
و لەپشت دەرگهى ژوورى ئازووقەدا، کە
پیاوەکانى ماڵەوە سەرى پێداناکەن، بە
چەند بزمارێکیان هەڵواسم تا ووشک دەبنەوە و دووبارە بۆ مانگێکى دیکە بە
خۆمەوەیان هەڵگرم، مام سمایلم بیرکەوتەوە، ناهەقى نەبوو، لەم
پرسیارە بێشەرمانەیەم خۆى دەدزیەوە...؟! ئاه... ئەمەیە باڵقبوون؟! ئاه...
ئەمەیە جودابوونهوه لە
منداڵیی و بێ ئیرادەى خۆت فڕێدرێیتە ناو
جیهانی گەوران...
ئاخ... کە
منداڵییم بۆ تاتایە لەدەستچوو...
ئاه...
____________________________________________
*
سێر، سێل، ساج.
**
لەگەن، تەشتى بچوک کە بۆ کارى بەردەست
بەکاردەهێنرێ وەک سەوزە و میوە ششتنەوە یان برنج و ساواربژارکردنى
پێش لێنان.
***
هەر هەمان سێل یان ساجە، بەڵام
خەڵکى لادێکانى دەوروبەرى شارى هەولێر لەباتى سێل یان ساج سێر
بەکاردێنن، کە نانى تیرى لەسەر دەبرژێنن، که پێشتر
بە (قشپل) یان (کا) گهرمیان دهکرد و پاشان
به یارمەتى پەلەمێزێزیک کە بە نەوت
کاردەکا، یان هەر سێل هەیە بە
غاز کاردەکا، ئێستاش
لە کوردستان بەکاریدێنن لە ماڵەکانیان.
****
مەکتەب، قوتابخانە (لە
هەولێر و دەوروبەرى واى پێدەڵین، کەچى خۆى
بە واتاى نووسینگە دێ).
*****
بە واتاى ماسى دێ لە
زمانى تورکى (Balik).
******
عەبدولڕەحمان (پاشا بەقاڵ)ى باوکم
(١\٧\١٩٣٩
- ٣\١١\٢٠٠٩)
هەولێر.
*******
داپیرەم حەجیە مەلیحە بەقاڵ
(١٩٠٣) هەولێر
(تەمەندرێژ بێ کە تا
ئێستاش لە ژیاندا ماوە
و دوایین وەچەى پیرى نەوەکەمانە، تەنانەت رووداوەکانى
جەنگى جیهانى یەکەمیشى زۆر بە باشى بیرماوە
و جارجارە داواى لێدەکەم بۆم بگێڕێتەوە، ئەو بە
میهرەبانییهوە بە کوردییهکى
پڕ پڕ لە تورکماننیی
دەکەوێتە گێڕانەوەى کاولکاریی و نەهامەتییهکانى
ئەو جەنگە) ئەز وەک گەنجینەیەکى زیندووى
مانەوى تەماشایدەکەم.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|