په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١١

زگورتى.


ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی دووه‌م -

 

ڕۆژگاران هاتن و تێپەڕین، یەک یەکى خوێندنکارە زگورتیەکانى زانکۆم لە نزیکەوە ناسى، هەریەک لەوان جیهانبینییەکى تایبەت بە خۆیان هەبوو، هەر هەمووشیان زۆر نەرم و نیان و کراوە و میهرەبان بوون لە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەوروبەر...، سەیرلەوەدابوو هەر هەموویان بە جۆرێکى قووڵ، حەزیان بە شیعر و هۆنراوەى کلاسیکى (مەحوى، نالى) و نوێیەکانى عەبدوڵا پەشێو، چوارینەکانى خەیام بوو. من بۆ یەکەم جار لە ئەوانەوە خەیامم ناسى*.
(لەخۆبایی بون لەسەرکەوتنا
یا نائومێدى لەژێرکەوتنا
لەناو دڵێکا پەروەردە ئەبن
تیاى نەبێ ماناى ژیان ومردن...
**)م بیست،


یان:
هروژمت هێنا دڵى کلۆلت
بەشوێن پادا و کراچى چۆڵت
دەسى دڵ بگرە خوێنڕێژى هەتاکەى
بەزێکت بێ بە دڵدارى کڵۆڵت.


یەکێک لەوان، شیعرى جۆراوجۆرى ناسکى لە پەڕاوێکى گەورەى تۆمار***، بە هێڵێکی زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێش نووسیبوویەوە، کە زۆر زیرەکانە شێوازێکى تایبەتى هونەرکاریشى لە ڕازانەوەکاندا پەیڕەوکردبوو، زۆر لە زەغرەفەى سەردیوارەکانى شارستانییەتە کۆنەکان دەچوون...

دواى کۆچى مام قاسم ماڵەکەى لە لایەن خەڵەفەکانیەوە**** خرایە مەزادى ئاشکراوە، کە تا ئەوکات چەند شتێکى کەمى بە نرخى لە ماڵەکەدا مابۆوه‌، هەندێک لەوان چەند کەلوپەلێکى کۆنى سەردەمى عوسمانییەکان و چەند لیرەیەکى ڕەشادیی و هەتا دەیانگوت قاڵبێک زێڕى لەژێر یەکێک لە کاشییه‌ مه‌ڕمه‌ڕه‌کاندا کە بۆ تاقە کچى هاوسەرى یەکەم و کۆچکردوى حەشاردابوو، کە دواى هاتنى ژنى دووەم بە زۆرەملێ بە خزمێکى ژنە کۆچکردووەکە لە شەوێکى ئەنگوستەچاوى کپ و بێ پێکەنیندا گوێزرابۆوه‌، نازانم بۆ ئەم چیرۆکە لە هەندێ لایەنەوە دەسەڵاتى ساراخانمى هاوسەرى ئیبراهیم پەیامبەرى بیردێنامەوە..


ئەوەندەى پێنەچوو ماڵێکى تر هاتنە شوێنى ماڵى چۆڵى مام قاسمەوە، ئەو ماڵە دوو کچى لە تەمەنى من بچووکتریان هەبوو، لەگەڵ باوکێکى لە رادەبەدەر وابەستە بە ئاین و داب و نەریتەوە، بە ئازارى زۆرى دایکێکى میهرەبانەوە دەیانگوزەراند...، دیاربوو زۆربەى ئەو شتانەى لەسەر دیوارى خانووەکەدا نووسرابوون، وەستا حەسۆى باوکیان، بەر لە ماڵ هێنانە ناو ئاپارتمانەکەوە، بە مساحە*****ى قەڵەم سڕینەوە و بە سیمى قاپ شوشتن و بە فڵچەى مافوور شوشتن پێى لابردبوون، لێ کچەکانیانیش دیسانەوە عاشقێکى دیکەى ئەده‌بیات بوون لە ڕێگەى باپیریانەوە کە دەکاتە باوکى وەستا حەسۆ، دەیانگێڕایەوە بە هەمان دەردى مام قاسم سەرى نابوویەوە، بۆیێ مام حەسۆ لاى وابوو شیعرەکان بە گشتى جیهانێکى شووم و نابەڵەدن، جگە لە خودا کە لە کتێبى قورئاندا توانیویەتى شیعرى جوان بهۆنێتەوە، عابیدەکان کە لە بنەماوە بەندەى خودان چۆن دەرەقەتى شیعر هۆنین دێن؟ چ جاى ئەو شیعرە پڕ کوفرانەى لەگەڵ یەکەم هەنگاوى بۆ نێو راڕەوى ماڵە نوێکەیان لە ئاپارتمانە پڕ حیکایەتەکە بە دەستى گەنجانێکى عاشق و سەرەڕۆى بێ ئەزموون نووسراون، بینینى...


جۆتە خوشکە باریکەڵە رەنگ زەردەکان، نازانم چۆن بەوه‌یان زانیبوو کە ئەزیش وەکى گەنجە نەناسراوەکانى نیشتەجێى پێشووترى ماڵە تاریکەکەیان حەزم لە شیعرە، ڕۆژێکیان بانگیانکردم بۆ بینین و خوێندنەوە و لێکدانەوەى هونەرى زەغرەفەى شیعرەکان و پەند و ئامۆژگارییەکان، کە خۆشم تا ئەوکاتى جۆرە توانایەکى تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکى قووڵم تێدانەبوو:
ئەوەى نامناسێ
نایناسم
ئەوەى دەمناسێ
نەشیناسم
ڕۆژێک دێ هەر دەیناسم
******


دیاربوو، خوشکەکان زۆر لە من باشتر دەیانزانى، بەر لەهاتنى مام قاسم بۆ ئەو ئاپارتمانە پڕ جووڵە و گۆڕانکارییە، سەروەختێک چەند خوێندکارێکى کۆلێژى پزیشکى لەوێ لە جێى ماڵەکەى ئەواندا ماوەیەک نیشتەجێ ببوون و خوێندیان لە زانکۆى شاردا بە کۆتا گەیاندبوو، هەندێ لە پەند و شیعری شاعیرانیان لەسەر دیوارى ماڵەکەدا بۆ یادگاریی بە بەروار و رۆژ و کاتژمێرەکەیەوە بە هەڵکەندراوى جێهێشتبوو:


من گوناهبارنیم ڕەزاى تۆ کوانێ )
تاریکە دڵم چراى تۆ کوانێ)
*******


من ئەگەرچى تا ئەوکاتە دەرفەتم بۆ نەڕەخسابوو لە کتێبەکانەوە شیعر بخوێنەوەمەوە تەنیا ئەوەندە نەبێ لە لەیلا********وە خولیاى شیعرم کەوتبووە سەر، بگرە دواى پشووى هاوین و بۆ تاتایە دابڕانى لەیلا لە خوێندن، من تەنیا و بێ هاوەڵى ئەم ڕێگایە دوور مەودایە مامەوە، نەمدەزانى لە کوێوە ئەو خولیایەى سەرم خۆراک بدەم، کە ئەو هەمیشە وەک رێنیشاندەرێک********* وابوو تا نیوەى رێگه‌ت ببا و ئیدى کە خۆى بە رێگه‌کاندا شارەزایە بێباک بگەڕێتەوە و بەجێتبهێڵێ...


کات نزیک بە شەڕى نێوخۆ بوو، قبوڵکردنى دابڕانى لەیلاش خۆى لە خۆیدا بۆ من کارێکى دژواربوو، لێ دواى لەیلا پشووى هاوینانێ وەک تاقە سەرچاوەیەکى نیمچە ئەدەبی، رادیۆیەکى گەنجانى سەر بە حیزبێکى ناو بەرەى کوردیم گوێ لێدەگرت، لەوێ لە بارەى شیعر و شاعیرانى کوردى و جیهانییەوە کەم تا زۆر زانیارییم وەردەگرت...، ئەوێ ئەو رادیۆیە چکۆڵانە تا رادەیەک پرۆگرام ئەدەبى و رۆشنبیرییە، دەروازەیەکى دیکە بوو بۆ چوونە ناو دونیاى شیعرەوە و گوێگرتن لە شیعرى ئەو شاعیرانەى کە تەنیا ناویانم بیستوو، ئارەزووم دەکرد پتریان لە بارەوە بزانم، وەکى زگورتیە دەفتەردارەکە منیش پەڕاوێکم بە گوێگرتن لەو ڕادیۆیە پڕکرد لە شیعر و زانیاریى و بیرەوەریى کە ڵە هونەرمەند و ژنانى جێ پەنجە دیارى دونیا، لە هەمان کاتیشدا گوێم لە شیعرى بەهرەمەند و شاعیرە گەنجە کەم ئەزمونەکان و لە رازى ئەو عاشقانەش دەگرت کە هەندێک جار بێژەرە قوڕگ زۆڵاڵە لەخۆباییەکە زۆر بێڕەحمانە بڕیارى جیابوونەوەى دەدان، من لە دڵەوە دەهەژام و بە نێوەڕۆکى بڕیارەکەوە گەلەک نیگەران دەبووم، لەبەر خۆمەوە دەمگوت: نا... نابێ هەرگیز وا نابێ رێگه‌یەکى دیکە هەیە رێگه‌یه‌کی پڕ خۆشبەختیتر...، هەمیشە ئەلتەرناتیڤێکى دیکە هەیە بۆ هەموو بڕیارە سەختبگیرو دەروونشکێنەکان...


من لە منداڵیمەوە لە دەمەقاڵێی نێوان دایک و باوکم و هەموو هاوسەر و دراوسێکانەوە کە هەمیشە دەنگیان دەگەیشتە حەوشەى ماڵمانەوە، گەیشتبومە ئەوەى کە: هەمیشە بەدیلێکى دیکە هەیە بۆ بڕیارە تێکدەرانە و کامباغکارەکان، لە جێى ئەوان بەختەوەریى بڕیار بدا و دەروون ئاسوودە بکا...


ئا ئەوە زگورتیەکان بوون، لەسەر دیوارەکان شتی عەجایبیان دەنووسى، نیگارى سەرسوڕهێنیان دەکێشا، بە رەنگى خۆڵەمێشیى روخسارە نادیارەکانیان رەنگ دەکرد و بە پەنجەکانیشیان بڵاوەیان پێدەکرد، رێک هەروەکى درەختێک لە ناو تەمدا یان پیاوێک لە دوورەوە لە ناو تارماییەکى ڵێلدا بەرەو رووت بێ، ئاوا وێنەکان دوور دیار دەبوون، ئەوەندە دوور تا نزیک دەبوونەوە لە رەنگى نەگریسى واقیع...


یەکێک لەو وێنانەى بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا ئاشناى بووم، نیگارى (مادر همیشە در قلبى من)ى یەکێک لە نیگارکێشە بەناوبانگەکان بوو، ئەوەى نیگارەکەشى کێشابوو، هەمان ئەو زگورتیە قەلەندەرە بوو کە شیعرى جوان و دانسقەشى دەنووسى و دەیزانى خولیایەکى شیعرى کوشندەم بەسەرەوەیە و سەرچاوەیەکى بەهێزى ئەدەبییشم بۆ موتاڵاکردن نییە، بۆیە جارجارە بە چاوى رێز و بەزەییەکى زۆرەوە پیشانى دەدام و چەند رۆژێک لاى جێدەهیشتم، منیش بەوپەڕى تاسەوە چەند جارێک بە دواى یەکەوەم دەخوێندنەوە، تاواى لێهات بە رادەیەکى زۆر ئاشناى هاوڕێیەتى ئەو زگورتیە بەدبەختەبووم.


ئەو کە دڵى بە کچێکى جوانى هاوپۆلیەوە بەندبووبوو، کچەکەش بێڕەحمانە چەندین جار بەدواى یەکدا، وەڵامى نەخێرى دابوویە، بۆیێ هاوڕێیەکى عەجولى درک بەمە دەکات و هەر بۆ گاڵتە لە کۆڵیژ بەخەتێکى ورد و جوانى کچانە بۆى دەنوسێ : فڵان... تکایە وەرە با موێافحە بکەینەوە...، ئەویش بە دڵخۆشیەکى هەرزەکانەوە دەچێتە بەردەمى و زللەیەک بە دەستیەوە دەخوا.


من جارێ هیچ شتێکم لە بارەى ناوەڕۆکى ئەو وشە نامۆیەوە نەدەزانى و نەشمدەزانى بە تەواویی واتاکه‌ی چیە، و هەرگیز ئەوەندە بە جورئەتیش نەبووم دەستپێشخەریی بکەم بۆ ئاگادارکردنەوەى گەنجێک لە بارەى ئەو هەستەى لە ناخمەوە ئازاری دەدام و ده‌په‌نگایه‌وه‌...هەر لەبەر ئەوەش هەر بێدەنگ بووم...، بێدەنگ...، زۆر بێدەنگ....، تا کانیاوى شیعرم تەقین و عەشقە یەکلایەنەکەشم ئێوە خۆش...


ئەو بە شەرمێکەوە هاتەلاى من و پرسیارى لێکردم: ئەوە تۆی ئەو شتەت لەسەر پەڕاوى موحازەرەکانم نووسیووە؟، من ئەوکات هیچ لە ناوەڕۆکى مەسەلەکە حاڵى نەبووم، نەشمزانى لە راستییدا بابەتەکەش چیە...


رۆژێکیان زگورتیەکى عاشق بە عەشقێکى ناکامەوە، هات لە دەرگه‌ى ماڵەکەمانى دا، وەک هاوسێیەکى بە ئەمەک و دڵسۆز ماڵئاوایی لە یەکە یەکەى ئەندامانى خێزانەکەمان کرد...


بە جۆرێک هەستى دەربڕى: گوایە بارى مادیی خێزانەکەیان لە خراپیدایە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ شارەکەى و چەند ساڵێک خوێندنى کۆلێژەکەى دوابخا و کار بکا تا بژێوى ژیانیان بۆ دابین بکا، ئەو وەک ڵیپرسراوى یەکەمى ماڵ دواى کۆچى دوایى باوکى ئەم ئەرکە قورسەى گرتبووە ئەستۆى خۆیەوە...


من دواى لێکدانەوەیەکى وردى چەند رۆژە، تێگەیشتم ئەو دەیتوانى تەنیا ئەو هۆکارەى سەرەوە بە ئاشکرا باس بکا، کە هەر له‌ راستییشدا ئەو هۆکارە بوونی هەبوو، بەڵام دوو هۆکارەکەى تریش بە جارێک باریان قورستر کردبوو، لێ نە زمانێک هەبوو نە جورئەتێکى سەلارانەش بۆ دەربڕینى راستییەکان وەکو خۆى، تا لە شوێن خۆیانەوە دڵە شووشەییەکان وردوخاش نەبن و نەکەونە بەرپێ وەک ئەوەى رۆژانێک ئەو لە ناخەوە پێیوە تلابۆوه‌:


- بە (نەخێر**********)ى جەرگبڕ و زللەى کچە بێڕەحمەکەى هاوپۆلى، بێ ئومێدییەکى گەورە هێرشى بۆ هێنا، بە رادەیەک کە نەیدەتوانى بە هیچ شێوەیەک زاڵببێ بەسەر ئەو دەروون شکێنییەى لەنێو هاو پۆلەکانیدا، ئاخر کچەکەش بە هەمان شێوە کەسێکى دیکەى لەدڵدابوو...


- ئەو باش لەمە ئاگاداربوو، کە منیش کە ئەو زگورتیە قەلەندەر و هەژارەم لەدڵدابوو، لێ ئەو منى منداڵکاری ١٤ ساڵەى بە شایەنى خۆى نەدەزانى، بۆیە بەر لەوەى بە شێوەى ئەو دەروونم بشکێ، سەرى هەڵگرت و ملى دایە رێگه‌کان و رۆیشت... رۆیشت و نەگەڕایەوە، ئیدى... هەرگیز نەگەڕایەوە...
_____________________________________________________
* چوارینەکانى خەیام، کە مامۆستا هەژارى موکریانى وەریگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، لە یه‌که‌م جارى خوێندنەوەمدا وامزانى هەر خۆى بە کوردى نووسیونى...

** کامەران موکرى، بەم دواییانەش لە فیستفالێکى یادکردنەوەیدا بە دەنگى خۆى چەند شیعرێکم بیست.

*** پەراوى تۆمار، (سجل).

**** (خلف)، پشت، (ورپە)، نەوە.

***** لاستیک، سڕەڕى قەڵەمى دارە(قلم رێاێ)، (مساحە)، (ممحاە).

****** بە خوێندنەوەى ئەم چەند دێرە زۆر حەپەسام، وام هەستکرد قسەى یەکێک لە پەیامەرەکانە، کە بۆى نەلواوە لە سەردەمى خۆیدا مەبەستى خۆى بپێکێ...

******* وەک ئەوەى خوشکەکان دەیانگێڕایەوە، مام حەسۆ ناوى لەم دێرە شیعرە نابوو: کفرى کوڕى کفرى نانبڕ.

******** لەیلا کچێکى جوانکیلەى رۆشنبیرى هاوپۆلم بوو، لە قۆناغى یەکەمى ناوەندى، شیعرى زۆربەى شاعیرە کلاسیکەکانى کوردى لەبەر بوو، هەستێکى کوردانەى زۆر بەهێزى هەبوو، شیعرى ناسکیشى لەو قۆناغەی تەمەنیدا دەنووسى، من لە لەیلاوە فێرى چوونە ناو دونیاى ئەدەب بووم، لێ ئەو نەیتوانى بەردەوام بێ نە لە خوێندن نە لە نووسین...

********* رێنیشاندەر، (دلیل).

********** زۆر جار لە زانکۆ بەم باره‌ دەڵێن: فڵانە کەس رەفزى وەرگرت، یان ئەوەندە رەفزەى وەرگرتووە.

 

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک