په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٦\٢٠١١

سەنگەرە مۆدێرنەکان،
لە چیاکانەوە بۆ نێو ماڵەکان.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

- به‌شی یه‌که‌م -

 

لە هەر شەقامێک لە هەر قوتابخانەیەک هەر ئەپارتمانێک سەنگەرێک، ئاپارتمانەکەى ئێمەیش یەک لەو ئاپارتمانانە بوو کە ئەوان لە سەربانەکەیدا بەرامبەر بە یەکترى سەنگەریان چێ کردبوو، ئەز تا ئەوکاتى هەر وە تێدەگەیشتم ئەو ئامادەکارییانە بۆ مەسەلەى پاراستنی ئاسایشى شار و بۆ بەرەنگاریی مەترسییه‌کانى سەر هاوڵاتیان، لەو جۆرە سەنگەرانە دادەمەزرێنن، چونکى شتى لەو بابەتەم لەسەر ماڵان و ژیانى هاوڵاتیان نەدیبوو، بگرە لەبەر ئەم بارە ناشارستانییه‌ دراوسێکان زۆربەیان پێداویستى خۆیان تێوەرپێچا و چۆڵیانکرد، ئێمەش دواى ئەوان بە هەمان شێوە هەندێک بڕوبزگوڕ و پێداویستى رۆژانەى خۆمان بەگەڵ خۆماندان، چۆڵمانکرد...، ماوەی نێزیکى هەفتەیەک لە ماڵى خزمێکمان ماینەوە کە نزیکترین ماڵەخزم بوون لە ماڵەکەمانەوە، باوانم ئەوێیان لەبەر چەند هۆکارەک هەڵبژارد:

 

١- لەبەر نەمانى هۆکارى هاتوچۆ.

٢- ئاسانیی سەردانى زوو زووى ماڵەکە.


دواى هەفتەیەک راگەیاندنى بارى ناکاویی چ تشتەک رووینەدا لە ماوەى ئەو هەفتەیەى سەنگەردامەزراندن بەرامبەر یەکترى و بڕنۆ و کلاشنکۆف و ئارپی چى و قازیفە و قەنناس، هەر ئەوەندە مابوو تۆپ و هاوەن بهێننە سەربانى ئاپارتمانى خێزاننشینان و گەمەى خۆیانى پێبکەن... هاوسێکانیشمان وەکى ئێمە سەبرۆکە سەبرۆکە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان تەنیا یه‌ک دوو دراوسێیەک ماڵباتەکانیان لە دەرڤەى شار بوون، نەیانتوانیبوو بگەڕێنەوە، پاشى گەڕانەوەمان هەر دوو رۆژ بە ئارامیی ژیاین...


ئەرێ چەکدارەکان بە وێنەى سەرکردەکانیان و بە تیلمە پەڕۆى ڕەنگى حیزبەکەیان گوزارشتیان لە ئینیتماى حیزبییان دەکرد، هەر جێیەکى جەستەیان رێى تێبچوبایە پەڕۆیان لێ دەئاڵاند...، نێوچاوانیان پەڕۆى لاقۆڵەکانیان جەمەدانیەکانى سەرشانیان، هەندێکیان تەنانەت کورتەکەکانیان فڕێدابوون، بە فانیلەى عەلاگەوە هەڵپە هەڵپى روودانى شەڕیان بوون، سپێدان زوو بە مەنجەڵى فافۆنى گەورە و پەقرەجى نایلۆن نیسکێنەیەکى شلیان بۆ دەهات، نیوەڕۆیان برنج و مەرەگەى فاسۆڵیا و ئێوارانەش دیسانەوە نیسکێنە بە سەموونى حەجەریی رەقهەڵاتووى نیوەڕۆیانەوە...


برا بچووکەکەم لە فیلمە ئاکشنەکانەوە، زۆر حەزی لە دیمەنى چەک و تفاقى جەنگى کردبوو، ئەوەندەى دەمانهێنایەوە ژۆرێ ئەو هەر دەرفەتى خۆى دەدیته‌وە و بە غار دەچووە کنیان و داواى لێدەکردن وەکى وان هەندێک چەک بکاتە شانیەوە و تیلمە پەڕۆى باریکى رەنگى بدەنێ تا لە نێوچاوان و قۆڵە باریکەڵەکانى ببەستێ، ئەوانیش خۆشییان لەو بەزمە دەهات و رێک وایاندەزانى ئەندامێکى نوێی دڵسۆزیان (تەنزیم)کردوە و هێناویانەتە ریزى رێکخستنى حیزبە شەڕکەرەکەیانەوە...


ئەوەى ژەمەکانى بۆدەهێنان کوڕێکى تەمەن ژێر بیست ساڵیی دەبوو، حەزى لە شیعرە به‌رگرییکارییه‌کانی شاعیرانى نەوەى حه‌‌فتاکان بوو، بۆیە هەندێک جار دەیگوت: ئەوەندە شیعرى ئەو شاعیرانەم خوێندونەتەوە بگرە ئێستا شیعرەکانم لە شیعرى ئەوان جوانتر و بەهێزترن...


ئەرێ بەرلەوەى جەنگ دەست پێبکا لە ناو ئەندامانى ئەو حیزبە شەڕخوازەدا کەسێکمان ناسى کە هەر خودى ئەو ژەمهێنەرە بوو، پێیان دەگوت: عەریف ئاکوب، راستە شیعرەکانى وەکى پێداهەڵگۆتەنەکانى ئاوەها نەبوون...، لێ تاسەر ئێسقان شاعیر بوو و حەزى لە شیعر و وتە بە نرخەکانى زانایان و تۆمارکردنى بیرەوەرییه‌کان و هاندانى بەهرەمەندان و یاریکردن لەگەڵ منداڵان و بە رادەیەکى زۆر ئینتماى بۆ خاک هەبوو، تەنانەت ئەوەندە بە جەرگ بوو بەرلەوەى ژەمەکان بگەیەنێ بە هیچ شێوەیەک دەستى بۆ خواردن نەدەبرد تا به‌ چەکدارەکانى نەگەیاندبا، لێ ئەوەندەى هەبوو وە تێدەگەیشت حیزبەکەى ئەو خاوەن خەباتى راستەقینەى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌، و ئەوانى دیکە نە، چش لەو شەهیدانەش کە لە بەرەکانى جەنگدا وه‌ک خۆی گوته‌نی بە رێکه‌وت بەربووینەتەوە... لەوانەیە خەریکى راپەڕاندنى ئەرکێکى حیزبى خۆیان یان سەرکردەکانیان یان ئى ماڵەوەیان بووبن گولله‌یەکیان بەرکەوتبێ، ئەگینا باوەڕ ناکەم گوللەکیشیان بەرامبەر دوژمن تەقاندبێ یان چرووک کردبێ...


رۆژێک فه‌رمانیان پێکرا تا ئێوارە لە ئاپارتمانەکان دابەزنە خوارێ و ئیدى شتێک بە ناوى ترس و ترسناکیی بارى ئاسایشه‌وه‌ نەماوە، بەڵکو لایەنەکان گەیشتونەتە رێکه‌وتن...


هەرچى چەک و تفاقێکیان دامەزراندبوون لە سەربانەکانەوە بە روخسارێکى پڕ گومان و بارێکی ده‌روونیی ناجێگیر و شڵەژاوەوە دایانگرتنەوە خوارێ...، خۆشیان تا ئەوکاتە نەیاندەزانى چارەنووسى جەنگ و بگرە هى خودى خۆشیان بە کوێ دەگا؟ یان له‌ چ شوێن و ناوچەیەکى دیکەى نیشتەجێبوون دەبێ سەنگەرەکانیان قایم بکەنەوە؟


پرسیارى دراوسێکان لە چەکدارەکان زۆر و بێ کۆتایى بوو:
- شەڕ تەواو بوو؟
- نا
- ئەى شەڕ لە شوێنى دیکە دەستى پێکردووە؟
- نا
- ئەى چى؟ ئەى بۆ سەنگەرتان چۆڵکرد؟
- ئێمەش هەروەکى ئێوەى لێدەزانین..


ئەوەندەى نەبرد، هێزێکى دیکەى چەکدار هاتنەوە سەر ئەپارتمانەکەمانەوە و سەنگەریان قایمکرد، ئەوانیش بە هەمان شێوە تیلمە پەڕۆى رەنگى حیزبەکەى خۆیان لە نێوچاوان و قۆڵ و باسک و لاڕانەکانیان وەر پێچابوون. یەکێکیان رادیۆیەکى رەنگ بزڕکاوى دەستکردی چینیی بەدەستەوەبوو، میلە باریکە سۆرەکەى لەسەر شەپۆلێکى دیاریکراودا نەدەهێشتەوە، لە ٩١ بۆ ٨٨ لە ٦٦ بۆ ٧٤ لە ٩٤ بۆ ٩٥ لەوێوەش بۆ ١٠٦ مێگاهێرتز دەیسوڕاند: هێ هێ وا (بى بى سى) باسمان دەکا، هێ هێ گوێ بدەنێ وا کۆمارى عیراق، نا... هێ هێ وا لە ئێستگەى بەغدا باسى وەزعى مە دەکەن سەگبابانە چەند کەیفیان پێ سازە، ئۆو کوڕە خۆ جێیەک نەمایە نەزانى ئێمە وەناویەک کەوتووین؟ کوڕە ئەوە رادیۆى ئیسرائیلە گوێ بدەنێ دەرێ (ئەکراد) خوێنى یەک فڕ دەکەن...


یەکێکى دى خەڵکى دەڤەرى گەرمێن بوو، زوو زووە داڵغەى لێدەدان و خەیاڵى دەچوو بە لاى فڕووجاوەوە، تەنانەت هەڤاڵانى دەیانگێڕانەوە: شەوانە لە خەویش تامى دەمى خۆش دەکا و هەر مڵچەمڵچێتى و هاوارى فڕووجاوێتى: فڕووجاو... فڕووجاو... فڕووجاو...


یەکى دى دەیانگۆ: هاوسەرەکەى بەرلەوەى بێتە مەیدانى جەنگەوە له‌و دووانه‌ یەکیان هەڵبژێرێ: یان ئەو یان جەنگ، ئەویش پشتى لە خۆشەویستیی هاوسەرەکەى و منداڵە شیرەخۆرەکەى کردوە و گوتوویه‌تی: حیزب پێویستى بە منە دەبێ چەکى بۆ هەڵگرم دەبێ خوێنى بۆ بڕێژم، دەبێ دەبێ دەبێ...


ئەو هەموو (دەبێ دەبێ)یە ژنە مۆزیسیارەکەى ناچار دەکا، نیوەڕۆیەک عەباکەى هەڵگرێت و ملى رێی ماڵه‌ باوانى بگرێ و ئیدى نەگەڕێتەوە دیار ..... .


چەکدارەکان چڵک و بێزارییەکى زۆر روخسارى راستەقینەى داپۆشیبوون بیرى منداڵەکانیان دەکرد، بیرى هاوڕێ هونەرمەند و فەرمانبەر و مامۆستایانى گوندەکانیان دەکرد، بیرى کۆڕی ئێوارانى خزمانیان دەکرد، بیرى گڕوگاڵى منداڵە تازە لەدایک بووەکانیان، بیرى دایکە پیرە تکاکارەکانیان، باوکە لە جێگه‌ کەوتووە بێ داو و دەرمانەکانیان، داپیرە کۆچکردووەکانیان کە بێ ئەوەى بتوانن تەنانەت لە پرسەکانانیشیان ئامادەبن لە گۆڕ نرابوون، ئەو چەکدارە داماوانە لەو ناشیرینییه‌ى جەنگدا بیرى هەموو تشتێکى جوانیان دەکرد...


یەکێک لەوان مامۆستاى قۆناغى ئامادەییى بوو، بیرم نەماوە ناوى چ بوو، لێ هەرگیز ئەوەم بیر ناچێتەوە، رۆشنبیرییه‌کى لەرادەبەدەرى هەبوو، ئەوەندە لەگەڵ خوێندنەوەو نووسین برادەر بوو، شەوان لەو تاریکییه‌ى ئاسمانى جەنگدا، کە ئەوکات مانگ و ئەستێرەکانیش رۆناکى راستەقینەى خۆیان ونکردبوو، بە دیار چرایەکى کزەوە دەیخوێندەوە و دەیخوێندەوە و دەیخوێندەوە... تا چاوەکانى شەکەت دەبوون و خۆنەویستانە دەکەوتە خەوەوە، رۆژێک بەر لە دەسپێکردنى کاولکارییه‌کانى جەنگ، جوانترین داڕشتنى بۆ وانەى زمانى کوردى بۆ خوشکە لە خۆم بچووکترەکەم نووسی...، یەکێتى بابەتەکەى ئەوەندە بە گوزارشتێکى جوان و دەگمەن پاراستبوو دەتگوت بە مەبەستى بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکى زمان و گوزارشتکردن، ماوەیەکى باش ئیشى لەسەر نووسینى کردووە، تا ئەو کاتە من وەکى هاوپۆلەکانم داڕشتنم ئەزبەر نەدەکرد، هەر بۆ خۆم بە حوکمى ئەوەى سەروکارم لەگەڵ ئەدەبدا هەبوو، بە گوزارشتە ساکارەکەى خۆم بابەتى ئینشاکانم دادەڕشتن... لێ کە ئەو داڕشتنەم بینى ئەوجار زانیم کە من لە ژیانمدا هەرگیز نەمتوانیووە داڕشتن بنووسم...، ئەرێ ئەوکاتى منیش وەکى خوشکەکەم هەوڵمدا داڕشتنە جوانەکەى مامۆستاى چەکدارى شەڕى نێوخۆ ئەزبەربکەم، ئا بەو داڕشتنە کەم وێنە و دەگمەنە، خوشکم یەکەمین جارى بوو لەوانەى زمان و داڕشتن نمرەى زێدەتر لە نمرەى من وەدەست بهێنێ...، لێ من دواجار ته‌نێ هەر ئەوەندەم بۆ کرا بە وردیی دێڕەکان بخوێنمەوە و بە جوانیی بێهاوتایان سەرسام ببم و خۆزگەى ئەوە بخوازم رۆژێک لە رۆژان داڕشتن و گوزارشته‌کانم بتوانن خۆیان لە قەرەى ئەو تێکستە دەگمەنە بدەن... لێ هەرگیز نەمتوانى تەنانەت بەشێکى کەمیشى لێ ئەزبەر بکەم...
 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک