په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠١١

سەنگەرە مۆدێرنەکان،
لە چیاکانەوە بۆ نێو ماڵەکان.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی دووه‌م -


کە جەنگ دەستی پێکرد من لە راڕەوی ئاپارتمانەکە لە نێوان کەتیبە قرتێندراوەکانی پەنجەرەیەکی کراوەدا دەستنووسی ھاوپۆلەکانی قوتابخانەم لە پەڕاوێکی یادگاریی کۆندا بە دەستەوە بوو، دانیشتبووم...، ھەر ته‌نێ ئەو کاتی نا بەڵکو ئێستایشی لەگەڵدابێ قوتابیەکان بەر لە تەواوبوونی دوا خولی تاقیکردنەوەکان پەڕاوی بیرەوەرییه‌کانیان دروستدەکەن و داوا لە ھاوپۆل و ھاوڕێکانیان دەکەن بە دەستنووس وەکی پەسیرە پێنەگەییوەکانیان یەک و تشتی لە شێوەی یادگاریی بۆ بھێڵنەوە...، ھەموو ساڵێ ئەو بەزمە بە ھەمان ریتم و بێ ھیچ گۆڕانکارییه‌ک مەگەر بە دەگمەن نەبێ، ئەویش ئەگەر لە چەندێتی ژمارەی قوتابیەکان بووبا، پەڕاویان چێدەکردەوە و یادگارییان دەنووسینەوە:


- ئەگەر گوڵ نی دڕکیش مەبە.
- یادگاریی گرانە، قەدری بزانە.


یان ئەوەتا:


بە تیرێکی خوێناویی زامدار و بێقەرار، نیگاری دڵێکی بێئۆقرەیان دەکێشا...، لە جەمسەرێکی تیرەکەوە ناوی خۆیان و لە جەمسەرەکەی دیکەش ناوی خاوەن پەڕاوی یادگادگارییرکه‌ دەنووسرا...


یان: تەمەننای منداڵانە یان ھەرزەکارانە نا، بەڵکو گەورانە، کە زۆرجار گەورەکان بە خەتێکی جوان لەبری ئێمە تۆماریان دەکرد:


- ھیوادارم ببیه‌ تاکێکی بەسوود و خزمەتی وڵاتەکەت بکەی...
- دکتۆرەی دوارۆژ، پارێزەری دادوەریی، سەرکردەی تەبایی و ئاشتەوایی و تد...


لێ بە داخەوە تا ئێستا لەو ھاوپۆلانەم تەنانەت یەکێکیشیانم نەدیت، لە کونجێکەوە جێ پەنجەی خۆی وەدیاربخا و جارێ بڵێ: نا...، نەک ھەندی ئەوەی کە بەوپەڕی زێده‌گۆییه‌وه‌ لە پەڕاوی بیرەوەییه‌کاندا ھیوامان دەخواست...، دەی ھەر لە بنمیچی دێڕەکاندا دەتوانین تەمەننا بکەین، تەمەننا بکەین و بێدەنگ لێی پاڵکەوین...


باوکی تازە لە دوکانی شەکرۆکە فرۆشیەکە، بەسەر پێپلیکانە زۆر و کۆنەکانەوە ھەناسەی تەمەن نزیک دوو ساڵەی لە ھەمێزیدا دێنایەوە ماڵێ...، ئەرێ ئەوە دراوسێی بەرامبەرمان بوو، ئەگەر تۆزێ سەری نەوی نەکردابا دوورنەبوو بە دەردی شەھید بچووبا لە شەڕی رزگارییدا نە بەڵکو لە شەڕی سەنگەرگرییدا...، دایکم خەریکی ھیربار شوشتن بوو بە ئاوی ئەو سەتڵ و پەقرەج و تەشتانەی شەوانە بۆ پڕکردنەوەیان بە بێ کارەبا بۆی دادەنیشت...


چەکدارە خەمبارەکەش پاشی چەند رۆژ بیرکردنەوە تازە دەیویست بیرۆکەی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ ھاوسەرە مۆزیسیارە باڵا مام ناوەندییه‌ میھرەبانەکەیدا بخاتە پرەکتیس کردنەوە، ھەر لە کن پاسەوانەکە لە نھۆمی خوارێ، بە ھۆی تەلەفۆنی نۆڕماڵی نووسینگه‌ی خاوەن ئاپارتمانەکەوە، جاران لەوێ لە ھەمان نوسینگەدا کاری بازرگانی خۆی بەڕێوە دەبرد...، دەیویست جاڕی ئاشتبوونەوە بدا، لێ لەگەڵ یەکەم قسەیدا، دەنگی تۆپ و ڕاجیمە و (قازیفە - ئاڕ بی جێ) و تەققەی گوللە و ھاواری برینداران و بەرکەوتووانی بێبەرگریی بەرز بۆوه‌...، بێ ماڵئاواییکردن بەرەو سەنگەر سەرکەوت و ھاواریکرد: ھەی بێویژدانینە...، ھەی خوشکتان.... بێحورمەتینە، ھەی سەگبابی خوێنمژینە، ھەی ھەی ھەی....!


دەستی دایە ئارپێچییه‌که‌ی و بە بێ ئەوەی نیشانەکەی لە ئامانجێکی دیاریکراو بگرێت بە دوای یەکدا ھاویشتنی... بەرەو بۆشایی، بەرەو ئاپارتمانی خێزاننشینانی دیکە، بەرەو بەیداخی شەکاوەی وڵات، بەرەو ئاڵای حیزبی شەڕکەر، بەرەو شۆستەی شەقامەکان، بەرەو باڵندەکانی بۆشایی ئاسمان، بەرەو ئەستێرەکان کە تازە دەیانویست لە رۆناکی خۆیاندا گەرم ببنەوە... برینداری کردن ھەموی بریندارکردن، بگرە برینی زۆر گەورە گەورە و قووڵی لە ناخی سروشتی ئارامبه‌خشدا دروستکرد...


ئەرێ.. رێک ھەر لەو کاتەدا بوو، دوای چەندین جار راسپاردنی ماڵێک، چەکدارە گەرمێنییه‌ ئه‌ندێشه‌ییه‌‌ بەدبەختەکە فڕووجاوی بۆ بەڕێوەبوو، لێ داخەکەم گوللە نادیارەکانی جەنگ نەیانھێشت دەمی پڕ لیکی پێی بگا...، برادەرانی سەنگەر دەیانگێڕایەوە: کە ده‌نگی تەقه‌ و تۆپەکانی بەرەی بەرامبەر بۆ ماوەی چەند چرکەیەک خامۆش نه‌ده‌بوو، دووبارە دەچووەوە ناو ئه‌ندێشه‌ به‌ چێژه‌کانی فڕووجاوخواردنه‌وه‌وه‌ و خێرا مەتارە ئاوەکەی دەکرد بەسەر دەمیدا و پاشی دەمی دەسڕیەوە... و دەنگی گوللە لەو ناز و خۆشییه‌ی وه‌ئاگای ده‌هێنایه‌وه‌... لەبۆیە دواجار بەرلەوەی بەو گوللە نادیارە چاوی یەکجارەکیی دابخا وەسێتی کرد: سەگبابینە من دەمرم ھیچم نییه‌ لە پاش خۆم بەجێی بھێڵم، قسە خۆشەکانی شەوانی رابردوو و ئەو قاپە فڕووجاوەی وا بەڕێوەیە، توخوا بیخۆن با دڵم ئاسوودە بێ... توخوا... نکەنکێکی کرد و ئیدی چاوەکانی بە کراوەیی مایەوە...


مامۆستای قۆناغی ئامادەییەکەش لەگەڵ چرکەساتی بێدەنگییدا پەڕتووک و پەڕاوی تیبینییه‌کانی لە خەوش و خاشاکی وردە شووشە و خۆڵی داروپەردووی ئاپارتمانەکە و خوێنی کوژراوان و بریندارانی سەنگەر پاکدەکردەوە و دایدەوەشاندن و بەپەنجەکانی دەیسڕینەوە و لە لایەکی دادەنان...


لە گەرمەی شەڕێدا فڕووجاو گەیشت، ئەو کاته‌ش (گەرمێنییه‌که‌ی‌ پڕ له‌ ئه‌ندێشه‌ بۆ فڕووجاو) گیانی بە تەنیا گوللەی برینێکی سووک سپاردبوو... برادەرانی سەنگەریش لە فڕووجاوەکەیان دەخوارد و زێدەتر جنێو و گوللەبارانەکانیان دەپڕژاند، لە فڕووجاوەکەیان دەخوارد و گولله‌ ئارپێچییان بە بۆشاییدا دەھاویشتن، رەشاش بە بێ وەستان لەکاردابوو، زرمەی تۆپ و قازیفەی دووریش پتر ئاسمانی جەنگیان ئاڵ و واڵاتر دەکرد...، ھەموو برادەرانی سەنگەر وەک ئەوەی بە فڕووجاوی گەرمێنییه‌کە به‌ ته‌واویی مەست بووبن، گۆرانیان دەگوت و ئامرازەکانی مرۆکوژیان بە تەوسەوە وەکاردەخست و جنێویان دەدا، جنێویان دەدا و فڕووجاویان فڕدەکردەوە و بە لاقۆڵە پەڕۆ تێوەرپێچراوەکانیان دەمیان دەسڕی و تفیان دەکرد، دەگریان و چاوانیان دەسڕی، دەگریان و گەرمتر دەبوون بۆ بڵێسەسەندنی کوشتاری جەنگ لە ئاسمانی شاردا، ئەرێ.. وەک گەرمیی ئەو فڕووجاوەی لە ئه‌ندێشه‌ی گەرمێنییه‌کەدا ھەرگیزاوگیز ساردنەدەبۆوه‌...

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک