په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٦\٢٠١١

سەنگەرە مۆدێرنەکان،
لە چیاکانەوە بۆ نێو ماڵەکان.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- بەشى سێیه‌م و کۆتایى -

 

کە سروشت تۆپباران کرا، من بە هەردوو دەستەکانم توند گوێیەکانم گرتبوون، نەک لە ترسى کاس بوون نا...، بەڵکو تا گوێم لە ئازارى زەخمى بەرهەمى گوللەباران و تۆپبارانە یەک بە دواى یەکەکان نەبێ، لەو پڕ دەنگى و پڕ هەراو هاڕەى هاڕینى رۆحى مرۆڤەدا، کۆمەڵێک دەنگى زۆر ناسک و نزمیش هێشتا نەدەتوانرا بشاردرێنەوە...، ئەرێ دەنگى گریە و ترس و فۆبیا و هەڵەشەى منداڵەکان، هاوارى دیلى رۆحى کوژراوەکانی جەنگ بۆ ئازادیی قیژەیان بوو، نەیاندەویست تاتایى هەر ئاوەها بە مەلوولى لە نیشتمانەکەى خۆیاندا بمێننەوە...، دیلى جەنگ و جەستەى شەڕانگێزى تێنووى سێڵاوى پڕ نەفرینى کوشتنکاریی و جەنگى بێ مەفارى خۆکوژیی، جەنگى بەرژەوەندیی سەرکردەکان لێ بە خوێنى هەژارەکان، جەنگى سواقدانى دیوارە کۆن و نزم و رزیووەکانى دیکەى مێژووى براکوژیی.


ئەرێ کوژراوەکان ئێستا دیلى جوگرافیایەکن کە بۆ هەمیشە دانەبڕاوە لە چه‌مکی خیانەت و نەسل کوژیی، نەسلى مرۆڤ کوشتن چ خەوشێک و کرێتیەکى قووڵە لە هەنیەى هاوخوێنانى، کوشتنى مرۆڤانى هاودیرۆک هاوزمان هاوجوگرافیا، هاوکەڵچەر بێ ئەوەى ئەقڵ و شەرەف و ماڵت بدزێ وەکى کوشتەکاریی باڵندەى دیلى نێو قەفەس وایە کە بە سانایى بێ هیچ دێپاچەیەک لە بەرگریکردن خۆدەداتە دەست کوشتن...


سەیر لەوەدابوو لە لایەنەکانى بەرەى جەنگ، بە شازییه‌وە دیلیش دەگیران و شوونبزر دەکران... ئەرێ دیلى سەنگەرى شەڕ... مۆدێرنترین سەنگەر لە هەمێزى نامرۆڤانەترین شەڕ، نە لەپێناو ئازادیی نە لە پێناو سەربەخۆیى و سەرفرازیی نە لە پێناوى نانى گەلێک؟


ته‌نێ لەسەر کورسى و دەسەڵات و قۆڕخکردنى دەسهاتەکانى میللەت، هەروەکى ئێستا دەیبینین...


کە جەنگ بە سەرکەوتنى لایەنێک لەم شارە خێرلەخۆنەدیوو و قەلەندەرە کۆتایی پێهات، تنێ دوو لە چەکدارەکان بە بێوەیى و ساغله‌‌میی دابەزینە خوارێ و گەرده‌ن ئازادییان لێ کردین لەوەى ئەو زیانانەى جەنگى سەرکردەکانیان بێویستى ئەوان پێییان گەیاندوین، بیانبەخشین، ئێمەش بە بێ ورتە ماڵئاواییمان لێکردن...


ئیدى ئاهەنگى سەرکەوتنى برا بەسەر برا دەستیپێکرد، شیوەن و پرسه‌بارییش بۆ ئەو ماڵ و دیاکە جەرگسوتاوانەى رۆلەکانیان لە لایەنەکەى دیکەى جەنگە نەگریسەکەدا کوژرابوون، شین و شایى دەستەوایى.


پرسه‌بارییش بە نهێنیی بوو، ئیدى لەم شارە وێرانەیەدا هەتا دەهات نهێنیی قووڵتر و گەورەتر دروست دەبوو و پەلیدەهاویشت تەنانەت لە ناو یەک خێزانیشدا ترس لە گوتنى هەندێک نهێنیی هەبوو، بگرە لە هەموو شوێنە گشتى و فەرمانگەکان و خوێندنگاکانیشدا جار ناجارێ کەسێک لەنکاو ون دەبوو، جا یان ئەوەتا سنوورى شارى جێهێشتبوو بەرەو سنوورى ئەوبەرى شەڕ، یان بە نهێنیی ئەندامەکانى جەستەى لێکترازێنرابوو تا جارەکى دیکە بە ماڵدا نەکەوێتەوەو راپۆڕتە هەواڵێک بۆ حیزبى لایەنگرى نەنووسێتەوە...


ئەرێ جەنگێکى نەگریس تاتایە لە بیرەوەریی نەتەوەیەکى ستەمدیدەدا وەکى پەڵەیەکى رەش دەمێنێتەوە و کاڵ نابێتەوە....
 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک