٦\٧\٢٠١١
نامەکانى سەرابقزى.

ناڵه
عهبدولڕهحمان
-
بەشى دووهم -
چەندین جار نامەکانیم هەڵگێڕ و وەرگێڕکردن،
نە ئەدرەسێکى روون، نە بەروارێکى واقیعى نە
ژمارەى ڕێزبەندیی نامەکان، چیم نەدۆزینەوە...،
تەنانەت هاوڕێکەشى دەیگۆت: ئەم نامانەم لە بادا دۆزیونەتەوە...(مەبەستى
ئەو دواى نووسینى نامەکانى خاتوونى سەرابقزى
و ناردنى بە هەوادا چاودێریی
کردووە و دواى
دابەزینیان لە هەوا لە شوێنگەى کەوتنێک هەڵیگرتوونەتەوە)
لە شێوەى فڕۆکهی
کاغەزیی بۆ جێگهیەکى
نادیار دەیناردن....
نامەکانى ئەو بوونەوەرە سەیرە، زۆر دەگمەن و
تژى لە پرسیار و گومان و وەسوەسەى بێ وەڵام بوون، ئەوەندەشى پرسیارگەلى
ئەزەلیی لە ڕێگەى مەعشوقە ونەکەیەوە لە
بارەى بوون و بوونهوهران و
دروستبوون و ئافهریدهبوونی تێدابوو، من بە
خوێندنەوەیان سەراسیمە بووم و لە
ناخمدا تووشى سهرسوڕمان و بێدەنگییهکى
قووڵ بووم... یەکەم
جاریشم بوو لەو لایەنەوە قسەى ژنێک
لە نزیکەوە بە نووسینه
جوانەکەى و بە پرسیارە زۆر قووڵەکانى
لهو بارەیەوە، ببینم و کارم تێبکا... چەند
جارەک دەستم بە نووسینهکهیدا هێنا بەڵکو
سرتەى زبرییهک وەکى دەروازەى کۆدێکى تازە
بۆ ئاشکرابوونى نهێنییهکان درک پێ بکەم، کە
تا ئەو کاتى نەمدەزانى کوو
ئیش لەسەر دۆزینەوەى بەروار و
نهێنیی نووسینى
ئەم چەشنە نامە دەگمەنانە بکەم و نهێنییه
ئەفسوونسازییهکەیان
بدۆزمەوە...
بیرم هێنا و بیرم برد، ناچاربووم پەنا ببەم
بۆ کەسە نزیکەکانى، ئێوارەکیان
سهر له ئێواره سەرم لە زڕدایکى سەرابقزى
دا و پێکهوه چەند رایەکمان
لە بارەیەوە گۆڕیەوە،
لێ ئەوەندە دەرفەت نەبوو پتری لێ بپرسم
چونکى هەر دواى کەمۆکەک پێکەوە دانیشتنمان، بابى سەرابقزى گەڕایەوە و
بە دیتنى من خەمێکى قووڵ لە چاوەکانیدا
دەڕژا... لەسەرەخۆ بەخێرهاتنى لێکردم و پاشان ڕوخسەتى خواست و چووە
ژوورەکەى خۆى.
بابى سەرابقزى پیاوەکى چارشانەى پرچ ماش و برنجیی
رەنگ و روخسار
سۆر و سپی بوو، پاش مردنى داکى سەرابقزى بە
چەند مانگەک خاتوو سەناریاى تەمەن بیست و
ههشت ساڵە دەکاتە هاوسەرى خۆى و پێکهوه
چەند هەفتەکى خۆش لە مانگى هەنگوینیی
لە گهشتی پایتەخت وەسەردەبەن...، دواى
گەڕانەوەیان سەناریا خاتوون بە دیتنى
سەرابقزى و برا چکۆڵانەکەى دڵگران دەبێ و بە
بوونى ئەوان لە ماڵەکەدا تەمێک بەرى ئاسوودەگیی
ژیانى لێدەگرێ. بۆیە خاتوونى ماڵ بە لێهاتووییەکەوە نەخشەى بە شوودانى
سەرابقزى دادەڕێژێ، بگرە بۆ ئەم مەبەستە ژنە دراوسێکانیشى ڕادەسپێری...
بەڵکو مێردەکى پارەدار بۆ زڕکچە
باڵا زراڤ و پرچ زەردە چاو کاڵەکەیان بدۆزێتەوە، سەرەنجام بە
هەمووان مێردەکى زەنگین و بازرگان بۆ سەرابقزى دەدۆزنەوە
و لێى مارەدەکەن...
لەوێ لەسەر کەرەوێتە دارە کۆنەکە دانیشتبووم، پارچەیەک کاغەزى گەچراوى
کردەوە و دایە دەستم: ئەوە تاقە تشتە لە
پاشى خۆى بەجێى هێشتبى جگە لە جل و پەڕۆک و پاتارەکانى، ئەمنیش
ئەو وەختى لە هەیتانم شاردەوە و ترسام
نەوەکى بابى سەرابقزیم لێ باوێژنە زیندانێ، ئێ خۆ ئەمنى بێ کەس و بێدەر
بە (سۆران)ى
زڕکوڕمەوە کێ دەبوو دەرووى خۆى بە
رووماندا بکاتەوە؟ لە بزاوتى لچ و لێویەوە
درکم بە ناڕەزاییەکى قووڵ کرد، بینیم لەبەرخۆیەوە چک چکێکى کرد و
درێژەى پێدا: ئەدى چۆن گۆتم شتى وا ناکەم و
ماڵێ لە خۆم تێک نادەم، هەرچەندى باش
دەمزانى ئەوە لۆ ئەو لێڤەکۆلینە پۆلیسیانەش پڕ کەڵک دەبوون، لێ ئەمن
گۆتم شتى وام نەکردیە و نایکەم، بگرە کە
ئەوان لە قاپى ماڵەوەیان دا ئەمن ئەو کاغەزەم بەدەستەوە بوو، نەمزانى
چى لێ بکەم، هەر زوو دەناو دەستمدا وێکم وەهینا
و گەچراندنم تا ئەوەندە گچکەم کرد
دەناو لەپمدا بە تەواویی
ون بوو...
بە دەستەکانى توند هەردوو لا شانەکانى گرتم
: کیژم ئەتو پێم برێ، چاکم نەکرد ها چاکم نەکرد؟
من بێدەنگ تێى رامام و بێ ئەوەى بزانم چى
دەناو پارچە کاغەزە گەچراوەکەدایە، دەناو جانتای
شانمم خست و رۆیشتم...
هەر دواى ئەو رۆیشتنە ئیدى بۆ تاتایى
لە بەر چاوان و دەنێو ناواندا بزر بوون و هەتا نوکەشى دەگەڵدا بێ
نەمدیتنەوە.
بە رێگهدا چەندین جار ویستم کاغەزەکە
دەربێنم و بیکەمەوە و بە
وردیی هەرچى تێدا نووسرایە
بیخینمەوە، لێ هەر گۆتم نابێ... نابێ با
نەڵێن بە رێوه نامەى عەشقێک دەخوێنێتەوە،
نا... هەنگاوەکانم خێراتر کردن، تا گەییمەوە ماڵێ حەجمانم نەما، یەکسەر
دهریی ژوورى دانیشتم بەسەرخۆمدا کلۆمدا و
کاغەزەکەم دەرکرد و چیم خوێندەوە مەپرسن:
(بابم ناچار بوو وابکا، تا بە فرۆشتنى خینى من قەرزى کۆنى ژنهێنان و
گهشتی مانگى هەنگوینیی
خۆى بداتەوە بە خاوەن قەرزەکانى، لێ ئەمن لە سەروەختى خۆیدا
بڕیارى گهشتی
خۆمم دا، ئەرێ پاش نووسینى نامەکان و تەواوبوونى
هەموو قەرزەکان).
ئەمن ویستم ئەو پارچە کاغەزە دهستبهجێ
رادەستى بنکەى هەیتەى ناوچەکە بکەم، تا ئەو
بێڕەحم و خۆپەرستانە بە زووترین کات بگەنە
سزاى خۆیان، لێ سۆرانى گچکەلە کە ئێستا دەنێو گەرمەى قۆناغى
هەرزەییدایە و هەروەکى ئهمهکهکیش بۆ سۆز
و میهرەبانیی و قوربانیدانى سەرابقزى، ئەو
بیرۆکەیەى کە بە سەختى لە مەژیمدا
بوو، بۆ تاتایى سڕیەوە.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|