١٦\٧\٢٠١١
نامەکانى سەرابقزى.

ناڵه
عهبدولڕهحمان
-
بەشى سێیهم -
(نامەکانم دەگا! دەزانم چاوێکیش هەیە زۆر بە
وردیی دەیانخوێنێتەوە...،
نەک جارێک، دەیان جار وشەکانى لێکدەداتەوە و وێردەکانم لە ئەندێشەیدا
دەتەقنەوە و دەبن بە سەدەها پارچەى سپى...سپى وەک مروارى نەدۆزراوە و
سرتەنەکراوى ژێر دەنیز. دەزانم چاوێک لە چاوەڕوانى گومانەکانم گڕ
بەردەداتە هەقیقەت و بۆ داگیرسانى تنێ پرسیارێک، وەکى شەق هەڵبداتە
پاشەڵى هەموو گەردوون پشت دەکاتە ماتریاڵەکان و تەنانەت بیردۆزەکانیشیان
و تیشکى بینایى خۆى تووڕهەڵداتە ئەودیوى نادیار و نەبینراوەکان... ئەرێ
ئەوە تۆى نامەکانم لە گێژەنى (با)دا دەگریتەوەو بە
وردیی پشتى پشتەوەى
پەیڤە زەخمدارەکانم بۆن دەکەی و بۆ ترووسکەى وەڵامێکى کامباغکار بێ
وچان دەگەڕێ و کە لە هیچ کوێى ئەم گەردوونە تارەدا چنگت ناکەوێ...
لە کەموکوڕیی کۆنەبوونەوەى بیرم بۆ یەک ئاراستەى دیار ببوورە... نوکە
هزرم وەک یارى ئاگرینى شەوانى جەژنەکانى
رێوڕەسمى پیرۆزڕاگرتنى
ئایدۆلۆژیاکان پەرشە، نازانم گێژەلۆکەى ئەو هەمى پارەپارەبوونەى
هزرەم لە کێندەرەوەیە؟ دەپرسم تۆ نازانى لە کێندەرەوەیە مازۆ؟ نا...نا...
قەت نەڵێێ ناوى
راستێنەى منى بیرچۆتەوە (مازۆ)، ئەگەرچى وێدەچێ ئەوە
(٧٥)ەمین و دوایەمین پەیاممم بێ کە بە
رێبەرى رێگه نادیارەکان بۆتى
رەوانەدەکەم، لێ نەمویستووە تنێ جارەکیش
چییه ناوى تۆى تێدا بهێنم لێ
ئەوەش ناشارمەوە: ئەز بۆ جارەک ناوهێنانت بە کامى دڵ و پڕ بە گەرووم
جەرگم وەکى گۆشتى سەر مەقاڵەى ئەو سەگبابە بێڕەحمە
مەشروبخۆرانەى رۆژانى پشوو، کە لە باوکمەوە فێربووم وا ناویان ببەم دەبرژێم، هاوار بکەم:
مـــــــــااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
زۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆ...
مـــــــااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
زۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆ...
مـــــااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
زۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆ ...
لێ ئەز چ بکەم هەمى چاردەورم چاون لە چاودێرییدا، زمانن لە خەوشدارکردنى
ناو و دەنگدا، هەمى بکوژى دەروون و هەستن لە بێ هەستیدا...
(مازۆ) تۆ پێم بێژە، کەى وەڵامێکى یەکلاکەرەوەم بۆ دەنێری ها؟ کەى؟ کە
ئەم مانیفێستە پڕ وڕێنەیەم
رەنگبێ دەرخەرى دوایین پلەى بێتاقەتیی و
چاوەروانییم بێ لە غەریبییدا؟ نەپرسى ئاخر غەریبى چى؟ کە من لە نیشتمانى
خۆم بم و تۆش لە غەریبییدا؟ نا شتى وا نابێ، هەرگیز...، ئەگینا
بیرکردنەوەى جارانى تۆشم لا خەوشدار دەبێ، ئێهــ (مازۆ) کە مرۆڤیش
شتێکى جوانى بۆ بیرلێکردنەوە و تێڕامان نەما و نەشیەوێ چاوەڕوانى کرێتیی
و خەوشەکانى خەڵکى بکا چى بکا باشترە؟ تێم دەگەی (مازۆ) مەبەستم
چییه و چى دەڵێم؟ چى بکا؟ ئەزیزم چى بکا؟ چى...؟
راستییهکەشى (مازۆ) نوکە شتێ لە لاى مندا بە
روونیی و رەنگى ڕراستەقینەى
خۆیدا نەماوە تا بۆى هەوڵدەم بێستون کونکەم... ئۆف ئەگەرچى بێستونى
راستێنە لە هەناوى مندایە و لەمێژیشە بە ناسۆرەکانت وەکى بێژینگ
کونبەدەر بووە، لێ مازۆ خەڵکى فێرن تنێ باس لە شتى بەرجەستە بکەن و
مانەویاتیش بخەنە تەنەکەى خاشاکەوە، کە هەمى
رەنگەکان شلوێن و دەنگەکان
پڕن لە غەڵبە غەڵبى سەداى مرۆڤە کڵۆڵە ستەملێکراوەکان، تەنانەت ئێستا
شتێ نییه لاى من بە ناوى نەناسراوەکان، هەست دەکەم هەمى خەڵکى گەردوون
دێنیاسم و لە خزمانى پلە یەکمن، ئەو پۆلێنە
چییه بە خوێن و نەسەب
مرۆڤەکان بۆ پلەکانى خزمایەتى دابەشدەکا؟ مازۆ دەبێ پلەبەندى مرۆڤەکان
لە ژێر چەمکى خزمایەتى بە
راده و ئاست و قووڵى خەمگینیان بێ بۆ تێگەیشتن
لە بوون لە نەبوون لە شتە بۆگەنەکانى ناو هەردووکیشیان ئەگەر هەبن، وڕێنە
ناکەم (مازۆ) لێ ئەوەندە درک دەکەم زۆربەى مرۆڤە پەژموردەکان ئالوودەى
عەشقى غەمێکن، بۆیێ بیرۆکەى خۆکوشتن و مردن بە هەموو
چەشنەکانیهوە سەرى
هەڵدا؟ نا؟ یان من هەڵەم؟ گرنگ
نییه هەڵەم گرنگ ئەوەیە بڕوام بە
بیرۆکەکەمە و لە پێناویدا ئامادەى جەنگم، مازۆ نەڵێى لە وەتاى لێى
دوورکەوتوومەتەوە ئەو کچە سەرابییه هاودەمى سیحر و جادووگەرانە، بۆیە
لە داهاتوو یان
شتێک لە داهاتوو لە
روخسارەکان دەخوێنێتەوە، ئەمن نە
فاڵچیم نە قاوەگرەوە نە دەشزانم چ لەپشتى نادیارەکانەوە بەڕێوەیە،
ئەگینا لەمێژبوو بە دڕینى پەردەى ئەم تەمتومانانەوەم بە مەقەستى
حەقیقەتدا وەژۆرکەوتبووم... نا من هەرگیز نامەوێ
شتێک لە رابردوو بزانم
لەوانەیە ئێستا بە تاسەوە بڕیارى دیداریک بدەین بۆ بەیانى کە کاتى خۆى
دێ لێى پەژیوان ببمەوە، بیرت دێ چەندین جار بەم هۆیەوە لێم
رەنجاوى؟
ئەگەر هێشتا بڵێم: جار نا جارێ
رابردووم خۆشدەوێ
درۆ نییه، بەشى ئەوەندەى
سوود لە هەڵەى لەدەستدانى هەلى دەرفەت وەربگرم بۆ جارەکى دى کە دەرفەتم
بوو، خۆ من زۆر دەرفەتى ماچکردنى تۆم لەدەستداوە وایە؟ هه...نا.. نا
قەت رابردووەکى خەماوییم خۆشناوێ، ناشمەوێ تەنانەت بۆ جارەکیش
بیرمکەوێتەوە، ئەرێ، نە داهاتوو نە
رابردوو وەکى ئەوەى ئێستا بیرت
لێدەکەمەوە و شتت بۆ دەنووسم بە چێژ نین...
ئۆفــــــــ، لە دەست هەموویان، هەموو کات و شوێنەکان، لێ مازۆ کە تۆ
لە هەموویانداى چ بکەم!).
ئەمە بەشێک لە ئاخرین بەشى دوایین نامەکانى سەرابقزى بوون، ئەمن لە
رێگه
ئەستەمەکانى گرتنى تیشکى چیرۆکى ژیانى
راستێنەى سەرابقزى بیرمەندترین
کچى سەردەمى خۆى، لە
رێگەى چەند کۆدێکى زۆر نهێنییهوە بە
هاوکاریی کەسانێکى
نەناسراو کە دەگێڕنەوە
رۆژانێکى زۆر سەختى سەردەمى جەنگى ناوخۆ لە
گەڕەکەکەى ئێمە لە خانوویەکى پڕ گوڵ و باخچەى سەوزى دیوارقوڕین و سلینک
شەقرە و کاریتەدا چەندین زستانى ساردى پڕ دڵۆپە و شێ، لە هاوسێمان ژیاون،
دۆزیمنەوە...، کە لەبەر زۆرى ئازارەکانى مەراقى دیتنى دیوى پشتەوەى
ژیانى لە مەژیدا نەدەسڕیەوە، ئەم تەنانەت لە یەکێک لە نامە بێ ئەدرەس و
بێ بەروارەکانیدا کە ئاستەم شەوێکى زستان دواى هیلاکییهکى زۆرم
لە خوێندنەوەى چەندبارەى نامەکان بۆم
روون بۆوه، سەرابقزى جارێکى
دیکەش لە ژیانیدا بە
قووڵیی لەگەڵ مەرگدا چۆڕاونەتە ناوەوەى یەکدى و
دەستەلەملانێى نەبوون بووە و دواتر پاش وەخۆهاتنەوەى، سەوداى مەرگ و
خۆکوشتنەکەى لە ئەندێشەدا پەرەى سەندوە و چەندین جار نەخشەى بۆ مردنێکى
جوانى مرۆڤانە داڕشتووە، لێ کات و شوێن وەکى دوو خێوى لە ناکاو
لە بۆنەیەکدا پلانەکەیان پووچەڵ کردۆتەوە... بەمە نائومێدییهکى قووڵ
بە هەستەدەمارەکانیدا گەڕاوە تا گەیاندویەتیەوە ئەوپەرى بەختەوەریی و
بڕوابەخۆبوون، دیسانەوە قەڵەم و پەڕاوى تێبینییهکانى هەڵدەگرێت و لە
هەواى سەربانیژە زۆر بەرزەکەیان نەخشەى نوێتر و پوختەتر وەکى پلانى
کودەتایەکى نهێنى لە دژى سیستەمێکى فاشیست و نا دیموکراتیانە دابڕێژێ
وابوو، خاڵ بەخاڵ و
رێ بە رێى پلانەکە بە وردیی تۆماردەکا و بەروار و
رۆژەکەش لە ژێرەوەى نەخشەکە وەکى ئەدرەسى نیگارکێشێکى ناودار بە جۆرى خۆى
بە واژۆیەکى سەیرەوە کە هیچ پەیوەندیی بە ناوەکەى خۆیەوە
نییه، جارێک بە
کاڵیی دەنووسێت و چەندین جار بە زەبر دەیسڕێتەوە تا لە خۆى زیاتر
بوونەوەرێکیش
چییه بە نهێنیی کات و شوێنگەى جێبەجێکردنى نەخشەکەى نەزانێ
تەنیا خۆى و بەس، ئەویش دواى لێخشاندنى سێ پەنجەى تەنیشت یەکى ناوەندى
لەپەکانى لە شوێنى سڕینەوەى بەروار و
رۆژەکە...
من ئەگەرچى چەند
رۆژەکیان بەر لە مەرگى ناوادەى سەرابقزى
راستەوخۆ
لە رێگەى خودى خۆیەوە یەک دوو نامەی نەنێردراوى خۆى کە تا ئەو کاتى
ئامادەى رەوانەکردنى کردبوون، بە دەنگە زوڵاڵە پڕ خەمەکەی بۆ خوێندمەوە،
لێ ئەو سەروەختى زۆر لەوە کەم تواناتر و هەژارتر بووم درک بە
نهێنیی
لێخشاندنى پەنجەکانى و دۆزینەوەى کات و شوێنى پلانەکەى لەم
رێگەیەوە
بزانم، کە بە هەمان شێوەى داڕشتنى پلانەکانى تۆمارى دەکردن و دەیسڕینەوە...،
بە پێچەوانەى خەڵکى ئەمن ئەو کارەى ئەوم تنێ
رۆژەکیش بە شێتى نەزانیووە،
نا...، بەڵکو وەها تێمڕوانیوە شیفرەى کردنەوەى نهێنییهک بێ، نهێنییهکى
زۆر زۆر گەورە و ترسناک،
دوور نییه تەنیا بە مەرگى ناوادەى ئەو کۆتایى پێ
بێ، نا، بەڵکو لەوانەیە بە سەرهەڵدانى کۆمەڵێک شتى لەناکاو و
سەرسوڕهێنى دیکە وەکى نەفرەتێک لە
رێگەى بە ناو سەرکردەکانەوە بۆ دزینى
سەر و ماڵ و ژیان و دەروونى میللەتێکى ستەمدیدە، لەسەرەخۆ بە پلانێکى
تەڵەکەبازانە بڵاوببێتەوە...، ئەرێ نیشتمان هەروەکى ژن لە هەمى
کێندەرەکى جیهان بە دەستى بە ناو ئەمانەتپارێزان و بەرگرییکاران، ناپاکیی و
ستەمى لێدەکرێ...، بۆیێ نیشتمانم ژنێکى سەوداسەر و مەغدورە هەر وەکى
مەغدوریەتى سەرابقزى.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|