٢٨\٧\٢٠١١
(لارا) لە بەشى
یەکەمى یاداشتى گواستنەوەکەیدا..

ناڵه
عهبدولڕهحمان
گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکە بێگومان هەڵگرى ئارمانج و
مەبەستى تایبەتن، لەوانەیە (لارا)ش ویستبێتى یەک لەو مەبەستانەى
بێنێتەدى یان هەرهیچیان:
١- خستنەوارى پراکتیکى بڕوانامەکەى؟
٢- خزمەتکردنى بوارى پسپۆرییەکەى و باشترکردنى
دەستهاتى مادى؟
٣- یان مەبەستى تایبەتى دیکەى گرنگترى هەبووبێ،
کە من تا نوکە نایزانم چییە...؟
لێ ئەوەى (لارا) دەیویست لەوانەیە تا ڕێژەى ٥٠%
یان بگرە زۆرکەمتریش لەم ڕێژەیە، وەکو خۆى لۆ دەرنەچووبێ...ئەوەى بە
دۆڕانێکى دیکە دەزانى لە رووى بەرهەمى وەزیفییەوە، پێى وابوو چەندین
شوێن و چەندین ساڵ لە خزمەتى وەزیفى نەیانتوانیووە مافى لێهاتوویى ئەو
وەکى خۆى نەک سەدى سەد، بەڵکە سەدا نیوەشى پێبدەن، یان شوێن و جێگەى
شیاوى بۆ فەراهەم بکەن، کە ئەو هەمیشە خۆى بە شایەنى بەرپرسیارێتى
گەورە و قورس دەزانى، نەک تەنها دەسەڵاتى گەورەى پووچ و بێ بنەما...
وەکى ئەوەى بەرپرسە گەندەڵەکانمان پێیەوە ژیانى تا حهفت پشتى
نەوەکانیان پێ دابین کردووە.. نا.
(لارا) باسى ئەوەى دەکرد کە ڕۆژانێکى زۆر بابى لەسەر خوانى بەرچایى
بەیانیان، باسى نەهامەتییەکانى وەزیفەکەى کردووە و بە جۆرێکى سەیر لێى
بێزار بووە، دهمێک نوێنەرى ڕێکخستنى بەعس و دهمێک نامەى رێکخستنى
پارتە کوردییەکان بۆ جێبەجێکردنى راسپاردەیەک و دهمێک برادەرانى لە
هەر لایەکەوە داواى هاتنە ریز و خەباتیان لێکردووە، کە ئەو دەمێک بوو
بە نهێنى لەگەڵ پڕ مێژووترین حیزبى کوردى ناوچەکە سەروکار و خەباتى بێ
شومارى هەبووە، لێ من زۆر لەوە سەختتر و بێزراوتر لە بابم، وەزیفەم لەم
نیشتمانە قەلەندەر و بێ خاوەنە بەدى کرد... ئەرێ هەربەو چاوانە و بەو
گوێیانەش شتى سەیر و سەمەرەم بینین و بیستن...
دوا جار دوا فەرمانگە کە خزمەتى خۆمم بە (پێناو*)ی
ناسیارێک بۆ گواستەوە، فەرمانگەیەکى کلتووریى بەناوبانگ و شوێنێکى
ستراتیژى لە سەنتەرى شار و فەرماندارییەکاندا هەبوو، گوایە بەو شێوەیەش
کەمۆکەکیش بارى ماددیم روو لە باشتر دەبێ...
رۆژانە لە ژوورى چاپ و بڵاوکردنەوەى میرى گوێم لە قسەو گفتوگۆکانى
دوازده کچە بەدبەختە خاوەن بڕوانامەکان دەگرت، باسى هەموو تشتەکیان
دەکرد، هەرچى لەو دونیا فرەوانە بیرت لۆى دەچوو، تەنیا باسى گەشەپێدانى
کار و پسپۆرییەکەیان نەدەکرد...، ئەمن یەک بە خۆم لە دەستیان تەقم
کردبوو، لێ هیچیش بەشى تۆزقاڵەکیش وەسەرخۆمم نەهێنابوو، ئێ خۆ
فەرمانگەکانى دیکەش کە ساڵانى زۆرى خزمەتم لەوێ وەسەربردبوون هەر بە
هەمان ریتم باس و خواسى دونیاێى لێ هەبوون، لێ بە جۆرىتر و بە رەنگىتر،
ئەوان زێدەتر باسى چۆنێتى پتەوبوونى پەیوەندیى نێوان میرَد و ژن لە
پێخەفدا دەکرد و چۆن بۆ وەدەستهێنانى داواکارییەکانیان ژنان ڕاستەوخۆ
مێردەکانیان بە خەوتنێکى ئەفسوناویى دیل بکەن، ئیدى لەو جۆرە
بابەتانە..
لێ لێرە شتەکان جیاوازترن، خۆ هەڵکێشان و خۆ گرنگ نرخاندن، لەبەر ئەوەى
ئەو ژوورە بە منەوە سێزده نەفەریەى نێو فەرمانگە، بە حوکمى ئەو بڕە
زۆر کەمە دەرماڵە ترسناکییەى هەیبوو، زۆرترین داواکارى دامەزراندنى
لەسەر بوو، بە داخەوە من بێ هیچ پێشنیارێک لە گواستنەوەکەمدا لەوێیان
دانام...
هەرچى کچى ئاغا و شێخ و بەرپرس بوو لەوێ بوون، ئەمان پێشبرکێیان بوو
لەسەر کڕینى گرانبەهاترین جلوبەرگى هاوردەى وڵاتان و پڕ باق و بریقترین
عەبا و حیجاب و سەرپۆش و خزمەتکارى ماڵ و ماکیاژ...
____________________________
*
پێناو، (واسیتە - واسگە).
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|