په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١١

(لارا) لە بەشى دووه‌می یاداشتى گواستنەوەکەیدا..

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

لارا واى گێڕایەوە:


پێش ئەوەى کە راژه‌ی فه‌رمانبه‌ریی بگوازمەوە بۆ ئەو فەرمانگەیەى ئێستام، لە بەشى کارگێریی فەرمانگەیەکى کەلتووریی رۆژانە تا پێنج کاتژمێرێک دادەنیشتم و بە خورتیی کاتم دەکوشت، ئا... وەکى ئەوەى بە شیرێکى دەم تیژەوە شەڕى مان و نەمان دەگەڵ کاتدا بکەم، وابوو، بیرمکردەوە رۆژانە ئەوەندە توانای کات کوشتنم نییە، په‌رتووکێکی ئۆرهان پامۆکى تازە وەرگێڕدراوم گرتە دەستم و دەگەڵ خۆمدا بردم و دەمخوێندەوە لێ ترسێکى کوشندەش لە دەمارەکانمدا دەگەڕا بەوەى یەکێک لە هەمان ژووردا رۆژانە دەموچاو و روخسارمى لێکدەدایەوە و هاوکێشەکەى بۆ دەرنەدەچوو، بەوەى ئەمن ناوم لە ناو تاکانى بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانى شار بوو، تایبەت لە بوارى پەیوەندییه‌ کۆمەڵاتیەکان و هەتا بگرە لە پله‌ و پێگه‌ی حیزبیشدا، لێ من دەمێک بوو وەکى دەمى منداڵییم نەدەچووم، وازم لە کارى پشتگیرییکردنى حیزبیى هێنابوو، تەنانەت بە جارێک بڕواشم بە هیچ یەکێک لە حیزبە گەندەڵەکانى ئێرە نەمابوو... لۆیێ بێ حیزب و بێ پشتیوان ملم نابووە رێگه‌یەک کە نەمدەزانى بەرەو کوێم دەبا، رەخنەگرتن لە حیزب و کلتوور و ئایدۆلۆژیا تەنانەت جارى وابوو پێیان دەگوتم: خۆ تۆ کونجێکت بە ساغى بۆ خۆت نەهێشتۆتەوە لە سەروەختى ئەوەى تشتەکت لێ قەوما لە دەستى ئەویدی، بۆى رابکەی... ئەمن بێ باک دەڕۆیشتم و گوێم بەو قسانە نەدەدا... وەى لێهات دواى نزیکەى ساڵێک مانەوەم لەو فەرمانگەیە بچووک و ئاڵۆزە، بینیم بە هیچ شێوەیەک جێ متمانەى بەڕێوەبەر و دارودەستە پڕ نهێنیىه‌ گەندەڵیەکەیان نیم و ناشبم تەنانەت بەڕێوەبەرى بەشەکەشم کە بۆى دەرکەوت وەکى ئەوانیدى مل نادەمە فەرمانە بێ بنەما و پووچەڵەکانى یان زەنگەکانى وەڵام نادەمەوە...، کە هەر لە سەرەتاى گواستنەوەکەم بۆ ئەوێ وەختانێکى زۆر ناوەخت، زەنگى بۆ لێدەدام، قسەکانى واوێدەچوون زۆر بەرژەوەندیی منى بووێ و بۆ بەرژەوەندییم وەکى شەم بسوتێ، هەر سەرەتاى بینیى بارودۆخه‌که‌ بێزار بووم و ماوەیەک سێ تا چار رۆژێک نەچوومە دەوام، پڕ بە دڵ حەزم دەکرد لە کارم بترازێنن و لە کۆڵ ئەو نەهامەتییە ببمەوە، لێ بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری کردمەوە کە ئەوان بە چوونى من بۆ ئەو جێگەیە خۆشحاڵ و بەختەوەرن، تەنانەت رۆژێک لە رۆژان لە نزیکەوە خوازیارى بینینم بوون...


کە نووسراوێکى فه‌رمیی لە وەزارەتەوە بۆ ئەوێ دەهات، لەم بەشە بە دزییه‌وە نووسراوەکەیان دەخوێندەوە و بگرە زۆر جار لە بناگوێى یەکتریان دەچرپاند، نووسراوێکی تازەیان بۆ هاتووە، بە بێ ئەوەى تەنانەت تشتێکى گرنگیشى تێدا هەبێ... جارى یەکەم گوتم لەوانەیە تشتێکى گرنگى خۆیان بێ بە تایبەت لە بارەى دزینى پارە و پوولى حکومەت و پاداشتى فەرمانبەرەکانەوە، کە بەمجۆرە فەرمانگەکە لە زۆر خزمەتگوزاریی پێویست و بچووک بێبەش ببوو، هەرچەندى بۆ ئەو مەبەستە بوودجەى مانگانەش بەشێکى چاکى لێدەمایەوە، لێ ئەوان بە نووسراوێک دەیانکردە پاداشت بۆ یەکێک لە دارودەستەکەى خۆیان و دواتر پاداشتەکەشیان دەخستە گیرفانیان و بە فەرمانبەرەکەشیان دەگوت: ئەمە بۆ مەبەستى پڕکردنەوەى خەرجیى زۆرى فەرمانگەکەمانە و دەبێ هاوکاریی یەکترى بۆ بکەین... ئا ئەو دەستە ئاڵۆزە تەنانەت لە نێو خۆشیاندا وەکى هەڕەمەکى فیرعه‌ونیى وابوون، ئەوەى لە خوارەوەى هەرەمەکە بوون فەرمانبەرانى ژنى لایەنگیرى ئەوان بوون تەنیا دۆکیۆمێنتە ئاساییەکان و دۆسیەى فەرمانبەرەکانیان عەنباردەکردن و ئاگاداریان دەبوون، ئەوەى ناوەڕاستى هەرەمەکە پاداشت بە ناویان دەنووسرا و پێیان نەدەدرا و هاوسۆزییان هەبوو بۆ درۆى لەکەمدانى بوودجەى فەرمانگەکە و خۆیان بۆ ئەم مەبەستە بەخشى بوو، لێ سوڕ دەشیانزانى وا نییە، بەم چەشنە مۆڵەت و دواکەوتنیان به‌ خۆڕایی بوو، جارێ ماوە هەندێک بەزمى وەکى ئەوەى نووسینەوەى چالاکى سەنتەرى کوڕى بەڕێوەبەر و وەکیلى بەرێوەبەر لە ژوورى سەرەوە و فەرمانبەرى بە حیساب ئایتى بێ بڕاونامە و بەرێوەبەرى بەشێکى نادیار و خەیاڵیى هەفتەى دوو رۆژ ئامادەبوون لە فەرمانگە و پیاوانى کۆڕی دواى کاتژمێر نۆ تا یه‌کی نیوەرۆ.. جا چ دەگوترا و نەدەگوترا بەس خۆیان و هەندێک لە دارودەستە دووزمانەکەیان دەیانزانى و بۆ هەندێکى دەیانگواستنەوە، ئەمنیش هێدی هێدی کۆششی خۆم ده‌که‌م لە زمانى لاراوە بۆ ئێوەى بگوازمەوە...

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک