٢٦\١\٢٠١١
من و بوشره و
نەجات.

ناڵە عەبدولڕەحمان
- بهشی یهکهم -
لە کۆڵان یارى مۆریانێمان*
دەکرد، لەپڕ ئەو کچە گچکەیەى چەند جارێک یاریەکەى لێ بردبوومەوە، دوو
دەست راپێچیان کرد
و لەبەردەمم نەما و ون بوو...
نەمزانى چى بوو یا چى روویدا، یا لەکوێ
هەواڵى نەجات بپرسم...؟
رۆژێ لە رۆژانى
پشووى هاوینێ**، نەجات دواى
ئەوەى چەند رۆژێ لە
کۆڕى مۆریانێ و یاری ماڵماڵانێ جێگهى
چۆڵ کردبوو، بە ماکسیەکى بۆرى ژنانە بە
شێوەیەک درێژەوە دەتگوت لە توراسى خوشکە گەورە کۆچکردووەکەیەوە***،
بۆى ماوەتەوە، سەرێکى لە دەرگهى
حەوشەکەیان هەڵکێشایە دەرێ و بە نائومێدیی
خەندەیەکى لەسەر روخسارى زەردهەڵگەڕاوى
دروستکرد و بە شەرمێکەوە پێکەنى، بە دەست
ئاماژەم بۆ کرد بێتە کۆڕى گەرمى مۆریانێکەوە،
بۆ ئەوەى زێدەتر تەماعى گەمەکردنى بدەمێ، یەک دووجار قوتوى شوشەى موروە
ڕەنگاوڕەنگەکەم راشەقاند، نەجات شانێکى
هەڵتەکاند و لوتى بادا، من سەیرم لێ هات کە نەجات کیژە بە
جورئەتەکەى گەڕەک و هاوڕێى نزیکى خوێندن و سەردەستەى یارییه
کچانەکانى کۆڵان، وا بە ئاسانى دەستبەردارى جوانترین حەزى ئەو کاتەى
ببێ و نەیەوێ بۆ خۆشترین یارى لە ژیانى
منداڵانەیدا بێتەوە دەر!...، ئا ئا نەجات بە
شەرمەوە ئاماژەى نەهاتنەدەرەوە دەکا و دەچێتە کونجى ژوورى چێشت
لێنانەوە...، هەرچەندى دواى خزانە نێو کونجى تەنگى ماڵەوەى، بە
تەنیا نەبووم، بەڵکو لەگەڵ کچانى دیکەى گەڕەکیش کە
وەک نەجات هاوڕێم نەبوون، یارى مۆریانێ و گڕدانێ و ساپسانێشم
کرد...، لێ هەرگیز رۆژێ لە
رۆژان ئەوم لەبیرنەدەچوو، لە ناو
کچانى گروپى گەمەکەماندا بوشرە وەقسە هات گوتى: کچێ وازى لێ بێنە، ئیدى
نابێ بێتە دەرێ، پرسیم ئاخر خۆ جارێ وەک (پەروین****)ى
خوشکى لێنەهاتووە، تا لە مالێ ئیش بۆ
دایکى بکا...!
بوشره گوتى: لۆ هێشتا نازانى باڵقیش بوو بوو، کەچى سوننەت*****
نەکرابوو؟ ئەو حەفتەى بێتەوەش مارەى دەکەن، زاواکە و دایکیشى گوتبوویان
سوننەت نەکرێ نامانەوێ؟
وەڵامم دایەوە: جا تۆ چوزانى؟ ئەو هاوڕێى نزیکى من بووە، ئەگەر شتێکى
لەم بابەتەش هەبووا دڵنیام لێى نەدەشاردمەوە...
بوشره هەرچەندى هاوتەمەنى نەجاتیش بوو، لێ وازى لەهاتنەدەر و چوونە
ماڵانى دراوسێ و گەمە ساکارە منداڵانەکانى
کۆڵان نەهێنابوو...، چەندین جاریش براکانى لەسەر ئەم خولیاى یارى
منداڵانەیەى، بێڕەحمانە دارکارییان کردبوو،
لێ ئەو دواى ڕۆیشتنى براکانى بۆسەر کار، دایکى ماوەیەکى کەم بۆ ناو
یارى منداڵانە رێى پێدەدا و بەر لە کاتى
گەڕانەوەى براکانیشى خێرا بانگى دەکردەوە ماڵ، بوشرهش بە پەلە داواى
هەموو مۆریە خۆڵاوییهکانى ناو مەیدانى
یاریەکە دەکردەوە و نەخشەى یاریەکانى لێ تێک
دەداین و بە نیوەچڵیی
گەمە تەواونەکراوەکانى جێیدەهێشت و ساپەکەشى فڕێ دەدایە زەمینى
خانەکانەوە و کۆشى هەڵدەتەکاند و
رایدەکردەوە ماڵ، خێرا لەچکەکەى دەکردەسەر
و جلە کورتە رەنگاوڕەنگەکانى دەگۆڕى
و بێجامە کودەرییهکەى لەژێر
ماکسیە گوڵ گوڵییه درێژ
و قاوەییەکەى لەبەردەکرد و دەستى دەدایە گسکەکەى و بە
شێنەیی حەوشەکەى تا بەردەرگاکە گسک دەدا
و جارناجارێ لە پەنا دەرگهوە
گسکەکەى بەرزدەکردەوە و سڵاوێکى لێدەکردین...، ئەو بەستەزمانە لاى
نەجاتى هاوتەمەنى گێڕابوویەوە******،
کە چەندین جار بە زۆر فڕێیان داوەتە سەر
بەرماڵ تا بە ڕێکیی
نوێژەکانى بکا، و بگرە لە
کاتى سوڕى مانگانەیشیدا نوێژیان پێکردووە، گوایە بەو شێوەیە
حەیا و حورمەتى خانەوادەکەیان دەپارێزێ، کە
تەنیا لە ناو خانەوادەکەى ئەواندا دوو کچ بە کارەساتى خۆسووتاندن لە
تاو ژیانى پڕ کۆڵهمەرگیی
و پڕ کۆت و بەند جەستەیان کردبووه خۆڵەمێش،
ترسیان هەبوو چوارەمین و دواهەمین خوشکیشیان لە
دەست بدەن و قسەى خەڵکى و خوێشیشیان
بێتەسەر، کەچى سەربارى هەموو ئەمانەش هەر نەیاندەتوانى دەستبەردارى
ڕەفتارە نامرۆڤانەکەیان ببن و لەگەڵ ژنە نەگبەتەکانى ناو خێزانەکەیاندا
مرۆڤانە هەڵسوکەوت بکەن...
بوشرە بەرلەوەى کاتى گەڕانەوەى براکانى
بێتەوە و بە راکردن
هەڵێتەوە کونجى ماڵ، پێیگوتین: چارشەمە، ئەسماى خوشکم بۆ شوانى برام بە
ژن دەدەین بە نەجاحى براى نەجات و لە
بەرامبەریش نەجات لە شوانى برام مارە
دەکەین، براکەشم کیژى سوننەت نەکراوى ناوێ، ئەدى ئێمە مسوڵمانین چۆن
دەبێ ژن چێشت لێ بنێ و جل بشوا و مێردێ بکا و خەتەنەش نەکرابێ؟؟؟
گوتم ئەى تۆ خەتەنەکراوى؟ شانێکى بەوپەڕى
شانازییهوە هەڵتەکاند و وەڵامى دایەوە: ئەى
چۆن! دەڵێن من هەر زۆر گچکە بوویمە
خەتەنەکرایمە و بە هۆى خوێنبەربوونى زۆرەوە
لە مردنیش گەڕایمەوە، گوتى
: ئەى تۆ؟!
_____________________________________________________
*
مۆریانێ، موروانێ، مێروانێ (یاریەکى منداڵانەى ڕەگەزى کچانە، زەوى بە
ئەندازەى تۆپێکى تێنس هەڵدەکۆڵن و (شار)
دووریەک دیارى دەکەن تا موروەکە لەو دوورییەوە
بخەنە ناو قووڵاییەکەوە (قۆرت). لە
دواى پشووى خوێندن و داخرانى دەرگاکانى قوتابخانە، لەبەر
نەبوونى باخچە و ناوەندى تایبەت بە بەهرە
و تواناسازى منداڵان، بە تایبەت لەو
وەختەدا، کچان لە گەڕەکە میللى و نیمچە میللیەکان دەستى پێدەکەن،
ئێستاش ئەم یاریە کلتووریە منداڵانەیە ماوە).
*
پشووى هاوین، ئەو
کاتەى ساڵى خوێندن تەواو دەبێ و پشوو دەست پێدەکا، لەکوردستان و زۆربەى
ووڵاتانیش هەر ماوەى پشوو بریتیە لە ٣ مانگ،
کە مانگە گەرمەکانى وەرز دەگرێتەوە(٦،٧،٨).
*
نەسرینى خوشکى گەورەى نەجات، لە
راپەڕینە مەزنەکەى گەلى کورد بەهارى
(١٩٩١) لە
پڕۆسەى تۆپبارانکردنى لادێکانى سەر سنوورى ووڵات لە
لایەن رژێمى شۆڤێنى بەعس، شەهیدبوو
بوو.
*
لەدواى کۆچى نەسرین، پەروینى خوشکى ناوەندیی
نەجات، جێى گرتەوە و هەموو کاروبارى ماڵەوەى
خێزانەکەیانى بە شانەوە
بوو، تەمەنى لە(٢٥) ساڵان ڕەتى دابوو،
ژنى گەڕەک پێیان دەگوت: (قەیرە کچە و کەس پێى ناڵێ مامە بە
چەندى؟) هەر لەبەر ئەمەش ماڵى بوشڕا
داواى (نەجات)یانکردبوو، بە شێوازێکى زۆر
کۆنى ژن و ژنخوازیی: ژن بە ژن.
*
سوننەتکردن،خەتەنەکردن: بریتییه
لە بڕینى میتکە یا قیتکە (clitoris)،
بەشێکى یان هەموو لچى گەورە و بچووکى ئەندامى دەرەکى زاوزێى مێیینە (Labien).
ئەمەش دیاردەیەکى نامرۆڤانەى بەربڵاو بووە لە کۆمەڵگه
پاشکەوتووەکان، سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ:
سەردەمى فەرمانڕەوایی فیرعەونییهکان لە
ناوچەى میسر و وڵاتانى ئەفریقیا بە گشتى .
*
من هاوتەمەنى نەجات نەبووم، بۆیە لەمجۆرە
بابەتانەى لە من دەشاردنەوە و بە
هاوتەمەنانى خۆى دەگوت، لێ من واى بۆدەچووم لەبەر نزیکیمەوە لێى،
دهبووا شتەکانى
بە من بڵێ، بەڵام ئەو تایبەتمەندیی
خۆى لەگەڵ هەر یەکێک لە هاوڕێکانى دەپاراست.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|