په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١١

(لارا) لە بەشى سێیەمى یادداشتەکانیدا..

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

ئەرێ لارا بە دەم هەناسەیەکى ساردى پڕ زەخمەوە:


بەڕێوەبەر و ستافى ژمێرکارى و کۆگاى پول و قاسەى پارە، لە لوتکەى هەرەمەکەن...، خۆ ئەمە باش دەزانى؟ وایە؟


بە هەرحاڵ من لەوە تێگەیشتم ئەو پێڕە گەندەڵەى دەوروبەرى بەڕێوەبەر، هەروەکى کارێکتێرى ئەنیمەیشنى پیاوى گوێ گەورە*، سوسەى قسەو باسى بێ مەبەستى ناو هەندێک لە فەرمانبەرەکانیان دەکردن و بەترش و خوێوە دەیانگۆزتنەوە بۆ بەڕێوەبەر...، ئەویش بێ هیچ بەدواداچوون و تاقیکردنەوەیەک پەسندى دەکردن، تەنانەت ئەوەندە لەژێر کاریگەرى قسەگۆستەنەوەکان بوو، کەسێتى راستێنەى خۆى بزر کردبوو، ئەمن دڵنیام دواى وازهێنانى لە پۆستەکەى ئەوجا تێدەگات چەندى وەدووى وەهمى ئەم و ئەودا کۆلارەى لەپووش و کاغەز دروستکردووە و بە جارەک لە پێکهاتەى کەسێتى خۆى دوورکەوتیتەوە، چەندى ویستم لە بەڕێوەبەر بگەیەنم ئەمن وەکى ئەو نۆکەرانەى چاردەورت باسى دەکەن ئەوها نیم، لێ دەمگۆت دەبێ خۆى ڕاستیەکانى بۆ روون بێتەوە و شتەکان جودابکاتەوە، لێ من لەسروشتمدا ئەوەندە کەللەڕەق و بێ بەزەییم بەرامبەر بە خۆم، هەرگیز ئارەزوو ناکەم تەنانەت وشەیەکى پێویستیش لەسەر کەسێتى خۆم لە کاتى زۆر پێویستدا بدرکێنم...، کە دەشیانزانى کەمۆکەک لەگەڵ رۆژنامەکان و گۆڤارەکانى ئەوێ پێوەندى باشم هەیە، بەوەى زۆرجار لەپێشى ئەواندا داتاکەم لە هەمێزى دەگرت و هوردە هوردە وتارى کۆمەڵایەتى و ئەدەبییم دەنووسین، ئیدى بەو چەشنە بەرپرسى هۆبەکەشم گومانى لە داتاکەشم هەبوو، سەرى دێنایە ناو شاشەى داتاکە و دەیگۆ: ئەوە چات لەگەڵ کێ دەکەى؟ بۆ رۆژى دواتر کە هیچى بۆ روون نەبوویەوە، ناچار بەهات و هاوارێکەوە دەستى کرد بە توانج گرتن:


(ئەدى لۆ خراپ نییه‌، خەڵکى لە ناو فەرمانگەش واز ناهێنن و بازرگانى دەکەن هەر لە رێگەى داتاکانیانەوە ژووانەکانیان جێ بەجێ دەکەن، کۆمپانیایان هەیە، خوا قەوەتیان بدا، کۆمپانیاى بازرگانى نێودەوڵەتى...).


ئەمن وەکى ئەوەى گوێم لەهیچ نەبووبێ ئاوەها فەرامۆشمکرد، زۆر لەوە بێ دەنگتر بووم دەنگ هەڵبڕم و وەڵامى نەفامێک بدەمەوە و پێى بێژم : ئەها کۆمپانیاى نۆ خوشکەکەت؟ یان کۆمپانیاى ژوورى قاوەخانەکەى ئەوبەرى ژمێریاری و پرۆژەى گەندەڵکارى و دزیارى و تەناتەت پڕکردنەوەى وەسڵى هاتوچۆ و پێداویستى بە درۆ، یان ئەوەى بە تەلەفۆن زەوى وزار دەکڕى و دەفرۆشی؟... بە ستاف داوەتى سەروپێى بەیانیان دەبیت تەنیا بە هۆى راییکردنى هەقى سەر مووچە و بەرزکردنەوەیەکى فەرمانبەرێک؟ یان ئەوەى کە کاتژمێرى هاتن و چوونت بە هى خوشکە ژنەکەشتەوە فوول فریە؟ نەک هەر فرى بگرە تەنانەت مۆڵەتەکانیشتان کە بە کاغەز لە پێش چاوى فەرمانبەرانى دیکە پڕدەکرایەوە پاشان بزر دەبوون و دیارنەدەمان؟ کەچى ئەوانى قوربەسەر و بێ دەرەتان و پێناوبوون، مۆڵەتەکانیان بە دۆسیە بێ پاداشت و بێ سوپاس و پێزانینەکانیان بە قەڵەمى ماجیک بە ژمارە ریزبەند دەکران و بۆ رۆژى خانەنیشینکردنیان دەپارێزران، لێ بێدەنگ بووم و لە ناخەوە نیگەرانییه‌کى قوڵ دایگرتم، بێدەنگى من بێدەنگییه‌کى بێ هۆ نەبوو، بەڵکى ئەزمونى دەهر و زەمانە فێریکردبووم هیچ نەڵێم و هیچ نەبێژم، لە هەمان کاتیشدا بەخۆمم گوت: باشە دەبێ هۆکار هەبن ئەو نەزانە بە ناو بەڕێوەبەرەى بەشە، کە لە نەبوونیان ئەویان کردووە بە هین، هەر لەبەرئەوەشە تا ئەوپەڕى ملکەچیش ملکەچە...


یەک دوو فەرمانبەرى نزیک و هاوکارم رۆژێک بە چرپەوە پێیان گوتم بۆ هەڵوێستى ناوبراو هۆکار زۆرن، ئەمنیش وا بە ئێوەى دەبێژمەوە:


1- لەو کاتەى زەنگە بێ ماناکانیم وەڵام نەدانەوە...بە جارەکى بوویتە دوژمن.
2- بڕوانامە و پلەى وەزیفیەکەشم لە ئەو بەرزترە.. لەمەدا ئیرەییەکى زۆرى دەکرد، تەنانەت جارەکیان سەروەختى هەموارکردنى مووچەکەم هاتبوو، چەند جارەک لێیم دووبارەکردەوە کە سەیرێکى بکا لێ ئەو هەر دەیگوت ئێستا نا دوایى ... تا دواى ماوەکى باش کارەکانى بۆ راپەڕاندم...
3- سەرم بۆ هەندێ تشتى بێ مانا کەچ نەبوو وەکى هەندەک لەدارودەستەکانیان...

ئەو کوڕەى ئایتیە چاودێریەکى باشى بەسەرمەوە هەبوو، نازانم فزولیەتێکى گەورەى هەبوو بۆ حیسابى بەڕێوەبەر کار بکات تا ئەوەى هەفتەى دوو رۆژ ئامادەگى لە فەرمانگە بۆ بچێتەسەر یان بگرە چاوى بڕیبووە ئەوەى بکرێتە بەڕێوەبەرى بەشێکى وەهمیش لە داهاتوودا؟ ئێ خۆ هەر ئەو بوو گومانى ئەوەى دەکرد کە من وەکى نووسەرانى نۆکەرى دیکە لەپاڵ کارى رژۆنامەوانى ڕاپۆرتیش بۆ حیزب بنووسم، کە لەبنچینەوە پەیوەندییه‌کم بە حیزبەوە نەبوو، کێشە ئەوەبوو لەولاشەوە حیزب وەتێدەگەیشت من لە حیسابى حیزبێکى ئۆپۆزسیۆنى تازە دروستبوو لە وڵات، ئیش بکەم، ئەمن وەنەبى خۆشم ئەم شتانە هەست پێ نەکەم کە بۆیەکەم جار لە سەفەرێکى دەرەوەى وڵات و چەند کۆرسێکى رۆژنامەوانى وانەم گۆتنەوە هەستم پێکرد و دوایێش پێیان هەر وەیان گۆتم تشتى لەو بابەتە هەیە، چونکى لارا دووپاتى کردەوە کە: حیزبیش هەروەکى فزولیەتى کوڕى ئایتیەکە، چاودێرى سەختى لەسەر تەلەفۆن و پەیوەندییه‌کانم دانابوو...
__________________________________________
* ئەنیمەیشنى پیاوى گوێ گەورە، گوێ دەنێت بە زەویدا و پێشبینیی رووداوەکان دەکا...

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک