په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٢\٢٠١١

من و بوشره‌ و نەجات.


ناڵە عەبدولڕەحمان

- به‌شی دووه‌م -


رۆژى گواستنەوەى نەجاتە بۆ شوانى براى بوشره‌، خزمان سەرگەرمى خۆگۆڕین و چێشت لێنان و هیربار ئامادەکردن و قاپ و قاچاخ گواستنەوە و دانان و سفرە ڕازاندنەوە بوون بۆ نانى نیوەڕۆ*، من و بوشره‌ش بەیەکەوە بن دەستى ژنانمان لە ماڵى بوکێدا دەکرد...، لەپڕ بە مێشکمدا هات بچم سەرێک لە نەجات بدەم، ئاخۆ بارى دەروونیی چۆنە و هەست بەچى دەکا، داخۆ هیچ یارمەتییه‌کى پێویست نییه‌؟ کەچى ژنەکانى بەردەرگه‌ى ژوورى بووک رازاندنەوە، پیل**یان گرتم و کردیان بە هەرا و هۆریا بەسەرمەوە: لاکەون لێرە.. زۆر درەنگە.. بووک خەریکى خۆ رازاندنەوەیە.. بەر دەرگه‌کە چۆڵکەن دەى، دەى دەى.


تا ئەوکات میوانێکى زۆریان هەبوو، خزم و خوێش لە گوندەکانى*** دەوروبەریشەوە هاتبوونە ئاهەنگ، چاوەڕێى بەزمى دوانیوەڕۆ بوون، بڕیاربوو دواى نیوەڕۆش هەر لە حەوشەى ماڵى زاوا رێوڕەسمى ئاهەنگەکە ئاسایی بەڕێوە بچێ، لێ ئامادەبووان دڵیان بەوە خۆشبوو، لە گرتنى وێنەیەکى یادگاریی لە تەک بووک و زاوادا دەرفەتیان دەبێ، هه‌روا راشگەیەندرابوو نابێ شایى و بەزم و هەڵاش بکەن لەبەر ئەوەى ماڵى زاوا و ماڵى بووکیش تازیەبارن، بۆیە نابێ کەس تەنانەت هەڵهەڵەیەکیش لێبدا و پێچێک شایی و ره‌شبه‌ره‌کیش بکه‌ن...


هەوڵمدا هەرچۆنێک بێ خۆم بگەیەنمە لاى و سەیرى روخسارى نەجات بکەم و بزانم ئاخۆ روخسارى رازاوەى چەند لە ئاسایى خۆى جوانتر دەرکەوتووە؟ کە سووڕامەوە حەوشەکەى دواوەى ژوورەکەى نەجاتیان تێدا دەڕازاندەوە، لە پەنجەرەکەوە دیتم نەجات بە تاقى تەنیا لە ژوورەکەیەتى و دەرگه‌ى وەسەر خۆدا کڵۆم داوە و بە جلە سپى سپییه‌ بووکێنییه‌کەوە، خەریکى گریان و فیغان و هەنسک کێشانە، هەرچى ماکیاژ و بۆدرە و کڵ و جوانکارییه‌کى بۆ کراوە بە یەققەى جلە سپیە نیمچە رووتەکەیەوە بووە بە ماک و پەڵەى رەنگ زەردى مەیلەو قاوەیی، سروشک وەک ئاو لە لووت و دەمیەوە دەهاتن و جار لە دواى جار بە تاوتر هەنسکى هەڵدەکێشاو دەیدایە پڕمەى گریان، قەدداحەکەى سەرى وەک خاولییه‌کى دەم و چاو وشککردنەوەى لێهاتبوو بەدەستیەوە، رۆندکەکانى پێ دەسڕینەوە و توند بە چاوەکانیەوەى دەنا تا ئاسەوارى کڵچووک لە روخساریا بە جارێ لاببا...


من کە ئەم کارەساتەم دیت یەکسەر ویستم هەرچۆنێک بێ خۆم بگەیەنمە لاى و فرمێسکەکانى بسڕم، چەند جارێک لە پەنجەرەکەیمدا، کەچى ئەو هەر خەریکى گریان و فیغان بوو، چەند جارێک قایمتر لە پەنجەرەکەیمدایەوە، کەچى هەر خەریکى گریان و خواردنەوەى خەمەکانى بوو، ئێ ئاخر ئەو تا ئەوکاتەش هەر حەزى لە یارى ساپساپانێ و مۆریانێ و گڕدانێ و تەواوکردنى گەمە بە نیوەچڵ بەجێهێڵراوەکانى رابردووى بوو لەگەڵ من و کچانى کۆڵانى منداڵیی و هاوتەمەنانی گەڕەک، حەزى دەکرد ئەم چارشەمەش لەگەڵ من و بوشرە بەشداربێ لە ئاهەنگى مارەبڕینى شوانى (٣٠)ساڵه‌ لەگەڵ پەروینى خوشکى نەک لەگەڵ خۆى، کە ئەو هێشتا منداڵەو حەزى لە راکردنە ورد وردە منداڵانەکەیەتى لە گەڕەک تا بەردەم دوکانى شەکەرات**** فرۆشیەکە و شعربەنات*****و عەسەلیات******فرۆشى دەستگێڕ، نەک بە خورتیی گەورە بکرێ و جلى مارەبڕین******* و بوکێنیشى بێ ئیرادەى ئازادى خۆى لەبەرکرێ و ببێ بە خاوەن ماڵ و مێرد و بگرە دەبێ یەک خێزانى گەورەش لەمەودوا بەرێوەببا و گۆرەوى کوڕە فیتەرەکانى تر و جلی سەرکاریشیان بە دەست بشوا، بۆ نەجات قبوڵکردنى ئەوانه‌ زۆر ئەستەم بوون، ئەو جگە لە سەوداى یارییه‌کانى تەنیا بیرى لە تەواوکردنى خوێندنەکەى و دەرچوونى لە قۆناغى سەرەتایی و چوونى بۆ قۆناغێکى دیکەى خوێندن بوو، نەک بە خێرایى بازدان بەسەر کۆمەڵێک قۆناغ و خزانە ناو قۆناغێکى چاوەڕوان نەکراوى دیکەى ژیان بە بێ ویستى خۆى، ئا بە تەواوى لە دەرەوەى ئیرادەى خۆى.


ئەو دەیوست یەکێک هەبێ لەو چرکە ناخۆشە دەربازى بکا و بینێرێتەوە کۆڕى گەرمى منداڵان و یارییه‌ پڕ قاقا و پێکەنینە خۆشەکانى تەواوبکا...


لەپڕ نەجات لە ژوورەکە ون بوو، من هەر لەوێ چاوەڕێم کرد تا ئەمجارە بگەرٍێتەوە و بمبینێ، کەچى نەجات نەگەڕایەوە ژوورەکەى وەک هەرگیز کە نەگەڕایەوە کۆڕى ئاساییى ژیان، دواى چەند خوله‌کێکی کەم لە ونبوونى نەجات لەبەرچاوم، دووکەڵێکى زۆر کە دیاربوو لە ئاگرێکى گەورەوە سەرچاوەى گرتبوو، ئا لە گڕێکى زۆر زۆر گەورەوە ئەویش جەستەى نەجات خۆراکى بوو، نەجات لە مەخزەنەکەى نهۆمى سەرەوەى خانووەکەیان جەستەى خۆى گڕتێبەردا دواى ئەوەى دوو ڕیز داروپەردووى بەسەریەکا کۆکردبوونەوە و بەنزینى کردبوو بە جلەکانى ژێرەوەى تا بەتەواوى هیواى دووبارە ژیانەوە لەخۆى و خانەوادەکەیان ببڕێ، نەوەکا لەدەستیان بێ دووبارە بە کۆڵەمەرگییه‌کى دیکەوەى بسپێرنەوە، نەجات وەک ئەوەى ئاواتى بۆ خواستبوو واى بۆدەرچوو، دواى ئەوەى بۆکڕووزى جەستەى بە هەموو لایەکدا بڵاوبۆوە، بە دویدا گەڕان لە نهۆمى خوارەوە بێ مفابوو، لەپڕ تۆپەڵێک گڕ لە ئاسمانەوە وەک هەسارەیەکى گڕگڕتووى نیمچە هێلکەیی کەوتەخوارەوە و پشکۆکانى بە حەوشى پشتەوەدا بڵاوبۆوە، جگە لە گیانى پڕ میهرەبانیى و خێرنەدیوى خۆى، تەنانەت ئازارى باڵندەیەکیشى نەدا، بە چەند بەتانیەکى تەڕ گڕەکەى کوژێندرایەوە بەڵام دواى چى؟ دواى ئەوەى بە تەواوى هەڵکڕووزابوو و ئەمە جگە لەوەى لە تاو ئازارى زۆر و بێ کۆتایی، خۆى هەڵدابووه‌ خوارەوە، نەک تا بەهانایەوە بێن.. نا، بەڵکو چۆن بیەوێ وەک پارچەى گەورەى رەژوو********، وورد و خاش ببێ و بە جارێ گیانى لە جەستەى وەدەربێ و ئەو ئازارە زۆرەى بیربچێتەوە، خولیاى زۆرى لە بیرکردنەوە لە مردن بگەیەنێتە ترۆپکى ئارامیی، مردن بە باڵە سپییه‌کانەوە ملى بۆدانەوێنێ تا بە سوارى ملیەوە بگاتە لوتکەى خۆشبەختیی، ئەو خۆشبەختییه‌ى هەرگیزاوگیز لەم دونیایەا پڕ مەرگەساتەدا پێی نه‌ده‌گه‌یشت، دوکتۆرەکان لە بارى ترسناکى تەندروستى چانسى دەرچوونیان بۆ دانەنابوو، بەلکو گوتبوویان سوتانى پلە زۆرى بەشى خوارەوەى جەستەى دەرفه‌تی رزگاربوونی بۆ ناڕەخسێنێ، من گوتم نا ئەو بە هێزە و دەژیێ، ئەو بەهێزە و دەژێێێێ......


لە خەوەکەم وەئاگا هاتم، نەجات دەگوازرایەوە، ئەوە دوو چارشه‌م بەسەر مارەبڕینى تێپەڕیبوو، من بەرلەوەى نانى بەیانى تامکەم ، خۆم گۆڕى و گەیشتمە لاى ماڵى نەجات، پەروینى خوشکى پێى گوتم نەجات لە ئارایشگایە و نیوەرۆ دەگەرێته‌وە و ئیدى بۆ تاهەتایە دەچێتە ماڵى شوان و ناگەڕێتەوە ئێره‌ و نایێتەوە کۆڕى گەمەکانیشتان، ئەو ئیدى گەورە بووە عادەت دەگرێ بە ماڵ و مێرد و منداڵ، من گوتم نا ئەو گەورە نەبووە ئەو هەر منداڵە و بەڵێنى داوە دێتەوە لامان و گەمەکانمان تەواو دەکەین...


نەجات گوازرایەوە، سێ منداڵى هێنایە بوون، رۆژێک تکاى لە هاوسەرەکەى کردبوو رێگەى بدا خوێندن بە تاقیکردنەوەى دەرەکى تەواو بکا و پاشان لە فەرمانگەیەکى میرى دابمەزرێ، کەچى هاوسەرەکەى عەباکەى فڕێدەداتە پێشێ، ناچار نەجات دەگەڕێتەوە ماڵى باوانى، براکانى هەواڵیان بۆ شوان ناردەوە کە بێ و ژنەکەى بباته‌وه‌ نەوەکا کێشەیەکیش بۆ دوو هاوسەرەکەى ترى ناو بەزمى سیستەمى ژن بە ژنیی بنێتەوە و ماڵ لە ئەوانیش تێک بچێ، شوان چوو بە بە دواى گەڕاندنەوەى نەجات...، نەجات دواى چەند رۆژێ بە ئارامیی و رێز و میهرەبانییه‌کەوە درێژەى بە هەوڵەکانى دا لەگه‌ڵ هاوسەرەکەى وتوێژێکى زۆریان کرد، ئەو دیسان رێى ماڵى باوکى پێ نیشان دایەوە و لە قژیەوە فڕێى دایەوە دەرێ، ئەمجارەیان نەجات نەچووه‌وە ماڵى باوانیشى بەڵکو رێک لە کۆشکەکە، بەرگى خەوە ناخۆشەکەى منى لەبەرکرد، کە چەندین مانگ لە وێنەى کابووسێکى ترسناک ئێخەى********* پێ بەرنەده‌دام و شەوانە هەناسەى دەگرتم، کە نەجات ماڵاوایى لێکردین، ئه‌مجاره‌ پەروینى خوشکیان لە شوان مارە کرد، تا منداڵەکانى لە نەهامەتیی بێ دایکیی پەنابدا و بارى ئاسایشى خێزانەکەى نێو کلتوورى ژن بەژنیی ماڵباتەکە بپارێزێ و دواجاریش رێگە دەگرێ لە هاتنى باوەژنێکى دڕندە و بێ بەزەیى ...


نەجات شەوى چارشه‌مه‌یه‌ک هاتە خەونم و ئەوەندە به‌ قاقا پێکەنى ئەوەندە به‌ قاقا پێکەنى... تا گوێیەکانم بەجارێ کاس بوون...


کە بە جارێ ناوى نەجات ون بوو، ئیدى منیش ئەو کابووسە ئێخەى بەردام و گەورەبووم...
____________________________________________
* نانى نیوەڕۆ،فراڤین.

** پیل، قۆڵ، بازوو.

*** گوند، لادێ، هەندێجار دەشتیش بەکاردەبەن.

**** شەکەرات: شیرینى منداڵانە.

***** شعربەنات: جۆرێکه‌ لە شیرینیی‌، بە شەکر و رەنگى په‌مبه‌ دروستدەکرێ و بە دەورى چیلکەى باریکەوەیه‌، ده‌یفرۆشنه‌ منداڵان.

****** عەسەلیات: جۆرێکه‌ لە شیرینیی‌، بە کوڵاندنى شەکر و خوێ و لیمۆ و ره‌نگ دروستى دەکەن و دەستگێڕان بە سێنییه‌کەوە، بە کۆڵانان دەیگێڕن، ئەویش بە دەورى چیلکه‌ی دارەوە دەکرێ و ده‌یفرۆشنه‌ منداڵان، دەتوانرێ چەند رەنگێکى جۆراوجۆرى لێ دروست بکرێ.

******* مارەبڕین، (ختوبه‌)، ئەڵقە گۆڕینەوە.

******** رەژوو، خەڵووز.

********* ئێخە، ئێقە، یەققە، یاخە.
 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان