په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١١

 پورە حەلیم.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی دووه‌م -


پورە حەلیم، هەر بە دەستێکى بەردەوام بوو لە هەڵدانەوەى سەرى کوژراوەکان و دەرهێنانى ناسنامەى گیرفانى لاشە شێوێنراوەکان بە دەنگى نزم پێى دەگوتم: ئەتوش بخینەوە بزانە ناویان چیە و خەرکى کێندەرێنە؟


منیش بە حونجە(1) حونجێکەوە ده‌مخوێندەوە و ماندوو ده‌بووم و دەوستام، هەناسەیەکم هەڵدەمژت چ هەناسە پڕ لە بۆنى ژەهر، بۆنى کوشتنى جوانییه‌کان و ئۆکسانى ئەو ماتریاڵانەى رۆژانێک سەردەستەى کۆمەڵێک کردار و پەرچەکردارى رەوشتیی و مرۆیى جوان بوون...، ئەو دەیگوت زووبە، عەسکەر(2) بەرەو ئێرە دێن سەرمان دەچێتە قوڕێ...کیژێ زووبە...، من دەمخوێندەوە:


سیروان حەمەدەمین کاکۆ، هیران
نەوزاد عومەر سلێمان، هەولێر
هێرش سەلیم ئیبراهیم، بالیسان


(ئێ هى لاى دۆرى بالیسانێیە، وەیش کۆرە بم دەکاتە خزمێ بن عامێ بابێ منداران، وەیش داڕزێم، ئەو گەنجانە لۆ وەها قوڕ بەسەر بوون؟ داکى جەرگى هەلا هەلا دەبى ئەگەر ئەوها بیبینێ...دەگ داڕزێى سەدامى زاڵم، دەگ ئەو تەخت و تەراجەت هەتاسەر نەبى لەبۆت...وەیش(3))، شین و واوەیلایەکى لەژێر لێوانەوە و بە دزیی سەربازانەوە دانابوو، فرمێسکەکانیم دەبینى بە یەک دەست بە چارۆگە(4)سپییه‌کەى دەیسڕینەوە و دەیگوت: دەى با بڕۆین، تەمەشایەکى ئەوانى ئەولاش بکەین، بزانم کەسیان ناناسم؟ وەیش جەرگت داڕزێ سەدامى خین مژ، وەیش رۆرە داکتان کۆرە بى وەیش...


لەپڕ کوڕێکى عەرەب دوو شولاقى لە کوژراوە پیرەکەى بەردەممان هەڵدا وەک ئەوەى بیەوێ لە خەوێکى قووڵ وەئاگاى بهێنێ، پاشان تفێکى لێکرد: (تفو علیک وعلى بوک، واللە تستاهل، واللە هالاکراد، مو لازم یموتون بهالطریقة، بس یستاهلون کیماوى مال على اللى سمیتموه على کیماوى، تفو(5)...)، کڵاوە نەخشینە دەستکردە بۆرەکەى سەرى، بە یەکەم پێلاقەى قاچی راستى لێبۆوه‌، وەک بڵیى پێشتر بە چەسپێک()ى کاتیى بەسەریەوە نوسێنرابێ وابوو، دانیشت و یەک بە یەکى گیرفانەکانى کۆڵینەوە و هەرچیەکى بە دەست کەوت ماچێکى لێیان کرد و بردنى: (نعمة اللە ها الخونة اکو الهم فلوس؟ هم بس یاکلون (نان تیرى))، جڕتێکى لێداو ڕۆیی...


من بە تەواویی تێنەگەیشتم ئەو کوڕە عەرەبە تەمەن 20-22 ساڵانەیە رۆڵى لە شاردا چى بوو؟، کتێبێکى بە دەستەوە لوول دابوو، بە باڵا مام ناوەندیی باریکەکەى، کراسێکى سپى و پانتۆلێکى نیلیی پۆشیبوو.


پورە حەلیم بەمە زۆر نیگەان بوو، گوتى: دەفەرموو دەى بەو نەوحەش دەرێن کورد و عەرەب برانە؟ بە خواى درۆیە قەت و قەت لۆ ڕۆژەکیش نابنە برا...، دەستى گرتم و بردمى بۆ سەر لاشەیەکى تر، بەرلەوەى دەستى بگاتێ سەرى ئەویش هەڵبداتەوە، سەربازێکى باڵابەرزى پۆستاڵ لەبەر، لە پشتەوەى قیژاندى: هێى انت! لیش تتدورین على الاشلاء؟ اکو واحد بین هادۆل تعرفینه و تحبینه؟ هاهاها، یلا ...من این جاى، طبل روحى، قبل ما اجى و ...نعلة اللە على اجدادک ، یلا یلا امشى...


خێرا دەستى گرتم و بە پەلە بۆى دەرچووین، نەمزانى بەرەو کوێ؟ لە ناو قەیسەریەکەدا خۆمان دۆزیەوە...، هەندێ لە خەڵکى مەدەنى و سەربازانێکى زۆریشى لێ بوون، خوایە چم بینى چ تاڵان بڕۆ و پاتارکاریەک؟ بێ وێنە...، سەربازان بە لوولەى تفەنگەکانیان لە جامخانەى دوکانى زێڕینگرەکانیان دەدا و شێتانە زێڕەکانیان بۆ ناو گیرفانەکانیان لوول دەدا وەک بڵێى گەنجینەى عەلى بابا(6)یان دۆزیبێتەوە ئاوا دەهاتەبەرچاو...، کاتى گەیشتنى ئێمە، تەنیا چەند دوکانێکى بچووکى زەڕەنگریی بۆ بەردەوامیدان بەم حاڵە مابوونەوە، هەر لەوێدا بوو بینیم ژنێک بە سەربازێکى گوت: (بلا زحمة ارید هاى التراضی، اذا ممکن تتساعدنى؟).


ئەویش بە لوولەى تفەنگەکەى جامخانەکەى بۆ شکاند و بە خەنجەرە باریک و درێژەکەى لە ناو وردە شوشە شکاوەکاندا خواستەکەى بۆ دەرکرد و لە چەشنى دیارییه‌ک داى بەدەستیەوە و زەردەخەنەیەکى بۆ کرد...


سەرم سوڕمابوو لەوەى زۆربەى خەپەنگ(7)ى دوکانەکان لەنێوەڕاستدا دڕابوون و شتەکانى ناو دوکانەکان و پشت خەپەنگەکانیش بە تەواویی جگە لەوەى پاتار کرا بوون، رەفکە و مێز و کورسى و پاشماوەى کەلوپەلەکانى پاتاریەکانیش بە بێڕەحمى شکێنرابوون یان سوتینرابوون، بیرم دێ بە خەڵکى پاتارکاریان دەگوت: هێزى ئاڕ ئاڕ...، شار بازارێکى بەلاش(8) بوو، هەرچى شتێکت بویستایە لە هەر شوێنێ لەهەر ماڵێ لەهەر گیرفانێ، بەبێ پول بە دەستت دەهێنا بەس ئەوەندە مەرج بوو، زوو بگەیتە سەر شتەکان و پێشەوەى سەنگەرى شەڕى پاتاریەکە بەرنەدەی و تۆزێکیش بەهێز بی یان هۆکارێکى یارمەتیدەرى وەک دار چەقۆ خەنجەر یان تفەنگێکى بچوکیشت هەبووا زۆر باشتر ئامانجەکانت دەپێکا، هەر رێک وەکو سەردەمى هەیمەنەتى یاساى دارستان، بێ چەک دەبووا ئازا و بە غار و بە تەوس بوواى، تا باشترین و بە بەهاترین شتت دەستکەوتایە، وەک ئەوەى لە دواى راپەرینەوە ئەم دیاردەیە دەستى پێکرد، ماڵى هەموو (ئەمین عام)ەکان و سەرۆک جاشەکان پاتارکراو خەڵکى بگرە لەسەر کەلوپەلى ماڵەکان دەبوو بە دەمەقاڵى و شەڕیشیان، ئەگەر یەکێک پێش ئەویتر کەلوپەلەکەى گڕدابایە بە ئاسانیی دەبووە خاوەنى هەموو شتەکان، ئیدى یاساى دەستبەسەراگرتن(الحیازة(9)) بە هەڕەمەکى بەسەر هەموو شتە گوازراو و بگرە نەگوازاوەکانیش جێبەجێ دەبوو، لەدواى راپەڕین و کۆچڕەوەکەش هێدى هێدى جاشەکان دەگەڕانەوە سەر ماڵ و موڵکەکانى خۆیان و کەلوپەلەکانیشیان یەک یەک لە خەڵکى وەردەگرتنەوە، وەک ئەوەى نە بایان دى بێ و نەباران، نەجاشاتیان بۆ بەعس کردبێ و نە پێناویش بووبن بۆ رژانى خوێنى لاوێکى کوردێکى بە شەرەف، هەمووشیان نەبووبێ زۆربەیان بوون بە حاکم و فەرمانڕه‌وا و دەستڕۆیشتوو لەنێو حیزبە کوردستانییه‌کان و بگرە پلەى باڵاتریشتیان لە پلەى جاشاتى وەرگرت، و لەناو هەمان کەیف و سەفاى جارانى خۆیان نقوم بوونەوە، هەروەک ئەوەى لە ڕوبارى هەنگویندا مەلە بکەن وایلێهاتەوە...، ئاخر بۆ ئەوان هەمان تەخت و تاراج چۆڵ و بۆشاییەکى گەورەى بوارى هەوالگرى و زانیاریی چۆڵ مابۆوه‌ و شاریش گەورەو بێ حاکم، حیزبەکانیش لە دوای پێکهێنانى بەرەى کوردستانى پێویستیان بەمجۆرە خەڵکە هەبوو، کە ئێستاشى لەگەڵدابێ جێگە و پێگەیان لەناو سەرکردایەتى زۆربەى حیزبە کوردیەکاندا بەهێز داکوتاوە و باسى به‌رگریی و لافى شۆڕگێریت بۆ لێدەدەن، ئەگەر بتەوێ شتێکى زۆر ئاشکراو بچووکیشیان لەمبارەیەوە بیربخەیتەوە دە جار قەرزارت دەکەنەوە..


کە گەڕاینەوە، و دووبارە پورە حەلیم بردمیەوە بۆ لاى لاشە گەنیو و ئاوساو و بێ کەسەکان و بەدەستێکى سەرى داپۆشراویانى هەڵدەدانەوە و ناسنامە(10)کانیانى لە گیرفان دەردەهێنا و دەیدایە دەستم، دیسان بە حونجە حونج دەستمکرد بە خوێندنەوەى ناو و ناونیشانەکانیان، زووبە کچێ زوو ئەوا هاتن قەلەندەر زوو...، پورە حەلیم زوو زوو ئەم چەند وشەیەى دووبارە دەکردنەوە...


گەیشتینە سەر دوالاشە لە کوژراوەکان کە زۆربەیان بە گروپ لە ئەنجامى موقاوەمەت و بەرگریکارى لە بەدەستەوەنەدانەوەى خاک، لە چەند ناوچەیەکى دیاریکراودا کوژرابوون...، سەرى هەڵدایەوە و حەپەسا...، گوتم: ناسنامەکەى کوا؟ ناسنامەکەى؟ گوتى: رۆڵە ئەوەتا لە گیرفانى مندایە...رەببى کۆرە بم و نەمینێم...، کردى بە گریان و فیغان ...


نە کەسێک نە تۆمۆمبیلیک، نە بگرە عارەبانەیەکی دەستیش، هیچیان لەو حەشاماتى مەرگ و غەریبیە، بۆ گواستنەوەى لاشەى کوژراوەکان دەست نەدەکەوتن، کە خۆى بوو ئا ئا خۆى، کوڕە بەرگریکارەکەى ریزى بزووتنەوەى نهێنى ناو شار.
_______________________________________________
(1) بە حونجە، بە پیت، ئەوکاتى تەنیا چەند کلاسێکى کەمى قۆناغى بەراییم خوێندبوو، خوێندەواریەکەم لەو ئاستەسەرەتاییە دابوو.
(2) عەسکەر، سەرباز.
(3) رێک بە زمانى پورە حەلیمم گواستۆتەوە...دیارە مەبەستم لە شێوەزارەکەیە.
(4) چارۆگە، چەفیە، لەچک.
(5) هەوڵمداوە لە زمانى سەربازەکەوە وەک خۆى بیگوازمەوە.
(6) مەبەستم لە ئەفسانەى عەلى بابا و فانۆسە ئەفسوناویەکەیە، کە توانی هەموو خواستێک بەدی بهێنێ.
(7) خەپەنگ، دەڕاب.
(8) بەخۆڕایی، بەلاش، بێ پول، بێ بەرامبەر.
(9) (الحیازة)، دەستبەسەرداگرتن، لە یاساکه‌دا دەستبەرداگرتنى گوازراوەکان(المنقولات) هەیە، شتێکى هاوردەیە، لێ بە پێچەوانەوە، نەگوازراوەکان(العقارات) پێویستیان بە تۆمارکردنە لە فەرمانگەیەک بەناوى(دائرة تسجیل العقار) ئینجا مافى موڵکدارییه‌کە ده‌چەسپێ.
(10) ناسنامە، تەسکەرە،(الهویة).

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک