٢٠\٢\٢٠٢٠ چاوێ ھەڵبێنە.
مەزڵوم لە ساڵی ١٩١٦ لە شارۆچکەی بەرزنجە لە دایک بووە کە لەگەڵ لەدایک بوونیدا دایکی کۆچیدوایی دەکات کە لە لایەن نەنکی واتە دایکی باوکی گەورە دەکرێ و نازی دەدرێتێ.لەتەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و دواتر وازی لێدەھێنێ و دەچێتە حوجرە دواتر دێنە سلێمانی لە مزگەوتی (ھەمزە ئاغا)لای مامۆستا(مەلا محەمەدی کوردی) دەست دەکات بەخوێندن و پاشان دەچێتە مزگەوتی (بن تەبەقی ھەرمن) و لای مامۆستا (مەلاڕەحیمی پەرخی) تا (عیلمی سرف) دەخوێنێ و لە دوای ئەوە واز لە خوێندن دەھێنێ.لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا دەست دەکات بە کەسابەت و بازگانی کوتاڵ و وردەواڵە فرۆشتن و دەستگێڕی لەگەڵ دۆستێکی بەناوی( شێخ ساڵح )ی کارژاوی زۆربەی دێھاتەکانی ناوچەی شارەزور و قەرەداغ و بەرزنجە گەڕاون و لەو ماوەیەدا دەستمایەیەکی باشی پێکەوە ناوە و دواکانێکی لەبەرزنجە داناوە،کە دوکانەکەی دەبێتە قەلەندەرخانە و جێگەی پیاوانی رۆشنبیری ئەو سەردەمە و ھاتوچۆی شاعیران و ئەدەبدۆستان و سیاسەتمەداران و گەورە پیاوانی میری کە ئاڵوگۆڕی باسی ئەدەبی و ڕۆژگاریان تێدا کردووە.مەزڵوم ھاودەمی شاعیران(موفتی پێنجوێنی و قانع و شێخ سەلام و فەوزی و شێخ نوری شێخێاڵح و شێخ جەعفەر حسێن بەرزنجی و مەلا شێخ حەیدەری حاجی مامەند)بووە و شیعریان بۆیەکتری ناردووە .بەداخەوە مەزڵوم لەتەمەنی ٣٩ ساڵیدا لە ٩/٨/١٩٥٥ دا بەنەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کردووە .ئەوەی کە پێویستە بوترێت کە مەلا محمود کزەڵ ساڵانێکی زۆر دیوانە دەستنوسەکەی لابووە و پاراستوویەتی و لە فەوتانڕزگاری کردووە ،بەمەبەستی چاپکردنی دیوانەکەش کاک شێخ عومەر کوڕی گەورەی شاعیر دەیدەن بە مامۆستای شاعیر و نوسەری کۆچکردوو ئومێد کاکەڕەش کە دوای ماندوو بوونێکی زۆر بەچاپی دەگەیەنێت.ھەروەھا مامۆستا حسەین عوسمان نێرکزەجاڕی ئەرکی پێداچوونەوەی دیوانەکەی گرتۆتە ئەستۆ.
نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە (نیعمەتخان) خێزانی کاک شێخ عومەر کە دەکاتە بوکیمەزڵومی شاعیر ھاندەر و ھاوکارێکی زۆر باش بووە بۆ ئەوەی کە دیوانی مەزڵوم کۆبکرێتەوە و بەو شێوەیە چاپ بکرێت. دوای ئەوەی کە بڕیارم دا دەربارەی ئەم شیعرە جوان و ناسکە بنوسم سەردانی ماڵی کاک شێخ عومەری کوڕی گەورەی مەزڵومی شاعیرم کرد تا لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەم ،مایەی خۆشحاڵیم بوو کە لەو دیدارەدا لەگەڵ ھاوڕێی منداڵیم (عبدالقادری شێخ سەعید) کە دەکاتە برازای شاعیر لەماڵی شیخ عومەر ھەم دیوانە دەستنوسەکەی شاعیرمان بینی و ئاشنا بووین بەچیرۆکی دۆزینەوەی و ئامادەکارییەکان بۆ چاپکردنی،لە کەشێکی خۆشی پڕ لە شیعرو بەسەرھاتە شیرینەکان و یادەوەرییە جوانەکاندا باسی چۆنیەتی شیعری (چاوێ ھەڵبێنە) شمان کرد کە چۆن لەسەرەتادا بەدەنگی ھونەرمەند (سەمیرە نادر) وتراوە و ناوی شاعیرەکەیان نەنوسیوە لەو کاتەدا ئەوسا کاک شێخ عومەر خۆی گەیاندووەتە لایان و ئەوانیش ناوەکەیان بە دروستی لەسەر شیعری گۆرانییەکە نوسیوە.بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیم کرد بە ھونەرمەند(ئەنوەر قەرەداغی) یەوە بۆ ئاواز و ئامادەکردنی ئەم گۆرانییە،پێیڕاگەیاندم کە ئاوازەکەی ھی ھونەرمەند(حسەین قەرەداغی )یە ناسراو بە (حسەین جمبش)،مامۆستا ئەنوەر خۆیشی مۆسیقاکەی بۆ ئامادەیکردووە.بۆیە حەزمکرد لێرەدا لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا تەواوی شیعرەکە بڵاوبکەمەوە ،کە لە لاپەڕە(٢١ و ٢٢) ی دیوانەکەیدایە.ھیوادارین کە جارێکی تر لەبەرگێکی جوانتر دا چاپ بکرێتەوە و ھەموو ئەو شیعرانەی کە لەم چاپەدا دانەنراون بەھەر ھۆیەک بێت لە چاپی نوێی دیوانەکەدا دابنرێن.
________________________________
|