١٨\١١\٢٠٢٣ چاوەکان!
دارا خونچە بەرلەوەی چاومەستە چاو بەخومارەکان سەرمەستم کەن بمدەنەبەر نێزە و نەشتەری نیگایان.. بەرلەوەی چاوبازە چاو ئەفسوونییەکان دوکم بکەن دیل و بەرزەفت.. لە ئەژنۆم خەن.. بەرلەوەی چاوکاڵە چاو هەنگینییەکان بمورژێنن حەزەکانم بخرۆشێنن.. کامم پێ بکەن.. ١ بەرلەوەی چاوباشقاڵە چاو برسییەکان ٢ سەرقاڵم کەن لەپڕ پارێز بستینن و دەستوەسەر و داگیرم کەن.. ٣ دەمزانی یار لە دوڕ چارچیوەی چاوانی دامدەچێنی و پەنامدەدا ٤ لێ خۆ ئەویش تەنێ لە رێی جۆتە چاوە کشت و وشت و پڕ لە جیلوە و بەنازەکەی ٥ بێجگە لە من خڕ جیهانیش ٦ لە نێوانی تیری برژانگ و کەوانی ئەبرۆیانی وە هەڵبەز و هەلەکەسەمایان دەخاتن ٧ هەر کاتەکیش بە ئاستەمەک نیگام بەرەو هەر جوانییەک کێلببتەوە ٨ چوست و چالاک.. چاپووکانە دەمخەنە نێو سێرەی خۆیان خۆم و سەرجەم جوانییەکانی ئەو جیهانە دەدەنەبەر تیر و شیر و مەنجەنیقان! ٩ ئای لەو چاوە کشت و وشت و تیژ و تووش و بزێوانە ١٠ ئای لەو چاوە دژەباوە خورت و ئازا و زۆر دلێر و بوێرانە چم پێ دەکەن! لێ هێشتاکەش.. وەک دەبێژن: وەکو بێژینگ دامببێژن لە گوڵ کاڵتریان نابێژمێ! ١١ ئاخر ئەمن لەپاش چاوان هیچ نازانم.. هیچ ناناسم.. هیچ نابینم... چشم نییە بێجگە لەوان ١٢ وە ژیان و جوانیی و حەزەکان ١٣ ئاشنام بکەن! ___________________________________________________ فەرهەنگۆک: ١- کامپێکردن: سووکردنەوە، سوێکردنەوە. ٢- چاوباشقاڵ: چاوبازی چاولەدەر بە شێوەکی لەڕادەبەدەر و نائاسایی. ٣- پارێز ستاندن: وەرگرتنی دەرفەتی لەبار تا پەلاماری بەرابەرەکەت بدەی. ٤- دوڕ: هندوڕ، نێو، ناو. ٥- کشت و وشت: قشتیی و ژیکەلەیی و خێرایی جوولەی چاو. ٦- خڕ: گشت، هەموو. ٧- هەلەکەسەما: جۆرە سەمایەکی خێرا و پڕ لە جوولە و بزاوت. ٨- کێلبوونەوە: بەرزبوونەوە، ئاراستەگۆڕین و تەکاندان بەرەو جێیەکی دیکە. ٩- مەنجەنیق: چەکەکی کەونارای شەڕکردنە، بەردی گەورە و ئاوریان پێ لە دوژمن دەگرت. ١٠- تووش: توند و لەسەر و شەڕانگێز. ١١- نابێژمێ: پێ ناڵێم. ١٢- چش: جۆرە گەردانکردنەکی پەیڤی ''هیچ''ە و لە چەند زەمینەی جودای رستەدا هەمان واتای هیچ دەدا، لێرە وە واتای هیچ چشتەک یان هیچ (تشتەک، ئشتەک، شتێک) دێ. ١٣- وە: بە.
نێوەڕاستی پایزی ٢٠٢٣ - لەندەن
|