په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چاوەکەم مامۆستا ئیبراهیم لەم وڵاتەدا شتێک بە ناوی ''قودس''ەوە بوونی نییە؟!


ستار محەمەد قادر 


رەنگە کەسانێک بەوە خۆشنوود ببن بۆ گوزارشتکردن لە شتێلێکی خۆمان پەنا وەبەر زوبانی بیانیی بەرن، وا خۆیان دەربخەن کە شارە هەنگیان لە داردا دۆزیوەتەوە، وا باشترە رۆژێک زووتر هەر بەو زوبانە تەلقینێک بۆ خۆمان و زوبانەکەشمان بخوێنین!


ئەگەر مەبەستیشمان بێت شتێکی خۆمان هاوشێوەی شتی لایەکی دیکە بکەین، وا بزانم پێویستە لە ماهییەتی هەر دوو شتەکە بگەین، دەنا دەکەوینە نێو هەڵەی زوبانەوانییەوەو هیچ هەڵەیەکیش هێندەی هەڵەی زوبانی سیاسییەک باجی قوورس و گران نابێت، چونکە تاکە ئامرازی سیاسەتکردن لە زوبانەوە سەرچاوە دەگرێت!


زۆر بە داخەوە بە کارهێنانی ناوی مەجازی لە دونیای ئێمەدا تەنها بۆ مەبەستی سیاسیی لەو فەزایەدا رەنگدانەوەی نییە، بەڵکو دونیای نووسینیشی بۆ خۆی قۆرخ کردووەو بە شێوەیەک بارگاوی کردووە بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین دەکەوینە داویانەوەو کاتێک بە ئاگا دێینەوە، رامکراوین! ئەمەش نەک گوزارشت لە بێ خەمی ئەو توێژە بە ناو هەستییارە دەکات، بەڵکو گوزارشت لە باڵا دەستی ئەقڵی سیاسیی دەکات لەم پانتاییەدا!


بە کار هێنانی ناوی مەجازی سیاسیی لە دونیای نووسیندا و ئاوێتە کردن و رێگە پێدان و شوێنکردنەوەی بۆ نێو فەرهەنگی رۆشنبیریی، دەمانخاتە بەردەم دوو ریانێک، ئەویش: " یان دەبێت ببین، یانیش ببین بە سێبەر"؟!


ئەگەر کەرکوک لە رابردوودا هەر ناوێکی لێ نرابێت؟ هیچ لە واقیعی ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ئەو ناوانە هەبێت کە هەر یەکەیان زادەی سەردەمێکن! بەعس بۆ ساڵانێکی زۆر ناوی ئەم شارەی گۆڕی بۆ "تامیم" لێ چونکە ناوە رەسەنەکەی خۆی بە شێوەیەک ئاوێتەی رۆحی ئەم شارە بوو بوو، تەنانەت خودی بەعسییەکانیش هەر ناوی کەرکوکییان بە کار دەهێنا! جگە لەو ناوەش "پ د ک" و"ی ن ک" یش هەر یەکەیان بە هۆی ململانێی سیاسییەوە ئەمیان بە "دڵ" و ئەویان بە "قودس" هاوشێوەیان دەکرد! بەڵام واقیعی ئەم شارە ئەوەی بۆ هەموو لایەک سەلماند کە جگە لە ناوەکەی خۆی، هیچ ناوێکی دیکەی پێ هەزم ناکرێت! چونکە ئەو ناوانە دەچنە نێو خانەی موزایەدەو موجامەلەی سیاسییەوە، ئەگەر نا چ جەستەیەک هەیە بتوانێت لەو پەڕی چالاکیدا بێت، لە کاتێکدا دڵی لە ئینعاشدا نووستبێت؟


ئەگەر راڤەیەکی ناوە مەجازییەکەی تریش بکەین، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە جیاوازی ئاسمان و رێسمان هەیە لە نێوان کەرکوک و قودسدا، چونکە لە کاتی هاوشێوەکردنی کەرکوک بە قودس، هاوکێشەکان گۆڕانیان بە سەردا دێ و دە بێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ چرکەیەکی مێژوویی فەتح و حەماسدا بکەین و لە رێی هەڵەی زمانەوانییەوە نەکەوینە نێو هەڵەی سیاسیی و جوگرافیی و مێژووییەوە، هەروەکو چۆن ناکرێت ئێمە لە رووانگەی ئەوانەوە لە حەقیقەتی شتەکان بڕوانین!


ئەگەر بشمانەوێت راڤەی ئەو فاکتەرانە بکەین کە لە پشت ئەوەوەن کە سەرۆک کۆماری ئێراقی فیدراڵی بە شێوەیەک بارگاوی کردووە بێت بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە کەرکوکدا بمێنێتەوە، ئەوە بە مانای ئەوە نایات کە چارەنووسی ئەم شارە لە سەر کێ دەبێت بە ماڵ ... بەڵکو دەبێت بە زوبانێکی سادە و ساکار ئەو راستییە بدرکێنین، کە ئەو حیزبە مەترسی ئەوەی هەیە لە کەرکوکیش تووشی ئەو حاڵەتەی سلێمانی ببێت، چونکە ئەگەر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە ئەوا دەبێت پێش ئەوەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی کەرکوک بێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە شوێن ئەو هۆکارانەدا بگەڕێت کە لە پشت لاوازکردنی ستاتۆیەوەن لە کوردستاندا! چونکە ئەگەر بە دەردی سلێمانی بچێت، ئەوا دەبێت لە گەڵ باسکردنی کەرکوکدا، نێوی فەتح و حەماسیش بهێنینە ناوانەوە!!
 

 

STAR_QADR@YAHOO.COM