په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٣

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ شاعیری ئەمریکیی. فیلیپ لیڤین.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


فیلیپ لیڤین لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگان لەدایک بووە و زیاتر لە پەنجا ساڵیشە خەریکی نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانییەتی و ئێستاش خانەنشینە. هەروەها فیلیپ لە سەرتاسەری ئەمریکادا و لە چەندین دامەزراوە وانەبێژی کردووە، کە دیارترینیان زانکۆکانی کالیفۆرنیا و فرێسنۆ و نیویۆرکن. ئەو خەڵاتانەی کە بۆ شیعرەکانی وەریگرتوون، چەندە زۆرن، ئەوەندەش بەناوبانگن. لەوانە خەڵاتی یادەوەری فرانک ئۆهارا، خەڵاتی شیعری لینۆر مارشال، خەڵاتی لیڤنسۆن، خەڵاتی نیشتمانی کتێب، خەڵاتی بازنەی ڕەخنەگرانی کتێبی نیشتمانی، خەڵاتی پۆلیتزەر بۆ شیعر و خەڵاتی شیعری ڕوت لیلی. هەروەها لیڤین لە هەردوو دامەزراوەی نیشتمانی بۆ هونەر و دامەزراوەی جۆن سیمۆن گوگنهایم زەمالەی پێبەخشراوە.
ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی کە هەشتا ساڵەی لەدایکبوونی لیڤینە، دەرفەتێکی سەرەکی دەڕەخسێنرێت بۆ هەوادارانی شاعیر (خوێنەران، ڕەخنەگران و هاوتەمەنەکانی) کە ئاوڕێک لە ژیانی پیشەیی شاعیر بدەنەوە. ڕەنگە دیارترین ڕووداوی لەم جۆرە، بە ناوی "فیلیپ لیڤین: ڕێزلێنان لە ٨٠ ساڵەی لەدایک بوون" کە لەلایەن زانکۆی نیویۆرکەوە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی پار ڕێکخرا. مەرجیش نییە وەک ڕووماڵکردنێکی کارەکانی لیڤین بێت کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ئەنجامی داون. ئەم دیدارە دەست دەخاتە سەر هەندێک بیرۆکە و توخمە سەرتاسەرییەکان کە لەناو زۆربەی شیعرەکانیدا هەن وەک گرنگیدان بە بابەتەکانی چینی کرێکار، شتێک کە لیڤین زۆرجار پێوەی پەیوەستە، دواجاریش پرسیارەکان و وەڵامەکانی شاعیر دەچنەوە ناو بیرکردنەوەکانی لیڤین سەبارەت بە شیعر و هونەر بە گشتی.
گفتوگۆکەمان کەوتە سبەینێی دوای ئێوارە کۆڕی لیڤین لەگەڵ شاعیران و ڕۆماننووسانی تر کە لە (فایف پۆینتس)(١)لە یانەی هونەری نیشتمانی لە شاری نیویۆرک بۆ ڕێزلێنانیان لە ٤ی ئایاری ٢٠٠٤ سازکردبوو. لیڤین بە جل و بەرگی ئاساییەوە چەند خولەکێک زووتر لەکاتی کۆبوونەوەکەمان کە کاتژمێر نۆی سەر لە بەیانیمان دانابوو، گەیشت. لیڤین دوای بەسەربردنی شەوێکی درێژی تاڕادەیەک دڵخۆش و نائاسایی پەیدا بوو و هات و لە تەنیشت پەنجەرەیەکی گەورە بەرامبەرم دانیشت کە ڕووی لە پارکی گرامێرسی بوو و بە ڕواڵەت ئامادە بوو وەڵامی هەر پرسیارێک کە هەمە؛ بداتەوە.


ڕومیانۆ: دوێنێ شەو لە کۆڕەکەت تێبینیم کرد دوو شیعرت خوێندەوە. چۆن بڕیار دەدەیت چی بخوێنیتەوە کاتێک دەست بەخوێندنەوە دەکەیت؟
فیلیپ لیڤین: من پێشوەخت بڕیاری خۆمم دابوو کە چ شیعرێک دەخوێنمەوە. لە ڕاستیدا شیعری سێیەمیشم هەبوو کە دەمتوانی بیخوێنمەوە، بەڵام نەمویست بیخوێنمەوە. ئەویش لەبەر یەک شت، شیعرێکە کە تا ئێستا نەمخوێندووەتەوە. حەزیشم دەکرد ئەو شیعری سێیەمە بخوێنمەوە، کە لە هەردوو ئەو شیعرانەی کە خوێندمنەوە،زیاتر تایبەتە بەو شتانەی کە دەینووسم.


ڕومیانۆ: ئایا لە ئێستادا دان بەوەدا دەنێیت کە گرژییەک یان هەستێکی جیابوونەوەیەک هەیە لەنێوان ئەو سەرکەوتنەی کە بەدەستت هێناوە لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە زۆرجار دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەیت ؟ ئایا لەوێدا هیچ ناکۆکییەک نابینیت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر.

ڕومیانۆ: ئایا پێتوایە پێویستە نووسەران یان هونەرمەندان یان هەر کەسێکیتر ڕێک وەک بابەتی نووسینەکانیان ژیابن یان بژێن؟
لیڤین: نەخێر، ئەگەر تۆ بەپێی پێویست باش بیت. شەکسپیر هەرگیز نە پاشا و نە ڕۆمانیش نەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا توانی لەسەریان بنووسێت.

ڕومیانۆ: لە کۆڕەکەی ئەم دواییەدا، نەتاشا ترێثوای (٢)تۆی وەک شاعیرێکی چینی کرێکار وەسف کرد. نەتاشا ئەو وشانەی بەکارهێنا. هەستت چۆنە کە لەو کاتە بەو شێوەیە وەسف دەکرێیت؟
فیلیپ لیڤین : زۆرجار، ڕاستی دەکەمەوە. من لە چینی کرێکار نەهاتووم. من لە چینی ناوەندەوە هاتووم. کاتێک زۆر بچووک بووم باوکم کۆچی دوایی کرد، دایکم ناچار بوو ببێتە ژنێکی کرێکار. بەڵام بەهاکانی ماڵەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر بەهاکانی چینی ناوەندی ئەمریکی بوون کە پێشتر دیاریکرابوون، بۆیە ئێمە چینی ناوەڕاست بووین--بەڵام بەبێ هیچ پارەیەک. نازانم ناوی چی لێ بنێم. دایکم سوعبەتێکی خۆشی هەبوو. بەردەوام دەیگوت "یەکێک لە هەوڵەکانی فیلیپ ئەوەیە نیشان بدات کە جووڵەی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکادا هەیە. ئەو لە چینی ناوەڕاست لەدایکبووە، ئێستاش، بەرەو چینی کرێکار دابەزیوە. هەمووی بە هەڵە تێگەیشتووە." دایکم تا بڵێی سوعبەتچی بوو. "بیرۆکە ئاوهایە" فیلیپ، بەرەو سەرەوە دەڕوا نەک بەرەوخوارەوە."

ڕومیانۆ: لەئاست پەیوەندییەکانی نێوان چین و شیعر، تۆ هەست بەچی دەکەیت؟
فیلیپ لیڤین : پێموایە پەیوەندییەکە بەردەوام کەم دەبێتەوە. دەتوانم بڵێـم کە سەردەمێک لە ئەمریکادا هەبووە کە بەشێکی زۆری شاعیرە گەورەکانمان، ئەوانەی لانیکەم شاعیری دانپیانراو بوون، لە پاشخانێکی تایبەتەوە هاتوون بۆ نموونە ئایڤی لیگ و (٣)پەیوەندییان بە سەرنووسەرەکان و بڵاوکەرەوەکانی نیویۆرکەوە هەبوو کە ئەوانیش لە هەمان پاشخانەوە هاتبوون. ئەوکاتی شاعیرانی بیتس(٤) لە گۆڕەپانەکەدا دەرکەوتن وەک ئالن گینسبێرگ و گاری سنایدەر و چاپخانە بچووکەکان سەریان هەڵدا و چاپخانەکانی زانکۆش کەوتنە ناوەوە و ئیتر ئەوانیش فێری دابەشکردنی کتێبەکانیان بوون و ئەو خەڵکانەشی لە ویلایەتەکانی ئەرکەنساس، تێکساس، کالیفۆرنیا یان لەهەر جێیەک ژیاون و لەدایک بوون و یان کێ لەم شوێنانە چووەتە قوتابخانە یان بە هیچ شێوەیەک نەچووە. ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. پێموایە تەنانەت ئەکادیمیای شاعیرانی ئەمریکاش کە تا نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەریش بە تەواوی و بەتایبەت لەلایەن یانەی کوڕانی پیرەوە قۆرخ کرابوو، بەڵام ئیتر ئەمەش نەما. (٥)پێویستە ئەوەش بڵێم کە گەلێ سەختە بۆم باشوورییەکان بهێنمە ناوەوە. من بێئەوەی زۆریش دوور بکەومەوە یەک دووانێکم لێیان کاندید کردووە. ئێمە یوسف کۆمونیاکامان هەیە. ئەو تاکە کەسە و پێموانییە وەک باشوورییەک لەوێ بێت، ئەو زیاتر وەک ئەفریقایی-ئەمریکییەک لەوێیە. هەندێک لەو شاعیرە باشوورییانەی کە حەز دەکەم لەوێدا بیانبینم بریتین لە دەیڤ سمیس، ڕۆدنی جۆنز، کەیت دانیێڵز، یان تێری هامەر. من وای دەبینم ئەم شاعیرانەلەبەر ئەوەی تەواو جیاوازن؛ دەبێ لەوێدا ئەندام بن.

ڕومیانۆ: بەردەوامبوون لەسەر بیرۆکەی چین و شیعر، پێدەچێت شیعرەکانت زۆرجار خۆیان بەڕووی خوێندنەوەی مارکسیستیدا بکەنەوە.
فیلیپ لیڤین : ساڵانێک لەمەوبەر خوێندکارێکم پێی وتم کە پرۆفیسۆرەکەی پێی وتووە گوایە من کەسێکی "پینکۆ" م(٦) پێم گوت بگەڕێتەوە و بەو بێمێشکە بڵێ من پینکۆ نیم و سوورم. لای من کۆمۆنیزم تیۆرێکی ئابوورییە کە خاوەندارێتی بەو کەسانە دەبەخشێت کە کارەکە ئەنجام دەدەن و بەم شێوەیە ئەو مشەخۆرانە لەناو دەبات کە هەموو قازانجەکان دەبەن. دەوڵەتی سۆشیالیستی شتێکە کە سەرنجی ڕاکێشام. ڕاستگۆیانە پێموانییە کە تا ئێستا هەبووبێت. کۆمەڵگەی بچووکی کۆمۆنیست هەبووە، زۆربەیان تەنانەت لێرە لە ئەمریکاش. یەکێتیی سۆڤییەت کابوسێکی تۆتالیتاری بوو کە وەک وڵاتانی تۆتالیتاری دیکە ترسیان لای دراوسێکانیان دروست دەکرد. لە سیستەمی چینایەتی ئەمریکادا دەژیم، دەبینم تەماح زۆر پەرەی سەندووە. سیستەمی سەرمایەداری فێری ئەوە بووە کە چۆن سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵ بکات. زۆربەی ئەمریکییەکان لە مافی خۆیان بێبەشن و پێموایە لەرزینێکی بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی ئەمریکا ببێتە ئەو وڵاتەی کە هیوادارین تێیدا بژین. هەرگیز دوودڵ نەبوومە لەوەی بچمە ناو حزبی کۆمۆنیستەوە، کاتێک شاری وەین پڕ لە چالاکی بوو، منیش خوێندکار بووم لەوێ. من پێم وابوو ئەندامەکان گەمژەن و بەقەد کۆمارییە گەنجەکان(٧) بێکەڵکن. هەروەها ئایدیۆلۆژیستەکان و گەمژەکان و بیرۆکەی یەکێک بوون لەوان بە هیچ شێوەیەک سەرنجڕاکێش نەبوو. من لە کتێبی میهرەبانیدا شیعرێکم هەیە بە ناوی "حیزبی کۆمۆنیست"، باس لە چوون بۆ ئاهەنگێک دەکات کە لەلایەن کۆمۆنیستێکی گەنجەوە بانگهێشی کراوە. لەگەڵ براکەم دەڕۆم. ئێمە بەدوای کچدا دەگەڕێین. هەر بۆیەش دەچینە ئاهەنگ. من هەرگیز نەمبینیوە ئەوەندە خەڵک پێکەوە کاتێکی وا خراپ بەسەر بەرن و ئیتر وتم "هەرگیز جارێکی تر بانگهێشتم مەکەرەوە، پێویستم بەم شتانە نییە."

ڕومیانۆ: ئایا بانگهێشتیان کردیتەوە؟
فیلیپ لیڤین : ئەی چۆن بەڵێ، بەڵام من نەچووم.


ڕومیانۆ: بۆ مێژوو، ئەگەر شتێک هەبێت، چ شتێک باشە لە پیشەسازیدا؟
فیلیپ لیڤین: پیشەسازی زۆر کاڵای بەسوود بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت لەلایەن کەسانی ئاساییەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان بکڕدرێت. هەروەها دەتوانێت کار بە خەڵکێکی زۆر بدات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی جار کارەکان تاقەتپروکێن بوون. بەڵام من یەک شت بە دڵنیاییەوە دەڵێم چی دەتوانێت بەرهەم بهێنێت؟

ڕومیانو: بیروڕاتان چییە لەسەر بیرۆکەی ئەفسانەی "خەونی ئەمریکی" و هەموو ئەو شتانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و واتایان هەیە؟
فیلیپ لیڤین : پێموایە کە تا ڕادەیەکی زۆر قسەیەکی بێمانایە. دێتەوە یادم کە تازەلاو بووم--ڕەنگە بیست و چوار یان بیست و پێنج ساڵان دەبووم، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لە خولێکی پەروەردەی گەورەساڵان لە دیترۆیت وانەم دەگوتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بە درێژایی ڕۆژ کاری زۆریان دەکرد، شەوانەش دەهاتنە پۆل تا بتوانن شارەزا بن لە قسەکردن و نووسینی زمانی ئینگلیزی و ببنە پارێزەر یان پزیشک یان مامۆستا یان تەنها خاوەن پڕۆژەیەکی گەورە. من بوێری ئەوەم نەبوو بڵێم "ئەوە خەیاڵ پلاوییە". من تەنیا وتم: "ئەم ڕستەیە ناڕێزمانییە. ئەمە شێوازی نووسین یان قسەکردنە." دواتر پرسیارم کرد کە ئایا ئەم بیروباوەڕانە لە ئەمریکا و دەرفەتە بێسنوورەکانیدا پێویستن بۆ ئەوەی بمێننەوە، وەک چۆن لایتنینگ هۆپکینز (٨)جارێک گۆرانییەکی گوت ڕستەکەی بەمجۆرەیە (هەر بە کوولەمەرگی دەژێن.).


ڕومیانۆ: چۆن پێناسەی "چینی کرێکار" دەکەیت، بە تایبەتی بە پێچەوانەی یان جیابوونەوە لە "چینی ناوەڕاست"؟
فیلیپ لیڤین : ئەوە زۆر لایەنی هەیە. "چینی ناوەڕاست" بە واتای ناوەند دێت؛ بە واتای مامناوەند دێت؛ بە واتای "هەر بە کوولەمەرگی دەژێن" دێت، بە واتای ژیان لە مووچەیەکەوە بۆ مووچەیەکی تر یان خراپتر دێت. بە واتای دەرەوەی حەپەسان دێت؛ بە واتای سواری مل بوون دێت، بە واتای شەڕانگێزیش دێت. من هێشتا ئەندامی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیم. تکایە یەخەم بەردە. یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی هەمیشە بەشێکی بەمجۆرە دەبێت بۆ من و گرنگیش نییە بەلامەوە کرێکارانی ئەمڕۆ چۆن دەنگ دەدەن.

ڕومیانۆ: تا چەند شیعری کرێکاری ئێوە، شیعرە تاکەکەسییەکانت، بە تایبەتی ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسەکانی ناو کۆمەڵگەی پیشەسازییە؟
لێڤین: باشە، ئەگەر ڕاستگۆ بم، کاتێک دادەنیشم بۆ نووسینی شیعرێک و هەموو شیعرێکیش بۆ ڕووداوێکی جیاواز دەنووسرێت، ئەو بیرکردنەوانە هەرگیز بەخەیاڵمدا نایەن. بە دەگمەن بەو جۆرە شتانە بە مێشکمدا گوزەر دەکەن. لە یەک حاڵەتێکدا بیرمە لە شیعری "کارکردن چییە" کە لەم دواییانەدا ناچار بووم دەستنووسەکە بنێرم بۆ کتێبخانەی کۆنگرێس، یەکەم دێڕ کە نووسیبووم ئەمە بوو "دیترۆیت هیچە". دانیشتم و پێم سەیر بوو: بۆچی ئەوەم نووسی؟ پاشان هاتەوە بیرم بۆچی وام نووسیوە. شەوی پێش ئەوەی شیعرەکە بنووسم، لە کەناڵی پی بی ئێس سەیری بەرنامەیەکم دەکرد کە باسی لە باوک و کوڕێک دەکرد کە لە گەنجێکی چینییان دابوو و کوشتبوویان، ئەوان پێیان وابوو کە گەنجەکە ژاپۆنییە و پاڵنەرەکەی لە توڕەییەوە بەرامبەر بە ژاپۆنییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی دیترۆیتەوە بوو کە کارەکانیان لەدەست دابوو، وەک دواتر ڕایان گەیاند.
ئەو جۆرە ڕەگەزپەرستییەم بیرکەوتەوە و هەروەها ئەو هەستە توندوتیژە دژە ژاپۆنییانەی کە لەگەڵیدا گەورە بووم لەدڵم نەگرت هەرچەندە ڕقم لە نەتەوەی ژاپۆن بوو کە هێرشیان کردە سەرمان. لە قوتابخانەکەماندا هەندێک منداڵی ژاپۆنی لێبوون، ئەوانیش منداڵی ئەمریکی بوون. زۆرجار پرسیارم دەکرد "ئای خوایە ئەو منداڵە هەژارانە بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕن؟ "پاشان هاتنەوە قوتابخانە. ڕۆژی یەکشەممە ٧ی کانوونی دووەم بوو. ئەوان وەک سێشەممە یان چوارشەممە گەڕانەوە قوتابخانە و منیش بیرم کردەوە "بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕن؟ "ئەوان قسەی بێسەروبەری زۆریان دەکرد، بەڵام بە هێمنی و بە شکۆوە خۆیان دەپاراست.
پاشان، دواتر، کاتێک کرێکار بووم، لە کۆگایەکی ماددە هۆشبەرەکان لە دیترۆیت کارم دەکرد، کابرایەکی ژاپۆنی لەوێ کارێکی دەستکەوت. ئەو کەسێکی ئاوارە بوو لە کالیفۆرنیا، بەڵام گواستیانەوە بۆ دیترۆیت کە لەوێ نەیتوانی زیان بەهیچ کەس و شتێک بگەیەنێت. نەیتوانی یارمەتی ئەو سوپای داگیرکەرە بدات کە هێرش دەکاتە سەر کالیفۆرنیا. لە یەکەم ڕۆژدا لەوێ هێرشی کرایە سەر، هێرشی جەستەیی کرایە سەر. بەڵام تێر و پڕی لەکابرای هێرشبەر دا.

ڕومیانۆ: تا چەند بەشداریت بەتایبەت لە هەڵبژاردن و ئامادەکردنی کتێبە شیعرییەکانت؟
فیلیپ لیڤین: من خۆم هەموو شیعرەکان هەڵدەبژێرم.

ڕومیانۆ: چۆن بڕیار لەسەر شێوازی ڕێکخستنی دەقەکان و ئەو جۆرە شتانە دەدەیت؟ ئایا وێنەیەکی گشتیت لەبەرچاوە؟
فیلیپ لیڤین: لە کتێبی (ئەوان خۆراکیان پێدەدەن ئەوان شێرن) ەوە دەستی پێکرد. بەو کتێبە ئیدیتۆرێکی ڕاستەقینەم دەستکەوت (هاری فۆرد)؛ کە لە ڕێگەی کتێبی میهرەبانییەوە ئیدیتۆرم بوو. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٩٩ هەمان ئیدیتۆری مەزنم هەبوو. داوای لێدەکردم وەسفی کتێبەکەم بنووسم، کە مەشقێکی نایاب بوو. دەمنووسی و دەمگوت (ئەوە کتێبی منە؟ لەوانەیە و لەوانەش نییە.) چەند ڕۆژێک پێوەی سەرقاڵ دەبووم و هەر دەستکاریم دەکرد. تا جارێک زۆر بەدڵم بوو، پاشان دەستم کرد بە سەیرکردنی ئەو شیعرانەی کە نووسیبووم. ئایا ئەوانە شیعری خۆم بوون؟ هەندێکجار بە شیعری منیان نەدەکرد. ئەوانم دەرهێنا. هەندێکجاریتریش شیعری زیاتر هەبوو کە پێویست بوو. هەوڵمدا بیاننووسم. پێم وایە ئەگەر سەیری دوو سێ کتێبی یەکەمم بکەیت، دەبینیت کە بە تایبەتی بە باشی ڕێکخراو نین. لە ڕووی تۆنەوە ڕێکخراون، لە ڕووی هەستەوە ڕێکخراون، بەڵام لە ڕووی بابەتییەوە، بە ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن. دواتر لەگەڵ هاری فۆرد زۆر باشتر دەستم کرد بە ڕێکخستنی شتەکان. هەروەها کەسانی دیکەم بەکارهێنا. من دەڵێم لە ماوەی تەواوی ژیانی پیشەیی خۆمدا وەک نووسەرێک، چوار کەس توانیویانە بەڕاستی یارمەتیدەرێکی گەورە بن پیتەر ئێڤەرواین و پاشان لاری لیڤیس، و هاوسەرەکەم، و ئێدوارد هیرش. ناوبەناویش هاری حەزی لە هەندێک شیعر نەبوو. پێم وایە لە هەموو ئەو ساڵانەی کە ئیدیتۆری من بووە چوار شیعر هەبوون کە داوای لێکردم لایان ببەم. دوویانم لابرد. یەکێکیان شیعرێک بوو کە ئێستا یەکێکە لە شیعرە بڵاونەکراوەکانم کە باسی پیاوێکە بە ناوی چێری دۆرن، کە کارم لەگەڵدا دەکات و جەڵتەی مێشکی هەیە. هاری شیعرەکەی زۆر پێی خۆش نەبوو؛ پێی وابوو زۆر بەرزەفڕە. شیعرێکی دیکەم کە پێی خۆش نەبوو لە کتێبی(بەخشندەیی)بوو. یەکەم شیعرە لە کۆتا بەشدا. باسی دایک و باوکمە. پێم گوت: هاری، بە هۆکاری تایبەت، پێویستم بەو شیعرەیە لە کتێبەکەدا بێت. نزیکەی پانزە چرکەیەک بێدەنگ بوو، پاشان وتی: "باشە، تەواو کورتە. ناتوانێت زیانێکی زۆر بگەیەنێت." بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا تەنها بە تەنیا جێی هێشتم.

ڕومیانۆ: ئەو هۆکارە تایبەتانە چی بوون؟
فیلیپ لیڤین: خورافات. لە هەر بەشێکدا یازدە شیعر هەیە و دەکاتە سی و سێ شیعر؛ کە ژمارەیەکی زۆر بەختەوەرە.

ڕومیانۆ: لە بەرگی پێشەوەی کتێبەکانت وێنەی تێدایە، وێنەی چینی کرێکار، وێنەی جۆری کارگە. ئەو فۆتۆگرافەر و هونەرمەندانەی ئەو وێنانە دەخەنە ڕوو، چۆن هاوکارت بوون و کاریگەرییان لەسەر تۆ و شیعرەکانت هەبووە؟
فیلیپ لیڤین: بە هیچ شێوەیەک نا.


ڕومیانۆ: ئەی چۆن گەیشتنە سەر بەرگی کتێبەکانت؟
فیلیپ لیڤین: من دوای گەڕان و سۆراخ ئەوانم هەڵبژارد. بەرگی نوێترین کتێبم، بۆ نموونە، (هەناسە). کتێبکەم شیعرێکی زۆری تێدایە سەبارەت بە مۆسیقا. من مۆسیقاژەنێکی بەناوبانگم نەدەویست--لویس ئارمسترۆنگ، چارلی پارکەر، جۆن کۆلترین، یان بیلی هۆڵیدەی. ڕەنگە کەسێک وا بزانێت کتێبێکە دەربارەی بیلی هۆڵیدەیە". بۆیە بەدوای مۆسیقاژەنێکی نادیاردا گەڕام، شمشاڵژەنەکەم دۆن چێریم دۆزییەوە کاتێک ڕەنگە تەمەنی نزیکەی نۆزدە ساڵان بوو کە لە میترۆی وێستگەی گراند سێنتڕاڵ وەستاوە.


ڕومیانۆ: کەواتە، لە بنەڕەتدا، تۆ بەدوای شتێکدا دەگەڕێیت لەناو خودی کۆشیعرەکەدا بێت؟
فیلیپ لیڤین: ئەوە ڕاستە. پێموایە سەرکەوتووترین بەرگ لەنێو هەموویان بەرگی کتێبی (کار چییە) یە، ئەو بەرگەی وێنەی کچێکی منداڵە لە کارگەی پەتاتە لە کارەلاینای باشوور لەسەرە. وێنەی فۆتۆگرافەر لویس هاینە، کە تەنها بە ڕێکەوت دۆزیمەوە دوای ئەوەی بەناو کتێبەکانی لویس هایندا گەڕام. بەڕێکەوت چوومە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە شەقامی پێنج و لەوێ وێنەکەم بینی یەک نیگام لێکرد و وتم "ئەمە خۆیەتی". تەلەفۆنم بۆ ژنەکەم کرد. وتم: هاوسەری شیرینەکەم، دۆزیمەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە من بەدوایدا دەگەڕێم. ئەویش وتی: بێگومان ئەوە خۆیەتی.


ڕومیانۆ: ئەی بەرگی کتێبی ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن؟
فیلیپ لیڤین: ئەوەم لە نمایشێکی تابلۆ و وێنەکانی چارڵز شیلەر لە بۆستن بینی. بەڕاستی سەرسام بووم پێی. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە چاپی وێنەی سەر بەرگی کتێبەکەم باشترە لەوەی کە لە سەرەوە بینیم. هی ئەوان وەشانێکی نەرم و هونەری بوو. هەوڵمدا لە ڕێگەی مۆزەخانەی هونەرە جوانەکانی بۆستنەوە بیکڕم، گیروگفتگەلێکی زۆریشم هەبوو. لەناکاو، بە بیرمدا هات کە پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای فۆرد مۆتۆری ئۆتۆمبێلەوە ڕاسپێردرابوو؛ دەبێت خاوەنی فلیمەکەی بن. تەلەفۆنم بۆ گوندی گرینفیڵد کرد، کە وێنەکەی لێ دەخرێتە کۆگاوە. لەوێ لەگەڵ ژنێک قسەم کرد، وەسفی وێنەکەم کرد. ژنەکە وتی: من دەیزانم. ئێمە خاوەنی وینەکەین. بۆ چی دەتەوێت؟ گوتم: بۆ بەرگی کتێبێکی شیعر. ئەویش وتی: ئایا ئەمە کارێکی قازانج ویستە؟ گوتم خانم بۆ کتێبێکی شیعرە. وتی: "ئۆه! بەڵێ بێگومان. باشە دەتوانین لەبەری بگرینەوە بۆت و بۆتی بنێرین." تەواوی تێچووەکەش چل دۆلار بوو.

ڕومیانۆ: وەک شاعیرێک زۆرترین شانازی بە چ شیعرێکەوە دەکەیت؟
فیلیپ لیڤین: ئەو شتەی زۆرترین شانازی پێوە دەکەم "ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن".

ڕومیانۆ: دەتوانیت هۆکارەکان بخەیتەڕوو؟
فیلیپ لیڤین: ئەوەندە سەبر و خۆڕاگریی دەویست بۆ ئەوەی بە جوانی دابڕێژرێت.

ڕومیانۆ: چەند کاتت پێچوو؟
فیلیپ لیڤین: زیاتر لە ساڵێک، ڕەنگە دوو ساڵیشی بردبێت.

ڕومیانۆ: تۆ لە بنەڕەتدا بە ئارەزووی نووسینی چیرۆکی خەیاڵی دەستت پێکرد، وتت یەکێک لەو هۆکارانەی کە نەچوویتە ناوییەوە، ئەوە بوو کە تاقەتی ڕۆماننووسینت نەبوو. وا دیارە، ڕەنگە، تۆ پشووت هەبێت ئەگەر بتوانیت کاتێک بۆ نووسینی شیعرێک لە ماوەی ساڵێکدا تەرخان بکەیت.
فیلیپ لیڤین: من دەڵێم ئەمڕۆ پشووم هەیە. بەڵێ. بەڵام ئەو کاتە نەمبوو.


ڕومیانۆ: ئێستا هیچ ئومێدێکتان هەیە بۆ کارکردن لەسەر چیرۆکی خەیاڵی؟
فیلیپ لیڤین: نەخێر، ئومێدێکی وام نییە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ڕۆمان ڕۆمانە. ئایا نووسەرێکی باشتر و کاریگەرتر لە تۆڵستۆی لە ژیانمدا هەیە؟ دڵنیام کە نییە . ئایا هیچ شیعرێک هەیە کە تا تۆڵستۆی پێ هەڵبسەنگێنرێت؟ بەڵێ. شکسپیر. دانتێ. ڕۆمانی باش هەموو تەمەن دەبات، و بۆ دەستپێکردنی نووسینی ڕۆمانیش کەی بوو کە سەبرم هەبوو؟ پێموابێت شیعری " ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن"م لە ناوەڕاستی پەنجاکانی تەمەنمدا نووسیبێت. ئەوسا تێگەیشتم ئەم جۆرە پشووە و پشووە نوێیەم بەدەست هێناوە، بەڵام کەمێک درەنگ بوو تا بگەڕێمەوە و دەست بکەم بە بیرکردنەوە بۆ نووسینی ڕۆمان.


ڕومیانۆ: ئایا دەڵێیت "ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن" قورسترین شیعرە کە نووسیوتە؛ تا چەند دەبێت پشووت هەبێت بۆ نووسینی دەقی لەو جۆرە؟
فیلیپ لیڤین: بەو شێوەیە قورس نەبوو. لە ڕاستیدا قورس نەبوو. تەنها ئامادەیی پێویست بوو بۆ فڕێدانی زۆر شت. ڕەشنووسی یەکەم هیچ یەکگرتووییەکی بابەتیی نەبوو. تەنیا نیوەی یەکەمی شیعرەکە بوو، نزیکەی ٩٠٠ دێڕ بوو، ئێستا تەواوی شیعرەکە نزیکەی ٦٥٠ دێڕە. لە ماوەی نزیکەی دوو سێ ڕۆژدا ٩٠٠ دێڕم نووسی. لە ماوەی دوو هەفتەدا شیعرەکەم شەن و کەو کرد. من بە فڕێدانی نزیکەی ٣٠٠ دێڕ. تا چوومە ناو بنبەستێکەوە. کارەکتەرم هەبوو کە لە شیعرەکەدا نەبوون، و لەکۆڵم کردنەوە. ئەوان بەشێک بوون لەو ئەزموونەی کە من وێنام دەکرد، بەڵام بەشێک نەبوون لە شیعرەکە. پاشان بەو شێوازەی کە خوازیاری بووم هاتە دەست، تێگەیشتم کە نیوەی ڕێگاکەم بڕیوە. ئێستا بۆ کوێ بچم؟ ئەوە ساڵێکی برد تا تێگەیشتم نەک بە نووسین تەنها بە بیرکردنەوە. هەموو مانگێک ئەو مسۆدەیەم دەهێنایە دەرەوە و دەمخوێندەوە و دەمگوت "ئەم شیعرە نەفرەتییە دەبێ بگات بە کوێ؟" ڕۆژێک تەنها بەڕێکەوت شتێکم بیرکەوتەوە کە لە دەرەوەی شیعرەکەدا بەجێم هێشتبوو، شتێک کە بەشێک بوو لەو ئەزموونەی کە شیعرەکەی پێ لەدایک بوو و منیش لە ڕێگادا بووم بۆ تەواوکردنی.

ڕومیانۆ: باشە لە زۆرێک لە شیعرەکانتدا و تەنانەت لەو شیعرەکانەش کە دوێنێ شەو خوێندتەوە، تێبینیم ئەوەم کردووە کە باڵندەیەکی زۆر وێناکراوە وەک فیسقە، سوێسکە، بە تایبەتیش پاساری هۆی چییە ئەو باڵندانە زۆر دەرکەون؟
فیلیپ لیڤین: ئەوان بەلامەوە موعجیزەئامێزن و بەهرەمەندن لە فڕین. پاساری باڵندەی شارەکانن. ئەوان خۆشەویستترینی منن. بێگومان لە کالیفۆرنیا لەو شوێنەی من لێی دەژیم، هەموو جۆرە باڵندەیەکی لێیە. هەموویان لە دەوروبەری ماڵەکەمدان وەک باڵندەی کوکوختی، کڵاوکووڕە، پەڕەسێلکە، فیسقە. من لە فیلمی بەخشندەییدا قەلەڕەشم هەیە. قەلەڕەش بۆ من تا ڕادەیەک ترسناکە. دەزانی من قەلەڕەشم نەدەخستە ناو شیعرێکی خۆشەویستییەوە. ئێستا، قەلەپاچکە بۆ من بە تەواوی جۆرە بوونەوەرێکی جیاوازترە. بەڵام قەلەپاچکە باڵندەیەکی ئەفسانەییە و زۆر کنجکۆڵە و حەز بە دەستوەردان لە کاروباری خەڵکدا دەکات و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کێشەش دروست دەکەن. هەروەها دزن. شت دەدزن. زۆر سەرنجڕاکێشن چونکە ڕەشن و کاتێک باڵەکانیان دەکەنەوە، ژێر باڵەکانیان سەرتاپا سپییە، بۆیە تووشی شۆکت دەکەن. من هەمیشە سەرسام بووم بەوان.

ڕومیانۆ : ئایا قەت چاومان بە بازی کالیفۆرنیا دەکەوێت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر من حەزم لێیان نییە. بەهەر حاڵ ئەوە شتانە تایبەتن بە ڕۆبنسن جێفرز. با ئەو هەیبێ.

ڕومیانۆ : دەتوانیت دەڵێیت چی دەربارەی بیرۆکە یان چەمکی ڕاستی لەناو شیعرێکتدا--چۆن دەیخەیتە ناو شیعرەکەتەوە، یان چۆن بەکاری دەهێنیت ؟
فیلیپ لێڤین: هەستکردنم بە ڕاستی خۆی ڕاستی نێو شیعرەکەیە. دەتوانرێت بوترێت کە دەبێت وا لە شیعر بکەیت ببێتە جێی باوەڕ. ئەوەی دەیزانیت بەکاری دەهێنیت. تۆ بەهەر حاڵ نازانیت بەڕاستی چی ڕوویداوە. تۆ ڕووداوەکان لە ڕوانگەی خۆتەوە دەبینیت، بۆیە گریمانەکردنی ئەوەی کە ڕاستییەکان دەزانیت، تەنها قسەی بێ کاکڵە. هەستی ڕاستیم لە شیعردا زۆر ئەرستۆییانەیە. دەتوانرێت بووترێت کاتێک ئەرستۆ دەڵێت شیعر لە مێژوو ڕاستیترە. ئەو بێگومان بەڕاستی باسی شیعری دراماتیک دەکات، بەڵام مەبەستی ئەرستۆ ئەوەیە کە مێژوو پڕە لە ڕووداو و هەڵە و تۆ چیت هەیە بۆ ئەو هەڵە و ڕووداوانە، لە کاتێکدا شیعری دراماتیک دەبێت حەتمی دەرکەوێت. پێم وایە ئەمە بەسەر هەموو شیعرەکان جێبەجێ دەبێت. تۆ دەبێت وا نیشان بدەیت کە کارکردنی شیعر حەتمییە.

ڕومیانۆ: لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیودا، جەیمس دیکی ئاماژەی بە ییتس دەهێنێت کە دەڵێت شیعر "پیشەیەکی بەرز و تەنیایە". هەستت چۆنە لەو بارەیەوە؟
فیلیپ لیڤین: باشە، من "تەنیا"ی پێ دەدەم. نازانم چی جەهەنەمێک ئەوەندە بەرزە لەو بارەیەوە. بەڕاستی من نایزانم. بۆچی لە بۆیاخکردن یان کانگاکردنی خەڵوز بەرزترە؟ مەبەستم ئەوەیە نازانم چی ئەوەندە بەرزە لەو بارەیەوە. کارێکە. تۆ دەچیتە سەری. تۆ هەموو هەوڵێک دەدەیت. تەنیا، بەڵێ چونکە زۆربەمان لە دۆخێکی تاکەکەسیدا دەنووسین، و خۆمان لە خەڵک دەبڕین، و بۆ ئەوەی هەر باش بین لەو کارەدا دەبێت ساڵانێک لەگەڵ سنووردارکردنەکانمان خەبات بکەین و شکست دوای شکست قبوڵ بکەین. زۆرجار خەڵکی دەوروبەرت پێیان وایە تۆ وەکو کڵاوکوڕە دڵخۆشیت کە ئەو هەموو کاتە بە تەنیا بەسەر دەبەیت و بەتەواوی ئەو کارە دەکەیت کە دەتەوێت بیکەیت، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا سەرت بە دیواری بەهرە بەزەییدارەکانتەوە دەدەیت. بەڵێ، دەتوانێت تەنیایی بێت.


ڕومیانۆ: بەڵام ئایا لە ئەنجامدانی ئەو نووسینەدا نییە یان خۆت بڕین، لەو کاتەدا، ئایا هەوڵ نادەیت پەیوەندییەک دروست بکەیت لە جۆرێک؟
فیلیپ لێڤین: تۆ هەوڵ دەدەیت شیعرێک دروست بکەیت. تۆ هەوڵ دەدەیت خۆت دەرببڕیت. بۆ کێ دەیکەیت؟ بۆ خۆت.


ڕومیانۆ: ئەی باشە تۆ خۆت وەک تاکە خوێنەری خۆت دەبینیت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر، نا ئەگەر تۆ بەقەد من نامەت بۆ بێت. پێم وایە هەموومان هیوامان بە خوێنەران هەیە، بەڵام کاتێک هەوڵی نووسینی شیعرێک دەدەم، بیر لە خوێنەران ناکەمەوە. خوێنەرانیش بیر لە من ناکەنەوە. ئەوان بە ژیانی خۆیانەوە گیرۆدەن. کاتێک من شیعرەکەم دەنووسم، خوێنەران سەرقاڵی ژیانن. ناتوانم وەڕسیان بکەم و ڕەنگە ئەوانیش هەندێک چاوەڕوانییان هەبێت کە من بە سادەیی حەزم لێیان نییە، بۆ من زۆر شتی تر هەیە کە دەتوانم بیری لێبکەمەوە.


ڕومیانۆ: تۆ بەچیدا دەزانیت کە شیعر بەشدارە لە هەستی گەورەتری مرۆڤایەتی یان کۆمەڵگە؟ دەبێت هۆکارێک هەبێت بۆ ئەوەی شیعر بنووسیت. تۆ وەک کەسێک وا دەردەکەویت کە تەنها بۆ خۆت نانووسیت.
فیلیپ لڤین : باش، کێشەی پرسیارەکە ئەوەیە کە شاعیرانێکی هەمەجۆر و ئەوەی دەینووسن زۆر جیاوازە لە هەر گشتاندنێک. ئەگەر تەنها وایتمانم وەرگرتبا، دەتوانم بڵێم ئەو دەیتوانی نوێنەرایەتی دیدێکی نوێ بکات، بەڵام من نە وایتمان و نە ئەو کەسەم کە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خۆم بکەم. ئەوە کاری کەسانی ترە. ئەگەر تۆ دەست بکەیت بە هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆت، ئەوا زۆر بە جددی خۆ هەڵدەسەنگێنیت.


ڕومیانۆ: با بەجۆرێکی تر بپرسم. هیوای ئەوە دەخوازیت شیعرەکەت بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکات؟
فیلیپ لیڤین: هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە.


ڕومیانۆ: هەرگیز بیرت لێنەکردۆتەوە؟
فیلیپ لیڤین: من کاتێک زۆر گەنج بووم بیرم لێکردەوە. بەڵێ، ئەو کاتەی زۆر گەنج بووم.


ڕومیانۆ: ئەی ئەو گۆڕانە چۆن ڕوویدا؟
فیلیپ لیڤین: چونکە بێدار بوومەوە. یەکەم شت : بەبێ خوێنەر دەتوانیت چی بکەیت؟ کاتێک زۆر بچووک بووم، خوێنەرم نەبوو، بەڵام نەخشەم هەبوو. هەروەها پێم وابوو کە دەزانم مرۆڤەکان دەبێ چۆن بژین. ئێستا چیتر باوەڕم بەوە نییە کە دەزانم مرۆڤەکان چۆن بژین. من ئەو شێوازە دەزانم کە زۆرێکیان نابێت ئاوا بژین، بەڵام لە ڕاستیدا من بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتیم نییە. من چیتر ئەنارشیست نیم، ئەنارشیستێکی ئیسپانیی وەک ئەوەی ڕۆژێک وابووم. من کارەکتەرێکم نەبوو کە دەستی پێوە بگرم. دەتوانم باسی ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە بکەم، بەڵام چارەسەرێکم نییە بۆیان. پێم وایە خەڵک دەبێ ڕاستگۆتر بن. پێم وایە خەڵک دەبێ میهرەبانتر بن لەگەڵ یەکتر. پێم وایە مرۆڤەکان دەبێ پاڵنەریان بۆ شتگەلێکی تر بێت جگە لە پارە. من بیر لە هەموو جۆرە شتێک دەکەمەوە. بەڵام من وانەبێژ نیم. نامەوێت لە شیعرەکانمدا خەڵک سەرزەنشت بکەم. لەکاتێکدا زۆربەی خەڵک پێشتر دەزانن کە خۆپەرستی قێزەونە، ئەم کۆمەڵگەیە قێزەونە، بەڵام ئاشتی خۆیان لەگەڵیدا بەرقەرار دەکەن. ئەوان واز لە ئایدیاڵەکانیان دێنن، چونکە خۆیان قەناعەت پێدەکەن کە ئایدیالیزم سادە و نەزانییە و تەماحیش تابڵێی خۆشە.


ڕومیانۆ : پێموایە ئەوە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی شیعری ئێوە . پێشم ناڵێت بە چ جۆرێک دەبێت.
فیلیپ لڤین: ئەم کەسانە، ئەو کەسانەی لە شیعرەکانمدا بوون، بەم جۆرە بوون.


ڕومیانۆ : یان بەدەستییەوە بگرە یان جێی بهێڵە.
فیلیپ لیڤین: بەڵێ. کەسێک لێی پرسیم: چۆن بەناو نیویۆرکدا دەگەڕێیت؟ وتم: من سواری میترۆ دەبم. ناوی شاعیرێکی دیاریکراوی هێنا و وتی: "هەرگیز سواری میترۆ نابێت. وتم: لە ڕووی جەستەییەوە هیچ شتێکی خراپ نییە، ئەویش وەک من چالاکە و چالاکی هەیە. بۆیە شتێکی جۆرێک لە گەمژانەم درکاند. گوتم: هەموو شاعیرە باشەکان دەبێ بە میترۆدا بڕۆن. بێگومان وتی: بۆچی؟ وتم: چونکە مرۆڤەکان لەوێدان. دەبێ لەو شوێنە بن کە مرۆڤەکانی لێن. دەبێ بزانن مرۆڤەکان چۆن دەژین. ئەگەر تەنها لە کافێ و چێشتخانە فەنتازیەکاندا چاودێری خەڵک بکەیت، ئەوا خەڵک نابینیت. لەبیرمە لە کتێبەکەی (ستۆدس تێرکڵ)دا کە باسی خەمۆکی دەکات، کەسانێک هەبوون لە نیویۆرک دەژیان و دەیانگوت : ئۆه، ئەو خەمۆکییە تەنها پڕوپاگەندەی ڕۆزڤێڵت بوو. هەرگیز خەمۆکی نەبوو. ئەو کەسی نەدەناسی لە کارەکەی دەرکرابێت. بێگومان تەنها شتێک کە دەیناسی ملیۆنێرەکان بوون کە بەهەر حاڵ هەرگیز کاریان نەدەکرد. دەزانی تێرکێل چاوپێکەوتنی لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی مۆدەدا و کەسانی لەو جۆرە دەکرد، دەیانوت خەمۆکیی چییە؟ کاتێک لە نزیک مۆرنینگساید هایتس دەژیام، بەناو هارلمدا دەڕۆیشتم. پێمناڵێی خەمۆکی چۆنە و چییە؟ بۆچی لێی بترسم؟ ئەی بۆ ناچمە ناوییەوە و بزانم چۆنە؟ ئەوە لە ساڵانی سەردەمی ڕێگن(٩) بوو. ئەوەندە هەژاری لەسەر شەقامەکان هەبوو شەرمم لە ئەمریکی بوونی خۆم دەکرد.

ڕومیانۆ: بۆچی پێتوایە شیعر هێزێکی هێندە بەهێزە لەناو ژیانتدا؟
فیلیپ لیڤین : تۆ ناتوانی جوانی بە کەم سەیر بکەیت. جوانی جۆرێکە لە دیاری کە بەدەستی دەهێنین. من جوانی لەنێو زمانی دیلان تۆماس، یان دبلیو بی ییتس، یان ویلیام کارلۆس ویلیامز، یان واڵاس ستیڤنزدا دەبینم. تەنها بیستن و بینینی زمان بەو شێوەیەی کە هەیە، بەو شێوەیە نایابەی بەکاردەهێنرێت، خۆی پاداشت دەداتەوە. بۆ من پاداشتێکی زۆر گەورەیە، بە تایبەت ژیان کردن لە جیهانێکدا کە زمان بەردەوامی دەشێوێنرێت. شاعیرانێکی دیکە زۆر هەن کە ئامادەن، ئەگەر بە تامەزرۆییشەوە نەبێت، ئیدیعای گەورەتر بۆ شیعر بکەن. مەبەستم ئەوە نییە بچووکیان بکەمەوە؛ هەموو مافێکیان هەیە وەک خۆیان قسە بکەن و بنووسن. بە شێوەیەکی سەرەکی من دەنووسم چونکە نووسین دڵخۆشم دەکات و بەبێ نووسین هەست بە ناتەواوی دەکەم. زیاتر لە پەنجا ساڵە هەستم بەو جۆرە بووە. ڕوونکردنەوە ئاسان نییە و منیش پێویستم بە هیچ ڕوونکردنەوەیەک نییە. سەرچاوەی شیعر نهێنی ئامێزە. ساڵانێک لەمەوبەر وازم لە پرسیارکردن هێنا. بەڵکو تەنها ڕازیم بەوەی کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ شیعری نوێ و شێوازی نوێی دروستکردنی شیعر بکەم.(١٠)
________________________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
Copyright: COPYRIGHT 2008 Georgia State University
http://webdelsol.com/Five_Points
١- فایڤ پۆینتس؛ گەڕەکێکە لە ناوچەی مانهاتن لە شاری نیۆیۆرک کەلەچواردەوی دەریاچەیەک لە سەدەی نۆزدەهەم بنیادنراوە و نێگەتیڤترین جێگەیە لەمێژووی نیویۆرک. بەڵام ئێستا دوای ئەوەی گەشەکردنێکی ژیاریی و میعماری زۆربەی باڵەخانە حکومییەکان و شارەوانی لێیە.
٢- نەتاشا ترێثوای؛ شاعیرێکی ئەمریکییە، ساڵی ١٩٦٦ لەدایک بووە. تا ئێستا کۆمەڵێ خەڵاتی ئەدەبی گرنگی پێبەخشراوە. بروانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی جۆرجیاو ماستەر لە زانکۆی مەساچۆستیس و هەروەها لە زانکۆی هۆڵینیش دکتۆرای فەخری پێبەخشراوە. تا ئێستا شەش کتێبی شیعریی بڵاوکردۆتەوە. ئێستاش جگە لە چالاکی ئەدبیی، سەرقاڵی کاری مامۆستایییە لە زانکۆکانی ئەمریکا.
٣- ئایفی لیگ؛ چەمکی ئایڤی لیگ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٧ لەلایەن نووسەری بواری وەرزشەوە کاسوێڵ ئادەمزەوە بەکارهاتووە. ئەم چەمکە گەرچی چەمکێکی وەرزشییە و دواتر پەریوەتە نێوەندەکانی زانکۆ و ئەدەب و هونەر.
٤- بیتس؛ شاعیرانی بیتس یان نەوەی بیتس بزووتنەوەیەکی ئەدەبییە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەمریکا لە کۆمەڵێ شاعیر پێکهات کە بەرهەمەکانیان کاریگەرییان هەبوو بەسەر بزووتنەوەی ڕۆشنبیری ئەمریکا. ڕۆشنبیری ئەم بزووتنەوەیە لەدەوری تەوەرەکانی بایەخدان بە ئاینە ڕۆژهەڵاتییەکان، شێوازەکانی تازەی سێکس، ڕەتکردنەوەی ئابووری ماددی و ڕەتکردنەوەی پیرۆزییەکان و تاد، گیرسابۆوە.
٥- یانەی کوڕانی پیر؛ سیستەمێکی نافەرمی کە بەهۆیەوە پارە و دەسەڵات لەلایەن پیاوە سپی پێستە دەوڵەمەندەکانەوە لە ڕێگەی پەیوەندییە بازرگانییە نزیکەکانەوە دەهێڵرێتەوە.
٦- پینکۆ ؛ یان ڕەنگ پەمەیی دەستەواژەیەکە و بۆرژوازی ئەمریکی دایهێناوە. ئەم وشەیە بەو کەسانە دەوترا لە ئەمریکا کەلایەنگرییان بۆ کۆمۆنیزم هەبوو، بێ ئەوەی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بن یان هەر کەسێک کە لایەنگری چەپ یان سۆشیالیزمی رادیکاڵ بووایە بەو ناوەوە بانگ دەکرا.کەخۆی لە بنچینەدا سووکایەتی کردنە بەو کەسە ڕادیکاڵ و چەپانە.
٧- کۆمارییە گەنجەکان؛ فیدراسیۆنی نیشتمانی کۆماری گەنجان کە بە شێوەیەکی باو بە کۆمارییە گەنجەکان ناودەبرێت کە سروشتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و ڕێکخراوێکی ٥٢٧ کەسییە بۆ ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان لە ئەمریکا . تەمەنیان لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٤٠ ساڵیدایە هەم ڕێکخراوێکی نیشتمانی و هەم بابەتی لە تاک دەوڵەتەکاندا هەیە.لە ساڵی ١٨٥٦ لە نیویۆرک دامەزراوە.
٨- سامۆئیل جان لایتنینگس هۆپکنیز ( ١٩١٢ ١٩٨٢) مۆسیقاری بەناوبانگی ئەمریکییە. خاوەنی دەیەها ئەلبوومی گۆرانییە و چەندین کتێبی بەچاپ گەیاندووە و هەروەها لە پێنج فیلمیش بەشدار بووە.
٩- ڕۆناڵد ڕێگن (١٩١١-٢٠٠٤) چلەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو.
١٠- گەلێ ناو لەم دی لەم دیدارەدا هاتوون کە خوێنەر دەتوانێت لەڕێگەی گووگڵەوە زانیاری پیویستییان لەسەر بەدەست بهێنێت.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک