٢\٦\٢٠١٧
چاوپێکەوتن لەگەڵ
هونەرمەندی کاریکاتێریست سەردار عەبدوڵا.
عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ):
جیاوازی نێوان کاریکاتێر و ساتیرە(سەتایر) چییە؟ ئایا دەتوانین هونەری
کاریکاتێر وەک هونەری داشۆرین(ساتیرە) چاو لێبکەین؟ ئێوە جگە لە هونەری
کاریکاتێر بە نووسینی تەنزیشەوە خەریکن. ئەم جۆرە نووسینە(تەنز) چییە و
بایەخی سیاسیی و ئەدەبیی لە کوێدایە؟
سەردار
عەبدوڵا: کارتۆن و
تەنز لە ڕووی شێوازی دەربڕینەوە دوو دنیای جیاوازن، کارتۆن پێویستی بە
توانایی هونەری شێوەکاری هەیە. بەڵام ساتیر پێویستی بە دنیای ئەدەب و
وێژە هەیە. هونەری کاریکاتێر یان کارتۆن بە گشتی هونەرێکی ڕەخنەگری
گاڵتەئامێزە، سادەیی لەدەربڕین و خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا خەسڵەتێکی
دیارە لەم هونەرەدا. مەوداکانی ڕەخنە و شێواز و ئامڕازەکانی دەڕبڕین
تێیدا بێ سنوورە. هەڵبەت دەکرێت بەشێکی ئەم پێناسەیە ساتیر یان گەپ
لەشوێنێکدا بگرێتەوە، وەک ئەوەی هەردووکیان هونەری ڕەخنەئامێزین
بەجۆرێک لەجۆرەکان کۆمیدین : بەڵام وەک وتم دوو شێوازی جیاوازن لە شێوە
و ناوەڕۆکدا. هەموو جۆرەکانی هونەر و وێژە بایەخی خۆی هەیە و هەریەک بە
شێوازی خۆی کاریگەری دادەنێت، هەر بەرهەمێک گەر لە ئاستێکی بەرزی
ئێستاتیکی بێت پێم وایە بە نەمری دەمێنێتەوە و بەردەوام کەسانێک
پەیدادەبن کە بەسەری بکەنەوە. گەر تەنز بریتی بێت لە نووسینێکی
ڕەخنەگرانەی گاڵتەئامێز، ئەوا کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بارودۆخی ئابووری و
سیاسییەوە کۆمەڵگەیەک بووە خاوەنی زۆر کێشە و ململانێی سەیرو سەمەرە
بووە، هەموو ئەمانە کاردانەوەی جیاجیای لەلایەن خەڵکییەوە بەرهەمهێناوە،
هەندێک لەمانە بەشێوەی نوکتە، ساتیر، کارتۆن، بەند گوزارشی لێکراوە،
زمانی تەنز ئەو زمانە درێژ و تیژەیە کە دەستەڵاتدان هەمیشە لێی توڕەن و
سڵی لێدەکەنەوە، بەتایبەت تەنزێک کە لەسەر فاکت و ڕاستییەکان
داڕێژرابێت، دەتوانێت سنووری لۆکاڵیش ببڕێت و گاڵتە بە دەستەڵات یاخود
دیاردەیەک لە شوێنێکی تر بکات. زۆر نوکتە و تەنز دەبینین لە وڵاتانی
جیاجیا کە هەمان شتن و کەس نازانێ هی کێن و هەموو خۆیان بە خاوەنی
دەزانن، ئەمانە ئەو تەنزانەن کە توانای باشیان بۆ کاریگەری لەسەر زهنی
خەڵکیی هەیە.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ):
هونەری کاریکاتێر تا چەند هونەرێکی سیاسییە؟ پەیوەندی نێوان سیاسەت و
هونەر لە کاریکاتێردا چ جۆرە پەیوەندییەکە؟
سەردار عەبدوڵا:
لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بۆخۆی بەسیاسی کراوە، سیاسەت بە
مانا فراوانە کۆمەڵایەتییەکەی گەورەترین ڕۆڵ دەبینیت لە ژیانی
مرۆڤەکاندا. پێمانخۆشبێت یان نا هەموو هەر خەریکی ئەم کارەین. هونەر و
وێژە وەک بەشێکی سەرخانی کۆمەڵ ناتوانێت دابڕێت لە ژیانی کۆمەڵگەکەی
خۆی، بەگشتی گەر هونەر بۆخۆیشی باس لە سیاسەت نەکات، ئەوا سیاسەت و
بارودۆخی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی تەحەکوم دەکات، بارودۆخی کۆمەڵایەتی نوێ
هونەری نوێی هێناوەتە کایەوە کە دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە تایبەتە بووە.
لە هەموو زەمەنێکدا بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، شێواز و ستایڵی
نوێی لە هونەردا هێناوەتە گۆڕ، هەڵبەت هەموو بارودۆخێکی ئابووری و
کۆمەڵایەتی سیاسەتکردنی تایبەت بەخۆی هەبووە. هونەری کاریکاتێر زیاتر
لە هەموو بەشەکانی هونەری شێوەکاری سیاسەت و دەربڕینی سیاسی پێوە دیارە،
بەشەکانی تری هونەری شێوەکاری دەکرێت سیاسەت کاریگەری لەسەر هەبێت و
سیاسەت لەناو ڕەنگ و ژێر فڵجەکان خۆێ حەشاردا بێت، بەڵام هونەری کارتۆن
ناتوانێت ئەمە بکات، دەبێت بێ پێشەکی و پاشەکی بێتە سەر ناوەڕۆکی
بابەتەکان و ڕاو هەڵوێستی خۆی بەیان بکات. زۆر لە کارتۆنیستەکانی جیهان
خۆیان بە کەسانی سیاسیی نازانن و سیاسەت ناکەن بەڵام هەمیشە
بەرهەمەکانیان بەجۆرێک لە جۆرەکان هەلوێستگیری سیاسیان پێوە دیارە. شەڕ
و پێکدادانە سیاسییەکان سەرەتا لە ڕۆژنامەکانەوە دەستپێدەکەن، کە
لەوێدا کارتۆن یان کاریکاتێر زۆر جار ڕۆڵی سەرەکی لە شیکردنەوەی
ڕوداوەکان گێڕاوە، دەبینین زۆر جار گۆڤارەکان داخراون و هێرشیان
کراوەتەسەر بە هۆکاری بڵاوبونەوەی کارتۆنەکان بووە تێیاندا. هەمووان
شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسلامی سیاسیمان بینی بۆسەر وڵاتانی دانیمارک و
فەرەنسا و سوید کە دەستپێکەکەی بە بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانەوە بوو.
کارتۆنیستەکان ئەو بەشەن لە هونەرمەندان کە زۆرترین هێرش و دەستدرێژیان
دەکرێتەسەر بە هۆکاری سیاسییەوە.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ):
ئاستی هونەری کاریکاتێر لە کوردستان چۆن دەبینن؟ ئایا ئەم هونەرە تا
چەند توانیویەتی تینووێتی خەڵک بۆ ڕەخنە لە دیاردەکان بشکێنێ؟
سەردار عەبدوڵا:
ئەمە پرسیارێکی سەختە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستمان بە
بەدواداچوون هەیە کە دەکرێت ئاسان نەبێت، کۆمەڵگەی کوردستان بۆخۆی وەک
سینی پاقلاوەی لێهاتووە، هەمووی لێکدابڕا و سەدپارچەیە هەریەکە و سیمای
جیاوازی لەوی تر هەیە، کەس نازانێ ئەوی دی خەریکی چییە؟! لە کوردستان
سەدان گۆڤار، ڕۆژنامە و مێدیا هەیە هەریەکەی لە شوێنێک بڵاودبێتەوە. من
بە باشی نازانم چەندە هونەری کاریکاتێریان لا گرنگە یان چەند کارتۆنیست
کاری تێدا دەکەن. بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی سەیری بارودۆخەکە بکەین
کە هیچ دڵخۆشکەر نییە. کارتۆنیستەکان بەپەنجەی دەست دەژمێردرین، هونەری
کارتۆن گرنگی خۆی پێنادریت، زۆربەی مێدیاکان لە کارتۆن و کارتۆنیستەکان
دەترسن، مێدیاکان بەگشتی کارێک لەسەر زەینی کۆمەڵگەدەکەن کە تەنیا
هونەری گۆرانی وتن هونەرە، باقی هونەرەکانی تر نمرە دوون، ئێوە بڕاونن
بەشی شێر تەنیا بۆ گۆرانی بێژانە، کارێکیان کردووە کە هەرچی هەڵدەستێ
چوار وشە و چوار تۆن دەنێت بەیەکەوە و گۆرانییەک دروست دەکات، ئەمە
هەمان نەخۆشی سەدەکانی پێشووە کە بۆ شیعر ڕەخسا بوو، شاعیرەکان کەسانی
نمرە یەکی کۆمەڵگەبوون، هەربۆیە هەرچی هەبوو هەوڵی دەدا شاعیر بێت.
هونەر بەگشتی و کارتۆن بە تایبەتی نەچۆتە پێشێ، کارتۆن پێویستی بە
بواری بڵاوبوونەوە هەیە، ئەم بوارەش زۆر بەرتەسککراوەتەوە، هونەرمەند
دەبێت لەسەر توانا و هەوڵی تاکە کەسیی خۆی کارەکانی بەرێتەپێشێ، ئازادی
بیروڕا کە ئۆکسجینی کاری ڕۆژنامەگەرییە لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی
بەردەوامدایە: کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی هەموو بەشەکانی
هونەرەوە هەیە کە دەیەوێت ژیان بە ئاراستەیەکی تردا بگۆڕێت کە جیاوازە
لە ئاراستەی باو. ئەوەی بە شێوەیەکی باو من بینیومە، هونەرمەندانی
شێوەکار زۆر جار لەپاڵەوە هەندێک کاریان لەم بوارەدا کردووە بۆ
ئەزموونی خۆیان و بۆ خۆتاقیکردنەوە، هەندێکیشیان ئەم بوارە بە چاوێکی
کەم سەیر دەکەن. زۆر جاران ئەو کارتۆنانەی بینیومانە خاوەنەکانیان
هونەرمەندانی شێوەکارن و خۆیان تەرخان نەکردووە بۆ کاری کارتۆن، بە
واتایەکی تر کارتۆنیست نەبوون. لە کوردستان هێشتا کارتۆن و کاریکاتێر
لەیەکتر جیاناکرێتەوە، بەجۆرێک ناچارین کە ئێمەش ئەمە قبوڵبکەین و
هەردووکیان بەیەک واتا بەکاربهێنین و کێشەیەکمان لەبەکارهێنانیدا نەبێت.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ):
لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا بەرهەمەکانی ئێوە لە هێلکارییەوە چۆتە ئاستێکی
تر کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆدا بگونجێت. ئەم گۆڕانە لە کارکردن
چەند لە خزمەت بەرەوپێشچوونی هونەری کاریکاتێرە؟
سەردار عەبدوڵا:
ئەمڕۆ بەشێکی گرنگی کاری ڕۆژنامەگەری دیجیتاڵ کراوە، بەمەش ئاسانکاری
گەورە کراوە لە بواری کواڵێتی و گەشتندا، هەڵبەت کارتۆن بەشێکی
جیانەکراوەی ئەم بوارەیە و کاریگەری گەورەی لەسەر هەبووە. زۆر لە
هونەرمەندان قەڵەم و پەڕەکانیان وەلاخستووە و بەشێوەی دیجیتاڵ و بە
سوود وەرگرتن لەتابلێت کارەکانیان دروستدەکەن، ئەمە چەندە لای من قبوڵە
یان نا بەڵام بەرهەمەکە لەکۆتایدا بڕیار لەسەرکەوتنی کارەکە دەکات.
تاکو ئەو شوێنەی بۆ کارەکانم دەگەڕێتەوە تاکو ئێستا دەستبەرداری قەڵەم
و پەڕەنەبووم ، هەموو کارەکانم بەگشتی لەقەڵەم و بەڕەوە دەستپێدەکەن و
دواتر بەسوود وەرگرتن لە باکگراوند و ئیفێکتی سادە کارەکە تەواودەکەم.
بەڕای من تەکنەلۆژیا و تەکنیکی ئامادەکراوی بەردەست بە بێ بوونی بیر و
توانا زهنییەکانی مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک بێت و هێج ئاڵوگۆڕێک
دروستبکات. ئوتۆمبێل وەک بەرهەمێکی تەکنەلۆژیا ئەوکاتە دەتوانێت
سوودمەند بێت کە لە دەستی شۆڤێرێکی باشدا بێت. بەپێچەوانەوە دەبێتە
ئامرازێک بۆ لەناوبردنی ژیانی مرۆڤ. تەکنیک و تەکنەلۆژیا ناتونێت
کارێکی خواروخێچی هونەرمەند ڕاست بکاتەوە و لەهیچەوە بیکاتە شت.
پێشکەوتنی تەکنیکی کارکردن و بڵاوکردنەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا
بارێکی لەباری ڕەخساندووە کە کارتۆنیستەکان منەتیان بە هیچ مێدیایەک
نەبێت بۆ بڵاوکرنەوەی بابەتەکانیان.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ): تۆ
وەک هونەرمەندێکی کاریکاتێریست ئایا میدیا هیچ ئاوڕێکی لێ نەداویتەوە؟
ئایا هیچ پێشانگایەکی تایبەتتان بۆ کارە هونەرییەکانت نەکردۆتەوە؟
سەردار عەبدوڵا:
لە ڕاستیدا تاکو ئێستا داوام لە هیچ مێدیایەک نەکردووە کە ئاوڕم
لێبداتەوە، کەمیش هەڵکەوتووە بۆم کە چاوپێکەوتن و دیدار بکەم
لەگەڵیاندا. کاری چاوپێکەوتنی میدیاکان زیاتر لە پێشانگەکانم بوون و
هەندێکیش بەڕەوانەکردنی پرسیاربووە بۆم. من بۆ خۆم تاکو ئێستا ناوی
هونەرمەندم لەسەر خۆم دانەناوە و لەهیچ شوێنێکیش سوودم لەم لۆگۆیە
نەبینییەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەپەیوەندی ژیانی ڕۆژانەمدان کەسانی
ئاسایین نەک هونەرمەندان و دنیای ڕۆژنامەوانی. من پێم خۆشە کاری
هونەریی لەپێناو خۆشبەختی مرۆڤدا بکەم، نەک لەپێناو دەرکەوتن لە دنیای
جوان و پڕ ئەتیکێتی نێو مێدیا و ستۆدیۆی تێڤێکاندا، وا باشترە
هونەرمەند کارێکی زۆر و باش بکات ئەوکات ڕێگەبەخۆی بدات لە میدیاکان
دەرکەوێ نەک بە دوای دیدار ڕێکخستن و گرتنی کاتی خەڵکی بێت. سەبارەت بە
مێژووی کاری هونەریم من لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ وە پێشانگەم بۆ
کارتۆنەکانم کردۆتەوە لە کوردستان، تورکیا، ئێران، سوید، فینلاند،
کەنەدا، ئەڵمانیا، یابان..هتد هەروەها بە بەردەوامی سەدان کارتۆنم لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانیش بڵاوکردۆتەوە و تاڕادەیەکیش
ڕۆژنامە گەورەکانی دەرەوەی کوردستانیش گرنگیان بە کارەکانم داوە.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ):
گرفتەکانی بەردەم هونەری کاریکاتێر چین؟ ئایا دەسەڵات چەند لەگەڵ ئەم
هونەرە دۆستە؟
سەردار عەبدوڵا:
گرفتی گەورە لەبەردەم گەشە و کاری هونەری بە گشتی هەیە، ئەو توانا
هونەرییانەی کە هەن تینوێتی خەڵکی ناشکێنن، لەبەر ئەوە ئاساییە کە
خەڵکی لە شوێنی تر بەدوایدا بگەڕێت. ئەوەی پێی دەڵێن هونەری باو،
هونەری دەستەڵاتدارانە کە بەردەوام بە توانایەکی گەورەی فەراهەمکراوەوە
دەرخواردی بیروڕای گشتی دەدرێت. هەر هونەرێکش لە چوارچێوەی هونەری باو
دەربچێت و بیەوێت ئاڵوگۆڕێکی پۆزەتیڤ لە بیروڕای گشتی بکات، ئەوە
ئاشکرایە کەڕێگری لێدەکرێت. تا ئەو شوێنەی بۆ هونەری کاریکاتێر
دەگەڕێتەوە من باسم کرد بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەی کە لەم جۆرە
هونەرەدا هەیە، دەستەڵات و دنیای گۆنزیرڤاتیڤیان دانووی لە گەڵ ئەم
هونەرەدا ناکوڵێ. هونەری کاریکاتێر ناتونێت بێ ڕەخنە دابنیشێت، ئەم
هونەرە بۆ پێکەنین نییە وەک لەوەی زۆر کەس وا لێی تێگەیشتووە، ئەم
هونەرە سوود لە پێکەنین وەردەگرێت تا واقعی تاڵ و ڕەخنە لێی بخاتەڕوو.
هەمیشە دەستەڵات لەگەڵ ئەم جۆرە لە کۆمیدیا ڕەخنەگرە نەبووە، ئەوان
کۆمیدیایەکی بێناوەڕۆکیان دەوێ کە خەڵکیان بۆ مەست بکات.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٦
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
ماڵپهڕی سهردار عهبدوڵا
|