٨\١١\٢٠١١
چاو سوورەکان!

جەلال قادر
ھەر لە مندالییەوە سوورە خووی گرتبوو بە
مێروولە کۆکردنەوە. ھەر کات شارە مێروولەیەکمان بدۆزیایە بانگی
سوورەمان دەکرد. سووورەش لە خۆشیا ھەلدەپەڕی و کیسەیەک نایلۆن یان
بتلێک شووشەی دەھێنا پڕی دەکرد لە مێروولە و بە غاردان
دەگەڕایەوە ماڵ.
سوورە نە چاوی سووربوو نە قژی ، لێ لە مندالییەوە جار جار بەری چاوی
سوور دەبوو بۆیە ناوماننا سوورە !
نەماندەزانی بۆچی سوورە مێروولە کۆدەکاتەوە و بەخێویان دەکات . ئەگەر
بچویتایە ناو حەوشەکەیان بن دیواری مالەکەیان پربوو لە شارە مێروولە.
لە سەردەمی مندالی واماندەزانی ئەمە ئارەزوویەکی کاتییە سوورە خووی
پێوە گرتووە، کەچی ئێستا تەمەنی بەناو سالاچووە و مێروولە لەگیرفانی
دایە و بۆ ھەرکوێ بچێت لەگەل خۆی مێروولەکان دەبات .
لە سەردەمی ھەرزەکاری ئەو کاتەی ڕێگامان لە کچان دەگرت ، سوورە سەرقالی
مێروولە کۆکردنەوە بوو .
لە بیرمە جارێکیان ( بەھار) کە جوانترین کچی گەڕەک بوو بە منی وت : بە
سوورە بلێ واز لە مێروولە گرتن بھێنێ منیش دەبمە دەزگیرانی .
ئەو ڕۆژانە ئێمە بۆ پەیدا کردنی دەنکێ دەچووینە ئاسمان ..کاتێ
ڕاسپاردەکەم بە سوورە گەیاند . سوورە بە قوڕگی پڕ لە گریان وتی : پێی
بلێ ناتوانم ..
وتم : سوورە چیت لە مێروولە داوە .. بەھار بکە مێروولە و لەگەلی وازی
کە !
سوورە ڕایکردوو لێم دوور کەوتەوە!
ئەم نھێنی بەخێو کردنی مێروولەیەم لێببووە مەراق و نەمدەزانی بۆ ئەم
گیانلەبەرە ئەوەندە گرنگە بەلای سوورەوە؟!
لە مندالییەوە تا سەردەمی ھەرزەکاری سوورە ڕوخسارێکی ڕێک و پێک و
ئاسایی ھەبوو . لە تەمەنی گەنجی بەدواوە سوورە ڕۆژ بە ڕۆژ روخساری زشت
وترسناکی ھەبوو . بۆیە سوورە بووە کەسێکی گۆشە گیرو دوورلە ھەموو شت .
سوورە لەگەل مندا پەیوەندییەکی بەھێزی ھەبوو . ھەر پرسیارێکی ھەبوایە
لێیدەپرسیم ، ھەر نھێنیەکشی ھەبوایە بۆی دەدرکاندم .
ھەرگیز حەزی نەدەکرد کەس ھەوالی مێروولەکانی بپرسێ !.بەو ھەوالپرسینە
وەڕس دەبوو!
خەلکێک ھەبوون گالتەیان بە سوورە دەکرد کەچی من پەیوەندیم لەگەلی
نەپساند ھەردەم دەمویست لە نھێنی بەخێو کردنی مێروولەکانی بگەم .
دەمەوئێوارەیەک لەگەل سوورە لەسەرتەپۆلکی گردێکی دوور شاردانیشتبووین .
ئەو ئێوارەیە سوورە روخسارێکی خەماوی لێنشتبوو .
منیش وتم : سوورە گیان ئێمە دوو ھاوڕێی مندالین و پێویست ناکات ھیچ
شتێک لەیەکتر بشارینەوە.. چەند ڕۆژێکە لە چاوەکانت دیارە شتێک
ڕوویداوە و ناتەوێ پێم بلێیت؟
وتی : تا ئێستا ھیچ شتێکمان لەیەکتر نەشاردۆتەوە ، بەلام نھێنیەک ھەیە
تا ئێستا نەم درکاندووە!
وتم : نھێنی چی؟
وتی : نھێنیەکە ئەگەر بیدرکێنم سەرتاپای ژیانم و ژیانت دەگۆڕێ !
وتم : دەیگۆڕێ بەرەو باشتر؟
وتی : نەخێر زۆر خەراپتر!
وتم : دە بیدرێکێنە ، گۆم چەند قول بێت مەلاوانی خۆشترە!
وتی : ئەم گۆمە بنی پڕلە گووە ، کەس ناتوانێ مەلەوانی تیا بکات!
ئاوڕێکم لێدایەوە بینیم فرمێسک لە چاوەکانی دێتە خوارێ !
دەستم خستە ملی و وتم : بمبوورە وامزانی گالتە دەکەیت !
بە قورگی پڕ لە گریان باوەشی پێما کرد و وتی : ھاوڕێ گیان خەراپم
لێقەوماوە!
توند لەباوەشم گرت و ساتێک بێدەنگ بووین ..
ئنجا وتم : ئەی ئەوە نیە منت لەگەلدایە!
سورە چاوی لە دوکەڵە ڕەشەکەی ئاسمانی شارەکە کرد و وتی : لێرە خۆر چەند
زوو ئاوا دەبێت !
وتم : دوکەل و تەپو تۆزی شارەکەیە بەری خۆر دەگرێت !
بە دەنگێکی نزمەوە وتی : ھاوڕێ گیان چیت لێبشارمەوە ..تۆ دەزانی من لە
وەتەی خۆم ناسیوە حەز بە کوشتن دەکەم !
وتم : کوشتنی چی ؟
وتی : کوشتنی مرۆڤ !
وتم : قسەی قۆڕ..تۆ مێروولەیەکت پێ ناکوژرێ!
وتی : بەڕاستمە ..حەز بە کوشتنی مێروولە و ھەموو گیانلەبەرێک دەکەم .
وتم : لە کەیەوە ئەم حەزەت لەگەلدایە ؟
وتی : لە مندالییەوە !
وتم : جا لە مندالییەوە ئێمەش ھەر کوشتن و کوشتار دەبینین !
سوورە تاوێک بێدەنگ بوو..ئنجا وتی : ھاوڕێ گیان ..وادیارە تۆ لێم
تێناگەیت ..من بەڕاستمە..ھەست دەکەم کرمێک ..دەنگێگ لە ناو مێشکمدایە
و پێمدەلێ بکوژە !
وتم : ئەمە نھێنیەکە بوو ؟
وتی : بەلێ !
وتم : جا ئەو کرمە بۆ ناکوژی!
وتی : لە مندالییەوە تا ئێستا بەرگریم لەخۆم کردووە ، دەترسم ڕۆژێک بە
قسەی کرمەکە بکەم!
وتم : سوورە ..تۆ کەسێکی زۆر مھرەبانیت باوەڕ ناکەم بە قسەی ئەو کرمە
ھەلخەلەتێی !
وتی : تۆ لە من تێناگەیت .. برا کەسێک ھەیە لەناخمە دەژێت و پێمدەلێ
بکوژە دایکت ، باوکت ھاوڕێکانت ..ناتوانم چیتر بەم شێوەیە بژێم .
وتم : ئای کە خۆم بەدەبەنگ دەزانم چۆن تا ئێستا ھەستم بەم شتە نەکردووە!
وتی : کەس نازانێت .. زۆرجار بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە !
سەرم سووڕما بوو ، وتم : سوورە تۆ بەڕاستە یان پێمڕادەبوێری؟
وتی : چیتر ناتوانم ئەم نھێنییە لەگەل خۆم ھەلگرم ..تۆ دەزانی بۆ
مێروولە بەخێو دەکەم ؟
وتم : نەخێر.
وتی : بۆ ئەوەی سەریان لە بنڕا ھەلکەنم !
ئاوڕێکم لێدایەوە و وتم : تۆ زۆر زالمی !
وتی : لە مندالییەوە بەری چاوم کە سوور دەبوو ئەگەر گیانلەبەرێکم
بکوشتایە سوورییەکەی چاوم کالتر دەبوەوە . لەو ڕۆژەوە دەیان پشیلە و
سەگ و مارو دوپشک و چۆلەگە و بالدارنەما نەی کوژم تا دواجارخووم بەم
مێروولانەوە گرت .
وتم : ئێستا دەزانم بۆ ( بەھار) ت لە خۆت دوورخستەوە !
وتی : خۆشەویستی ( بەھار ) وایلێکردم خۆڕاگرتربم !
وتم : خۆشەویستی چی ! تۆ مێروولە نەما نەیکوژی !
وتی : بۆیە چیترنامەوێ بژێم !
وتم : گوێبگرە سوورە . ئەم نەخۆشییەت زۆرترسناکە ..بەس تۆ دەتوانی چاکە
وخەراپە لەیەکتر جوودا کەیتەوە ئیتر ئەم بەد خووە چییە گرتووتە!
وتی : من لەوە دەترسم ڕۆژێک بە قسەی ئەو کرمە بکەم و ژیانی کەسێک
لەناوبەرم .
وتم : ئیستا چیبەکەین ؟
وتی : نازانم !
وتم : سوورە ، منیش سەرم لێشواوە ..ھەرگیز باوەڕ ناکەم تۆ وا
بیرکەیتەوە !
پاشان سوورە وتی : نەگەڕیینەوە بۆناو شار ؟
وتم : بۆ نا ..سوورە دەترسم ڕۆژێک بێت بمکوژی !
وتی : ئەمە یەکەمین جار نییە ..کرمەکە پێمدەلێ بیکوژە !
وتم : ئەو کرمە لە کوێیە با من بیکوژم !
وتی : لە سەرتاپای لەشمە !
وتم : دەزانی چی سوورە چەند ڕۆژێکیتر مۆلەتم بەرێ چارەسەرێک دەدۆزمەوە
بۆ ئەو کرمە !
وتی : بەسەرچاو ..
پێکەوە بە پیاسە لەسەر ڕێگا پڕ لە زبل و پیسیەکەی قەراخ شار گەڕایەنەوە
بەرەو مال . خۆزگەم دەخواست نە ئەم نھێنیەم بزانیایە و نە سوورەم
بناسیایە .
چی دەبوو ئەگەر سوورە نەبوایە ؟ لە مندالییەوە بمردایە ! کێ نالێ ڕۆژێک
وەک مێروولەکان سەرم لە لەشم جوودا ناکاتەوە ؟
نا پێش ئەوەی بمکوژێ من دەیکوژم ..دەبێ تا چەند ڕۆژیکتر چاوەڕوانبم
ئەگەر چارەسەرێکم نە دۆزی ..چارەسەری دەکەم !
سوورە دەستی خستە سەرشانم ( لە ترسا ڕاچلەکیم ) وتی : ھاوڕی گیان بیر
لەچی دەکەیتەوە ؟
ویستم بلێم بیر لە چارەسەرێک دەکەمەوە .. سوورە چاوی لە چاوم بڕی و
بزەی پێکەنیین گرتی منیش ویستم پێبکەنم و بلێم : دەمزانی گالتەت دەکرد
!
کەچی بەری چاوی سوورە سوور ھەلگەڕابوون !.
سوورە کیسەیەکی پڕ لە مێروولەی لە گیرفانی دەرکرد و یەک یەک سەری
مێروولەکانی قرتاند!
منیش وتم : سوورە لە پێش چاوم ئەم کارە مەکە !
سوورە وتی : ھا ئەوە چنگێ مێروولە تۆش سەریان ھەلقرتێنە !
وتم : من بۆ دەبێ وابکەم ؟
وتی : بەرچاوت سوور بووە ..تا کەسێکت نەکوشتووە ..سەری مێروولەکان
دەربێنە .
وتم : نەخێر ..من نە بەری چاوم سووربووە و نەکەسش دەکوژم !
سوورە وتی : من دەبینم بەری چاوت سوور بووە ..ھەر ئێستاش بیرت لە کوشتن
دەکردەوە .
وتم : کوشتنی چی ؟!
وتی : بگرە ئەم چنگە مێروولەیە و شەرم مەکە !
چنگە مێروولەکەم لە دەستی سوورە وەرگرت ..بە بێدەنگی سەری مێروولەکانم
قرتاند . وردە وردە سووری بەر چاوم کالتر بوەوە .. روخسارشم زشتر
وترسناکتر دەبوو!
ماڵپهڕی جهلال قادر
|