٢٥\٩\٢٠٢٠
چاوخشاندنێک بە
بەرھەمەکانی پووران درەخشەندە
لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "داکا".
مەنسوور جیھانی
چاوخشاندنێک
بە بەرھەمەکانی سینەماکاری ناوداری کورد خاتوو "پووران درەخشەندە" لە
نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "داکا" لە وڵاتی بەنگلادیش بەڕێوەدەچێت.
نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "داکا"
لە بەشی "ڕێزلێنان لە سینەماکارێک" چاوخشاندنێک بە بەرھەمەکانی
خانمە سینەماکاری ناوداری کرماشانی خاتوو "پووران درەخشەندە" سازدەکات،
کە ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری ئەم دەرھێنەر، سیناریۆنووس، بەرھەمھێنەر و
توێژەرە کوردە و نمایش ھەندێک لە بەرھەمەکانی ئەم فیلمسازە بەرئەزموونە
بەڕێوەدەچێت، کە بریتین لە: "زیر سقف دودی" (لە ژێر میچی دووکەڵاوییدا)،
"ھیس! دخترھا فریاد نمی زنند" (بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن)، "کودکان ابدی"
(منداڵایی ئەبەدی) و "رویای خیس" (خەونی خووساو) و دوای نمایشی ئەم
بەرھەمە سینەماییانە، کۆڕیی ڕخنە و ھەڵسەنگاندن و وڵام و پرسیار
بەڕێوەدەچێت.
"پووران درەخشەندە" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی نۆزدەیەمین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "داکا" لە وڵاتی بەنگلادیش، مەستێر کلاس و ڤۆرکشۆپی
پسپۆڕانەی سینەمایی ساز دەکات.
بەرپرسانی بەڕێوەبردنی ئەم ڕووداوە سینەماییە، سەرقاڵی کارە
سەرەتاییەکانی پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین خولی تێکەڵاو پێکھاتوو
لە نمایشی ئۆنلاین و ھەروەھا بە شێوەی ئامادەبوونی بەرھەمە
بەشداربووەکان لەم فیستیڤاڵەن.
نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "داکا" کە بە یارمەتی
ئەنجوومەنی "فیلمی کۆلکە زێڕینە" و بە نمایشی ٢٠٠ فیلم لە دەرھێنەرانی
٦٠ وڵاتی جیھان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی
لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی فیلمە ئاسیاییەکان"، بەشی "سینەمای جیھان"،
بەشی "ڕابردوو"، بەشی "پانۆڕامای بەنگلادیش"، بەشی "فیلمەکانی منداڵان"،
بەشی "سینەماکارانی ئافرەت"، بەشی "کورتە فیلم و فیلمە سەربەخۆکان" و
ھەروەھا بەشی "فیلمە مەعنەوەییەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٤ی ژانوییەی ٢٠٢١
بە شێوەی فیزیکی و ئۆنلاین لە ناوەندە سینەماییەکانی "ئالینس فرانسیس"،
"ستار سینەپلاس"، "ئاکادیمیای شیلپاکالا"، کتێبخانەی گشتیی و ھەروەھا
ھۆڵی کۆبوونەوەکانی مۆزەخانەی شاری داکا لە وڵاتی بەنگلادیش
بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.dhakatribune.com/showtime/2020/09/17/diff-2021-rainbow-film-society-prepares-for-the-festival-amid-the-pandemic?fbclid=IwAR3V6JNpr8pQt3Js_PRqOsd3ypRIzr8mE5U4LxrLYqsHvn_pdgk4NdZ-bdc
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|