جێبه‌جێنه‌کردنی ماده‌ی140له‌کاتی دیاریکراویدا سازشێکی تره به مافه‌کانی گه‌لی کورده‌وه !
واده‌ی دیاریکراو بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستوری عێراقی وا چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی ماوه و به‌سه‌رده‌چێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت لایه‌نی که‌می قۆناغی ده‌ستپێکیشی به ئه‌نجام گه‌یشتبێت که خۆی له‌ئاسایکردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و شار‌و شارۆچکه‌و ناوچا‌نه‌دا ده‌بینێته‌وه که له‌ده‌یان ساڵی رابردوودا و به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا بۆ مه‌به‌ستی شۆڤێنیستی و پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زی گۆڕانکاری دیموگرافی و ئیداریان به‌سه‌رداهاتووه. دیاره به‌شی سه‌ره‌کی ئه‌م یاسایه بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کوردستانی بوونی ئه‌و ناوچانه گه‌ڵاڵه‌بووه، که هه‌تاکو ئێستاش کورد و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له عێڕاقدا ناکۆکی و ململانێ‌یان له‌سه‌ری هه‌یه، به‌دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دامیش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌رنامه‌یه‌کی ستراتجی پێشوه‌خته ئاماده‌یی پیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی و ده‌ستوریدا بیخاته گره‌ویی ڕاپرسیه‌وه.
له دوای گونجاندنی ماده‌ی 58 ی ناو یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی برێمه‌ردا هه‌تاکو ئێستا چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر به‌یاسایی کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌و چاره‌سه‌رکردنی تێده‌په‌ڕێت، له‌م نێوانه‌شدا چه‌ندین کابینه‌ی حکومه‌ت گۆڕانیان به‌سه‌رداهاتووه که‌به‌رده‌وام به‌شێکی به‌رچاوی پێکهاته‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌ده‌ست کورده‌وه بوون، به‌ڵام بۆ جارێکی‌تر چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م پرسه! له‌خاڵی سفردایه و هه‌نوکه سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ڵێت هه‌موو جۆره بڕیارێك ده‌رباره‌ی ماده‌ی 140 ده‌بێ له لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بدرێ!؟ له لایه‌کی تر سه‌رۆک کۆمار باس له ئه‌ڵته‌رناتیڤ و چاره‌سه‌ریتر ده‌کات!، هه‌ندێک له‌کاربه‌ده‌ستانی کورد له‌به‌غداد و ئه‌ندام په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی کوردستان بۆ چاره‌نوسی ئه‌م به‌نده ده‌ستووریه چاوه‌ڕوانی بڕیاری سیاسین! هه‌موو ئه‌مانه جگه له‌وه‌ی ئاماده‌یی پیشاندانه بۆ سازشێکیتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌هه‌مان کاتدا بۆ خۆیشی پێشێلکاریه‌کی تری ده‌سه‌ڵاتی یاساییه هه‌ر وه‌ک چۆن به‌بڕیاری سیاسی سزادانی تاوانبارانی ئه‌نفالی به‌دناو ڕاگیراوه.
ئێمه ده‌پرسین مه‌گه‌ر ئه‌م گوتار‌و لێدوانانه ناچێته خانه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی هه‌موارکردنه‌وه که به‌رده‌وام نه‌یاران و دوژمنانی کورد له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه خوازیاری بوون، ئاخۆ ئه‌م دواخستن و درێژکردنه‌وه‌یه هه‌مان خواست و داواکاریی ئێران و تورکیا‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته عه‌ڕه‌بیه‌کان نیه که هه‌ر له‌سه‌رتای داڕشتنی ئه‌م به‌نده ده‌ستوریه‌وه خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بوون ؟
له‌ئێستادا سازکردنی ڕه‌خنه‌و گله‌یی و گازنده له حکومه‌تی عێڕاق به‌وه‌ی کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی سیاسی و مادی و ئیداری خستۆته به‌رده‌م جێبه‌جێبوونی ئه‌م به‌نده، گوایه جدیی نیه و کات به‌فیڕۆ ده‌دات ، گه‌واهی ئه‌وه نادات که ئێوه نوێنه‌رێکی خراپی میلله‌ته‌که‌تان بوون و نه‌تانتوانی نیو ئه‌وه‌نده‌ی سیستانی له‌سه‌ر خواستی گه‌له‌که‌تان موکوڕبن و متمانه‌ی ئه‌وان نه‌دۆڕێنن؟ ئێستاش وه‌ک پیشه‌ی هه‌موو جارتان ته‌نها له کۆتایی کایه‌که‌دا بیرتان ده‌که‌وێته‌وه پرسیار بکه‌ن! چۆن دۆڕاندتان؟ ئه‌وجا بۆ ساتێک بیری جه‌ماوه‌رتان ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی 16 ساڵه به‌هه‌نگاویی گه‌وره لێی دوور ده‌که‌ونه‌وه و له‌هه‌موو پرسێکی چاره‌نووسسازدا په‌راوێزی ده‌خه‌ن و خۆتان به‌ناویی ئه‌وانه‌وه بڕیاڕده‌ده‌ن.
خه‌ڵکی کوردستان ئێوه به‌به‌رپرسیار ده‌زانن نه‌ک ته‌نها له جێبه‌جێنه‌بوونی ماده‌ی 140 به‌ڵکو له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر سێی خاکی کوردساتن که ئێوه چاره‌نووسیتان به‌م یاسایه‌وه گرێدا‌و زۆر خه‌مساردانه کردتانه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌سکی حیزبی و کورسیه‌کانی ژێرتان. ده‌بێت بزانن چاکترین ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م باره که ئێوه به‌رپرسن لێی، نه‌ک هه‌موارکردن و داشکاندنی خواسته‌کانی کورد نیه بۆ نیوه‌ی تر، به‌ڵکو گۆڕینی پێکهاته‌و میکانیزمی ده‌سه‌ڵات و بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی و هاتنه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ر و گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌یه بۆ میلله‌ت، هه‌رئه‌مه‌ش تاکه زامنی هێنانه‌دی ماف و ئازادی و سه‌رکه‌وتنی گه‌له‌که‌مانه!
ئێمه وه‌ک ناوه‌دنی چاک ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی کوردستان و لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری پراکتیکه‌کردنی ئه‌م به‌نده یاساییه که چه‌ندین ملوێن دۆلار خرایه به‌رده‌ستیان به به‌رپرسیاری یه‌که‌م ده‌زانین له جێبه‌جێ نه‌کردنی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له که‌رکووک و ناوچه داگیرکراوه‌کانی تردا، دوای ئێوه‌ش حکومه‌تی ئێراقیش که ئێوه به‌شێکن لێی به شوڤێنی و قه‌ومپه‌رسته‌که‌ی جارانی ده‌زانین به‌رامبه‌ر به مافی کورد و کوردستان. داواش له هه‌موو خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی کوردی مافخوراو هه‌موو ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیه‌کان ده‌که‌ین که بێده‌نگ نه‌بن به‌رامبه‌ر به‌م هه‌موو نادادپه‌روه‌ری و مافپێشێلکردنه‌ی گه‌لی کورد. یه‌کده‌ست و یه‌ک ده‌نگ با هه‌موو بێینه مه‌یدان دژ به‌م هه‌موو فێڵه سیاسیه‌ی که به ئاشکراو بێشه‌رم ده‌کرێت به‌رامبه‌ر به‌و یاسا‌و ده‌ستوره‌ی که ئێوه‌ی سیاسی خستانه به‌رده‌م ده‌نگدانی هه‌موو ئێراقی و کوردستانه‌وه تا به‌رێژه‌یکی که‌میش بێت مافه سه‌رتایه‌کان بگه‌ڕێته‌وه بۆ دانیشتوانی سته‌مدیده‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکمی نادادپه‌روه‌ر و به‌عسیه خوێنمژه‌کان.
هه‌ربژی ئیراده‌ی کوردی سته‌مدیده و مافخوراوی که‌رکووک و به‌شه‌کانی تری کوردستانی ژێرده‌سته. به هه‌موو شیوازێکی مه‌ده‌نیانه، ئێمه له ناوه‌دی چاک پشتیوانتانین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانتان.
ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی کورد ـ چاک . www.chak.info chak.org@gmail.com
|