١٨\٩\٢٠١٧
جێگرەوەیێک کە
مافی گشتپرسیی و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان ناسەلمێنێ رەتدەکەینەوە.
جارێکی تر ئەمەریکا و بەریتانیا هەولیان داوە لەڕێگەی چەند
نوێنەرێکیانەوە کە گشتپرسیی ٢٥ سێپتەمبەر نەکرێ و باس لە جێگرەوەیێکی
نهێنی دەکەن کە لەگەل بارزانی خستویانەتەڕوو. مەکگورگ، نوێنەرەکەی
ئەمەریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەوان نایانەوێ گشتپرسیی بکرێ و ئەم
هەولانەشیان بۆ ڕێگرتن لە خەلکی کوردستانە بۆ بەرپاکردنی گشتپرسیی و
جێگرەوەکەیان گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق و چاکسازی
فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکست خواردووی عێراق.
سەرەتا پێویستە بزانین کە هەلوێستی ئەمەریکا و بەریتانیا کە مافی خەلکی
کوردستان لە گشتپرسیی و سەربەخۆییدا ناسەلمێنن نیشانی دەدا کە ئەم
جێگرەوە و بەلێنانەشیان بۆ سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ
چارەسەری کێشەی کورد و پارێزگاری لە بەرژەوەندی خەلکی کوردستان نیە و
بە پێچەوانەوە ئەوان درێژەی هەمان سیاسەتی پێشوی ٢٦ سالی ڕابردویان لە
عێراقدا دەدەن کە کوردستان وەک کارتی گوشار بەکاردێنن.
ئێمە وەک خەلکی کوردستان گشتپرسیی و سەربەخۆیی بەمافی ڕەوا و بێ مەرجی
خۆمان دەزانین و هەر لایەنێک و هەر جێگرەوەیێک کە بیەوێ دەست لەم مافە
هەلگرین ڕەتدەکەینەوە و بە دژایەتی خواست و بەرژەوەندیەکانی خەلکی
کوردستانی دەبینینەوە.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دەسەلاتدارانی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە
لەم هەولەی ئەمەریکا بۆ ڕێگاگرتن لە گشتپرسیی و سەربەخۆیی و بانگەوازی
خەلکی کوردستان دەکا بۆ گوشاردانان لەسەر دەسەلاتدارانی هەرێم کە
لەپێناو بەلێنی کاتی بەشە فیدرالی بودجە و داهاتی نەوت و دەسەلاتیان
خواستی گشتپرسیی و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان نەکەنە قوربانی.
نابێ گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق وەک جێگرەوەی گشتپرسیی وسەربەخۆیی
بەهیچ شیوەیەک قبول بکرێ، لەبەرئەوەی گشتپرسیی مافی خەلکی کوردستانە بۆ
بریاردان لەسەر جیابونەوە لەعێراق و ئەم مافە لەلایەن دەولەتی عێراقەوە
دژایەتی دەکرێ و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عەبادی بەبڕیاری ڕەسمی
ڕایانگەیاندوە. کردنی گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق بە جێگرەوەی گشتپرسیی
تەنیا مانای دەست هەلگرتن لەمافی گشتپرسیی و سەربەخۆییە و فرسەتدانە بە
دەولەتی عێراق تاکو بەشیوەی حکومەتەکانی پێشوی پاشایەتی و عەسکەری و
بەعس و مالکی و عەبادی هەمان کارەساتی کوشتار و ژێردەستەیی بەسەر خەلکی
کوردستندا دەسەپێننەوە و ڕێکەوتن و ئەنجامی گفتوگۆکان پێشێل دەکەن.
خەلکی کوردستان کە سەدەیەکە گیرۆدەی کێشەی ستەمی قەومی و بێ دەوڵەتی و
گیرۆدەی فیدرالیزمێکی شکست خواردوە لە عێراقدا، ئەگەر لەم فرسەتەی
ئێستادا دەست هەڵگرێت لەم خواستەی خۆی بۆسەربەخۆیی و رفراندۆم ئەوە
بێگومان لە دژی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی. هەربۆیە سەرەڕای سەختی
ئاستەنگیە نێو دەوڵەتی و ناوچەییەکان دەبێ ڕێگاچارەیەکی سیاسی و
پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی بۆ داوا ڕەواکەمان پەیدا بکەین و لەسەروو
ئەوانەشەوە باوەڕبون بە هیزی خۆمان، هێزی جەماوەری کوردستان
پەیدابکەین.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پێداگریەی خەڵکی کوردستان لەخواستی
گشتپرسیی و سەربەخۆیی و ئەم چاوەڕوانیەی لەخۆی ببینێ تاکو بزانێ کە ئەم
خەڵکە ناتوانن چیتر بەدیار خۆشباوەڕی و فریودان و کردنیان بەکارتی
گوشارەوە دابنیشن . بەڵکو پێویستە دەزگا نێودەوڵەتیەکان بزانن کە خەڵکی
کوردستان وەک خەڵکی فەلەستین ، تەیموری ڕۆژهەڵات ، باشوری سودان ،
کۆسۆڤۆ ، بیابانی ڕۆژئاوا و چەندین شوێنی تر دەیانەوێ ماف و
مەسەلەکەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕەسمی بناسرێ و مامەڵەی لەگەڵ
بکرێ و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر
کێشەکەیان بکرێ و کاری جدی بکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و
گوشارنهێنرێ بۆ ئەمەریکاش کە ئەم مافە بسەلمێنێ.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕایدەگەیەنێ کە لە ئێستادا ڕێگای عەمەلی و
خێرا بۆ بەدەستیهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و سەلماندنی مافی خەڵکی
کوردستان لە رفراندۆم و سەربەخۆییدا بەرپاکردنی گشتپرسیی و کردنە ئەمری
واقیعی سەربەخۆییە نەک چاوەڕوانی گۆڕانی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمەریکا
و ئەوروپا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە .دەبێ وەک خەڵکی کوردستان خۆمان
رفراندۆم بکەین تا وەک ئەمری واقیع دانمان پێدابنرێ و لێرەوە
گوشاربهێنین کە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان بۆ بەڕەسمی بناسرێ
لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١٥\٩\٢٠١٧
|