په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٥

جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق بەری حەرامترین داری تامکرد.

فوئاد زیندانی    

 

سەد ساڵ لەمەوبەر لە ١٩١٥/٤/٢٤ دا بەبڕیاری سوڵتانەکانی عوسمانی گەلی ئەرمەن لە تورکیا کۆمەڵکوژکران و بەگشتی ملیۆنێک و نیو مرۆڤ لەناوبران و دەیان هەزاریش دەربەدەرکران.


گەلی تورک خاوەنی ناسنامە و زمان و خاکی خۆی نیە ، بەڵکو زمانەکەیان تێکەڵەیەکی کوردی و عەرەبی و چەند زمانێکی تری ناوچەکەیە ، تورک لەسەردەمی عوسمانیەکان ئایینی ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ داگیرکاری ووڵاتانی ناوچەکە لەڕێگای هێرشی سەربازی توانیان لە کەنداو تا بەڵقان داگیر بکەن ، لەناو تورکیاش لەپێناو سەپاندنی نەتەوە و دەسەڵاتی تورکی کۆمەڵکوژیان لەدژی کورد و عەلەوی و بەتایبەتی کریستیانە ئەرمەنیەکان ئەنجامدا و هاوکات هەزاران خێزانی ئەرمەنی ئاوارەی ووڵاتانی وەکو سوریا و عێراق و شوێنەکانی تر بوون.


گەلی ئەرمەنی دوای ئەو کۆمەڵکوژیە ماوەی سەد ساڵ بەردەوام لەتێکۆشاندابوو لەپێناو ئەوەی کۆمەڵکوژیەکە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک قڕکردنی گەلێک واتە " جینۆساید " بناسرێ و بێتە قبوڵکردن . لە ساڵی (١٩٨٧) بەدواوە بۆ جاری یەکەم پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ئەو بابەتە ووشەی لەناوبردنی بەکۆمەڵ (کۆمەڵکوژی / جینۆساید) ی بەکارهێنا ، پاشان هەریەک لە ووڵاتانی وەکو فەڕەنسا و سویسرا و هۆڵەندا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانیان وەک جینۆساید قەبوڵکرد و دواجار پاپای فاتیکان بەهەمانشێوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١٥/٤/١٢ ڕایگەیاند کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنیەکان لەلایەن تورکیا جینۆساید بووە . پەرلەمانی ئەروپا کۆمەڵکوژیەکەی بەفەرمی وەک جینۆساید قەبوڵکرد . سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما کۆمەڵکوژیەکەی مەحکومکرد و وەک جینۆسایدی ناساند.


ئەڵمانیا تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆی لەو بابەتە لادەدا ، لەبەر ئەوەی سەد ساڵ لەمەوبەر ئەڵمانیا پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەڵ تورکیا هەبووە ، تەنانەت ئەڵمانیا باش دەزانێ بەشێک لەبەرپرسیاریەتی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنیەکانی دەکەوێتە ئەستۆ ، پێنچشەممەی ڕابردوو (یوئاخیم گاوک ) سەرۆک کۆماری ئەڵمانیا بۆ جاری یەکەم کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی وەک جینۆساید قەبوڵکرد و دانی نا بەوەی کە ئەڵمانیا بەشێک لەبەرپرسیاریەتی ئەو کۆمەڵکوژیەی دەکەوێتە ئەستۆ.

 

دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنیەکان و خەباتی بەردەوامی نەتەوەی ئەرمەن لەپێناو بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیەکە لەئاستی نێودەڵەتی لەکۆتاییدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو کۆمەڵکوژیەی وەک جینۆساید پەسەندکرد ، بۆ یەکەم جار لەپەرلەمانی عێراق پەرلەمانتار " جۆزیف صڵێوە " کە نوێنەری ئەرمەنیەکانە بەو بۆنەیەوە وویستی وتارێک پێشکەش بکا ، بەڵام لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق " ئارام محەمەد عەلی " کە کوردە و سەر بە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە ، ڕێگری لێکرا و نەیهێشتووە ناوبراو وتارەکەی پیشکەش بکات!


هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە ئاستی نێودەڵەتی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان دوای سەدەیەک هاتە قبوڵکردن ، لەوکاتەدا (ئارام) جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق کە نوێنەری بزووتنەوەی گۆرانە ڕێگری لە نوێنەری ئەرمەنیەکان کرد وتار بخوێنێتەوە ، ناوبراو بەو کردارەی بەری حەرامترین داری تامکرد و خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی کوردی لەکەدارکرد ، ئەوەی نەهاتە بەرچاو کە خۆی کوردە و نەتەوەکەی بەدەیان جار جینۆساید کراوە ، ئەنفالەکان ، فەیلیەکان ، بارزانیەکان ، کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی تا ئێستا (٧٣) جار کۆمەڵکوژکراون ، دواجار مانگی (ئاب)ی ساڵی ڕابردوو بەهەزاران مرۆڤ کوژران و بزرکران و هەزاران کچ و ژنی کورد لەلایەن ئیسلامیە تیرۆریستەکان و بەعسیەکان بە پاڵپشتی عوسمانیە نوێیەکانی تورکیا ڕفێندران و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و تا ئێستاش لەبازاڕەکانی ئیسلامیە بێ ئەخلاق و عەرەبیەکان دەفرۆشرێن!


بزووتنەوەی گۆڕان سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەربوو تا گەیشتە دەسەڵات ، ئەوانەی لە ١٧ شوبات شەهید بوون بەلای ئەو بزووتنەوەیە گرنگ نیە ، داواکاری جەماوەر بەلایەوە گرنگ نیە ، قوربانیدان و قوربانیەکانی ئەنفال و جینۆساید و هەڵەبجەی بەلاوە گرنگ نیە بەڵکو تەنیا بەشداریکردنی لەدەسەڵات بەلاوە گرنگە ، لەوکاتەی هاتۆتە دەسەڵات خامۆش بووە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر بووە ، بزووتنەوەی گۆڕان خاوەن ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو نیە بۆیە زۆر ئاساییە نوێنەرەکەی لەبەغدا خاوەنی پۆستی جێگری سەرۆک پەرلەمان بێ و خزمەت بە تورکیا بکا و ڕێگری لە نوێنەری ئەرمەنیەکان بکا وتارەکەی پێشکەش بکا ، ئەوەش سوکایەتی کردنە بە قوربانیدانی هەردووک گەلی کورد و ئەرمەن هاوکات ڕێزگرتنە لەتاوانی جینۆساید ! باشترە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێ و پۆستەکەی جێبهێڵێ.
 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک