٢٦\٣\٢٠١٩
جەعفەر پەناھی بۆ فێستیڤاڵی "کان"ی فەڕەنسا:
خۆم بە قوتابی عەباس کیارۆستەمی دەزانم.
مەنسوور جیھانی
کان
- دەرھێنەری ناوداری سینەمای ئێران "جەعفەر پەناھی" لە پەیامێکدا بۆ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە "عەباس
کیارۆستەمی" دەست پێکرد و خۆم بە قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم.
"جەعفەر پەناھی" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "سێ ڕوخسار" کە لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتا و یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە
لایەن ڕخنەگرانی سینەمای جیھان و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازییەکی
بێوێنەی لێکرا، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی
فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە "عەباس کیارۆستەمی" دەست پێکرد و خۆم بە
قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم. ئەو کاتەی کە یەکەمین فیلمی بڵندی
خۆم سازکرد و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" خەڵاتم بەدەستھێنا،
ھات بۆ فڕۆکەخانە بە پێشوازییم و زۆر بەداخم کە لە ژیاندا نییە و ئەوە
یەگجار زور تووشی خەفەتی کردووم.
فیلمی سینەمایی "سێ ڕوخسار" لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی
"پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"کان" لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی باشترین سیناریۆی پێبەخشرا و بە شێوەی
ھاوبەش ئەم خەڵاتە بە خاتوو "ئالیس رۆرواچێر" لە
وڵاتی ئیاڵیا بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "لازارۆی بەختەوەر" بەخشرا.
"سۆڵماز پەناھی" کچ و ھەروەھا "پەناە پەناھی" کوڕی "جەعفەر پەناھی" بە
جیاتی باوکیان ئەم خەڵاتەیان لە ھۆڵی "تیئاتری لۆمییەر" لە ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای
جیھان وەرگرت و پەیامەکەی باوکیان خوێندەوە.
"سۆڵماز پەناھی" لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتە
گرینگە لە وڵامی پرسیاریی "مەنسوور جیھانی" سەبارەت بە ڕێزلێنانی "جەعفەر
پەناھی" لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی "عەباس کیارۆستەمی" گوتی: ڕەوون
و ئاشکرایە کە بەڕێز کیارۆستەمی نە تەنیا بۆ "جەعفەر پەناھی" بەڵکوو بۆ
تەواوی دەرھێنەرانی ئێران و تەنانەت ھونەرمەندانی ئێران و جیھان زۆر
گەورەیە و پێگەیەکی تایبەتی ھەیە. نەبوونی بەڕێزیان، بۆ ھەمووان
کارەساتێکی دڵتەزێنە. "جەعفەر پەناھی" سینەمای لەگەڵ ئاغای کیارۆستەمی
دەست پێکرد و بەڕێزیان مامۆستای جەعفەر بوو و ئەوە بۆ باوکم یەگجار زور
گرینگە. تەنانەت بەڕێز کیارۆستەمی سیناریۆی یەکەمین فیلمی جەعفەر بە
ناوی "بادکنک سفید"ی نووسی.
گوتیشی: بۆ باوکم، ئاغای کیارۆستەمی بێجگە لە مامۆستایەکی گەورە بەڵکوو
ھۆگرییەکی یەگجار زۆر و تایبەت لە نێوانیاندا ھەبوو و نەبوونی بەڕێزیان،
"جەعفەر پەناھی" زۆر خەمبار کردووە. ھەر شوێنێک بێت و ھەر ڕووداوێک
ڕووبدات، باوک بە باشی و بە شانازییە ڕێزیی تایبەت لە ئاغای کیارۆستەمی
دەگرێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتا و یەکەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا بریتی بوون لە: "کێت
بلانشێت" ئەکتەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ئوستوڕڵیا ـ
سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "چانگ چێن" ئەکتەر لە وڵاتی چین،
خاتوو "ئاوا دۆ وێڕنای" سیناریۆنووس، دەرھێنەر،
بەرھەمھێنەر و بڵاوکەرەوەی فیلم لە وڵاتی ئەمەریکا، "رۆبێرت گۆدگۆیان" دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو "خاجە
نین" گۆرانیێبژ و موزیکزان لە وڵاتی بڕۆنۆئی، خاتوو "لێئا
سێیدۆخ" ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو "کریستییەن
ئێستوارت" ئەکتەر لە وڵاتی ئەمەریکا ، "دێنیس ویلێنیۆڤ" دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی کەنەدا و "ئاندرێ
زۆیاگینتسێف" دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی
ڕووسیا.
خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی
سەرەکی" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"، بە فیلمی سینەمایی "دزەکانی
دووکان" لە دەرھێنانی "ھیرۆکازۆ کۆرئیدا" لە وڵاتی ژاپۆن بەخشرا.
خەڵاتی گەورەی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی
سینەمای جیھان دوای خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی کان، بە فیلمی سینەمایی
""بلکک کلزێمان" لە دەرھێنانی "ئێسپایک لی" لە وڵاتی ئەمەریکا بەخشرا و خەڵاتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی
سینەمایی "کفرناحووم" لە دەرھێنانی خاتوو "نادینە لەبەکی" لە وڵاتی لوبنان پێشکەش کرا.
"مارسێلۆ فۆنتێ" خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویی ئەم
فێستیڤاڵەی بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "دۆگمان" لە
دەرھێنانی "ماتێئۆ گارۆنێ" لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستھێنا.
ھەروەھا خەڵاتی باشترین دەرھێنان بە "پاوێڵ پالیکۆفسکی" بۆ دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "شەڕی سارد" لە
وڵاتی پۆڵەندا بەخشرا.
"ژان لۆک گۆدار" دەرھێنەری ناوداری سینەمای فەڕەنساش
بۆ دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "کتێبی دیمەن" بە پێشکەش
کردنی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی تایبەت ڕێزی لێگیرا.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵەش بە "ساماڵ ئێسلێمۆڤا" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "ئایکا" لە دەرھێنانی
"سێرگێئی دڤورتسڤۆی" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" بە کورتە فیلمی "ھەمووی ئەم بوونەوەرانە" لە دەرھێنانی "چاڵز ڤیلیام" لە وڵاتی
ئوستوڕاڵیا بەخشرا.
خەڵاتی کامێڕای زێڕینی کان بۆ باشترین فیلمی سینەمایی
یەکەم بە فیلمی سینەمایی "کچ" لە دەرھێنانی "لۆکاس دۆنت" لە وڵاتی بەلژیکا پێشکەش کرا و فیلمی سینەمایی "لە سنوور" لە دەرھێنانی "وێی شۆجان" لە وڵاتی چین ڕێزی لێگیرا.
حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە نمایشی ٢١
فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، ١٨ فیلمی سینەمای لە بەشی
پێشبڕکێی "جۆرێک ڕوانین"، ٧ فیلمی سینەمایی لە بەشی
"دەرەوەی پێشبڕکێی"، ٨ فیلم لە بەشی "نمایشی تایبەت"، ١٧ کورتە فیلم لە
بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن"، ٨ کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "کورتە
فیلم"، ١٩ فیلمی سینەمایی لە بەشی "کلاسیکی کان"، ١٢ فیلمی سینەمایی لە
بەشی "سینەمایی ساحلی" و ھەروەھا ٥ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای
دیکۆمێنتاریی" لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە شاری کان لە
وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|