په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠١٩

چێژی خوێندنەوە دەروازەیەك بۆ ئاشنابوون بەپەرتووک.


سەدیق سەعید      


ئەزموونی خوێندنەوەی خوێنەران چەند لە ئاستی ستایل و كرداردا لە یەكتری جیاوازبێت، دواجار هەموویان لەو خاڵەدا یەكدەگرنەوە كە ئەویش چێژ بینینە لە خوێندنەوەی پەرتووک. چێژێك كە مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتێكی ڕاستە قینەی بە زمان لێ بكات، مەگەر خۆی خوێنەری پەرتووک و لە نێو دنیای پەرتووک نەبێت. بڕوا ناكەم لە ژیانی مرۆڤەكاندا، بە تایبەتیش لە كۆمەلگا ڕۆژهەڵاتییەكاندا، هیچ نێوەندو ئۆرگانێكی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی، هێندەی پەرتووک مرۆڤ فێری پەروەردەكردن وزانست و مەعریفە بكەن. نێوەندەكانی خوێندن لە كوردستاندا، تاكی خاوەن بڕوانامە بەرهەم دەهێنن، بەڵام تاكی بیركەرەوەو خوێنەر دروست ناكەن. ئەمە دەلالەتە لەوەی كە پەروەردە و فێركردن بە گشتی لە نێو ئێمەدا، ڕۆڵێكی ئەوتۆیان لە بە كولتووریكردنی خوێنەوە و ئاشنا بوونی مرۆڤ بە پەرتووک نەبینیوە. لێرەوەش زۆر بە ئاسانی درك بەوە دەكەین كە قوتابییانی زانكۆو پەیمانگاكانیش، لەو توێژانە نین كە دەخوێننەوە. ئەوەی سەرو كاری لەگەڵ پەرتووک و دنیای خوێنەوە هەبێت، دەزانێت كە پەرتووک چ بە خشش و سەرمایەكی مرۆیی گەورەیە كە مرۆڤەكان فێری چییەتی و چۆنییەتی ژیان و ڕامان و بیركردنەوە دەكات. ئێمە میللەتێكین بەداخەوە ناخوێنینیەوە، بۆیە زۆربەی كێشە مەعریفی و هوشیارییەكانی كۆمەلگا، ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئەو پاشخانە كولتووریەیە كە سەرچاوەكەی لە خوێنەوە دروست دەبێت. بۆیە چەند هەوڵی بە كولتووریكردنی خوێنەوە و ناسینی دنیای پەرتووک بدەین، ئەوەندەی تر لە داهێنانەكان و پێشكەوتنەكان نزیك دەبینەوە. پەرتووکی(چێژی خوێندنەوە) هەوڵێكە بۆ ناساندن وگوزارشتكردن لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و پەرتووک. ئەم پەرتووکە، ئەزموونی چواردە نووسەر لە بارەی ڕامان و گوزارشتكردن لە پەرتووک و خوێندنەوە لە خۆدەگرێت. ئەگەرچی دیدگای هەریەك لەونووسەرانە لە بارەی پەرتووکەوە جیان لە یەكتری، بەڵام دەكرێ بڵێین دواجار هەموو ئەو دیدگایانە بە ڕوانێنێكی هاوبەش و جێگیردەگەن لە بارەی پەرتووکەوە كە دەكرێ لە چەند لایەنێكەوە پوختییان بكەینەوە. بە بڕوای هەموو ئەو نووسەرانە، ئەگەرچی لە ڕووی تەمەن و زەمەنی ئاشنابوون بە پەرتووک جیاوازیی لە نێوانیان هەیە، بەڵام هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دوای ئاشنابوون وپەیوەندییان لە گەڵ پەرتووک، بوونەتە كەسیەتیەكی دیكە. بەدەربڕینێكی تر،دەكرێ بڵێین پەرتووک یەكێكە لەو ئامرازانەی كە ستایلی ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێت. لە دیارترین سیماكانی ئەو گۆڕانكاریەش، بیركردنەوە و تێڕوانینی جیاوازە بۆ ژیان و دەوروبەر.پەرتووک وا لە مرۆڤ دەكات بە شێوەیەكی دیكە دنیا ببینێت.جیاوازتر لەوانەی ناخوێننەوە، بیر بكاتەوە و سەرنجی هەبێت. بە بڕوای هەریەك لەو نووسەرانە، پەرتووک بۆ ئەوان كردنەوەی دەرگایەكی دیكەی جیاوازبووە بە ڕووی ژیاندا بەدەر لەوهەموو دەرگا كلاسیكییانەی ژیان كە مرۆڤەكانی تر پێیەوە ڕاهاتوون. ئەو نووسەرانە، باس لەوە دەكەن كە ئەوان لە دوای ئاشنابوونییان بە دنیای فراوانی پەرتووک،بوونەتە بوونەوەرێكی دیكە. ئەگەرچی مەرج نییە پەرتووک مرۆڤێكی سوپەرمانی دروست بكات، بەڵام بێگومان، دەیكاتە كەسیەتیەكی جیاواز لەوەی بەرلە ناسینی پەرتووک هەبووە.چونكە پەرتووک خەیاڵ و بینینی مرۆڤ لەبەردەم دنیادا فراوانتر و ئاسۆی بیركردنەوەی گەورەتر دەكات.پەرتووک سەرچاوەی زانین و مەعریفەیە، دەشێ مرۆڤ لە هەر پەرتووکێكدا، بە زانسێكی نوێ و هوشیارییەكی نوێ بگات. خاڵێكی دیكە، كە دیدگای بە شێكی زۆری ئەو نووسەرانە هاوڕان لە سەری ئەویش ئەوەیە، كە ڕەنگە هەموو پەرتووکێك وەك سەرچاوەی زانست و داهێنان و خزمەت بە مرۆڤایەتی سەیرنەكەین. بە بڕوای بە شێكی زۆر لەو نووسەرانە، دەشێ بەشێك لە پەرتووکەكان، ژەهرێك بن بۆ بیری خوێنەرو لێیەوە مرۆڤەكان فێری دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و دۆگمایی بێت. دەكرێ بەشێك لە پەرتووکەكان، وەك سەرچاوەی دروستبوونی ئاشووب و كێشەی گەورە ببینین كە هزری مرۆڤ بەرەو داخراویی و دۆگمایی دەبەن و پەرتووک وەك هەوڵێك بۆ تاریككردنی دنیا دەبینن. بۆیە دەبێ لە هەڵبژاردنی پەرتووکەكاندا، خوێنەر هوشیارو بیر كراوە بێت و ئەگەر بەرپەرتووکێكی لەو جۆرەش كەوت، ئەوا نابێت خوێنەر لە ڕووی هزرییەوە بكەوێتە ژێر كاریگەریەتی. ئەمڕۆ بە شێگی زۆری پەرتووکەكان، بە جۆرێك لە جۆرەكان، هەڵگری گوتارێكی دەمارگیری و پۆپۆلستینە و هزری مرۆڤ بە بیری توندڕۆیی و ڕەتكردنەوە بارگاویدەكەن. بۆیە نابێ هەموو كتیبێك وەك سەرچاوەی هوشیاریی و كرانەوە و بیری نوێ ببینین.بەپێچەوانەوە دەشێ بەشێك لە پەرتووکەكان تونێلێكی تاریك بە سەر هزری خوێنەردا بكەنەوە كە دواجار پەرتووک لە بری ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ بینینێكی دیكە و پێشكەوتنێكی دیكە، ئەوا هزری قەتیس دەكات. بۆیە نابێت بڕوامان وابێت ئیدی پەرتووک بەگشتی فریادرەسێكە و سەرتپای بوون و ژیانمان بۆ شێوەیەكی دیكە دەگۆڕێت. بێگومان پەرتووک فێری بینینێكی دیكەمان دەكات، بەڵام هەموو پەرتووکێك نا. چونكە نابێ ئەوەمان بیر بچێت كە ڕەفتارو كردەوەی توندڕۆیی و دەمارگیری، ڕەنگدانەوەی هزرەكەن. بەومانایەی دەشێ پەرتووک مرۆڤ فێری بیرێكی توندڕەو تاریك بكات،كە دواجار ژیان وێرانتربكات. وەك ئەوەی گرووپە توندڕەوەكان باوەڕیان پێیە. خاڵێكی دیكە هەر پەیوەست بە خوێنەوە ئەوەیە، كە ئەگەرچی سۆسیال میدیا و پێشكەوتنە خێراكانی سەردەم و میدیای ئەلكترۆنی بەگشتی، كاریگەریەتی لە سەرخوێنەوە و پەرتووک هەبووە، بەڵام دواجار چێژی هیچ خوێنەوەیەك ناگات بەو چێژەی كە خوێنەر پەرتووکێك بە دەستەوە دەگرێت ودەیخوێنێتەوە. هەرگیز شێوەكانی دیكەی خوێننەوە لە میدیای ئەلكترۆنیدا،وەك پەرتووک چێژو هەستێكی تایبەت بە خوێنەرنابەخشن. بە تایبەتیش بۆ خوێنەرانێك، كە زەمەنێكی درێژە بە پەرتووکەوە ئاشنان و خوێنەوە بەشێكی سەرەكی پێداویستییە هزرییەكانی ژیانیانە. ئەم پەرتووکە دەكرێ وەك دەروازەیەك بۆچێژو بینینی پەرتووک، وەك سەرچاوەی زانست و هوشیاری مرۆڤەكان ببینین. كە تیایدا كەسانێك هەر تەنها پەیوەندی خۆیان بەپەرتووکەوە باس ناكەن، بەڵكو ئەو دنیا شاراوەو جیهانە نوێیەش بە خوێنەر دەناسێنن، كە لە پەراوێزی ئاشنابوونیان بە پەرتووکەوە پێی گەیشتوون. ئاخرهیچ شتێك وەكو پەرتووک، مرۆڤ لە ڕەگەوە ناگۆڕێت و نایكاتە كەسێكی جیاوازترلەوانی تر. هیوادارم ئەوانەی تائێستا ناخوێننەوە و پەرتووکییان نەناسیوە، ئەو گەوهەرە بەهادارە بناسن، كەدڵنیام هەرگیز لە ناسینی بە درێژایی ژیانیان پەشیمان نابنەوە.
______________________________________

ناوی پەرتووک: چێژی خوێندنەوە. ئامادەكردنی (شاخەوان سدیق)، بڵاوكراوەی هەفتەنامەی هاووڵاتی - سلێمانی ٢٠١٩.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک