په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٠\٢٠١١

 جەژنی له‌دایکبوون.

  سلاڤ میر مرژۆک                                                                                               وه‌رگێڕانی لە فارسییه‌وە: ئازاد نەجم
 

چووبوومە لای پارێزەرەکەم. باڵەخانەکەشی جێگای شک و گومان بوو. لەپشتی دەرگا تۆڕیەکان و گەڵای گوڵە کاغەزیەکانەوە ، ڕوناکیەکی کەم دەڕژایە ژورێ. خانمی خاوەنماڵ لەسەر موبێلێکی بەڕوپۆشی سپی داپۆشراو ، پاڵی دابۆوە. لیباسێکی بەنەخشی پەپولەی دەبەردابووو. پەپولەی گەورە و بەرچاو.


هەرکاتێ ئۆتۆمبێلێکی باری ، یان هەر هۆکارێکی گواستنەوەی لەوشێوەیە بەکۆڵانێدا تێپەڕیبا ، دەنکە شوشەکانی ئەو سورەیایەی کە بەسەرسەری منەوە هەڵواسرابوو ، بەریەک دەکەوتن و دەکەوتنە جرینگە جرینگ.


کاتێ وردە وردە چاوم لەگەڵ ڕوناکیەکەی نێو باڵەخانەکە ڕاهات ، لە سوچێکی ژورەکەدا ، بەرامبەر خۆم ، چاوم بە قەفەسێکی سەرئاوەڵا کەوت. قەفەسەکە وەک قەفەسی ئەو منداڵانە بوو کە تازە بەسەرپێ دەکەون و بەرزیەکی باشی هەبوو و لەنێویدا و لەپشت میلە دارینەکانیەوە مێزێکی بچووک و لەپشتی مێزەکەشەوە پیاوێک دانیشتبوو و سەرگەرمی چنین بوو. لەبەرئەوەی خانمی خاوەنماڵ ئەوی پێنەناساندم و تەنانەت یەک جاریش چیە سەیری نەکرد ، منیش بەباشم نەزانی سەبارەت بەو بابەتە هیچ پرسیارێکی لێبکەم.


زۆر مەراقم بوو بزانم ئەو پیاوە لەنێو ئەو قەفەزەدا چ دەکا؟ تەنانەت توشی دڵەڕاوکێش هاتم ، بەڵام هەرچۆنێک بوو دانم بەخۆمدا گرت و وا خۆم نیشاندا کە هەر نەشمبینیوە.


سەرەنجام دوای تێپەڕینی چەند خولەکێک ، کە بۆ ئەم جۆرە دیدارانە زیادیشە ، لەجێگای خۆم بڵند بووم و خواحافیزیم کرد.


لەکاتی چوونەدەرەوەدا چاوقایمانە سەیرێکی قەفەسە بچووکەکەم کرد ، بەڵام تەنیا توانیم لایەکی ڕوخساری ببینم کەخۆی بەسەر پارچەیەکدا نوشتاندبۆوە و شتی دەچنی.


خاتونی پارێزەر ، لەکاتێکدا بەرەو دەرگای دەرێ بەڕێی دەکردم ، بەوپەڕی میهرەبانیەوە پێی گوتم کە دەبێ ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتو لەجەژنی لەدایکبوونی هاوسەرەکەییدا بەشداربم.


لەبەرئەوەی تازە هاتبوومە ئەو شارە ، ئەوەی کە لەماڵی پارێزەرەکەدا بینیم و بەرچاوم کەوت ، بەیەکێک لە تایبەتمەندی و دابووەریتەکانی خەڵکی شارەکە تێیگەیشتم و ئومێدەواربووم شەممەی داهاتو شتێکی لێ هەڵکڕێنم.


شەوی شەممە ، جلوبەرگێکی پۆشتەم لەبەرکرد و بەرو ڤێلاکەی بەڕێز پارێزەر وەڕێ کەوتم. خانوەکە لەنێو ڕوناکیدا غورق ببوو و لەدورەوە دەدرەوشایەوە . کەمێکیش لەولاتر ، لە بنکەی ژاندرمان ، کردبوویانە جەژن و ئاهەنگ گێڕان و ئاگربازی. ئەمەش نیشانی دەدا کە بنکەی ژاندرمەش بەبۆنەی لەدایکبووونی بەڕێز پارێزەر و ڕاوێژکاری شارەوە بەشداری ئاهەنگەکە دەکەن.


لەدەرگا دارینەکەوە چوومە ژورێ. ئەو ڕاڕەوەی کە لەدەرگای باڵەخانەکەوە دەچوویە ژورێ وەک ڕۆژ ڕوون بوو و کرابووە چراخان. لەوێڕا یەکڕاست چوومە نێو باڵەخانەکە. تیشک و چراخان چاوی مرۆڤیان کوێر دەکرد. مۆبیلەکان بێئەوەی سەرپۆشیان پێدابدرێ ، سپی دەچوونەوە. سەیرێکی ڕوخساری سووری کەشیش و ڕوخساری زەردی خاتون و کاکی دەرمانسازم کرد.


دکتۆر و خانمەکەی - کەسەرۆکایەتی ڕێکخراویێکی دەکرد و خاوەنی کارگەیەکی قەڵەم دروستکردنیش بوو - لەگەڵ بەڕێز پارێزەر و هاوسەرەکەیدا پێشوازیان لێکردم. لەحاڵێکدا کە بەدەم پیرۆزبایی لێکردنی بەڕێز پارێزەرەوە ، دیاریەکەی خۆم دەدایە بەڕێز پارێزەر ، خاتوونی خاوەنماڵ - کەجلوبەرگی شەوێی دەبەرکردبوو و شاڵێکی لەدەوری گەردنییەوە پێچابوو -  داوای لێکردم دانیشم.


چەندی هەوڵمدا هیچ هەلێکم بۆ هەڵنەکەوت. بۆ یەکەم جار کاتێ توانیم بەدەم قسەکردنەوە چاوێک بەنێو ژورەکەدا بگێڕم و توانیم لەوشلۆغیەدا بێئەوەی کەسیان هەستم پێبکەن ، سەرم وەرسورێنم.


بەڵێ! بەهەڵەدا نەچووبووم ، لەسوچێکی ژورەکەدا و لەژێر نەخلێکدا قەفەسێک هەبوو و لەنێویدا پیاوێک ڕاکشابوو ، کە بە بەراورد لەگەڵ جاری پێشتردا قەدوقیافە و ڕوخساری رێکوپێکتر دەهاتە بەرچاوان. دەستەکانی لەسەر دەموچاوی دانابوون هەڵاژیابوو. تا ئەو جێگایەی کە دەشیا و ئاسایی بوو ، سەرم بەرەو ئەو گۆشەیە وەرسوڕاند و تێمڕوانی. دیاربوو ئەوانەی تر میوانی بەردەوامی ماڵی پارێزەر بوون بۆیە هیچ گرینگیەکیان بە قەفەس و پیاوەکەی ناوی نەدەدا. هەروەک لەو جۆرە جەژنانەدا باوە ، بەدەنگی بەرز و بەگەرمی لەنێو خۆیاندا کەوتبووە قسەکردن.


کابرای نێو قەفەسەکە دەتگوت هەستی بە نیگاکانی من کردوە ، چەند جارێک پێڵوەکانی هەڵبڕین ، بەڵام دوبارە چووەوە نێو دۆخی پێشوی. دۆخی بێبایەخی و گرینگی پێنەدان.


لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کابرای دەرمانساز و کەشیشدا ، لەناخی خۆمدا بەسووربوون و پێداگریەوە -  لەوانەیە بێهودەش بێت -  هەوڵمدەدا وەڵامێک بۆ پرسیاری ئەو قەفەسە و پیاوەکەی نێوی بدۆزمەوە.


دەرگاکە خرایە سەرپشت و خزمەتکارەکان مێزێکیان بەڕاکێش ڕاکێش هێنایە نێوەندی ژورەکە. چەقۆ و چنگاڵ و دەفریان لەسەر دانان. خۆراک و بتڵی جۆراو جۆر و ڕەنگاو ڕەنگیان لەسەر ڕیز کردن. دواتر منداڵەکانی بەڕێز پارێزەریش هاتن و لەگەڵماندا دانیشتن. دیمەنی خۆراک و خواردنەوەکانی سەر مێزەکە ، شۆڕ و شەوقێکی زیاتر بەمیوانەکان بەخشی.


دوای بەتاڵ بوونی یەکەمین جامی شەڕاب ، کەشێکی شاد باڵی بەسەر دانیشتنەکەدا کێشا. لەپڕ لەنێو پڕمەی پێکەنینی خاتونەکان و شۆخی و گاڵتەی پیاوەکاندا ، دەنگی گۆرانیەک بیسترا ، کابرای نێو قەفەس تێیەهەڵکردبوو: " ڤۆلگا ... ڤۆلگا ..." .


ئاوازێکی خەماوی و بیرهێنەرەوەی یادەوەریەکان ، هاوڕیتمی ڕیشەکەی دەستی بوو کە بەژێیەکانی (بالالایکا*)کەیدا دەهێنا.


ئامادەبووانی سەرمێزەکە ، هیچ بایەخێکی ئەوتۆیان بەو گۆرانیە نەدا کە کابرای نێو قەفەس دەستی پێکردبوو. دەتگوت باڵندەیەکی سەرگەردان هاتۆتە ژورێ و هەندێک چریکاندویەتی و لەشەقەی باڵی داوەو ڕۆیشتوە ...


کابرای نێو قەفەس ، دوای ئەو گۆرانیە ، دەستی بەگوتنی گۆرانی " چاوە ڕەشەکانی " و دوای ئەو گۆرانیەش بەدوای یەکدا چەندگۆرانی شادتر و گەرمتری لەچەشنی سرودی " ئێمەی لاوان" ی گوت.


لەم کاتەدا میوەیان هێنا ، هەورێک لە دوکەڵی جگەرە بەسەر مێزی نانخواردنەکەوە پێچی دەخوارد. بینیم منداڵەکانی بەڕێز پارێزەر دوای ئەوەی مۆڵەتیان لە دایکیان وەرگرت ، بتڵی کۆنیاکە ئاڵوباڵوەکەیان لەسەر مێزەکە هەڵگرت و بەرەو قەفەسەکە چوون و لەدەرگاکەیەوە بتڵەکەیان بۆ ئاودیو کرد و ئەویش بەوپەڕی ئاسودەیی و خۆشحاڵیەوە دەستی کرد بەخواردنەوە. دواتر دو یا سێ کۆپلەی لە سرودی"بۆ پێشەوە ئەی سەربازانی ئازادی" و دواتریش سوودی " تراکتۆرچیەکان" ی گوت.


من خەریکبووم لەگەڵ کەشیشدا سەبارەت بە تیۆرەکەی داروین قسەمان دەکرد ، بەڵام بەوهۆیەوە نەمدەتوانی بیرو هزرم کۆبکەمەوە. هەمو هۆش و گۆشم لای ئەو بوو.


کەشیش بەڵگەی دەهێنایەوە کە: " هێندێک کەس بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە گوایا مرۆڤ لە ڕەچەڵەکی مەیمونە ... زۆر باشە! خۆ شتێک لێرەدا ڕون و ئاشکرایە ، ئەو کەسانەی ئەم بانگەشە و پڕوپاگەندانە دەکەن بەدڵنیاییەوە و بێ ئەملاو ئەولا خۆیان لە نەوە و نەتیژەی مەیمونن".


گەرچی منیش لەژێر کاریگەری کحولدا بڕێک مەنگ و گێژ ببووم ، بەڵام هەرچۆنێک هەبوو بۆم دەرکەوت کە کحول کاریگەری خۆی لەسەر کابرای نێو قەفەسەکەش داناوە.


خاوەنماڵ - کە پێدەچوو تازە هەستی بەسەرسوڕمانی من کردبێ - بەپێکەنینەوە لێی پرسیم: دەزانی ئەوە کێیە؟ ئەوە حەز و سەلیقەی جوانی خانمەکەمە. حەزی لەوە نەبوو بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردنی ماڵ کەناری و ئەو جۆرە باڵندانە بکڕێ. دەیگوت ڕاگرتنی باڵندە و ماڵندە بۆَ ڕازاندنەوەی ماڵ و شتی لەو بابەتە شتێکی ژێرپێ کەوتو و سواوە. بۆیە شۆڕشگێرێکم بۆگرت و کردمە قەفەسەوە. مەترسێ! ماڵی بووە.


میوانە مەست و شادەکان ، لەنێو ئاوازی دەریای بالالایکای کابرای نێو قەفەس ڕۆچوووبوون و بەڕێز پارێزەریش خەریکی ڕوونکردنەوەی زیاتر بوو:" خەڵکی ئێرەشە ... چەند ساڵێک لەمەوبەر کێوی بوو ، تەنانەت هەندێک زیانیشی پێگەیاندین ، بەڵام ئێستا بەتەواوی ماڵی بووە ، بۆخۆتان دەیبینین ئێستا بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەتوانین لەماڵێدا ڕایگرین ... گوڵدۆزی دەکا ، بالالایکا دەژەنێ ، ئاواز دەخوێنێ ... ئەڵبەتە شتێکی ئاساییشە کە هێندێک جار مات دەبێ و دەکەوێتەوە یادی ژیانی ڕابردوی".


منیش بەبڕێک شەرمەوە ڕای خۆمم دەربڕی: " لەوانەیەحەزی ئازادی لەگیانیدا هەبێت و حەزبکات جار جار باڵێَک لێکبدا ، لەبیرتان نەچێ هەرچیەک بێت شۆڕشگێڕێکە".


دکتۆر بەم قسەیەی من بڕێک نیگەران بوو و گوتی: " بۆ پێت وایە لەماڵی مەدا خراپی لێدەگوزەرێ؟ ژیانێکی دابین کراو و خەیاڵێکی ئاسودە و تەنانەت تۆسقاڵێک خەم و خەفەت چیە نیەتی! ... تەنانەت وا بەخێومان کردوە و ڕامانهێناوە لەنێو دەستماندا نان دەخوات. خۆ بۆخۆت بینیت! ئێستا یەک زەڕە چیە مەترسی نەماوە! لەجەژنی ساڵڕۆژی سەربەخۆیی وڵات و ساڵڕۆژی شۆڕشیشدا دو ڕۆژان بەری دەدەین تا بۆخۆی بڕێک باڵان لێکدا و بسوڕێتەوە ... دەڕوا و پاشان بۆخۆی دێتەوە. خۆشت دەزانی شارەکەی ئێمە ئەوەندە گەورە نیە تابڵێی دەڕوا و لەشوێنێک خۆی قایم دەکا".


ئەو ساتەی کە کاکی پارێزەر خەریکبوو قسەی بۆ من دەکرد ، کابرای نێو قەفەس کە دەتگوت دەزانی لەبارەی ویەوە قسان دەکەین سەری بەولادا وەرسوڕاند و گنج و لۆچی ڕوخساری وەدەرکەوتن.


کەشیشیش کە خەریکبوو بەچنگاڵ پارچە پەنیرێکی بۆ دەمی دەبرد ، چنگاڵ بەدەست ، لەجێگای خۆی وشکبوو. بێدەنگیەک بەسەرهەمواندا زاڵ بوو. سەرۆکی ڕێکخراو ، کەوچکە چایەکەی لەدەست بەربۆوە. تەنانەت بەڕێز پارێزەریش داچڵەکی.


بەڵام ئەو نیگایەکی نامۆیانەی گرتە میوانەکان و بالالایکایەکەی بەسینگیەوە نوساند و دەستی پێکرد:" بەرەو پەناگاکان ، ئەی زەحەتکێشانی کرێکار ...".


هەموان هەناسەیەکی ئاسودەیان هەڵکێشا ، کەشیشیش پەنیرەکەی خوارد. هەموان بەوپەڕی حەزەوە گوێیان دایە ئاوازی بالالایکا.


پارێزەر لەپێکی کێشا بەڕانی خۆیدا و بەخۆشحاڵیەوە گوتی: "دەگمەنە".


دەرمانساز لە پێکەنینا شین و مۆر بۆوە و سەرۆکی ڕیکخراویش لەپێکەنینا چاوەکانی پڕ لەئاو بوون.


خاتونی پارێزەر، کە بڕێک نیگەران دەهاتە بەرچاوان ، ڕوی لە مێردەکەی کرد و
گوتی: "خۆشەویستم! کاتەکەی درەنگە ، باشتر نیە منداڵەکان بچن بنون؟ دەچم بەتانیەکیش بەو قەفەسەدا دەدەم بەسە با ئەمشەو چیتر نەخوێنێ".


بەڕێز پارێزەریش وەڵامی دایەوە و گوتی: " ڕاست دەکەی درەنگە ، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە شۆَڕشگێڕ بنوێ".


بەترێکی شەو تێپەڕیبوون ، دوایین میوان من بوونم. بەڕێز پارێزەر بەخۆشحاڵیەوە سوپاسی هاتنەکەمی کرد و منیش خوداحافیزیم کرد.


لەکاتی ڕۆیشتندا بەتەنیشت قەفەزەکەدا تێپەڕیم ، بەتانیەکی گەورەی کوڵک درێژیان -  کە وێنەی گوڵی وەنەشەی بەسەرەوە بوو -  بە قەفەزەکەدا دابوو. هەستمکرد لەژێر بەتانیەکەوە دەنگی بالالایکا دێت. بەڵێ! دڵنیا بووم یەکێک لەژێر بەتانیەکەوەخەریکە سرودی " ئاخرین شەڕە شەڕی سەروماڵ..." دەچڕێ.
_________________________
سەرچاوە: http://www.dibache.com


nagmkaya@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک