١٩\٢\٢٠٢٣
چەكداركردنی
منداڵان تاوانی نێونەتەوەیی.
١٢ی شوبات رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵانە لە جیهاندا،
چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە ١٥ ساڵ بە پێی پەیماننامەی رۆما وەك
تاوانی جەنگ سەیر دەكرێت، هەمو مرۆڤێك بە پێی یاسای مرۆیی جیهانی مافی
خۆیەتی تەمەنی منداڵی خۆی لە دەرەوەی شەڕو ترس بەرێتە سەر بە خوێندن و
یاری و نازی دایك و باوك.
كۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێدەكۆشێت بۆ ئەوەی منداڵان هەموو ئەوانەی تەمەنیان
لە ١٨ ساڵ كەمترە لە ململانێی چەكدارییەكان بەشدارییان پێ نەكرێت و
ئەمن و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
ئێستا لە جیهاندا دەیان هەزار منداڵی كەمتر لە ١٨ ساڵ چەكداركراون لە
ململانێ چەكدارییەكان بەكار دەهێنرێن، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە، وە
تا ئیستا چارەنوسی هەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە،
بەشێكیشیان لە كردارە چەكدارییەكان بەشدارییان پێەكرێت، لە لایەن هێزی
تاوانكاری داعشەوە، گروپی بۆكۆ حەرام لە نیجیریا و داعش لە عێراق و
سوریا و شەباب لە سۆماڵ و گروپە چەكدارەكانی یەمەن دەیان هەزار
منداڵیان چەكدار كردووە و لەكاروباری سەربازی و كاری خۆكوژی بەكاریان
دەهێنن.
لە رابردودا (مستەشار)ە جاشەكان لە هەشتاكان ژمارەیەكی زۆر منداڵیان بۆ
موچەكانیان چەكداركرد لە كوردستان، مخابن ئەو كەیسە لە دادگای باڵای
تاوانەكان بەرەو رووی تاوانبارانی ئەنفال نەكرایەوە.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریكردووە بۆ ئەو كەس و
لایەنانەی منداڵان چەكدار دەكەن و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكاریان
دەهێنن، یاخود ئازاریان دەدەن یان وەك داعش دەیان رفێنن.
تۆماس لۆبانجۆ" سەركردەی سوپای نیشتمانی رزگاری كۆنگۆ" بە ١٤ ساڵ
زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوكم درا لە لایەن دادگای تاوانی
نێودەوڵەتییەوە ، بەتاوانی چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە ١٥ ساڵ لە ١٠
ی یۆلی ٢٠١٢ دا.
هەروەها بۆسكۆ نتاغلتدا لە ساڵی ٢٠١٩وە دۆمینیك ئینجۆین لە ئۆگەندا لە
سوپای خوا لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بەهەمان تاوان
دادگایی دەكرێن.
لێرەوە داوا لەسەرجەم پارتە كوردستانییەكان دەكەین پابەند بن بە
هەڵوێستی نێونەتەوەییەوە منداڵانی كەمتر لە ١٨ ساڵ لە ریزەكانیان بەهیچ
بەهانەیەك وەرنەگرن، سزا بەهانەكان نازانێت، هەركردارێك وا دەیانباتە
ریزی تاوانكارانی نێونەتەوەییەوە، بەتایبەتیش چەكداركردنی منداڵانی
كەمتر لە ١٥ ساڵ.
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
هاوپەیمانی تۆڕی ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
تۆڕی نێودەوڵەتیی چالاکیی کۆمەڵگەی مەدەنی (تۆڕی کوردستان)
رێكخراوی بەرەنگاربونەوەی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری
جیهانێک بێ چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی
هەڵمەتی ژیان نا بۆ سێدارە
|