په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٧

چەکدارانی یەکیەتی و پارتی بۆچی میلیشیان؟


شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


ھەر ھێزێک لە دەرەوەی سوپای نیشتیمانیدا بێت پێی دەگوترێ میلیشیای چەکدار . بەو پێیەی ھێزەکانی ( یەکێتی و پارتی ) یش کە لە چوارچێوەی سوپای نیشتیمانیدا رێک نەخراون ، پێناسەی میلیشیای چەکدار دەیان گرێتەوە، مەبەستمان لە ھێزەکانی ( یەکێتی و پارتی ) تەنیا پێشمەرگە نیە، بەڵکو دەزگاکانی ئاسایش و ( پاراستن و زانیاری )یشە ، کە ئەوانیش تا ئێستا بە کردەوە نەکراون بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی.


لە دوای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێم لە (۱۹۹۲) دا ، پێویست بوو میلیشیای حیزبە کوردیەکان ھەڵبوەشێنرێنەوە و لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی نیشتیمانیدا رێک بخرێن . بەڵام ( یەکێتی و پارتی ) لە بەرژەوەندیاندا نەبوو دەستبەرداری میلیشیای حیزبی ببن، چونکە بەبێ بوونی میلیشیای چەکدار نەیان دەتوانی پارێزگاری لە باڵا دەستی خۆیان بکەن لە کوردستاندا .


بوونی میلیشیای چەکدار لە ھەرێمدا ، زیانی زۆر گەورەی بە بەرژەوەندیەکانی ھەرێم گەیاندووە، ھەوڵ دەدەین لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین ؛

۱_ زیانی زۆری بە ناوبانگی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی گەیاندوە لە ھەرێمدا . چونکە ھێزی میلیشیا ئەوەندەی نوێنەرایەتی حیزبەکەی دەکات، نوێنەرایەتی وڵاتەکەی ناکات .
۲_ بووەتە ھۆی دروست بوونی شەڕی ناوخۆ، وە درێژە کێشانی دیاردەی میلیشیایی لە کوردستاندا ، بەردەوام ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر سەرھەڵدانەوەی ئەم شەڕە ناوخۆییە .
۳_ بووەتە ھۆی سەپاندنی دۆخی دوو ئیدارەیی لە کوردستاندا ، یان ئەوەی پێی دەگوترێ دوو ناوچەیی دەستەڵاتی زۆنی ( زەرد و سەوز ) .
٤_ راکێشانی دەستی دەرەکی لە لایەن ( یەکێتی و پارتی ) یەوە ، کاتێ میلیشیاکانیان شکستیان ھێناوە لە بەرگریکردن لە ئاسایشی حیزب .
٥_ سەپاندنی ھەژموونی ھەردووو حیزبی باڵا دەست بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا ، وە تەشەنە سەندنی دۆخی گەندەڵی و دزینی داھاتی وڵات لە لایەن ھەردوو ھێزی دەستەڵات دارەوە .
٦_ دەست خستنە پرۆسەی ھەڵبژاردن ، وە ئەنجام دانی ساختە و پێشێلکاریەکی زۆر لە ھەڵبژاردنەکاندا ، کە ھێزە میلیشیاکان رۆڵێکی زۆر خراپیان ھەبووە لەم بوارەدا .
۷_ ھێزی میلیشیا بووەتە رێگر لە بەردەم پرۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات لە ھەرێمدا . نمونە وەک مانەوەی سەرۆکی ھەرێم لە پۆستەکەیدا ، ھەرچەندە ماوە یاساییەکەشی بەسەر چووە .
۸_ کەم کردنەوەی رۆڵی پەرلەمان لە لایەن ھەردوو حیزبی باڵا دەستەوە ، تارادەی پەکخستنی خودی دامەزراوەکە ، کاتێ بووەتە ھەڕەشە لەسەر دەستەڵاتیان . وەک پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتیەوە لە (۲٠۱٥) دا ، کاتێ ھەوڵیدا دەستکاری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بکات .
لە دۆخی ھەڵوەشانەوەی میلیشیای حیزبی و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانیدا ، ھەرێم لە چەندین رووەوە قازانج دەکات ، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین ؛

۱_ ھەرێم رزگار دەبێ لە مەترسی سەرھەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ .
۲_ رێگە خۆش دەکات لە بەردەم دروست بوونی ئیدارەیەکی بەھێز و یەکگرتوودا .
۳_ تارادەیەکی زۆر رێگە دەگرێ لە راکێشانی دەستی دەرەکی بۆ ناو خاکی ھەرێم لە لایەن حیزبە سیاسیەکانەوە .
٤_ لە دۆخی نەبوونی میلیشیادا ، حیزبە باڵا دەستەکان ناتوانن بەو ئاسانیە دەست بەسەر سامان و داھاتی وڵاتدا بگرن ، وە بەشێوەیەکی بێ باکانە پەرە بە دیاردەی گەندەڵی و خراپەکاری بدەن .
٥_ تارادەیەکی زۆر پێشێلکاریەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن کەم دەبنەوە ، وە رەوایەتی و متمانە بۆ ھەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە .
٦_ رێگریەکانی بەردەم پرۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات ، زۆر کەمتر دەبنەوە .
۷_ دامەزراوەکانی وڵات ، دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر بە ئەرک و رۆڵی خۆیان ھەڵبستن ، وە تارادەیەکی زۆر کاریگەری فشارەکانی دەستەڵات لەسەریان کەمتر دەبێتەوە .
۸_ لە کاتی ھەبوونی ھەڕەشەیەکی دەرەکی لەسەر ھەرێم ، سوپای نیشتیمانی زۆر باشتر دەتوانێ بەرگری لە ئاسایشی وڵات بکات ، بە بەراورد بە ھێزی میلیشیا.

 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک