٢٥\١\٢٠١٢
چەک و توندوتیژیی
لە سیاسەتدا.

حەسەن جەمال
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: هۆشیار حوسێن
"ئەگەر پەکەکە بە چەکی دەستەوە رووی لە شاخ
نەکردایە، پەنای بۆ چەک و توندوتیژیی نەبردایە، ئەوا کێشەی کورد بەو
شێوەیە ئاشکرا و بەو ئاستە بەرزە نەدەبوو، رەیالیتەی کوردیش بەو
شێوەیەی ئێستا نەدەگەییشت".
تا رۆژی ئەمڕۆش لە جیهاندا، هێشتا چەک - توندوتیژیی - تیرۆر، وەک
ئامرازێکی سیاسی بەکار دەهێنرێت.
لە باشوری ئەفریقیادا لە دژی رژێمی نەژادپەرستی، پەنایان بردە بەر چەک
و توندوتیژیی و تیرۆر.
لەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا توندوتیژیی و تیرۆر بەڕێوەچوو.
قەبووڵکردنی کێشەی فەلەستین لە بلاتفۆرمی نێودەوڵەتی، لەڕێگای چالاکی
سەربازی گەریلاکانیان بوو.
لە ئیسپانیاش پێش ئەوەی کێشەی باسک رەوتی چارەسەری دیموکراسی بگرێت،
رێکخراوی ETA لە نێو توندوتیژیی و
تیرۆردا بوو.
تیرۆری رێکخراوی ASALA رۆلی سەرەکی بینی
لە هاتنە گۆڕەپانی مەسەلەی ئەرمەنییەکاندا.
چالاکییە چەکدارییەکانی IRA نەبوایە،
کێشەی باکوری ئیرلەندا، بە قۆناخی ئاشتیدا تێنەدەپەڕی.
مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، لەگەڵ (گیری ئادامس) رێبەری -شین فین-، لە
دبلن قسەو باسێکمان ئەنجامدا، ئایا رۆلی توندوتیژیی چی بوو، لە
هاتنەکایەی رەوتی ئاشتی IRA بۆ کێشەی
باکوری ئیرلەندا؟
" گیری ئادامس: بەریتانیا پێشتر دەرگای ئاشتی داخستبوو، بۆیەش
30 ساڵ ترووسکەی ئاشتی لە تاریکیدا خنکا، من
لایەنگری توندوتیژیی نیم، بەڵام هەندێ جار چالاکی سەربازی رەوایە،
بێگومان هەندێ جاریش نا ".
باشە ئێستا من بەم نووسینەم بەرگری لە "لە سیاسەتدا چەک" دەکەم؟
نەخێر.
پارێزگاری لە توندوتیژیی و تیرۆر دەکەم؟
دیسان نەخێر.
بەڵام بەرگری نەکردنی من لە توندوتیژیی و تیرۆر، وەک بۆچوونەکەی گیری
ئادامسە کە دەڵێت: "دیاردە و راستینەی چەک و توندوتیژیی لە سیاسەتدا
هەر دەمێنێتەوە.
با بێینە سەر تورکیا.
پرسیارە زاندراوەکان:
ئایا ئەگەر پەکەکە بەرەو شاخەکان نەچووبایە و پشتی بە تێکۆشانی چەکداری
نەبەستایە، چالاکی توندوتیژیی و تیرۆری نەکردایەتە ئامرازی سیاسەت،
کێشەی کورد لە تورکیادا بەو شێوە ئاشکراییەی ئەمڕۆ دەهاتە سەر شانۆ؟
رەیالیتەی کورد دانی پیادەنرا؟
دەربارەی ئەو بابەتە، هەر لە زووەوە بۆچوونی جیاواز دەرکەوتووە، من
چاوپێکەوتن و گفتوگۆی زۆرم لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ گەلێک لە هاوڕێی نزیک
و خاوەن بۆچوونی جیاوازی کورد و تورک ئەنجام داوە، قسەی زۆرم لەبارەوە
کردووە و زۆریشم دەربارە نووسیوە.
ئەگەر بێینە سەر بۆچوونی خۆم.
من وا دەڵێم:
ئەگەر پەکەکە بە چەکی دەستەوە رووی لە شاخ نەکردایە، پەنای بۆ چەک و
توندوتیژیی نەبردایە، ئەوا کێشەی کورد بەو شێوەیە ئاشکرا و بەو ئاستە
بەرزە نەدەبوو، رەیالیتەی کوردیش بەو شێوەیەی ئێستا نەدەگەییشت.
گوێم لە دەنگی ناڕەزاییەتییەکانە.
چی دەڵێن ئەوەش دەزانم، بەڵام ئەوەیە راستییەکە.
گوتنی: ئەگەر چەک و توندوتیژیی نەبووایە، ئەوا ئەمرۆ لە شوێنێکی باشتر
دەبووین، جێگای گفتوگۆ و گومانە، لە دوایییدا سووربوونە لە داگیرکاری.
ئەنجام جیاوازە.
کە دەگوترێت ئەنجام، قبووڵکردنی راستیینەی کێشەی کورد بوو ، هەندێ
هەنگاوی ئەرێنیش نران، ئەمەش بەهۆی رەگ و ریشەی پەکەکە بوو لە نێو
زۆرینەی کوردان و بە ئەفسانەیی بوونی ئۆجالان بوو، راستینە ئەوەیە.
ناتواندرێت نەبیندرێت.
ئێستا من بەرگری لە چەک دەکەم؟ یان لایەنگری توندوتیژییم؟
هەڵبەتە، نەخێر، بەڵام من ناتوانم لە بەرانبەر ئەو دیاردە و راستییانە
چاوەکانم بگرم و نەیانبینم.
ماڵپهڕی هۆشیار حوسێن
|