په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٢

جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵێکی فەرەنسیی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "یەک وڵات، یەک فیلم"ی فەرەنسیی بەدەستھێنا.


بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، کورتە فیلمی کوردی "دەنگی باران" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە سنەییە لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "یەک وڵات، یەک فیلم" One Country One Film لە وڵاتی فەرەنسا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و توانی زۆرترین دەنگی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت و خەڵاتی باشترین فیلمی لە نێوان ٤٧ فیلم لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەسیا و ئەمەریکای پێبەخشرا.


فیستیڤاڵی "یەک وڵات، یەک فیلم"، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی نییە و لەڕاستیدا خەڵکی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە دێنە ئەژماردن و بە دەنگەکانی خۆیان باشترین فیلم ھەڵدەبژێرن کە ئەمساڵ فیلمسازی کورد جەلال ساعیدپەنا توانی زۆرترین دەنگ و ھەروەھا خەڵاتی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٤٧ کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، دیکۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماکارانی ٤٧ وڵاتی جیھان لە رۆژانی ٢٦ تا ٢٩ی تەمموز / یۆلیۆی ٢٠١٢ لە کەشووھەوایەکی جوان و بێوێنە و پێشوازیی و باوەشی کراوەی دانیشتوانی گوندی "ئاپچێت" لە نزیک شاری کلێرمۆن فرانی وڵاتی فەرەنسا بەڕێوەچوو.


فیستیڤاڵی "یەک وڵات، یەک فیلم"، لە ھەر وڵاتێک یەک فیلم ھەڵدەبژێرت و دەرھێنەرەکەی بانگھێشتی فیستیڤاڵ دەکات و ئەمساڵ بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، تەنیا کورتە فیلمی "دەنگی باران" و دەرھێنەرەکەی لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوون.


ئەم فیلمە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و "ڤیدا ساڵحی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکرێتەوە. ئەمساڵ ٣٧ دەرھێنەر لە ٣٧ وڵاتی جیھان توانیان لەم فیستیڤاڵەدا بەشداری بکەن.


کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی چوردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بلاک" لە ئەڵمانیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی سەرەکیی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە نێوان ٥٤ فیلمی ئەورووپی و ئەسیاییدا بەدەستبێنێت.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشن، دیکۆمێنتی و ئەزموونی لە سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و ھەروەھا بەشی بەرھەمەکانی کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم"ی سنە لە رۆژانی ٢ تا ٨ی ئایار / مایۆی ٢٠١٢ لە شاری بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە شێوەی ھاوکات لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "دەنگی باران".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک