په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٢

جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی زێڕینی فیستیڤاڵی فیلمی ''ئاسیای چین''ی بەدەستهێنا.


مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی زێڕینی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاسیای چین"ی بەدەستھێنا.


بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، کورتە فیلمی کوردی "دەنگی باران" لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە سنەییە دوای بەدەستھێنانی کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگ لە فیستیڤاڵە جیھانییەکان، لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاسیای چین" لە ھۆڵی ئامفی تیئاتری زانکۆی سینەمایی شاری ھانگژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازی لێکرا و توانی خەڵاتی زێڕینی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.


ئەندامانی لێژنەی دادوەری چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاسیای چین" کە بریتی بوون لە: خاتوو "پیچی چیئۆ" بەرھەمھێنەر لە وڵاتی تایوان ـ سەرۆی لێژنەی ناوبژیوان، "فانگ لی" دەرھێنەر لە چین و "ھاتا ئیۆمی" رخنەگر و نووسەری سینەما لە وڵاتی ژاپۆن لە کاتی پێشکەش کردنی خەڵاتەکە بە جەلال ساعیدپەنا سەبارەت بە کورتە فیلمی "دەنگی باران" گوتیان: میزانسێن، داڕشتنی سێکانسەکان و ھەروەھا دەرھێنەری و رۆڵ بینینی ئەکتەرەکان لەم فیلمەدا زۆر باش بوو.


ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئێران، ژاپۆن، تایوان، تورکیا، بەلژیکا، ھۆنگ کۆنگ، ئەڵمانیا و چین لە رۆژانی ١٢ تا ٢٠ی تەشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لە شاری ھانگژۆی چین بەڕێوەچوو.


کورتە فیلمی کوردی "دەنگی باران" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم"ی سنە لە ئاستی دنیادا بڵاودەکرێتەوە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "یەک وڵات، یەک فیلم" نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازی لێکرا و توانی زۆرترین دەنگی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت و خەڵاتی باشترین فیلمی لە نێوان ٤٧ فیلم لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەسیا و ئەمەریکا پێبەخشرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٤٧ کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، دیکۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماکارانی ٤٧ وڵاتی جیھان لە رۆژانی ٢٦ تا ٢٩ی تەمموز / یۆلیۆی ٢٠١٢ لە گوندی "ئاپچێت" لە نزیک شاری کلێرمۆن فرانی وڵاتی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

www.haff.asia/2012/en/2012/09/03/the-sound-of-rain


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی ''دەنگی باران''.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک