١٥\٧\٢٠١٤
''جەلال
ساعیدپەناە'' خەڵاتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
"فرێسکۆ"ی ئەرمەنیستانی بەدەستهێنا.
مەنسوور جیهانی
کورتە
فیلمی "ڕەش و سپی" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "جەلال ساعیدپەناە"
خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فرێسکۆ"ی
ئەرمەنیستانی بەدەستهێنا.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ڕەش و سپی" دوایین بەرهەمی سینەماکاری کورد "جەلال
ساعیدپەناە" و لە بەرهەمهێنانی بەشی سینەمای دهۆک لە هەرێمی کوردستان،
لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە
سنەییە لە بەشی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە
ماناییەکانی فرێسکۆ لە وڵاتی ئەرمەنیستان نمایشکرا و توانی خەڵاتی
باشترین فیلم و تەندیسی ئەم فیستیڤاڵە بە ناونیشانی باشترین پەیامی "ئۆقرە
و خۆڕاگریی" لە نێوان ٢٠ فیلم لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا و
ئەمەریکا بەدەستبێنێت.
"ڕەش و سپی" بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە، لەگەڵ فیلم گەلێک لە
وڵاتانی فەڕەنسا، ڕووسیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەرمەنیستان،
ئەندونیزیا و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.
تەندیسی ئەم فیستیڤاڵە ماناییە لەڕاستیدا دەستکردی منداڵانی کەمئەندام
و هەتیو و بێ سەرپەرەستیی ئەرمەنیستانییەوە و بە دەرهێنەری حەوت فیلمی
هەڵبژاردە لە حەوت بەشی جیاوازدا بە ناونیشانی "باشترین پەیامی فیلم"
دەبەخشرێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ماناییەکانی
فرێسکۆ کە بریتی بوون لە: "کاتیا مالاتێستا" ـ مامۆستای زانکۆ و
بەڕێوەبەری هونەری، "ئانتوان ئاگۆدجان" ـ فۆتۆگرافەر، "ئارمێن
خاچاتۆریان" ـ دەرهێنەری ناوداری ئەرمەنیستانی، "گۆران رادوانۆویچ" ـ
نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر، "ئارام سۆکایسیان" ـ دەرهێنەر و
سیناریۆنووس و "جان گۆتا" ـ قەشەی کەنیسە و مێژوونووس، خەڵاتەکانی ئەم
فیستیڤاڵەیان لە حەوت بەشی باشترین فیلمدا بە ناونیشانی: باشترین
پەیامی "عەشق"، باشترین پەیامی "ئاشتی"، باشترین پەیامی "ئازایەتیی"،
باشترین پەیامی "وتووێژ"، باشترین پەیامی " ئۆقرە"، باشترین پەیامی "مرۆڤایەتیی"
و باشترین پەیامی "پێداویستیی زیان لێکەوتووەکان" بە دەرهێنەرە
سەرکەوتووەکان بەخشی.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە کورتە فیلمی
کوردی "ڕەش و سپی" ڕایانگەیاند کە: ئۆقرە، شێنەیی و عەشق بۆ درێژەپێدان
بە ژیان لەم فیلمەدا شەپۆلە دەدات و هەروەها کۆتاییەکی شیرین و شاد، لە
نێوان ڕەش و سپی لەم فیلمەدا دەبیندرێت کە گێڕانەوەی ئەم خاڵەیە کە
عەشق، ڕەش و سپی ناناسێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فرێسکۆ لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی
پێشبڕکێی بە نمایشی ٢١ کورتە فیلم لە فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری
جیهان و هەروەها بەرپاکردنی چەندین کارگەی فیرکاریی پسپۆڕانەی هونەری
سینەما لە ڕۆژانی ٢١ی حوزەیران تا ١ی تەمموزی ٢٠١٤ لە شاری
یەریڤان پایتەختی ئەرمەنیستان بەڕێوەچوو.
کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی
سنە" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و خاتوو "ڤیدا ساڵحی" لە
ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "جەلال ساعیدپەناە" لە بەشی پێشبڕکێی
کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە شاری
دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و لە لایەن ئەنستیتۆی گۆتەی ئەڵمانی
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەم فیستیڤاڵە بە دەرهێنەری کوردی ئەم
فیلمە چیرۆکییە بەخشرا.
ئەم فیلمە لە درێژەی بەشدارییە نێودەڵەتییەکانی خۆیدا، لە فیستیڤاڵی
جۆراوجۆر لە دنیادا، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "یەک وڵات، یەک فیلم" لە وڵاتی فەڕەنسا، لە بەشی
پێشبڕکێی "شەقامەکان"ی بیست و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "میدیاوەیڤ" لە وڵاتی هەنگاریا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی هیندستان و هەروەها لە حەڤدەیەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "زەنگبار" لە وڵاتی تانزانیا نمایشکرا و
توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی شەشەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "جەیپوور" لە وڵاتی هیندستان بەدەستبێنێت.
ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" بریتین لە:
نووسەری سیناریۆ و دەرهێنەر: جەلال ساعیدپەناە، بەرهەمهێنەر: بەشی
سینەمای دهۆک لە هەرێمی کوردستان و جەلال ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری
بەرهەم: سەتار چەمەنی گوڵ، ئەکتەرەکان: سارینا تەرەقی، سینا فەیزی،
کاڵە ڕەشیدی، ئەفشین خدری، مێهدی فەیزی و چەندین ئەکتەری دیکە، وێنەگر:
ئەمیر عەلی وەیسی، یاریدەدەری وێنەگر: سیروان خزری، فۆتۆگرافەر:
ئیبراهیم عەلیپوور، دەنگدانەر: بەهمەن ئەردەڵان، دەنگهەڵگر: قادر
قادری، مونتاژ: لوقمان سوخەنوەر و مەرجان شیرازی، بەرنامەداڕێژ و
یاریدەدەری یەکەمی دەرهێنەر: ڤیدا ساڵحی، یاریدەدەری دەرهێنەر: ئەمیر
ناهیدی، دیزاینی سەحنە: جەلال ساعیدپەناە، یاریدەدەری یەکەمی سەحنە:
سەلاح ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری سەحنە: مێهدی خەلیلی، مونشی سەحنە:
نەسرین میرەکی، بەڕێوەبەری تەدارەکات: سادق فەلاحی، بەڕێوەبەری
ئابووری: ساڵح عارف و بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور
جیهانی و مەنووچێهر جیهانی.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.fresco.am/en/posts/view/158
بەڕێوەبەرایەتیی
ڕاگەیاندنیی گشتیی کورتە فیلمی "ڕەش و سپی"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|