٢٥\١٠\٢٠١٠
جەلەولا و مەندەلی
و سەعدیە و قەرەتەپە بکەن بە شوێنی کۆبوونەوەی پەرلەمان!

سەلام عەبدوڵا
نامەیەکی بەپەلە بۆ بەڕێزان لە یەکێتی
پەرلەمانتارانی کوردستان.
وەک دانیشتووی یەکێک لە ناوچە بەزۆر دابڕاوەکانی کوردستان بە
پەرۆشییەوە پەیامەکەتانم خوێندەوەو پێشوەخت دەستخۆشی گەرمتان لێدەکەم.
بەڕێزان: گەرچی کات درەنگە، بەڵام بەندە ماوەی زیاتر لە مانگێک بەڕێگای
چەندین کەناڵی بیستراو وبینراو نووسراو هاواری سەردانی بەڕێزتانم
کردووە بۆ ناوچە بە زۆرەملی دابڕێنراوەکان و بە تایبەتی جەلەولا و
خانەقین و سەعدیە، بەڵام بەداخەوە هێشتا پاوقدومتان نەگەیشتووەتە ناوچە
ناوبراوەکان.
ئیمڕۆ لە سایتی ئاوێنە پەیامەکەتانم بینی و بە ئەرکی خۆمی دەزانم وەک
کەسێک گەرماوگەرم بە راپۆرت و هەواڵ و بەدواچوون بەشداریم کردووە لە
گەیاندنی مەترسی ئەقڵ و فکر و کردە شەڕەنگیز و شۆفێنستی عەرەبچییەکان
لە ناوچەکەمان و کەمتەرخەمی و پەراوێزخستنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی
کوردستان وەک خۆتان نووسیوتانە(بەشێوەیەکی باشیش لەلایەن حکومەتی
هەرێمی کوردستان ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە) کە لەراستیدا مەندەلی
کەلاوەیەکی شڕەو بارودۆخ و گوزەرانی جەلەولا و جەبارە و قەرەتەپە و
سەعدیە لە ئەو باشتر نین.
لەپێناو بەرگرتن بەو سیاسەتانە، داواکارم لە بەڕێزتان بە زووترین کات
سەردانی مەیدانی ئەم ناوچانە بکەن و بە کردەوە بەهانای دانیشتوانەکەی
بێن.
ئەوەی هەست بە بەرپرسی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی و خەڵکی ئەم
دەڤەرەی دەکات، با بۆ چەند رۆژێکیش بێت، ئەم شارو شارۆچکانە بکات بە
شوێنی کۆبوونەوەکانی و لێرەدا راستەوخۆ بڕیار بدەن و پڕۆژە پێشکەش بکەن
و لە ناوەڕاستی خەڵکەکەیەوە، لێدوان بدەن!
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
خانەقین، داوادەکرێ هەڵبژاردنی نوێنەرانی رۆژنامەنووسان
دووبارەبکرێتەوە!
ئیمڕۆ لە کاتژمێری 4.30، کۆمەڵێک رۆژنامەنووس لە(سەنتەری رۆشنبیری و
کۆمەڵایەتی گەرمەسێر)کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیە باسی کۆنفرانسی
رۆژنامەنووسە حزبی، کتوپڕ، رانەگەیەندراو لە میدیاکان کرا و چۆن
نوێنەران بەشێوەی حزبی دیاریکران. هەروا ئامادەبووان کۆکبوون لەسەر
نابەجێی تەواوی پرۆسەی بەناو"کۆنفرانسی رۆژنامەنوسانی خانەقین".
لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، ئامادەبووان بەکۆی دەنگ سێ نوێنەر(ئەمەل
باجەڵان، زەینەب ئەرکەوازی، هێژا کەمال)هەڵبژارد بۆ گەیاندنی داواکەیان
بە(سەندیکای ناشەرعی رۆژنامەنووسان لە خانەقین) کە بریتییە لە: 1-
دووبارە رێکخستنی خۆکاندیدکردن. 2- دەنگدان بەشێوەی راستەوخۆ و نهێنی
خودی تاکی رۆژنامەنووس، بەبێ دەستتێوەردانی حزبی، واتە رۆژنامەنووس وەک
خاوەن پیشە، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. 3- راگەیاندنی رۆژو کات و شوێنی
کۆبوونەوەمان بۆ هەڵبژاردنی نوێ لە میدیاکان. هەروا باسی دیاریکردنی
خاوەن پیشەی رۆژنامەنووسی و دامەزراندنی گروپی رۆژنامەنووسانی
سەربەخۆیش کرا.
بەجیا لەو داواکارییانە، رۆژنامەنووسان جەختیان لەسەر ماددەی حەوتەم،
بڕگەی1/ لەبەشی چوارەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان کرد کە دەڵێ:
(رۆژنامەنووس سەربەخۆیە و لە بەجێهێنانی ئەرکە پیشەیەکەی هیچ
دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە، جگە لە دەسەڵاتی یاسا).
کۆبوونەوە بە کردەوە گیانی رێزلێنان لە پیشەی رۆژنامەنووسی و ئازادی
بیروڕا بەڕێوەچوو و گەرچی ژمارەکە کەمبوون بڵام پێگەی کچانی
رۆژنامەنووس لەبەرچاو بوو.
ناوی بەشداربووان(ئەمەل باجەڵان، زەینەب ئەرکەوازی، بریڤان جەبار،
حەبیب فەرەج، وەلی شەریف، رزگار محمود، شاکۆ محەمەد، سوارە محەمەد،
موجاهد بەرزنجی، هێژا کەمال، عومەر فەتحوڵڵا، سەلام عەبدوڵڵا).
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|